١٧\١\٢٠١٢
جیهان و ناوچه له
شه‌ڕی که‌نداو!
جه‌مال
عه‌لیالی
ساڵێکی‌تر به‌سه‌را چوو و ساڵی ٢٠١٢ ده‌ستی
پێ‌کرد. هه‌ر وه‌ک هه‌میشه جیهان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ماسیوی ڕووداوگه‌لێکی
زۆر بوو. له‌و کورته نووسراوه‌یه هه‌وڵم ئه‌وه‌یه بۆچوونم له سه‌ر
به‌شێکی بچووکی ڕووداوه‌کان بخه‌مه به‌ر چاوی خۆێنه‌ر.
له ئاستی جیهانیه‌وه ده‌نگۆی ئه‌وه که جیهان به‌ره‌و دابه‌شبوونێکی
نۆێی داهات و سه‌رمایه ده‌ڕوات به‌رزتر بۆوه. ئه‌وه‌ش مرۆڤ ده‌خاته
بیر شه‌ره‌کانی جیهانی یه‌ک و دوو و، شه‌ڕه‌کانی قورسی به‌ر له‌مانه.
له ئاستی ناوچه‌ییه‌وه بانگه‌وازی لێبوردنی گشتی به‌شار ئه‌سه‌د و
بانگه‌وازی نێرالله له لوبنان بۆ ئاشتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ده‌گه‌ڵ به‌شار
مۆری ئه‌وه‌ی له سه‌ر دۆخه‌که دا که ئیتر گڵۆڵه‌ی به‌شار که‌وتۆته
سه‌ره‌وژێری. هه‌روه‌ها دۆخی وڵاتانی عه‌ره‌بی به ڕواڵه‌ت "ڕزگار بوو"
زیاتر به‌ره‌و لێڵی ونادیاری ئه‌ڕوات.به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی ئێران و کێشه‌کانی
ده‌گه‌ڵ جیهان له لایه‌ک و دۆخی سیاسی کوردستان له لایه‌کی تره‌وه
گرینگی تایبه‌تیان هه‌بوو.
ئێران وێڕای هه‌ره‌شه له وڵاتانی که‌نداو، بانگه‌وازی مه‌شقی سوپایی
له ته‌نگه‌ی هۆرمۆز بۆ ماوه‌ی مانگێک ده‌کات، ئه‌وه‌ش خۆی ده‌بێته
هۆی ڕاوه‌ستانی هه‌مو چه‌شنه ها‌تووچۆیه‌ک له که‌نداو، واته راوه‌ستانی
هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ وڵاتانی تر. به هۆی ناله‌باربوونی ئاسایشی ناوچه‌که
بینیمان که هه‌ر له‌و ماوه‌ی رابووردوودا ئه‌مریکا بڕی ١٠٠ ملیار
دۆلاری که‌ل و په‌لی سوپایی به وڵاته‌کانی ناوچه‌که فرۆشتووه. هه‌واڵه‌کان
باسی زیاد بوونی ئه‌و جۆره مامه‌ڵانه له لایه‌ن ئه‌مریکا و وڵاتانی
ناوچه‌که ده‌که‌ن. که‌واته بانگه‌وازی شه‌ڕ له لایه‌ن ئێرانه‌وه
تائێستا به قازانجی ئه‌مریکا ته‌واوه بووه.
ئێرانیش له‌و ناوه‌دا بێ قازانج نیه، له لایه‌کی هه‌لێکی باشی بۆ ده‌ره‌خسێ
که بتوانێ سه‌رکوتی ده‌نگه‌کانی ئازادی بکات، گیراوانی به‌ندیخانه‌کان
له دار بدات، خۆی له گشت ئه‌وانه‌ی به بۆنه‌ی سیاسیه‌وه له‌گه‌ڵیان
ناته‌بایه رزگار بکات، به مانۆره سیاسیه‌کانی کاتی زیاتر به ده‌ست
بێنێ و له سه‌ر کێشه‌ی چه‌کی ناو‌کی گه‌مه به وڵاتانی ڕۆژئاوا بکات.
له‌وانه گرینگتر ڕژیمی ئێران ده‌خوازێ هه‌ر به هۆی هه‌ل و مه‌رجی شه‌ڕه‌وه
گۆڕانکاری به که‌یفی خۆی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مان پێک بێنێ و
حکۆمه‌تی گالبان پاراو بکات.
