په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

جەین ئادامز لەبەر هەوڵەکانى لە ڕێى ڕاوەستانى جەنگى جیهانى یەکەم له ‌ 1931دا خەڵاتى ئاشتى نۆبڵى وەرگرتوە.


و: کەژاڵ‌ عەلا


جەین ئادامز دەڵێت: (ژنان لەبەر ئەوەى `ژیان دەبەخشن بە کەسێک و‌ پاشان پەروەردەى دەکەن، هەستێکى تایبەتیان هەیە بەرامبەر بە جەنگ و‌ ئاشتى ).


جەین ئادامز لە 6/9 /1860 تا 21/9/1935 ژیاوە. ئەو پارێزەرێکى مافپەروەر و‌ ناسراوبوو لەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا. چونکە بەردەوام داکۆکى لەمافى ژنان و‌ هەژاران دەکرد و‌ ئاشتى خواز و‌ ئاشتى پەروەربووە. هەروەها ئادامز یەکەم کەسبوو لەئەمەریکادا خەڵاتى ئاشتى نۆبڵى بەدەستهێناوە.

ئادامز باشترین و‌ گرنگترین کارەکانى کەبە یادگارى لەپاش خۆى بەجێى هێشتوە دروستکردنى ( تەلارێکى گەورە)یە لە شیکاگۆ، شایەنى باسە ئیستا ئەم تەلارە کراوە بە مۆزەخانەیەکى مێژوویى و‌ میللى. لەوسەردەمەدا ئەم تەلارە بەشێوەیەکی وا دروست کراوە کە پەنابەرە کرێکارەکان توانیویانە تێیدا نیشتەجێببن و‌ بحەوێنەوە. هەروەها ئەم تەلارە لەو ساڵانەدا بەهۆى یارمەتى خێرخوازانەوە، توانى هەموو هەفتەیەک خزمەت بگەیەنێت بە ( 10000 ) پەنابەر. سەرەتا چەندین ساڵ پەناگاى پەنابەرانى ئەوروپایى بوو. بەڵام لە ساڵى (1920)دا پەنابەرانى ڕەشپێست و‌ مەکسیکیشى لەخۆگرت. جگەلەوەش لەناو ئەم تەلارەدا خزمەتگوزارى زۆر هەبوو بۆ نموونە: قوتابخانەى شەوانە بۆبەساڵاچوان، چێشتخانەى گشتى، وەرزشگا، کتێبخانە، باخچەى ساوایان بۆ ئەو منداڵانەى کەدایکیان کاریان دەکرد، لەگەڵ‌ هۆڵێکى کۆبوونەوە تایبەت بەگروپەکانى یەکێتى کرێکاران.

ئادامز لە زانکۆى ژنان( ڕاکفۆرد) خوێندنى تەواوکردوە. ئەو دەنگى خۆى خستە پاڵ‌ کرێکارەکانى ئەم تەلارەو شۆڕشێکیان بەرپاکرد و‌ دەنگى ناڕەزاییان بەرزکردەوە و‌ داوایان کرد کە:_ پێویستە بەرێگەیەکى یاسایى پێویستیەکانى ژیانى پەنابەران بەرامبەر بەکارەکانیان بۆدابین بکرێت، سەعاتى کاتى کارکردن بۆ ژنان دیارى بکرێت، یەکێتى کرێکاران بە شێوەیەکى ڕەسمى بناسرێت، دادگاى تایبەتى بۆ تاوانبارانى نەوجەوانان دروستبکرێت، بایەخیبدرێت بەمافى ژنان. ئادامز خاوەنى( 11) کتێبە لەسەر ئەم بابەتانە و‌ ژمارەیەکى زۆریش وتارى نووسیووە.

خاتوو ئادامز لە( 1910) دا چوەناو (کۆمەڵەى نێودەوڵەتى ژنان بۆ ئاشتى و‌ ئازادى) بەنیشانەى یەکەمین سەرۆکى حزبى ئاشتى خوازانى ژنان و‌ یەکەمین سەرۆکى کۆنگرەى نێودەوڵەتى ژنان بۆ ئاشتى و‌ئازادى لە لاهە لە ساڵى( 1915)دا پاڵێوراوە. سەرئەنجام بەهۆى ئەم کارە باشانەیەوە خەڵاتێکى زۆرى بەدەستهێناوە. هەروەها لەساڵى (1931)دا خەڵاتى ئاشتى نۆبڵى وەرگرتوە. ئادامز بەهۆى نەخۆشیەوە چوارساڵ‌ پاش ئەم خەڵاتە مەزنە بۆ هەمیشە ماڵئاوایى لە جیهان کرد.


دەبێت ئەوش بوترێت کە جەین ئادامز خۆشەویستیەکى لەڕادەبەدەرى هەبووە بۆ منداڵان و‌ زۆربەى وزەى خۆى بۆ پێویستیەکانى ئەوان سەرف کردوە. جەین ئادامز لە 6/9 /1860 تا 21/9/1935

سەرچاوە: (سایتى زنان)