١٨\٣\٢٠١٣
جەستە و زمان.

بەنگین پیرۆت نورى
''ئایا عەقڵ
زمانى جەستە و زمانە یان زمان زمانى عەقڵ و جەستەیە؟''.
لەسەردەمە بەرایەکاندا مرۆڤ هەم دەنگى بەکارهێناوە هەم لەدەنگ
ترساوە،دەنگى خۆى بەکارهێناوە بۆ بەرگرى و بانگ کردنى ئەوانى تر،لەو
دەنگانەش ترساوە دەنگیان بەهێز بوە وەک گرمە گرمى هەور،بۆیە مرۆڤ
هەمیشە دواى جەستەى خۆى و پێش شتەکانى تر بە" دەنگ " ئاشنا بوە،بۆیە
دەربڕین و ئاخافتن و دەنگ،پێش شتەکانى ترە،دەنگى بەریەک کەوتنى شتەکان
ناو بۆ شتەکان دادەنێت بەم پێیەبێت دەنگدانەوە ڕەنگدانەوەى گەورە و
بچوکى شتەکانە،گرمە گرمى هەور چەند بێ شەپۆلەکان بەپێى بەرز و نزمى
دەنگەکە ڕەنگدەداتەوە.
کەوتن و شکانى پەرداخێک دەنگى لەگرمەى هەور نزم ترە،یان دەنگى شەپۆلى
دەریا لە هاژەى رووبار بەهێز ترە،دەنگى ئاوى تاڤگەکان لەهەمان بەرزاى
لەڕشتنى پەرداخێک ئاو بەهێز ترە.
بۆ باس و پەیدا بوونى مێژووى زمان لەنێوان تیورى لێکۆڵیار و ئاینە
ئاسمانیەکان باسێک دەخەینە ڕوو کە ئاخۆ ئێمە دەتوانین کامیان وەکو
سەرچاوە باسى بکەین.پێش باسەکەشمان باشتر وایە وەک دەروازەیەک بۆ
باسەکە باسێک لە پەیوەندى نێوان گەشەى جەستە و فێر بوونى زمان بکەین.
مرۆڤ تا ئەو کاتەى جەستەى خۆى نەناسێت پەى بەگەشە کردنى جەستەو فێر
بوونى زمان نابات، کاتێکیش خۆى ناسى،بەخۆى دەنازێت و شانازى
بەتواناکانى خۆیەوە دەکات و دەزانێت کە خۆى ناسیوە،بۆیە توانا
جەستەیەکانى هاوکات لەگەڵ بیر و هۆشى گەشە دەکەن.
هەستەکانى بەئەرکە سەرەکیەکانى خۆیان هەڵدەست و ئەرکە مرۆیەکانى خۆى جێ
بەجێ دەکات و بە ڕابردوى ژیارى مرۆڤایەتى ئاشنا دەبێت.
زمان یەکێکە لە هەرە ئەندامە هەستیارەکانى مرۆڤ،بۆیە زۆر جار زمان پێش
گەشەى تەمەنیش دەکەوێت نەک هەر جەستە.
ئەوەندەى گرنگە بۆ مرۆڤ وەک مرۆڤێک زمان و ژیرى کامڵ بێت،ئەوەندە گرنگ
نیە قەبارەى جەستەى چەند بێت.
نمونەى ئەو مرۆڤانەى مەنگۆلن و زمان و جەستە و تەمەنیان لە زمان و
جەستە و تەمەنى مرۆڤێکى ئاساى جیاوازە،کە بەوە دەر دەکەوێت کە زمان فێر
نەبوون و جەستەیان گەشەى لاوازە.
بۆیە زۆر جار گەشەى جەستە و فێر بوونى زمان پەیوەندیان بەیەکەوە
نامێنێت و حاڵەتێکى ناسروشتى بە مرۆڤ دەبەخشێت.
زۆر جاریش ژینگە و بارو دۆخى خێزانى و کۆمەڵگا و هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى
وڵات و بارو دۆخى ژیان، دەورى هەیە لە گەشە کردنى جەستە و فێر بوونى
زمان.
زۆر جاریش پەیوەندى بە خودئاگایى مرۆڤەوە هەیە چونکە دواى لەدایک
بوون،مرۆڤ هەیە جەستەى بچوکە وەکو کورتەباڵاکان،هەیە ئیفلیجە یان
نابینایە یان کەڕووڵاڵە یاخود بیرکۆڵە.
