په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١\٢٠٢٣

چمکێک لە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کوردستان.

خوێندکاران، مامۆستایانی وانەبێژ و کرێکارانی ژینگەپارێز
(لە قوربانیانی سیاسەتی ئابووری نەخشەمەندانە و ئاگاهانەی حکومەتی هەرێم).

نادر عەبدولحەمید   


بەدوای دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، ناڕەزایەتی خوێندکاران، دەستی پێکردەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە مۆڵەتێکیان دیاریکرد بۆ حکومەتی هەرێم، کە ئەگەر وەڵام بە خواستەکانیان نەداتەوە جارێکی تر دێنەوە مەیدان، بۆیە لە مانگی یانزەوە خوێندکارانی کۆلێژە جیاجیاکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان لە (زۆنی سەوز)ی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)دا، هەر لە (کەلار)ەوە بیگرە تا (چەمچەماڵ) و (کۆیە) و (سلێمانی) و (هەڵەبجە) و (ڕانیە) و (قەڵادزێ) دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپێشاندان و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن لە پێدانی دەرماڵە و بەڕەسمی ناساندن و بەیاسایی کردنی لە لایەن حکومەتی هەرێم و باشکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی خەرجی خوێندنی پەرالێڵ.

پاشخانی مێژوویی.

ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە، بە بڕیارێک دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی وەستاندووە. وە لەوکاتەوە خوێندکاران بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافەی خۆیان، و ساڵی پار (٢٠٢١)، بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، گەرچی بە بەهای گرتن و شکەنجە و ڕاوەدوونانیان، بەڵام توانیان حکومەتی هەرێم ناچار بکەین کە بۆ چەند مانگێک دەرماڵەیان بۆ خەرج بکات.

ئەمساڵیش (٢٠٢٢) بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیان کردۆتەوە بە ناڕەزایەتی دەربڕین، بە شێوازی مانگرتن، ڕێپێوان و خۆپێشاندان، وە لە جیاتی ئەوەی حکومەتی هەرێم وەڵام بە داوا ڕەواکانیان بداتەوە، کەوتوونەتەبەر پەلامار و هێرشی هێزەکانی (ئاسایش) و (پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان)ی سەربە (یەکێتی)، کە ویستوویانە، بەبێ ڕێزگرتن لە شکۆی (حەرەمی) زانکۆ، بە گازی فرمێسکڕێژ و بریندارکردن بە گولـلەی پلاستیکی و شەق وەشاندن و فڕاندن و شکەنجەدان و زیندانیکردنی دەیان خوێندکاری ناڕازی، کۆتایی بهێنن بە خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕێپێوانەکانیان.

لە (زۆنی زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان)یشدا، خوێندکاران هەمان کێشەی دەرماڵە و خراپی خزمەتگوزارییەکانی بەشی ناوخۆیی و بارگرانی تێچوونی خوێندنیان هەیە و ناڕەزایەتییەکی زۆر پیشی خواردۆتەوە، بەڵام بەهۆی سەرکوتێکی پۆلیسی و سیخوڕیانەی سیستماتیکی توندەوە، دژی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک، کە لە نمونەی دادگایی و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی دەڤەرەکەدا بینیومانە، لە ئێستادا ئەم ناڕەزایەتییانەی خوێندکارانی ئەم دەڤەرە ڕێگە لە خۆدەرخستن و تەقیوەتەوەکەی گیراوە بەڕووی دەسەڵاتدارانی (زۆنی زەرد) و حکومەتی هەرێمدا. هەوڵ و کۆششی سەرکوتگەرانەی هێزە چەکدارەکانی (یەکێتی)، ئاکامی سیاسەتێکی نەخشەمەندی سەرانی ئەم حزبەیە تا لەم ڕێگەیەوە لە (زۆنی سەوز)یشدا وەک (زۆنی زەرد) بە زەبری سەرکوتی پۆلیسیانە بەر بگرن بە ناڕەزایەتییەکان و خواستە ڕەواکانی جەماوەر. بەم شێوەیە هەردوو حزبی فەرمانڕەوا مانەوەی خۆیان تەنها لە ملهوڕی و سەرکوتی جەماوەر و بێ مافکردنیدا دەبیننەوە، پاش ئەوەی کە بێکاری و برسییەتی و پەراوێزیان بەسەردا سەپاندوون.

