١٩\٩\٢٠١١
چلەخەمێکی زەیتوونی...

شوان عوسمان
کوڕەکەم..
خەون بە دارزەیتوونێک ئەبینێت ،
لە بنیدا دەست لە بن چەناگەی خەم ،
بنێت و
جەستە تەنکەکەی وەکو پەلکی رێواسێک ،
لەبەردەم بایەک شەماڵ ،
بێنێت وبچێت...
بەوە تام لە تەڕی وڵات وتامی سێبەری زەیتوونێکی تەڕی خاک بکات..
کوڕەکەم...
کە بۆنت ئەکەم ، تۆ خۆت بۆ من دەنکەزەیتوونێکی وبۆنی زەیتوونێکی بۆندار
دەر ئەدەی..
هێشتا جەستە خەپەکەت ،لە پرخەی خەوێکی بێئاگایەو دوورە لە بۆنی خەمێکی
خۆلەمێشیی...
ئەتوو وخەمی وڵات وەکو کێشکەو دارلاستیکی منداڵێکی هارو هاجن یەک
لەچاوی ئەوی دیکە نزیک نابێتەوە...
ئەتوو تەنانەت لۆ ساتێکیش بێت ، دڵت بە چزووی خەمێک ، نەچزاوە....
ئەتوو هێشتا گچکۆکەی ،بۆنی شیری خاو لە گڕوگاڵی ،رۆژانت دێت ،کەنگی
وادەی ئەوەیە ، بیر لە خەمێکی گەورە بکەیەوە...
تۆ لە خەم ناگەی و
خەمیش لە تۆ ناگات..
خۆ ناتەوێ لە بڕی گەورەکانیش ، خەمێکی گەورۆنە بخۆی ، خەمت نەبێت بێخەم
بە چ خەمێک هەیە، لە خەمی وڵات هەناسەی درێژتر بێت ؟؟
خەمی ئەو بە هەناسەی تۆش رائەگات...رۆژێک دادێت ئەو خەمەی دڵی منی ،
وەکو هەنارێکی هەڵقلیشاوی پاش بارانێکی بە تاوی پاییزانە ، دەمی
داقلیشاند، هەناری تەمەنی تۆش داقلیشێنێت...
دارەتووی تەمەنمی دانەدانە لە رۆژانی ،بوونە توودا داتەکاند ، هەناوی
سپی چۆڕەشیری تۆش رائەژەنێت..
کوڕەکەم...
بیر لە چلەزەیتوونێک ئەکاتەوە ،
کە گەڕایەوە لەگەل خۆی بیباتەوە وڵات ،
بەو زەیتوونە ماڵێک لە گەڕەکێکی بێ زەیتووندا ،
بە بۆنی زەیتوون و
رەنگی زەیتوونیەوە ،
رەنگاورەنگ وئاوەدان بکاتەوە..
کوڕەکەم ...
خەمی من لە چلی ئەو زەیتوونە نیە ، کە بەرێک ناگرێت....
خەمی من لە ترسی ئەو ساتەیە ،تا زەیتوونێکی تۆ بەر ئەگرێت ،چلەخەمێک
بەری داری تەمەنت بتەنێت و
هەزارەها خەمۆچکەش بە لقەکانت داگەڕێت...
کوڕەکەم ...
چاوەکانت لە ناوکی زەیتوونێکی ،
پڕئاوی وڵاتێک ئەچن ،
کە هێشتا نە دەستی خەم لە باڵایان ئاڵاوە...
نە شەکەتی تێنوێتی بە گەروویاندا ،
چۆڕاوەتەوە...
خەمی ئەو زەیتوونە لە رەنگی ،پەلکە تەنکەکانی تەمەنی ، ساوات ئەبینم...
چەند ناسک وچەند جوان ،
لە بڕی خەمێکی ئەبەنووسی ، ئاسۆی خۆرئاوایەکی نارنجی لە وڵاتمدا ،"رۆنی
زەیتوونێکی کەسک دەر ئەدەن...
خەمی ئەو زەیتوونەت ، زەیتوونی خەمێکی دیکەی وڵاتم لێبار ئەکەن...
کوڕەکەم ...
خەمت نەبێت ئەو زەیتوونەت رۆژێک دادێت ، دائەچێنیت...
ئەگەر دارزەیتوونەکەشت هاتە بەر، تامێکی ئەویش ئەکەی..
بەڵام ئەوەی نامەوێت تامی بکەی ، تام لە زەقنی خەمێک بکەی..
کە منیان بە دەردی ئەو زەقنەبووتە برد...
منیان لە خەمی وڵات کردو بە خەمی دوورەوڵاتی غوربەتەوە ئاشنا کرد...
بۆنی بارووت و
بووقی شەڕی دەمی براکان ،
منیان لە بۆنی زەیتوون و
سێبەری دارەکانی شارەکەم ،
بێبەش کرد...
کوڕەکەم، حەز ئەکات بە بێ چلێک زەیتوون ،هەرگیز نەگەڕێتەوە وڵات...
کوڕەکەم ...
لە وڵاتی ئێمە نەک هەر زەیتوون بەرگە ناگرێت وبەر ناگرێت ، ئێمەش لە بن
ساباتی خەمەکاندا ،
بەر نادەین وبەرگەی مانەوەی سێبەرێکمان ناگرین..
ماڵ وگەڕەک وشارەکان ،
بەرگەمان ناگرن ،
جادەمان لە بن پێ دەردێنن و
بەرگمان لەتلەت ئەدڕن ،
لە بڕی ئەوەی تانۆکێک لە نێوان تخووبەکان لابەن ، ساترێک، مەتەرێزێک ،سەنگەرێکی
خۆکوژی ،قیت ئەکەنەوە...
لە بڕی دارە زیتوونێک زەیتوونێکی ،
چاوگەش بگرێت ،
بەری خەمێکی رەشی ناوەخت ،بەردەرکەمان لێئەگرێ ورەشاوێک ئەبارێنێ..
لەگەل خەمی ئێمەدا تەنانەت ،پەلک ولاسکی درەختەکانیش ،هەناسەی
مانەوەیان کزەو هەر لە خەیاڵی هەلێکن هەگبەو
بوخچەوجانتای سەفەر کۆیان کاتەوە....
جگە لە لاوکی کۆچ وغەریبی ، بەرێکی دیکەیان لێ دەرناچێت...
کوڕەکەم لای ئێمە دارزەیتوون ،
لە باخی شارو سەنتەری پارکەکان ناژی ، لە باخی مردووان هەڵئەکاو
خەم لەگەل زیندوواندا دابەش ناکات ، لە سەر خەمێکی مردوودا ،
نوێژێکی مردوو ئەکات....
٧\٨\٢٠١١
- ئەلمانیا - مێسکریچ
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|