لەگەڵ هەڵکشانى تەمەن،بەحوکمى گەشە و چالاکى جەستەیى و خودئاگایى و
زیندو بونى هەستەکان، ئەگەرى فێر بوونى زمان
و ئاخاوتن مەحاڵ نیە،واتا ئەوەندەى پەیوەندیەکى ئۆرگانى لەنێوان هزرو
زمان دا هەیە،گەشە نەکردنى جەستە ئەوەندە کاریگەرى نەرێنى لەسەر هزر و
زماندا نیە.
ئەگەر مرۆڤ بەئەرکە مرۆیەکانى خۆى لەچەشنى فێر بوونى زمان و پەروەردە و
ڕۆشنبیرى و وەرزش و زانست و تەواوى بەهرەکانى نواند،هەتا ئەرکە ئاینى و
ئەخلاقیەکانى جێ بەجێ کرد،ئەوە مرۆڤێکە هەم لەڕووى جەستە و زمان گەشەى
کردوە و شتیش فێر بووە هەمیش لەڕووى پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان
پەیوەندیەکان پەرە پێداوە.
بەپێى تیۆرى هێگڵ هەمیش لە گیا و ڕووەک و ئاژەڵ جیاوازە،کە هێگڵ
دەربارەى گووتویەتى:
گیا و ڕووەک و ئاژەڵ و مرۆڤ،مرۆڤ بە هۆى خودئاگاییەکەیەوە لە
بونەوەرەکانى دیکە جیا دەکرێتەوە.
سەرەتاى باسەکەشمان باس لە تیۆرێکى داروین دەکەین.
"داروین"لەکتێبى" نەژادى بنەچەکان" گوتویەتى: زمانى مرۆڤ و هاوارى
گیانەوەران تەنیا بەپلە جیاوازن. زمانى مرۆڤ وەک مرۆڤ خۆى بەشێوەیەکى
زۆر بەراییە و ،بەرە بەرە پەرەى سەندوە و پێویستیەکانى واى لێکردوە قسە
بکات "بەپێى کێماسیەکانى تیورى گەشەکردنیش " ماکس مولەر " ناوى لەو
تیورەى داروین ناوە POOH.POOH و دەپرسێ
بۆچى هاوارى گیانەوەر پەرەى نەسەند و نەدە بوو بەزمان؟
خوداش لەسورەتى البقرە ئایەتى ٣١ کەباسى
فریشتەکان دەکات،ئەوە ڕوون دەبێتەوە فریشتەکان پێش مرۆڤ شتەکانیان
بینیوە بەڵام مرۆڤ پێش فریشتەکان ناوى لە شتەکان ناوە و بەزمان دەرى
بڕیوە،بۆیە ئەم ئایەتە دەقێکە لە تیورەکانى تر بەهێز ترە هەر لەڕێگەى
ئەوەوە بۆمان دەردەکەوێت کە زمان لەدەربڕینیش پێش ناسین و ناسینى
شتەکانیش دەکەوێت و ناسینیش دەکەوێتە پاش دەربڕینى زمان.
ئەگەر زمان و عەقڵ و جەستە پێکهاتەى سەرەکین بۆ مرۆڤێکى تەندروست
دەپرسین ئایا لەو سێ پێکهاتە سەرەکیە کامیان تەواو کەرى پێکهاتە
سەرەکییەکەیە؟
ئەگەر پێمان وایە زمان زمانى، عەقڵ و
جەستەیە،دەبێ ئاگاشمان لەوەبێت ئەى عەقڵ و جەستە دەکەوێتە کوێى
پێکهاتەى مرۆڤەوە؟ ئەى ئەرکى عەقڵ و جەستە چیە ئەگەر زمان زمانى
دەربڕینى سەرەکى بێت. ڕەنگە هۆیەکەى ئەوەبێت کە ئاخاوتن بەزمان ماناى
ئەوەیە کە زمان پێش عەقڵ ناوى شتەکانى ناسیوە و بە گۆ کردن دەرى
بڕیوە.لەبەر ئەوە پەى بردن و درکاندنى شتەکان بەزمان ماناى وایە زمان
زمانى عەقڵ و زمانى جەستەیە.زمان بەزمان برسیار دەکات ئەى زمانى عەقڵ و
زمانى جەستە لەکوێ و بەکوێدا دەربڕین و قسەى خۆیان دەکەن؟
لێرە دا عەقڵ هەر لەڕێگەى زمانەوە گومانى خۆى لەسەر زمان دەردەبڕێت کە
ناونان و درکاندن بەتەنیا لەڕێگەى زمانەوە نیە و عەقڵ و جەستەش
بەشدارن،بۆیە دەپرسێت ئەى بۆ تا عەقڵ پەى بەشتەکان نەبرد زمانى زمان
نەپەیڤى؟
بەپێى پێناسە تیوریەکان " دەنگ "یەکەم زەنگە بەر گوێى بیستنى مرۆڤ
کەوت،بۆیە لەبەرامبەر زمان بەرگرى دەکات کە دەبێ زمان یەکەم شتیش بێت و
مرۆڤ بەزمان وەک کاردانەوەى دەنگ دەرى بڕى بێت.