حکومەتی هەرێم لە ساڵی (٢٠١٤)دا، دەستی کردووە بە بڕینی دەرماڵەی خوێندکاران و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، هاوڕای زۆر بڕیاری تر بۆ کەمکردنەوەی بڕی موچە و بڕینی دەرماڵەی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی گشتی و وەستاندنی پلە بەرزکردنەوەیان، بە بیانووی قەیرانی دارایی و کەمی دەرامەت بەهۆی بڕینی بەشە بودجە لە لایەن حکومەتی ناوەندیـیەوە، لە ئێستادا ئەو بیانووە لە ئارادا نیـیە و بگرە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گومرگی سەرسنورەکان و داسەپاندنی باج و خەراجێکی زۆر بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمەکەدا، داهاتەکانی حکومەتی هەرێم چەندین بەرامبەر زیادی کردووە.

پێنەدانی دەرماڵە بە خوێندکاران، پێشکەش نەکردنی خزمەتگوازی شیاو لە بەشە ناوخۆییەکان، گرانکردنی باری ژیانی خانەوادەکان بە بردنەسەری تێچووی خوێندن، لە کاتێکدایە کە خوێندکاران دوای تەواوکردنی خوێندنیان و ئامادەبوونیان لە بازاڕی کاردا، نە هەلی کار ڕەخسێندراوە بۆیان و نە هیچ ئاسۆیەکیش لە ئارادایە بۆ دامەزراندنیان، جا چ لە کەرتی گشتی بێت وە یا لە کەرتی تایبەت، بۆیە دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، زوربەی هەرە زۆریان پەیوەست دەبن بە ئۆردووی بێ ئەژماری کرێکارانی بێکارەوە لە کوردستان.

سیاسەتی ئابووری نەخشەمەندانە و ئاگاهانەی حکومەتی هەرێم.

ئەم بارودۆخە داسەپاوە، بە پێچەوانەی بیروڕای زاڵ و بۆچوونی فکری - سیاسی بیرمەندانی نیولیبڕاڵی پڕۆ-ڕۆژاوایی و حزبە قەومی و ئیسلامیـیەکان، وەنەبێ بەرهەمی نەشیاوی، نەشارەزایی، لێ نەهاتوویی و بێ پلانی بەرپرسان و سەرانی حزبە فەرمانڕەواکان بێت، بەڵکو بەرهەمی ڕێباز (نەهج) و سیاسەتێکی ئابووری ئاگاهانە و پلان بۆداڕێژراوی سەرتاسەرییە لە عێڕاقدا کە حکومەتی ناوەندی بەناوی (پەڕەی سپی - الورقة البيضاء) و حکومەتی هەرێمیش بەناوی (چاکسازی لە ئابووری هەرێمی کوردستان)دا گرتوویانەتەبەر، ئەویش بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وڵاتانی تری ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دامەزراوە بانکی و دراوی (مالی)یە نێودەوڵەتیـیەکانیان، هەروەک لە هەولێر لە (٣٠-٥-٢٠١٦)دا لە کۆنفڕاسی هاوبەشی (حکومەتی هەرێم) و (بانکی نێودەوڵەتی)دا، وەک ئامانجێکی ئاگاهانە، پلان و نەخشەی بۆ داڕێژراوە و حکومەتی هەرێم لێبڕاوانە پیادەی دەکات.

ئاکامەکانی نیولیبڕاڵیزم.

ئەمە سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هاوچەرخە، کە بە هاندان و پشتیوانی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان دەبرێتەڕێوە، و خۆی لە وەستاندنی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەوڵەتی و کەمکردنەوەی کرێکار و کارمەندەکانی ئەو کەرتە و ڕادەستکردنیدا دەبینێتەوە بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان کە هەریەکەشیان بەجۆرێک سەریان بەندە بە یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵاتەوە. ئەم سیاسەتە ئابووریـیە، لە ناوەڕۆکدا تاڵانکردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی گەندەڵی و شانخاڵی کردنی حکومەتی هەرێمە لە خزمەتگوزاریـیە بنەڕەتیـیەکانی وەک تەندروستی و خوێندن و کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی شارەکان و داسەپاندنی بێکار و هەژاری و باج و خەراجێکی زۆر بەسەر هاوڵاتیاندا، کە ئاسۆ و ئەجیندای ئابووری هەر سێ حزبی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان)ی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمە، و حزب و ڕەوتە قەومی و ئیسلامییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، لە چەشنی (نەوەی نوێ) و (یەکگرتووی ئیسلامی) و (کۆمەڵی دادگەری) لەم ئاسۆ و ئەجیندا ئابووریـیەدا هاوبەشن.

