١٣\٣\٢٠٢١
جیهان لەسەر پشتی
گا وەستاوە
یان لەسەر پشتی
کرێکاران و تاڵانی رەنج و ماندووبوونیان؟

تاهیر عیسا
سیستەمی سەرمایەداریی، لەھەر دەورانێکی مێژوویی خۆیداو لەژێر ھەر ناوو
ئەدرەسێکی ڕابردوی یان ئەمڕۆیدا، لەسەر بناغەی ستەمێک کە لەکاری بەکرێ
و مڵکدارێتی تایبەتی و زێدەباییدا خۆی دەنوێنێ، درێژەی بەمانەوەی خۆی
داوەو دەیدات، کە لە تێڕوانین و سەرنجی گشتی کۆمەڵگادا بەکارێکی ئاسایی
جێگای خۆی گرتووە و ڕەخنەیەک لەسەر ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتیی
کەلە دیدی باوی کۆمەڵگادا ڕەنگی دابێتەوە، لەئارادانییە.
تەنیا لەلایەن کەمایەتیەک لەوانەوە نەبێت کە وەک چینێک لەناو پڕۆسەی
بەرھەمھێنان و بەکاربردندا، جێگاو ڕێگای خۆیان لەچاو چینە
باڵادەستەکانی ژوور سەری خۆیان درککردووەو تەنانەت لەناو ھەر ئەم
چینەشدا، بەشێکی زۆری بەھەمان تێگەی گشتیکۆمەڵگاو فەرھەنگی باوی
کۆمەڵگادا کە فەرھەنگی چینی باڵادەستە، گۆش و پەروەردەکراوە و ھەر
بەھۆکاری چەسپاندنی ئەم تێڕوانینە لەزھنی گشتیشدا، سەرمایەداریی
شەرعیەت و ڕەوایەتی خۆی ھەتا ئێستاش بەسەر چینە مەحڕومەکانی دیکەی
کۆمەڵگادا، درێژە پێداوە، ھەر بەم ھۆکارەش، سیستەمی سەرمایەداریی
توانیویەتی لەژێر دیکۆری ڕوکەشیانەی جۆراوجۆری خۆیدا درێژە بە جەوھەر و
ناوەرۆکی زاڵمانە و چەوسێنەرانە و دژە مرۆڤیانەی خۆی بدات و بەشێکی
زۆری بەرھەمی ھێزی کاری کۆمەڵایەتی، ڕۆژانە کە لەزێدەباییدا خۆی
دەردەخات، تاڵان بکات و لەشکڵی سەرمایەی کەڵەکەکراودا وەک قازانج
بڕژێتە ناو قاسەی سەرمایەدارانەوە.
ئەم دزیی و تاڵانییە کە بەشێکی بناغەیی لە سیستەمی سەرمایەداریی و
پڕۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەو سەرمایەگوزاریی پێکدەھێنێت، لەتێگەی
گشتیدا وەک گەندەڵیی ئەژمارناکرێت، واتە وەک ھەر مەعامەلەو ئاڵ وێرێکی
دیکەی ناو بازاڕی کارو کاسبی ئاسایی دیکە لەبەرچاوگیراوە!
تەنیا لەھەندێک جوگڕافیای لێرەو لەوێی دنیای سەرمایەداریدا نەبێت، کە
کرێکاران لەمێژووی ململانێکانی خۆیان لەبەرامبەر چینی حاکم و
باڵەدەستدا، توانیویانە کەمێک لە ھەل ومەرجی کارو سەعاتکاری ڕۆژانەو
حەقدەست و موچەکانی بەقازانجی ژیانێکی باشتردا، لە چوارچێوەی یاساو
ڕێسای کرێکاری و ئیسلاحاتی ھەمەجۆریی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی،
بەسەر سەرمایەداراندا بسەپێنێت و لە ئاستیی زێدەبایی و قازانجێک کە
دەڕژێتە قاسەی سەرمایەدارانەوە بھێنێتە خوارەوە.
دەنا لە بەشێکی زۆری جوگڕافیای دیکەی کەڵەکەکردنی سەرمایەو
قازانجپەرستیدا، ھێشتا کرێکاران لەو پەڕی خراپی ھەل ومەرجی کارو
سەعاتکاری زۆرو لەخوارەوە بوونی موچەو حەقدەستەکان و نامۆییان لەزۆربەی
ئەو بەرھەمانەش کە لە ڕەنج و زەحمەتی خۆیانەوە بەرھەمدێت، سەرباری
خراپی دۆخی ژیانیان لەبەکاربردندا، کەبەزەحمەت و بەمەمرەو مەژیە
دەتوانن لەناو پڕۆسەی فرۆشتنی ھێزی کاریاندا بەردەوام بن، کە زۆربەیان
بەھۆکاری نەبوونی بیمە تەندروستیەکانیان و گرانی دکتۆرو دەرمان و
کەمدەرامەتییان لە تەمەنێکی کەمدا دووچاری لاوازی جەستەیی و نەخۆشیی و
دواجاریش مەرگی ناوەخت دەبنەوە.