ئەى جەستە دەکەوێتە کوێى نێو ململانێى زمانە عەقڵ؟ لەکاتێکدا جەستە
جگەلە جەستەى هەستەکان جەستەى تام و بۆن و چێژ و ئازاریشە،ئەرکى
هەڵگرتنى زمان و عەقڵیشى خستۆتە سەر جەستەى خۆى.
بۆیە ئێمە ناتوانین بەبێ جەستە باسى زمان و عەقڵ بکەین،بەبێ زمانیش
ناتوانین باس لە عەقڵ و جەستە بکەین هەروەک چۆن لە غیابى عەقڵیش
ناتوانرێت باس لە زمان و جەستە بکرێت.
کەواتە،زمان و عەقڵ و جەستە،بەیەکەوە،زمان،زمانى عەقڵە،عەقڵیش زمانى
زمانە،جەستەش زمانى هەستەکانە،بەڵام لەدو اجاردا بەپراکتیکى زمان و
عەقڵ و جەستە.بەیەکەوە بۆ پێکهاتەى مرۆڤێکى تەندروست،زمان بۆ دەربڕین و
ناو لێنان و قسەکردن،زمانى عەقڵیش بیرو هۆش دەبیتە زمانى هزر،
جەستەش،بریتیە لە جەستەى زمان و عەقڵ.
بەڵام ئەمە وەڵام نیە،چونکە زمانى ئاخاوتن زمانى کرداریە هەم بۆ عەقڵ
هەم بۆ جەستە.
پێم وایە هێشتا وەڵاممان دەستگیر نەبوە،بۆیە با زیاتر قوڵ بینەوە،ئێستا
پرسیارێکى تر دەوروژێت بابزانین پرسیارەکە چۆنە و چیە. ئایا بۆچى زمان
وەڵامى مرۆڤێکى بیرکۆڵ ناداتەوە؟ ئەگەر زمان زمانى سەررکى
و یەکەمى یەکەمەکانە و زمانى عەقڵ و زمانى جەستەیە؟ ئایا عەقڵ زمانى
جەستە و زمانە یان زمان زمانى عەقڵ و جەستەیە؟
ڕەنگە لایانى "کەم"یش وەڵاممان نەدابێتەوە،چونکە بوونى کەم و کورتى
لەتەندروستى ژیرى عەقڵى هەریەک لەمانە ماناى وایە وەڵامێکى دروستمان
نەداوەتەوە.وەڵامەکەش " لایەنى کەم" ئەوەیە کە مرۆڤ هەیە زمانى هەیە و
بیرکۆڵە " یانى کەم عەقڵ " مرۆڤیش هەیە زمانى نیە و ئاوەزى
تەندروستە،یانى عەقڵى تەواوە " مرۆڤیش هەیە زمانى ئاخاوتنى هەیە جەستەى
ئیفلیجە،مرۆڤیش هەیە زمانى نیە جەستەى تەندروستە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ
بیرکۆڵ بوو نە عەقڵ زمانى زمانە،نە زمانیش زمانى عەقڵە نە جەستەش
جەستەیەکى تەندروستە.