گرفتی ئەسڵی نەبوونی ئاگاهییە بەم سیاسەتە نیولیبڕالیزمیـیە.

خوێندکارانی کچ و کوڕ، بەشێکن لە قوربانیانی ئەم ڕێبازە نیولیبرالیزمەیەی سەرمایەداری کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە حکومەتی هەرێمدا، ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکات. لە بەرامبەریشدا بارودۆخەکە لە ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدان و خۆپێشاندانی خوێندکاران و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری سەر بە چینی کرێکاری کەم نیـیە، ئەوەی لەم نێوەدا کەمبودە (نوقسانە) و ئامادە نیـیە (غائیبە) ئاگاهیـیە بەم ڕێبازە (نەهج) ئابووریـیە نیولیبرالیزمەی حکومەتی هەرێم لەنێو خوێندکاران و جەماوەری زەحمەتکێشدا بەگشتی، وە لێرەشەوە خۆ ڕێکخراوکردنە بۆ بەرنگاربوونەوە و پوچەڵکردنەوەی.

هاوکاتی ئەم ناڕەزایەتییانەی خوێندکاران، لەم ڕۆژانەشدا مامۆستایانی وانەبێژیش، لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکاندا، بە مانگرتن و خۆپێشاندان هاتوونەتە مەیدان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە گرێبەستی کاتی و دانەمەزراندنی هەمیشەیی و بێبەشی لە دەرماڵەکان، بەشێکی بەرچاویشیان زیاتر لە (١٠) ساڵە بە گرێبەستی کاتی وانەبێژن. ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی لێرەو لەوێی بەردەوامی کرێکارانی ژینگەپارێز و خانەنشینان و مامۆستایان دژ بە دواکەوتنی چەند مانگەی موچەکانیان. لەمڕۆی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، هیچ توێژ و بەشێکی چینی کرێکار و زەحمەتکێش نەماوە کە فشاری ئەم سیاسەتە نیولیبڕاڵیـیەی حکومەتی هەرێم لەسەریا نەشکابێتەوە و ژیان و گوزەرانی ناهەموار نەکردبێت.

ڕێکخراوبوونی پیشەیی و یەکگرتووی لە فیدراسۆنێکی سەراسەریدا.

بەو ئەندازەیەی ئاگاهی بە جەوهەری سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەتی هەرێم پەرە دەستێنێت لەناو ڕیزەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی وانەبێژ و کرێکارانی ژینگەپارێز و ژنانی زەحمەتکێش و لاوانی کچ و کوڕی خانەوادە کرێکاریـیەکان و تەواوی توێژ و بەشە (فیئە) کۆمەڵایەتیـیەکانی تر، وە خۆیان ڕێکخراو دەکەن بەو ئاگاهییەوە لە ڕشتە و پیشەکانی خۆیاندا و سەرکەوتوو دەبن لە هێنانەدی یەکێتیـیەک یا فیدراسۆنێکی سەراسەری لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان، وە هەر توێژە و بەشێکیش دێتەمەیدان بۆ پشتیوانی لە خواست و ناڕەزایەتی توێژ و بەشەکانی تری هاوچینەکەی خۆی، و وەک بزووتنەوەیەکی گشتی و سەراسەی چینایەتی خۆی دەردەخات، بەڵێ بە هەمان ئەندازە ئیرادەی ئەو جەماوەرە ڕێکخراوە بەرجەستە دەبێتەوە لە بەرامبەر ئیرادەی سەرکوتگەرانەی بورژوازی ڕێکخراو لە حکومەتی هەرێمدا، و توانایان دەبێت نەک هەر پاشەکشە بەسەریدا بسەپێنن و ناچاری بکەن خواستە دەستبەجێکانیان بسەلمێنێت، بەڵکو هەنگاویش هەڵبهێننەوە بۆ ڕزگاری یەکجاری لەم دەسەڵاتە و لە بنەما ئابووریـیە سەرمایەداریـیە نیولیبرالیزمەکەشی.