ھەتا ئەوەی بەکوردستان و دۆخی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەگەڕێتەوە،
لەگەڵ سیستەمێک بەرەو ڕوون کە دوو جەمسەرە لەگەندەڵیی و دزیی وتاڵانی
بێ پەردە ڕۆچووە و کرێکاران وزەحمەتکێشانی لەئاستیدا، دووچاریی
بنبەستێکی سیاسیی ئابووریی کۆمەڵایەتی ھەمەگیر کردۆتەوە وکۆمەڵێک دزو
مافیای ھەر بەمانای وشەکە خۆی دزو تاڵانچی، جیاواز لەوەی وەک ھەر
سیستەمێکی ئابووری سیاسیی کۆمەڵایەتی دیکەی جیھانی لەبەرھەمھێنان و
سەرمایەگوزاریدا، لەشکڵی زێدەبایی و دزینی ھێزی کاریی کرێکاران و
فەرمانبەرو کارمەندانەوە دەڕژێتە گیرفانیانەوە، سەرباری ئەمەش، ڕاستەو
خۆ لە داھات و قووتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشاندا دەیدزن و بۆ خۆیان و
نەوەکانیانی گلدەدەنەوە و تەنانەت بەناوی درۆی گەورەی پاشەکەوتەوە، وەک
ئەوەی کرێکاران خۆیان ئەگەر پولێک لە مەسرەفی ڕۆژانەیان زیادبێت،
نەتوانن و نەزانن چۆن پاشەکەوتی دەکەن، کەوتنە دزینی بەشێکی زۆریی
بەرھەمی ڕەنج و ماندوبوونیان و موچەکانیان بۆ یەکجاریی لێ حەپەلۆشکرا.
واتە ھەر لەناو چوارچێوەی ئەم کۆمەڵگایەدا، ناکۆکیەکی یەکجار قوڵ و
چارەھەڵنەگر، کە لایەک بەشێکی بەرفراوان، جیاواز لە لەشکری بەرفراوانی
بێکارانەوە کە لەھەر جۆرە بیمەیەکی ژیان بێبەشکراون،، کرێکاران و
کارمەندو فەرمانبەرانێکیش کە لەسەر کارن، لە ژێر سایەی حوکمڕانی ئەم
دزو باندە مافیایانەی دەسەڵاتی کوردیدا، حەقی کرێ و ڕەنج وماندوو
بوونیەکانیان پێنادرێت و ئەگەریش لەوپەڕی نەبوونی وناچاریدا، کەسێک
ناچاربوو بێت بۆ بەدیھێنانی شیری مناڵە ساواکەی چەند قوتویەک شیر بدزێت،
بۆ چەندین ساڵ حوکمی زیندانی بەسەردا دراوە! ئەگەریش ھاتبێتە سەر جادەو
داوای ماف و ئازادیەکان و باشترکردنی ژیان و موچەکانی کردبێت، یان
بەگوللە وەڵامی وەرگرتۆتەوە، وەک لە حەڤدەی شوبات و زنجیرە
خۆپیشاندانەکانی دواتریش و ئەم دواییانەشدا، بەدەیان لە لاوانی
خێرلەخۆنەدیویان خەڵتانی خوێن کراو چەندینیان کەمئەندام وپەککەوتەکراو
دواتریش بەنائومێدی و تێکشکاوی ڕەوانەی ماڵەوەکرانەوە.
یان بە گرتن و لێدان و سوکایەتی و شەق و شیلاقی ھێزە بەڵتەجیی و
بەکرێگیراوەکانیان و دواتریش بە لەپشت بوونی دەستی جۆراو جۆرو تابوورو
شتی لەمجۆرە تۆمەتبارکراوە و زۆربەی چالاکانی ناڕازیشی ئەگەر چانسیان
بووبێت و سۆران و سەردەشت و کاوەو ویداد ،،،، ئاسا، تیرۆر نەکرابن یان
کوتەککاری نەکرابن، بەداتاشینی چەند مەلەفێکی ھەڵبەستراوی وەک ئەوەی
لەبادینان، بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵکی کرێکارو ھەژاری ناڕازی
بەبڕیاریی دادگای جەنگەڵئاسایی و سێبەری حیزبیی وبنەماڵەیی،
ئەنجامداراو شەش ساڵ زیندانی بۆ شێروان شێروانی، ھاوڕێکانی بڕیەوە.
