په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چنار خان چ کارەى کرد لە وەزارەت ؟


کوڕە شەهیدێک


سەیرم پێهات کاتێک گفتوگۆیەکى رَۆژنامەوانى (چنار خانم) بینى لە هەفتەنامەى رووداو کەباسى سەرکەوتنەکانى خۆى دەکات لەوەزارەتى شەهیدان وەک ئەوەى (چنار خان) کە لەچەند ساڵى رابردوو تەواوى کاتەکانى خۆى بۆ چارەسەر کردنى گرفتى کەس وکارى شەهیدان تەرخان کردبێت . کە دەڵێ تەحەدا دەکەم بەسێ وەزیر هێندەى منیان پێ نەدەکرا .

 

من دەمەوێ لە جەنابى وەزیر بپرسم کامە کارەیە کە بەرێزتان هێندە بەشانازیەوە و تەحەدامان دەکەى باسى لێوە دەکەى .بە ئامارى شەهیدان تەحەدامان دەکەى ئەو ئامارەى کە ئێوە ئامادەتان کردوەو ناوتان ناوە ئامارى شەهیدانى سەنگەر کەپریەتى لە کوژراوى جاش کە تاڕاپەڕین ئەوانە دژى کورد و کوردستان بوون ڕۆژگار گۆڕا و بەرژەوەندى ئەوانیش گۆڕا بۆیە بوونە قارەمان و شەهیدى پلە یەکى وەزارەتەکەى ئێوە . من شەرم لەخۆم دەکەمەوە کە کوڕە شەهیدم کاتێک دەبینم ئەوانەى بەر لەڕاپەڕین ڕۆلیان هەبوە لە ئازاردانى کەس و کارم و شەهید کردنى باوکم ئیستا بە پلەى زۆر بەرز بە شەهید هەژمار کراون و شەهیدانى ئێمەش بڕى موچەکانیان لە (400 ) هەزار دینار تێپەڕ ناکات .

 

وەزارەتەکەى بەرێزتان کە تاتۆ وەزیر بووى، تانوسینى ئەم بابەتەش بەس بەناو وەزارەتى تەواوى شەهیدانى کوردستانە بەسەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانیەوە ئەگینا لە ڕاستیدا تەنیا وەزارەتى شەهیدانى حزبى دەسەڵاتە بەڵگەشم بۆ سەلماندنى ڕاستى قسەکانم کارەکانى وەزارەت و پێشوتریش دەزگاى شەهیدە کە چۆن بەردەوام لە خەمى چارەسەرکردنى گرفتى شەهیدانى حزبەکانى خۆتان بوونە نەوەک شەهیدانى تر بە بەڵگەش پێت دەلێم شەهیدانى حزب و لایەنەسیاسیەکانى تر تەنیا ژوورێکیان وەرنەگرتوە تەنیا چەند پارچە زەوییەک نەبێت ئەویش یا دواى ڕاپەڕین بەر لەشەڕى ناوخۆ یان بەر لەڕووخانى ڕژێمى عێراق دڵنیاشم تەواوى کەس و کارى شەهیدان هەرزوولە بەر نالەبارى بارى گوزەرانیان زەوییەکانیان فرۆشتوە و هیچ سودێکیان لێَ وەر نەگرتوە خۆش بەختانە ئەو زەوییانەش لە سەردەمى وەزارەتەکەى تۆنەبوە ئەگینا چ منەتێکت دەکرد بەسەرمانەوە .

 

من لە بنەماڵەکەى خۆمانەوە تەماشا دەکەم کە ئێمە خاوەنى (6) شەش شەهیدین باوکم و برایەک و سێ مامو ئامۆزایەکم کە هەر هەموویان شەهیدى سەنگەرن و بەر لەڕاپەڕین شەهید کراون تا بەئێستاش دەگات لەزەووى زیاتر هیچ شتێکمان وەر نەگرتوە نەوەک ئێمە بگرە سەدان شەهیدى تر هەن کەئێوە چاوتان نایان بینێ و کاتێکیش کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى دەبەستن کە دڵنیام زۆر حەزتان لە خۆ دەرخستن بوو باسى کارەکانى وەزارتت بۆ دەکردین وەک ئەوەى منەتمان بەسەرەوەبکەن . تۆپێم ناڵێى کام کارەیە ئێوە ئەوها شانازى پێوە دەکەن ئێوە کەسو کارى ئەنفال کراوانتان بینیوە لەچ ژیانێکى کولە مەرگى دەژین ئێوە تەنیا چەند گۆرێکى بە کۆمەڵتان هێناوەتەوە ئەویش دڵنیام کارى ئێوە نەبووە بەڵکو کارى (د.محمد احسان ) بووە کەوەک کارێکى خۆبەخشانە بووە و یان پاڵپشتى جەنابى سەرۆک بووە کە بەردەوام لە خەمى بنەماڵەى شەهیدان و ئەنفال کراواندایە .

 

نازانم ئێوە چۆن لە رووتان دێت کە ئەوها تەحەدامان بکەى کە تابەم ساتەش دەگات خراپترین چین و توێژ لە رووى گوزەرانەوە کەس و کارى شەهیدانن ئیتر تۆ چۆن لەرووت دێت بەم شێوەیە باسى وەزارەت بکەى . بەڵێ تۆ وەزارەتى جاشەکانى دوێنێ و شەهیدە پلە بەرزەکانى ئەمڕۆى نەوەک ئێمەى منداڵە شەهیدى دەستى بەعس کە زۆربەمان لە قۆناغەکانى خوێندن دابڕاین بەس بۆ ئەوەى بتوانین شەرەف مەندانە کەس وکارمان بەخێوبکەین و لە زۆربەى خۆشیەکانى ژیان بێ بەش بووین ئێستاش لەسایەى سەرى ئێوە ئێمە هەموومان کرێچین و ئێوەش خانووى زۆرگران بەها بۆ کوژراوەکانى دواى ڕاپەڕین درووست دەکەن وشانازیشى پێوە دەکەن کە ئێوە دەڵێن ئەوانە لەلایەن سەرکردایەتى سیاسى کوردەوە بەخشراون .

 

بۆ ئێمە شەرمەزارییە ناوى باوک وبراو هاوڕێ و هەڤالەشەهیدەکانمان لەریزى ئەو کوژراوانەبن کە تاڕاپەڕین دژمانبوون ودواتر بوونە شەهیدى پلە یەک و شەهیدانى ئێمەش بۆ دواوە بۆیە پێویستى دەکرد وەزارەت بۆ خۆی پاک سازى بکات لەناوى شەهیدان ئەوانەى حزب بەخشیوین بابۆ خۆى مووچەییان پێبدات و ژیانى منداڵەکانیان دابین بکات نەوەک وەزارەت . بۆیە لێرەوە داواکارم لەسەرۆک بارزانى و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان چیتر وەزارەتى شەهیدان وئەنفال کراوان وەزارەتى دەسەڵات نەبێت و خەمێک لەژیانى کولە مەرگى لایەنەکانى تر بخۆن بۆ ئەوەى ئێمەش وەک منداڵى شەهید هەست بکەین ئەو قوربانیانەى داومانە لەپێناوى ئازادى ئەم وڵاتە بەفیڕۆ نەچووەو چیتر ئێمە بەمنداڵى شەهیدى پلە دوو سەیر نەکرێین .


بابەرهەمى ئازادى بۆ هەموومان بێ نەوەک بۆ کەسانێکى تایبەت .
 

 

rebend_2008@yahoo.com