به‌ڵام بۆچی سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران له وڵاتانی که‌نداو، ئه‌مریکا
و ئیسرائیل وازیان له مانۆره سوپاییه‌که‌یان هێنا که ده‌مێک بوو
بڕیاری له سه‌ر درابوو؟ به ڕای من ئه‌وه ده‌توانێ ببێته به به‌ڵگه‌یه‌کی
باش بۆ ئێران که ئه‌ویش له مانۆره سوپاییه‌که‌ی له ته‌نگه‌ی هۆرمۆز
واز بێنی له به‌ر ئه‌وه که بینیمان ئۆباما به گۆێره‌ی هه‌واڵه‌کان
له نامه‌یه‌کی فه‌رمی دا بۆ خامه‌نه‌یی باسی گیرانی ته‌نگه‌ی هۆرمۆزی
وه‌ک هێلی سوور کردووه، که‌واته ئێرانیه‌کان به شۆێن بیانوویه‌کن بۆ
وه‌رچه‌رخاندنی بارگرانی میزانه‌که به قازانجی خۆیان. ئه‌و سا ئه‌مریکا
شانسی خۆی بۆ فرۆشتنی زیاتری که‌ل و په‌لی سوپایی بۆ وڵاته‌کانی ناوچه‌که
زیاتر ده‌کات.
به‌ڵام له ئاستی کوردستانی ئێستا چی له ئارا دایه؟ تورکه‌کان هێرشی
هه‌مه‌لایه‌نه‌یان ده‌قات و سه‌د قات زیاتر کردووه، سووریکان جارێ
ماوه‌ی ده‌نگ کردنیان نیه، عێراقیه‌کان له سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم به
دوای په‌ڵپ و بیانوویه‌کن، له‌و ناوه‌دا ئێرانیه‌کان به ئه‌نقه‌ست
بێده‌نگن، هه‌ر وه‌ک چ "شتێک" به ناوی مه‌سه‌له‌ی کورد له ئارا دانه‌بێ.
له باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، هه‌تا دێت و هێزی گه‌ل زیاتر ده‌بێ. له
باشوور سه‌ره‌رای گشتی که‌موکۆریه‌کان، حکومه‌تی هه‌رێم پشووی سوار نه‌بووه
و زۆر به هێمنی له ڕێگه‌ی سیاسه‌ته‌وه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ل حکومه‌تی
به‌غدا ده‌کات. ئه‌و هه‌ڵوێسته که جیگه‌ی ستایش و ده‌ستخۆشییه سه‌لماندی
که ئه‌گه‌ر کورد بخوازێ ده‌توانێ سیاسه‌ت بکات، هه‌ر ئه‌وه یه‌ک له
هۆکاره‌کانی بێده‌نگی ئیرانه.
له ئاستی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بابه‌تێک، گرینگی تایبه‌تی هه‌بوو. حدک
له بانگه‌وازێکدا داوای له خه‌ڵک کرد که له به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌ی
ئه‌و حیزبه یارمه‌تی بده‌ن. ئه‌و هه‌نگاوه شازه، نۆێه، زۆر بوێرانه‌یه.
به بڕوای من، به هۆی ئه‌وه که دۆزینه‌وه‌ی پێوه‌ندی ناوبه‌ین
دیارده و ڕووداو له سه‌رده‌می هه‌نووکه‌ییدا پێویستی به خۆێندنه‌وه‌ی
نۆێ هه‌یه (تێگه‌یشتن له‌و پێداویستییه خۆی پێویستی به بوێری هه‌یه).
هه‌ر به‌و هۆیه‌وه پێویسته کورد له هه‌رچی تا ئێستا کراوه و به ئه‌نجام
نه‌گه‌یشتووه لانی که‌م به شێوه‌ی کاتی واز بێنێ و له بڕی ئه‌وه به
تاقی کردنه‌وه‌ی شێوازی نۆێ له سیاسه‌تدا ده‌رفه‌ت بۆ داسه‌پاندنی
مافه‌کانی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌ی کورد بخوڵقێنی. به‌و پێیه‌وه، بانگه‌وازی
حدک هه‌نگاوێکی بوێرانه‌یه به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانی دێمۆکراسی که له
درێژه‌ی خۆیدا ده‌بێته به ده‌سته‌به‌رێک بۆ سڕاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی
هه‌ڵه و قرێژی دووژمنان.
١٥\١\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی جه‌مال عه‌لیالی
|