لەپاڵ ئەم ھەل ومەرجەدا، ھەمیشە کرێکاران و زەحمەتکێشان دوای ماندو
بوون و تێکۆشانی بێوچانیان، لەپێناوی باشترکردنی ژیان و ئازادیەکان و
موچەکانیاندا، دوای ھەر ھاتنە مەیدانێک و لەدەستدانی پۆلێکیش
لەئازیزانیاندا، خۆیان لە ئامادەنەبوونی جەنگی چینایەتیانەی خۆیاندا،
خەبات و ھەوڵەکانیان یان کراوەتە دەستمایەی حیزبە بۆرژوازیە بەناو
ئۆپۆزیسیۆنەکان و پێی چونەتە دەسەڵاتەوە، یان، بەدەستی بەتاڵ لێی
ھاتوونەتە دەرەوە.
بەڵام دەسەڵاتێک و تاقمێک، ڕۆژانە بەبەرچاوی دنیاوە، ئاسایی ویاسایی
وڕێسایی، دزیی و تاڵانی و قاچاغچێتی دەکەن و سەرمایە کەڵەکە دەکەن و
خاوەنی دەیان کۆمپانیای ئاشکراو نھێنین و لەناو تۆڕی سەرمایەو
بەرھەمێنان وسەرمایەگوزاریی لۆکاڵی و جیھانی نیولیبڕاڵی تاڵانکەریشدا،
جێگایان گرتووەو پارێزراون!
ھەموو ئەم سیناریۆ تڕژیدیا ئامێزانە بۆ؟ ئەم چارەنووسە تاڵەی بەشەریەتی
ئەمڕۆ بەدەستی کەمایەتیەک لە ئاستی ناوچەکەو لەئاستی جیھانیدا بۆ؟
تێکڕایان لە غیابی کرێکارێکدایە، کە جێگاو ڕێگای خۆی لەناو ئەم سیستەمە
مەحەلیی وجیھانیە لێک ھەڵپێکراوەدا بۆ ڕۆشن نییەو لەوە بێخەبەرە کە
پایەکانی ئەم سیستەمە کە بەپێچەوانەی ئەوەی لەناو ئەفسانەو ئوستوڕە
کۆنەکاندا دەوترا دنیا لە سەر پشتی گا، وەستاوە، نەخێر ئەمڕۆ لەسەر
پشتی کرێکار و ڕەنج و زەحمەتێک وەستاوە، کە زیاتر لەنیوەی دەستڕەنج
وھێزی بازووەکەی، وەک زێدە دەڕوات بۆ ڕایەڵەی سیستەمێک کە لەھەزارلاوە
ئەم چەرخی دنیا زاڵمانەیەی پێھەڵدەسوڕێت و بەھەزارو یەک دەردو بەڵای
جۆراو جۆریی فیکریی و فەرھەنگیی و کلتووریی و دینیی جۆراو جۆرو حیزیی
ڕەنگاو ڕەنگ و ئایدیۆلۆژیای ڕەنگاو ڕەنگ و میدیای زەبەلاحی ڕەنگاو ڕەنگ
و تەنانەت لەکوردستان بنەماڵە و خێڵ و شێخ وتەریقەتی جۆراوجۆر، گیرۆدە
کراوە و نەیتوانیوە خۆی "ویلیام ڕایش" وتەنی لە کۆیلەتیەک ڕزگاربکات،
کە زنجیری دەست وپێکانی بەدەم وددانی خۆی گرتووە و ئازادکردنی خۆی
تەنیاو تەنیا لەدەستی خۆیدایە.
ڕەنگ بێت، ڕونکردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیە ھەروا ئاسان نەبێت لەچەند
دێڕێکدا، بەڵام کرێکاران، لەڕاستیدا، بوونەتە کۆیلەیەکی مۆدێرنی دنیای
مۆدێرنی ئەمڕۆ، ئەم کۆیلەیە، لە ڕاستیدا، بوارو دەرفەتی ئەوەی
لێوەرگیراوەتەوە بتوانێت ھەروا ئاسان لەناو زایەڵەی پڕ لە جاڕو جەنجاڵی
فریوکارانەی زەبەلاحئاسای میدیایی و ئیعلامی و ھونەری سینەمایی و
ئەدەبیات وکلتوریی سەرمایەداریی و ژیانی سەخت ودژواری کارو
بەرھەمھێنادا بیر لە کۆیلەتیەکەی خۆی بکاتەوە! لەباشترین حاڵەتی
بیرکردنەوەو ناڕەزایەتی وخڕۆشانیەکانی خۆیشیدا، خۆی و چارەنووسی سیاسیی
وکۆمەڵایەتی وئابووری خۆی بە چەند دەم ڕاست و کاریزماو حیزبی سەرووی
خۆی، سپاردووەو دەسپێرێت و نەیتوانیوە خۆی خاوەنی ڕاو سەرنج و تێگەو
تێڕوانین وجیھانبینی خۆی بێت و بۆیەش ھەمیشە لە ھەل ومەرج ودۆخی خراپی
ئەودا کەڵک وەرگیراوەو ھەمان سیناریۆکانی ڕابردووی بەسەر سەری خۆیدا
لەھەر ئاڵ وگۆڕێکی سیاسیی ئابووریی کۆمەڵایەتی ڕوکەشیانەدا، دووبارە
بەرھەمھێناوەتەوە.