بۆ ورد بونەوەى زیاترى هزرمان پێویستە جارێکى تر گەمە بەزمانمان
بکەینەوە و بپرسینەوە،ئەگەر عەقڵ پێش زمان شتەکانى ناسیوە بۆچى زمان
پێش عەقڵ ناو بۆ شتەکان دادەنێت؟ بۆ ئەمە پێویستە جارێکى تر
بپرسینەوە،ئایا مرۆڤێکى کەڕوڵاڵى بێ زمان عەقڵى تەندروستە یان نا؟
ئەگەر عەقڵى تەندروستە بۆچى عەقڵ نابێتە عەقڵى زمان و زمانى بێتە گۆ؟
مرۆڤێکى تر بەنمونە دەگرین،مرۆڤ هەیە لەیەک کاتدا نابینا و کەڕوڵاڵ و
ئیفلیجە،ئایا ئێمە دەتوانین بڵێین نەبوونى ئەمانە ڕێگرن لەناسینى
شتەکان؟ ئایا عەقڵ لەجەستەیەکى بێ چاو و بێ گوێ و جەستەیەکى
ئیفلیج،تواناى بەڕێوەبردنى ژیرى هەیە؟ ئایا ژیرى دەتوانێ کەلێنى
جەستەیەکى ناتەواو پڕ بکاتەوە؟ "بەلەبەرچاوگرتنى هێزى ماسولکەکانى
جەستە" نابینا کە خەو دەبینێت جگە لە دەنگ شتەکان نابینێت،ئایا زمان
دەتوانێت ببێت بە دەلیلى چاو لەجەستەیەکى بێ چاو؟ ئایا چاو دەتوانێت
ببێت بە زمانى مرۆڤێکى بیرکۆڵ؟
ئێمە چۆن بتوانین باس لە عەقڵ و زمان بکەین بەڵام باس لە جەستە
نەکەین،ئەگەر زمان،زمانى ئەخاوتنى عەقڵ و عەقڵیش زمانى زمان
بێت،لەکاتێکدا هەندێک بیرو ڕا هەیە پێى وایە جەستەیەکى تەندروست
دەتوانێت ببێت بەرێ نیشاندەر بۆ مرۆڤێکى بیرکۆڵ،
بۆیە پێویستە مرۆڤ بزانێت هیچى نەزانیوە تا نەزانێت جەستەى ئەو
چەند گرنگە، کە جەستە نەبوو ئەوە ئەو
دووانەش نابن.گۆ نەکردنى زمان، ڕێگرى لە دەربڕینى بەهرەى عەقڵى مرۆڤ
دەکات،بەڵام گۆ نەکردنى زمان ڕێگر نیە لەباڵا و گەشەکردنى جەستە.
هەموشمان دەزانین مرۆڤیش دواى لەدایک بوونى ،پێش زمانى عەقڵ،بەزمانى
زمان دێتە ئاخاوتن.
منداڵ لەیەکەم چرکەساتى هاتنە دنیا پێش زمانى عەقڵ و زمانى جەستە
بەعەقڵى زمان هاوار دەکات.
بەبڕواى من ئەمە دوا قسە نیە،چونکە مرۆڤى کەڕوڵاڵیش هاوار دەکات و وەک
هەر مرۆڤێکى تریش سۆز و ئیمانیشى هەیە.
لەکاتێکدا ئەگەر مرۆڤ نەبیستێت چۆن دەتوانێ بزانێت ئیمان چیە و ئەرکى
مرۆڤێکى باوەڕدار چیە؟
خوا لە سورەتى "البقرە" ئایەتى " ١٨ "
دەربارەى بێ باوەڕ دەفەرموێ:
"ئەوانە کەڕوڵاڵن و کوێرن لەئاست حەق و ڕاستیدا".
مرۆڤێک کە کەڕوڵاڵ بێت چۆن بزانێت خودایەک هەیە داوا لە مرۆڤەکانى
دەکات بەدوا ڕاستیدا بگەڕێت؟
ئەو چۆن بزانێت حەڵاڵ و حەرام چیە. گۆشتى
بەراز لاى ئەوروپیەکان خواردنى حەرام نیە لاى موسڵمانان خواردنى حەرامە،
کەڕوڵاڵێکى نەخوێندەوارى موسڵمان نیشتەجێى ئەوروپا چۆن بزانێت
حەرامە؟ ئایا بەپێى ئەم ئایەتە بێ باوەڕ و کەڕوڵاڵەکە لەبەرامبەر
نەبیستن، یەکسانن؟ لەکاتێکدا بێ باوەڕەکە
دەزانێت حەرامە بەڵام لەبەرئەوەى بێ باوەڕە گوێى ناداتێ،
ئەى کەڕوڵاڵەکە! ئایا هەردووکیان
لەبیستن و نەبیستن وەک یەک یەکسانن؟ ئایا ئەو کەڕوڵاڵە چۆن بزانێت
قورئان لەلایان خواوە بە جورائیلدا بۆ
پێغەمبەرى ئیسلام هاتوە داواى خواناسى و جێ بەجێ کردنى فەرزەکانى لێ
دەکات، هەروەک لە "سورەتى البقرە ئایەتى
٢" دا هاتوە.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|