په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١\٢٠١٣

جەستەى شۆخە نووستووەکان بێداریەکى هەمیشەیى پیرەمێردەکان.


بەنگینە پیرۆت نورى   

''مردن بۆ پیرە، خۆشەویستى بۆ گەنجە، یەکجار دەمرین، بەڵام چەندین جار خۆشەویستى دەکەین'' (ئیگۆشى).

دواى خوێندنەوەى سێ ڕۆمانى "بەفر،کەمانچە ڕەشەکە،هەنگوین"ى"ماکسێنس فێرمین"ڕۆمانى "شۆخە نووستووەکان"ى یاسۆنارى کاواباتا"دواین ژانەرى ژاپۆنییە بیخوێنمەوە،لەبەر ئەوەى نا بترسم دەرسى خۆکوشتنم بدەن نەوێرم "هایکۆ"یەکیش بخوێنمەوە نەک ڕۆمان.لەبەر ئەوەش نا حەز بەخوێندنەوەى ئەدەبى ژاپۆنى نەکەم،لەبەر ئەوش نا هاو ڕاى کەسانێک بم کە پێیان وایە خەیاڵگەى ژانەرى ئەدەبى ژاپۆنى ئەفسانە دەستى بەسەردا گرتوە،لەبەر ئەوەش نا لەدەقە ئەدەبیەکانیان عیرفانیەتى ڕوحى لە عقڵانیەت باڵادەست ترە.


لەبەر ئەوەى وەرگێڕانى دەقى ژاپۆنى ئەگەر لە زمانى دووەمیشەوە بوبێت بۆ سەر زمانى کوردى لەو پەڕى فەرامۆشیدایە و گرنگى پێنەدراوە،یاخود ئاڵۆزى و قورسى زمانەکە و نەبوونى زەوقى فێربوونى زمانى ژاپۆنى، ڕەنگە هۆیەکى تر بوبێت لەوانەشە نەبوونى حەزى خوێندنەوەى دەقى ژاپۆنى هۆى دووەمى بێت. بەنسبەت ئێمە وەکو گەلى کورد گەلى ژاپۆن بێگانەیەکى دوورە لەوانەیە ئەوان حەز بە فێر بوونى زمانى گەلە ژێر دەستەکان نەکەن بۆیە لە بڵاو نەبوونەوەى ئەدەبیاتەکەیان لە جیهانى ئێمەدا بەرپرسن،بۆ نمونە نەبوونى بەرهەمەکانى ڕۆمان نوسى ژاپۆنى "یۆکیۆ میشیما"ئەگەر بەکوردى نەکرێن ئێمە چۆن بزانین میشیما چ بلیمەتێک بووە، یان ڕۆمان و شاکارێکى مەزنى وەک"غەزەلنوس و باخەکانى خەیاڵ"ى بەختیار على بۆ سەر زمانى ژاپۆنى ئەگەر کارى وەرگێڕانى بۆ نەکرێت ژاپۆنیەکان چۆن بزانن کورد خاوەنى ئەم خامە جوان و بەپێزەیە . کەواتە بڵاو نەبوونەوەیى ئەدەبیاتى ژاپۆنیش لەنێو ڕۆشنبیر و ئەدەبیات و خوێنەرى کوردى کەمترخەمى ژاپۆنیەکانە،هەروەک نەبوونى وەرگێڕان بۆ سەر زمانى ژاپۆنى لەبەرامبەر ئەدەبیاتى کوردى کەمترخەمى کوردەکانە. ئەگەر وەرگێڕێکى ژاپۆنى زمانى کوردى بزانێت و هەوڵى وەرگێڕانى ئەدەبیاتى ژاپۆنى بۆسەر ئەو زمانە نەدابێت و کارى وەرگێڕانى بۆ نەکردبێت .هەروەک وەرگێڕى کوردییش زمانى ژاپۆنى بزانێت و بۆ دەقى کوردى کارى وەرگێڕانى بۆ نەکردبێت.


کەواتە من هەڵە نیم پێم وایە دەبێ هەر یەک ئەوان و خۆمانیش هەوڵبدەین ئەدەبیاتمان بە جیهانى دەرەوە بناسێنین لەوەى زیاتر چاومان لە دەستى تاک تاکەى وەرگێڕى میللەتان بێت.


من ئێستا بەختەوەرم ئەو ئومێدەم هاتەدى بەوەى کە زۆر حەزم دەکرد دەقێکى ژاپۆنى بخوێنمەوە ئاشناى جیهانى ئەدەبیاتى ئەفسوناوى ژاپۆنى بم،بەڵام نەمدەتوانى ئەم ئارەزووە دەرببڕم هەر لەبەر ئەوەى جا کوا کێ هەیە لەناو وەرگێڕە کوردەکان زمانى ژاپۆنى بزانێت،دەق و ئەدەبى ژاپۆنى لەزمانى ژاپۆنیەوە بکات بەکوردى.


ئێستا خۆشبەختم بەو ئومێدە ئەدەبیە گەیشتووم "محمد عبداڵلە"لە عەرەبیەوە لە بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى ڕۆمانى "شۆخەنووستووەکان"ى "یاسۆنارى کاواباتا" وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى.