ململانێ چینایەتیەکان، چ لە مێژووی ڕابردووداو چ لە دنیای ئەمڕۆدا
بەرەنجامی ناوەرۆک وجەوھەری سیستەمێکن، کە لەسەر بناغەی خاوەندارێتی
تایبەتی و کاری کرێگرتەو قازانجپەرستی وەستاوە ، واتە ھەتا ھۆکارەکان
بەردەوامبن، دەرەنجامەکانیش کە ململانێیەکی بەردەوامە، بەردەوام دەبێت..
جیھانی پڕ لە زوڵم وستەمی ئەمڕۆ و لێکەوتە تڕاژیدیا ئامێزو
کارەساتبارەکانی، کە زیاتر لە سەرھەڵدانی کۆڕۆنادا، ناوەرۆکی
ڕاستەقینەی دژەبەشەریەکانی خۆی پیشانداین، لە واقیعی حاڵدا، ئەگەر
خۆمان نەخەڵەتێنین، جگە لە شیکاریی ولێکدانەوەی مارکسیتانە، ھیچجۆرە
شیکاریی ولێکدانەوەیەکی تر ھەڵناگرێت، بێھۆکاریش نییە جیھان، لەناو
تەنگژەکانی خۆیدا، خەریکە دووبارە موڕاجەعەی کاپیتاڵی مارکس وتێڕوانین
و جیھانبینیەکانی دەکاتەوە.
ململانێ چینایەتیەکان و ئاکام و لێکەوتەکانیی ناو ئەم سیستەمە
جیھانبەڵاداگرەو ھەر دیالەکتیک و مشت ومڕێکیش لەسەر کۆتایی ھێنان و
یەکلاکردنەوەی، بەبێ ھاتنە مەیدانی وشیارانەی داینەمۆی ئەم ھاوکێشەیە،
کە لە چینی ملیاریی کرێکارییدا خۆی دەنوێنێ، پێ لەھەواییە!
ھاتنە مەیدانی وشیارانەی ئەم چینەش، بە فاکتەرە زاتیەکانی خودی خۆیەوە
گرێی خواردووە، نەک بە فاکتەرە بابەتیەکان !،،،، فاکتەرەبابەتیەکان لەو
ساتانەوە ھەن، کە ئەم وەک چینێک لەناو ھەل ومەرجێکی کۆمەڵایەتی سیاسی
ئابووریی سەخت ودژواردا، ناچار بەفرۆشتنی ھێزی کارەکەیکرا لەپێناوی
مانەوەی فیزیکیانەی خۆیدا.
فاکتەرە زاتیەکانیش، پێمان خۆش بێت و پێمان ناخۆش بێت، خویان لە
بێداربوونەوەیەکی بەړکەماڵ و وشیاریی سیاسیی چینایەتیانەی ئەم چینەدا
لەئاستی جیھانیدا دەبینێتەوە، نەک تەنیا لۆکاڵی، کە لەپڕۆسەی مێژوویی و
بەردەوامی خۆیدا، دەستەبەردەبێت، کە وەک داینەمۆی ئاڵ وگۆڕی ڕیشەیی
وبنەڕەتی، لەڕەوتی گەشەو خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی خۆیدا، دەبێت بەو
بەرکەماڵیە و بەو تێگەیشتنە قووڵە چینایەتییە بگات، کە ھیچ حیزب و
دەستەو تاقمێک لەدەرەوەی خۆیداو لەسەروی خۆی، یاریی بەچارەنووسیەوە
نەکات!؟
بەدەر لەم واقیعە، ھیچ ھێزێکی سیاسیی دیکە، لەدەرەوەی ئەم ھاوکێشەیەدا،
بە بێ تێگەیشتنی ئەم ھێزە و بەئەندازەی وشیاریی چینایەتی کامڵ، ناتوانێت
ھاوکێشەکە بەباریی ھەڵوەشاندنەوەی بناغەکانی ئەم سیستەمە بگۆڕێت!
٦\٣\٢٠٢١
taheresa_9@hotmail.com
|