په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٩\٢٠١٠

چى لە پشت تیرۆر(یست)کردنی سەردەشت عوسمانەوەیە؟؟؟


حه‌سه‌ن حوسێن  


لەروى زمانەوانییەوە جیاوازى نێوان ئەوەى کە تیرۆر بکرێیت و بکرێیتە تیرۆریست بەتەنها پاش و پێش خستنی کردارێک و زیادکردنی سێ پیتە، بەڵام لەواقیعدا سەروبن کردن و هەڵگێڕانەوەى چەمکێکی سیاسی و حقوقی و تەنانەت ئەخلاقیشە، بەوەى لە قوربانییەوە بکرێیتە جەلاد، لە ستەملێکراوەوە بکرێیتە ستەمکار، لێرەوە کەسی تیرۆرکراو دەبێتە بکوژ و تیرۆریستێک کە ئەگەر گروپە تیرۆریستییەکە خۆشیان تەسفیەى حسابی لەگەڵدا نەکەن ئەوا دەسەڵات و حکومەت هەر دەبێت حسابی لەگەڵدا بکەن.


لێرەدا قسەم لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە نییە کە تەنها کەسانێک بەو دوعایە دەڵێن ئامین کە ویژدانی خۆیان کردۆتە بارمتەى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان و بە نرخی رۆژ نان دەخۆن، بەڵکو دەمەوێت پەنجە بخەمە سەر ئەو ئاماژە و دێڕە نەنوسراوانەى کە لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتوون:


1. تیرۆرکردنی کەسایەتی شەهید سەردەشت و رووت کردنەوەى لەو بەها جوان و مرۆییانەى کە ئەو مرۆڤە خۆى لەپێناویدا بەکوشتدا. واتە دەیەوێت سەردەشت عوسمان لەهەموو جۆرە سیمبۆڵیزمێک رووت بکاتەوە.سەرنج بدەن دەسەڵاتی پارتی چۆن سەیرى سیمبۆڵەکانی خۆى دەکات و چۆنیش سەیرى سیمبۆڵەکانی کۆمەڵگە دەکات.


2. چاوترساندنی دەنگە ناڕازییەکان، رۆژنامەنوسان و قەڵەم بەدەستە بوێر و رەخنەگرەکان بەوەى لەدواى کوشتنیشیان بیانکاتە تیرۆریست، قاچاخچی، تلیاک کێش، پیاوکوژ و دەیان سیفەتی نائەخلاقیان بداتە پاڵ.


3. چەواشەکردنی راى گشتی دەرەوە، بەتایبەت ناوەند و رێکخراوە نێودەوڵەتییە رەسمیی و نارەسمییەکان، چونکە گروپی ئەنسار ئیسلام مارکەیەکی تیرۆریستییە و بوونی پەیوەندى لەگەڵ ئەو گروپەدا ماناى تەکینەوەى هاوپشتی و هاوسۆزیی ئەو نێوەندە نێودەوڵەتییانەیە لەگەڵ کەیسی شەهید سەردەشتدا.


4. سەندنەوە و زەوت کردنی پاساو و بەڵگەى پیشەیی و سیاسی لە رۆژنامەنوسان و ئازدایخوازان لە بەرگرى کردن و بێدەنگ نەبوون لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان بەوەى هەر کەسێک بەرگرى لێبکات ماناى وایە بەرگرى لە تیرۆر و تیرۆریستان دەکات، هەر بەو مەبەستەش راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە سەردەشت عوسمان رۆژنامەنوس بووە، ئەنجامی ئەمەش ئاشکرایە چی دەبێت.


ئەوەى لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا گوێمان لێبوو پەخشان و سیناریۆیەکی ستۆک و ئیستهیلاکی بوو کە رژێمە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیە( بەرژێمی بەعسی رووخاویشەوە) دەیان ساڵە لە وەڵامی ئەو تیرۆرە گوماناوییانەدا هۆنیویانەتەوە کە کۆمەڵگەیان هەژاندووە. هەمیشە لەو راپۆرتانەدا عەلاگەیەکی زەمانە ئامادەیە بۆ ئەوەى ئەو کردەوە تیرۆریستییانەیان پیا هەڵبواسرێت.


ئەمڕۆ تیرۆریزمی ئیسلامی ئەو شەماعەیەیە کە رووداوە گوماناوییەکانی پیا هەڵدەواسرێت ئێمە لە نەوەدەکانی سەدەى رابردوود و لە جەزائیر و میسر بینیمان چۆن ئەو دەنگانەى کە بەگوێی دەسەڵاتداران نەشاز بوون و ناڕەحەتی دەکردن، دەنگی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چەپ و سۆسیالیستەکان لەنێو تەپ وتۆزى شەڕى تیرۆریزم و شەڕشفرۆشی تیرۆریزمدا گۆڕیان گوم کرا، ئەمڕۆکە لە پاکستان و لە عێراقیشدا دەبینین کە لە نێو ململانێی باڵ و کەسایەتییە سیاسییەکاند و لە سایەى چالاکییەکانی قاعیدە و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەدا دەیان کەس دەکرێنە قوربانی و تەنانەت تەسفیە حسابیشی تێدەکەوێت .


مەگەر کەس هەیە باوەڕ بەوە بکات ئەوە بەتەنها قاعیدەیە چالاکی تیرۆریستی و خۆکوژى لە شارەکانی عێراقدا ئەنجام دەدات تا باوەڕ بەوە بکات لە ناو پایتەختی هەرێمدا( کە رۆژانە بانگەشەى بۆ دەکرێت بەوەى ئارامە) گروپێکی تیرۆریستی بتوانێت لەبەردەم پاسەوانەکانی زانکۆدا بە شەق و زۆرە ملێ خوێندکارێکی رۆژنامەنوس بفڕێنن و دواتر تیرۆرى بکەن؟؟


لە راستیدا ئەو راپۆرتە کارى بنەماڵەى سەردەشت و رۆژنامەنوسانیشی سەختتر کرد بەوەى دەبێت لەمەودوا بەپاڵ خواستی ئاشکراکردنی تاوانبارانی تیرۆرکردنی سەردەشتەوە داواى گێڕانەوەى کەسێتی مەعنەوى و حورمەت بکەن بۆ شەهید سەردەشت.

 

ماڵپه‌ڕی حه‌سه‌ن حوسێن