بەو هیوایەیى وەرگێڕێک لەناو وەرگێڕە کوردەکان هەڵکەوێت لەزمانى ژاپۆنیەوە دەقى ئەدەبى ژاپۆنى بۆ سەر زمانى کوردى وەربگێڕێت،بەپێچەوانەشەوە.

ئەم ڕۆمانە لە ساڵى 1926دا بڵاو بۆتەوە پێدەچێت لەزمانێکى تر کارى وەرگێڕانى بۆ سەر زمانى عەرەبى لەلایەن "مارى توق"بۆ کرابێ نەک لە ژاپۆنیەوە بۆ عەرەبى وەرگێڕدرابێت،جا لەچ زمانێکەوە کراوە بەعەرەبى ڕەنگە بۆ کاک محمد عبداڵلەش ڕوون نەبێت،چونکە پێشەکى ڕۆمانەکە ساڵى1982" گابرێیل گارسیا مارکز" ڕۆمان نوسى کۆلۆمبى بۆى نوسیوە.گابرێیل ئەوەشى بۆ نوسیوە"تاکە کتێب کە پێم خۆش بوو من نوسەرەکەى بوومایە،کتێبى "شۆخە نووستووەکان"ى کاواباتایە".


مەعریفەى ئەوروپى دەستێکى باڵاى هەیە لەخوڵقاندن و ژانى ژانەرى ژاپۆنى،بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆى پێکچواندن هەست بە بوونى جیاوازى نەکەیت.لە ئەدەبیاتى ئەوروپى لەنێو ژانەرى ڕۆمان و شیعر و پەخەشان و ڕۆمان و چیرۆکەکانى ناو ڕۆمان،پیاوێک نادۆزیتەوە کڕیارى لەش بێت و وەک ئیگۆشى و کیگاى نێو ئەم ڕۆمانە مشتەرى بێ گێچەڵ بن.


ڕۆمانى ژاپۆنى لەگەڵ ڕۆمانى ئەمریکاى لاتینیش جیاوازى هەیە،تۆ وەک خوێنەرى ڕۆمان دواى خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە ڕۆمانى "یانزە خولەک "ى "پاوڵۆ کۆیڵۆ" یان ڕۆمانى"سەد ساڵ تەنیایى"گابرێیل گارسیا مارکز" بخوێنیتەوە ئەوسا دەزانى من باسى چى دەکەم.


بۆیە هاتنە دەر لەم جیهانە ئارام و بێدەنگەى ناو ڕۆمانەکەى کاواباتا و گەڕانەوە بۆجەنجاڵى ژیان ئاسان نیە، چونکە خوێنەر خۆى دەبێتە ئیگۆشى چێژ لە قوڵ بوونەوە و ڕۆچون لە جەستەى "گیشیا"و هاوشێوە نقوم بووەکانى لە خەودا دەبینێت.


بیرۆکەى سەرەکى دروستکردنى چیرۆکى ناو ئەم ڕۆمانە،باسکردنى ماڵێکە بەناوى "ماڵى شۆخەنووستووەکان" لەناو ژوورەکانى کچى منداڵکار و جوان بەحەپ خەوێنراون بۆ ئەو پیاوانەى لێکەووتوون و ماوەیەکى زۆرە هەموو هیوایەکیان لە سێکسکردن لەگەڵ ژن لەدەست داوە و بەبینینى جەستەى ڕووتى ژن ئاسودە دەبن و بەبێ ئەوەى هیچ کردارێکى سێکسى ئەنجام بدەن،چاو تێبڕینێک بەسە جەستەى گیشیا هەوەسبازى پیاوێکى ورووژاو ئارام بکاتەوە.هەموو ئەمانە لەکاتێکدا لە ماڵێکدا ڕوو دەدەن بەبێ ئەوەى پێیى بووترێت لەشفرۆشى،چونکە.


"کچەکە نووستووە و تەنانەت ئاگاى لەوەش نیە کە لەگەڵ کێدا شەو بەسەر دەبات". لێرە لەو ماڵەدا شۆخە نووستووەکان تەنها لەتەنیشت پیرەمێردەکان بە حەپ دەخەوێنرێن و پیرە لێکەوتووەکانیش بەدیار جەستەیانەوە ڕابردووى گەنجەتیان بەخەبەردێتەوە،لەبەر ئەوە"ئەو پیرانە جێیى بەزەیین هامو شۆى ئەو ماڵە دەکەن".چونکە "ورووژاندنى دڵى مردووى پیرەمێردێک لەڕێگەى جەستەى کچێکى گەنجەوە،پڕۆژەیەکى زۆر خەمهێنە".هامو شۆى پیرەمێردانى ئەو ماڵە"تێیاندایە تەنها بۆ ئەوە نایەن کە بەتاسەوە حەسرەت بۆ گەنجى لەدەست چوویان بکێشن،بەڵکو بۆ ئەوەى ئەو تاوانانەیان لەبیر بکەن کە بەدرێژایى ڕۆژگار ئەنجامیان داوە".

_______________________________________________________
- "بەفر، کەمانچە ڕەشەکە، هەنگوین" سێ ڕۆمانى "ماکسێنس فێرمین"، وەرگێڕانى ئازاد بەرزنجى.
- ڕۆمانى "سەدساڵ تەنیایى"ى "گابرێیل گارسیا مارکز"، وەرگێڕانى حسن رەستگار.

 

ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک