٢١\١\٢٠١٤
''جنێف دوو'' بێ
بەشدارییکردنی کورد رەوایی نییە.

فوئاد زیندانی
لەسایەی سیسەتەمی سەرمایەداری ھیچ نەتەوەیەک لەجیھان نەگەیشووە بە
ئازادی و ڕزگاری، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ئەو
سیستەمە گەلانی چەوساوە دووچاری قڕکردن و جینۆساید و دابەشبوون و
پەرواێزخستنھاتوون ، ئەوەش ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری جیھانی
دەردەخات.
گەلی کورد وەکو نەتەوەیەکی ٤٥ ملیۆنی گەورەترین نەتەوەیە لەجیھان
لەئەنجامی سیاسەتەکانی ووڵاتانی ئیمریالیست لەچوارچێوەی پەیمانی لۆزان
دووچاری ئەو ھەموو کارەساتە بۆتەوە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا.
ماوەی سەدەیەکە گەلی کورد لەھەموو بەشەکانی کوردستاندا لەپێناو مانەوە
و خۆپاراستن لە لەناوچوون و بەدەستھێنانی مافەکانی لەتێکۆشانی
بەردەوامدایە . لە ڕۆژئاوای کوردستان کورد ھەمیشە لەدژی ڕژێمی بەعسی
وەکو تاکە نەتەوە لە گوڕەپانی خەبات بوونی ھەبووە . لەئاداری ساڵی ٢٠١١
وە کورد وەکو کاریگەرترین فاکتەر لە سەرھەڵدان و ڕاپەڕینی شۆڕشی گەلانی
سوریا لەدژی ڕژمی بەعسی لەپێناو ھێنانە دی دیموکراتیەت و گەیشتن بە
ئامانجەکانی بەشدارە.
ووڵاتانی زلھێزی سەردەمی کۆلۆنیالیزم
بەھەمان بیرکردنەوەی سەد ساڵ لەمەوبەر مامەڵە لەگەڵ شۆڕشی کورد دەکەن ،
بەپێی بەرژەوەندیەکانیان و بەرژەوەندی ووڵاتانی گرێدراوی خۆیان
لەناوچەکەدا لەوانەش تورکیا و سعودیە بەرامبەر نەتەوەی کورد ھەڵسوکەوت
دەکەن ، ئەو ھەڵوێستانەش لە ئامادەکاریەکان بۆ کۆنفرانسی جنیف ٢
بەئاشکرا دەرکەوتووە ، تائێستا دەستەی باڵای کورد وەکو نوێنەری
ڕاستەقینەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لەلایەن کۆمیتەی
ئامادەکاری کۆنفرانسی جنێف ٢ بەفەرمی بانگھێشت نەکراوە ، بەڵکو کۆمیتەی
ئامادەکار لەسەرووی ھەموویانەوە ئەمەریکا و ڕوسیا ڕایانگەیاندووە کە
پرسی کورد ناخرێتە بەرنامەی کۆنفڕاسەکەوە.
گەلی کورد تاکە نەتەوەیە لەسوریا توانیویەتی پشتبەخۆی ببەستێ و
لەزەحمەترین بارودۆخدا شەڕ لەپێناو بەدەستھێنانی ئازادی بکات . تورکیا
کە ئەندامی بلۆکی ناتۆیە بووە بە وویستگەی سەرەکی پێشوازیکردنی
تیرۆریستان لە جیھان و یارمەتی لۆجیستی بەئاگادری ناتۆ لەلایەن تورکیا
و سعودیە و قەتەڕ دەدرێتە تیرۆریستەکانی سەربەڕێکخراوی ئەلقاعیدە بۆ
ئەوەی ڕۆژانە ھێرش بکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان ، سەرباری داخستنی سنور
و ئابڵوقەی ئابووری گەلی کورد لەساڵی ٢٠١٣ دا ڕووبەڕووی ھێرشی دژوار
بۆتەوە لەلایەن چەتەکانی سەربە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی گرێدراوی
ئەلقاعیدە ، گەلی کورد و پێکھاتەکانی تری ڕۆژئاوا بەرامبەر ئەو ھێرشانە
خۆڕاگربوون ، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە تاکە ھێزی نیشتمانین
سەربەرزانە بەرەنگاری ئەو ھێرشانە بوونەوە و ھەرەسیان بە دوژمن ھێناوە
. لەڕووی سیاسیەوە کورد خاوەن پڕۆژەی خۆیەتی کارەکانی خۆبەڕێوەبەری
دیموکراتی لەساڵی ٢٠١٣ دا گەیشتە ئاستێکی بەرھەمدار چاوەرێدەکرێ لەچەند
مانگی داھاتوودا ھەڵبژاردنی گشتی ئەنجامبدرێ و پەرلەمان و حکومەتی
ڕۆژئاوای کوردستان لەدایک ببێ ، ئەوەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کوردان
کە لەلایەن نەیارانی کورد قەبوڵناکرێ چونکە دەبینن گەلی کورد خاوەن
پڕۆژەیە و سەرکەوتووانە سیستەمی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و
ئازادی لە سێ ھەرێمی کانتۆن پەیڕەو دەکات ، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر
تەواوی سوریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی ، بەمھۆیەوە ھاوپەیمانی
نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ھیچ پڕۆژەیەکی بۆ گەلانی سوریا لەھەگبەدا
نیە و زۆربەی پێکھاتەکەی نیشتەجێی ھوتێلە پێنچ ئەستێرەکانی ئەستەنبۆڵ و
ئەوروپان ھاوشێوە ڕژێمی بەعسی سوریا کە بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەکات
بەھیچ شێوەیەک نایانەوێ کورد بەشداری کۆبوونەوەکانی جنێف ٢ ببێ ،
لەبەرئەوەی ئەگەر دەستەی باڵای کورد بەشداربێت لەجنێف ٢ ئەوا پڕۆژەی
بەڕێوەبەری دیموکراتی (خۆسەری دیموکراتی ) دەخەنە ڕوو کە دوور نیە
ببێتە مۆدێلێک بۆ تەواوی سوریا لە دوای ڕۆیشنی ئەسەد ، ھاوپەیمانی
نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وەکو بەشار ئەسەد ئامادە نیە دانبنێ
بەمافەکانی گەلی کورد ، بۆیە نایەوێ شاندی ھاوبەشی کورد وەکو
قەوارەیەکی سەربەخۆ بەشداری کۆنفرانسی جنێف ٢ بکات.
بارودۆخی نێوان کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەئاداری ساڵی ٢٠١١ وە ناکۆکی
سیاسی لەنێوان پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونی ھەیە، پارتە
کوردیەکان بەسەر دوو ئەنجوومەن دابەشبوونە : ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای
کوردستان ، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ، ژمارەیەک پارتی تر
لەدەرەوەی ئەو دوو ئەنجوومەنەن. لە ڕابردوودا ھەوڵدراوە ھەردوو
ئەنجوومەنەکە لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن
بەتایبەتی پێش کۆنفرانسی جنێف ٢ لە شاری ھەولێر لە ٢٤ ی دیسێمبەری ساڵی
ڕابردوو ھەردوولا لەسەر سێ خاڵ ڕێکەوتن کە گرنگترینیان بریتیبوو
لەبەشداریکردن لەجنێف ٢ بەشاندێکی ھاوبەشی دەستەی باڵای کورد وەکو
قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ . لێرەدا گەلی کورد پێویستە پرسیاربکات ئایا
کورد بەفەرمی بۆ بەشداریکردن لە جنێف ٢ بانگھێشتکراوە ؟ ئایا دەستەی
باڵای کورد بەشاندێکی ھاوبەش وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆی کورد بەپێی
ڕێکەوتنی ھەولێر لەجنێف ٢ بەشدارە؟
ئەوەی تائێستا زانراوە کورد وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و شاندی ھاوبەش
بەفەرمی بانگھێشتی جنێف ٢ نەکراوە ، تەنیا ھاوپەیمانی نیشتمانی
ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەحمەد جەربا سەرۆکایەتی دەکات بانگھێشتکراوە و
چەند پارتێکی سەربە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لەژێر چەتری
ھاوپەیمانێتیکەنی ئەحمەد جەربا بەشدارن!!
ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە زۆربەی ئەندامانی پێکھاتەکەی
بە کوردەکانیشەوە نیشتەجێ و مێوانی بەردەوامی ھوتێلە پێنچ ئەستێرەکانی
تورکیا و ووڵاتانی ترن ، لە بەرواری ٠٦.٠١.٢٠١٤ دا لە کۆبوونەوەیەکی
نێوان خۆیاندا سێ کوردیان دەستنیشانکرد یەکێکیان وەکو یەکێک لەو سێ
جێگرەی ئەحمەد جەربا ، یەکێکی وەکو جێگری حکومەت و ئەوی تریان وەکو
بەرپرسی کۆمسیۆنی دیپلۆماسی ھەلبژێردران . لێرەدا پێوویستە ئەوە بڵێین
بەشداریکردنی پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لەژێر چەتری
ھاوپەمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە ئەحمەد جەربا سەرۆکایەتی دەکات
پێچەوانەی ڕێکەوتنی ھەولێرە کە لە ٢٤.١٢.٢٠١٣ دا واژوو کرا لەنێوان
ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا و ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژاوای کوردستان
بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.
ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نوێنەری گەلانی سوریا ناکات،
تەنانەت نوێنەرایەتی خودی ھاوپەیمانیەتەکەی خۆشی ناکات چونکە لە
کۆبوونەوەکانی پاریس ڕۆژانی ١٧ و ١٨ ئەم مانگە لەکۆی دەنگی ١٢٠ کەس
تەنیا ٥٨ کەس دەنگیان داوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێف ٢ کە
بڕیارە لە ٢٢.٠١.٢٠١٤ لە ووڵاتی سویسرا ببەسترێ.
ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بڕیارە ١٥ کەس دەستنیشان بکات بۆ
نوێنەرایەتیکردن لە جنێف ٢ ، بۆ ڕیزی پێشەوە ٩ کەس دادەنێ و ٦ کەسیش بۆ
ڕیزی دواوە . لێرەدا ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێ ئەوەیە ئەو کوردانەی لە
چوارچێوەی ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشدارن لە
کۆبوونەوەکەدا نوێنەرایەتی کێ دەکەن ؟ پارتەکان ئەنجوومەنی نیشتمانی
کوردی سوریا پێگەی جەماوەریان لەڕۆژئاوای کوردستان لاوازە ، لەبەر ئەوە
ئەو کەسانەی وەکو کورد لەو کۆبوونەویە بەشدارن تەنیا نوێنەرایەتی خۆیان
دەکەن ، ئەگەر ئەوانە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی کوردی ڕۆژئاوای
کوردستانبان دەبوایە لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی ھەولێر وەکو دەستەی باڵا
بەشاندێکی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجوومەنەکە بەشداریانبکردبایە ،
بۆیەئەوانە کەبەتەنیا لەوێن ناتوانن نوێنەرایەتی گەلی کورد بکەن لەژێر
جەتری ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کەخۆی دژی بەرژەوەندیەکانی
گەلی کوردە . وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد خودی کۆمیتەی ئامادەکاری
کۆنفرانسی جنێف ٢ ئەمەریکا و ڕوسیا و ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە لە کۆبوونەوەکانی جنێف ٢ دا باسی کورد
ناکرێ و پرسی کورد لەئەجندای کۆنفرانسی جنێف ٢ دا نیە ، ئەوەش
خۆیلەخۆیدا مەرجێکی پێشوەختە و پەرواێزکردنی کوردە بەبەرنامەیەکی
داڕیژراو ، بۆیە کۆنفرانسی جنێف ٢ چارەسەری کێشەکانی ناوخۆی سوریا
ناکات ، بەشداربووان و کۆمیتەی ئامادەکاری جنێف ٢ پێوویستە ئەو ڕاستیە
بزانن سەردەم سەردەمی لۆزان نیە ، بەپێچەوانەوە کورد لە ڕۆژئاوای
کوردستان بەشێوەیەکی مۆدێڕن ستاتوی تایبەت بە گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان
دامەزراندووە کەبەشێوەیەکی دیموکراتی لەخزمەتی تەواوی پێکھاتەکانی
ڕۆژئاوای کوردستاندایە ، سیستەمی ڕۆژئاوای کوردستان پشتئەستوورە
بەجەماوەری رۆژئاوای کوردستان لەسەردەستی ئەوان دامەزراوە ، پشتی
نەبەستووە بەئەجندای دەرەکی بۆیە ئەو پێشکەوتنە سیاسی و ئیداریەی لە
رۆژئاوای کوردستان دروستبووە ھەرگیز پاشەکشە ناکات بۆ دواوە و لەشوێنی
خۆشی ناوەستێ بەڵکو یەک ئاڕاستەیە تەنیا بەرەو پێشکەوتنی زیاتر دەڕوات.
ئامادەنەبوونی شاندی ھاوبەشی کوردی وەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ کە
پارتەکانی ھەردوو ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەنجوومەنی
نیشتمانی کوردی سوریا لەخۆ بگرێ لە کۆنفرانسی جنێف ٢ نیشانەی
سەرنەکەوتنی کۆنفرانسەکەیە ، بانگھێشتنەکردنی پارتی یەکیەتی دیموکراتی
(پەیەدە) بەشێویەکی ئەنقەست لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسی جنێف ٢ ھۆکارە
بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان پابەند نەبێت بەھیچ بڕیارێکی
جنێف ٢ بۆیە کۆنفرانسی جنێف ٢ بەبێ بەشداریکردنی کورد ڕەوایی نییە.
fuadzindani@yahoo.de
|