وەدەرنانی خۆشباوەڕی و بەرزبوونەوە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی ئاسۆدار.

هێنانەدەرەوەی ناڕەزایەتیـیە پچڕپچڕ و کاتی و وەرزیـیەکانی خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکارانی ژینگەپارێز و خانەنیشنان و ... لە پێناو ماف و خواستە ڕەواکانیاندا، لە هەرجۆرە خۆشباوەڕییەک بە چاکسازیی کلک و گوێ بڕاوی حکومەتی هەرێم و وادە و بەڵێنی پوچی حزبەکانی دەسەڵات، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو ناڕەزایەتیـیانە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی شکڵگرتووی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستاندا، لەمڕۆدا و بەر لە هەر شتێک، گرێی خواردووە بە جێگیرکردن و پەرەدارکردن و باڵادەستکردنی ئاسۆیەکی سۆشیالیستیانەی شۆڕشگێڕەوە دژ بە سەرمایەداری و فۆڕمە سەردەمیـیەکەی لە نیولیبرالیزمی ئابووری کە دەسەڵاتدارانی بورژوا ناسیونالیستی کورد زۆر لێبڕاوانە خەریکی داسەپاندنین بەسەر ژیان و چارەنوسی جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا، لەوانەش داسەپاندنی بەسەر لاوانی کچ و کوڕی خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکاندا.

ئەرکی خوێندکارانی پێشڕەو.

ئەرکی دەستبەجێی خوێندکارانی ڕابەر و بەئاگا و پێشڕەو، هەر لەو کاتەدا کە خەریکی ڕێکخستن و وەڕێخستن و ڕابەریکردنی گردبوونەوە و ڕێپێوان و مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی جەماوەری خوێندکارانن، لە هەمانکاتیشدا دەبێ خۆیان لە دەوری یەکتری گردبنەوە و لە هەوڵی پێکهێنانی کۆڕوکۆمەڵ و ئەڵقە و کۆمیتەی خەباتکاردا بن، وەک ناوکۆکەیەکی پێشڕەو لە پێناو هێنانەدی ڕێکخراوی بەرفراوانی جەماوەری و سەربەخۆ لە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات و هەروەها سەربەخۆش لە ئۆپۆزیسیۆنێکی قەومی و ئیسلامی کە هاوئاسۆیە لەگەڵ ئەجیندای ئابووری نیولیبرالیزمی دەسەڵاتی هەرێمەکەدا.

ئەرکی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست.

ئەرکی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی لەم نێوەدا ئاسۆدارکردنی ناڕەزایەتی توێژە کۆمەڵایەتیـیە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکارە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانە و هەوڵدان و کۆمەگیکردنە بە هێنانەدی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی خوێندکاران، مامۆستایان بەگشتی و وانەبێژانی گرێبەستی کاتی بەتایبەتی، خانەنشینان و کرێکارانی ژینگەپارێز و .... بەم ئاسۆیەوە. ئەمە و گرێدانەوە و لێکهەڵپێکانی ئەم ناڕەزایەتی و ڕێکخراوانەیە بە ناڕەزایەتی و ڕێکخراوە جەماوەریـیە سەربەخۆکان لەسەراسەری عێڕاقدا لەپێناو بەرجەستەکردنەوەی یەک بزووتنەوەی چینایەتی شۆڕشگێڕدا کە توانای هاتنەمەیدانی هەبێت بۆ جەنگی دەسەڵات دژ بە دەسەڵاتی بورژوا قەومی و ئیسلامی.

هەر لەو کاتەدا ئەو ئەڵقە و گروپ و حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستییانەی کە لەو ڕاستایەی سەرەوەدا، لێبڕاوانە توانا و وزەی خۆیان دەخەنەگەڕ و هاوئاهەنگی دەکەن لە چالاکییەکانیاندا، خەباتێکی فکری و سیاسیشیان پێویستە بۆ وەدەرنانی بیروڕا و سوننەتە نا کرێکاری و نا شۆڕشگێڕی و نا کۆمۆنیستییەکان لە پێناو یەکخستن و هاوئاهەنگکردنی هەوڵ و تەقەلای مارکسیست و سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ڕابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە حزبێکی شۆڕشگێڕی پڕۆلیتاریدا.

 


کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢

nadr1506@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک