٦\٢\٢٠١٤
جنێف ٢: ئۆپۆزسیۆن
ھاوشێوەی رژێمی سوریا پڕۆژەی
نییە بۆ کورد.

نووسین
و ئامادەکردنی: فوئاد زیندانی
دوای تێپەڕبوونی ماوەی زیاتر لە ساڵێک و نیو
بەسەر کۆنفرانسی جنێف یەک کە لە ٣٠.٠٦.٢٠١٢ دا لەسەر بارودۆخی سوریا
ئەنجامدرابوو ، بەگرنگی و ئامادەکاریەکی زۆرەوە لە ٢٢.٠١.٢٠١٤ دا
کۆنفرانسی جنێف ٢ لە مۆنترو بەئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی ٣٩ ووڵات و
بەسەرپەرشتی بانکیمۆن سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەخزەر ئیبراھیمی
نێردەی عەرەبی و نێونەتەوەی و ھەردوو شاندەکەی ھاوپەیمانی نیشتمانی
ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی سوریا ، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی
گەلانی سوریا لەناویاندا گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان ، کاتژمێر نۆی
بەیانی دەستیبەکارەکانیکرد .
بەشێکی ئەو ووتانەی کە لە دەستپێکردنی کردنەوەی کۆنفرانسەکە پێشکەشکران
بەکورتی ئاماژەی پێدەکەین بەم شێوەیە بوو:
بانکیمۆن کردنەوەی کۆنفرانسەکەی بەڕێوەبرد ، دواتر سەرۆکی سویسرا
داوایکرد ئامادەبووان چاوەڕوانییەکانی گەلانی سوریا تێبگەین و
گەڕانەوەی کۆچبەرانی سوریا مسۆگەربکەین.
بانکیمۆن سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند : ئەو کۆنفرانسە بۆ
یەکبوونتانە بۆ چارەسەری سیاسی و کۆتایھێنان بە ئێش و ئازارەکانی
سوریەکان ، کارەساتەکە گەورەیە ، شەش ملیۆن کەس لەناوخۆی سوریا
کۆچبەربوونە نۆ ملیۆن کەسیش پێویستیان بە یارمەتی خێرا ھەیە.
سێرگی لاڤارۆف وەزیری دەرەوەی ووڵاتی ڕوسیا لە ووتەیەکی ھەشت خولەکیدا
ڕایگەیاند : ئەرکی ھەموومانە ئەو قەیرانە وێرانکەرە کۆتایی پێبھێنین ،
پێویستە نەھێڵین قەیرانەکە بۆ ووڵاتانی دەوروبەر بگوازرێتەوە ، ئەمڕۆ
لێرە گرووپە چالاکەکانی سوریا نابینین بەشداربن ، دەمانەوێ ئەوە
لەداھاتوودا ڕاستبکرێتەوە.
جۆنکێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ووتەکەیدا ئاماژەیکرد : لەسوریا
دەستدرێژیکردنە سەر ژیانی مرۆڤایەتی ھەیە ، لەم دواییەدا ئەشکەنجەی
ڕێکخراومان دیت ! مافی سەرکردایەتیکردنی سوریا لەڕێگەی کوشتن و
ئەشکەنجەوە نابێ بەڵکو لەڕێگەی ئیرادەی گەلەوە دەبێت.
وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی ڕژێمی سوریا لە ووتەیەکی درێژخایەندا کە
درێژترین ووتەی کردنەوەی کۆنفرانسەکە بوو لەبەشێکیدا ڕایگەیاند :
حکومەتی ئەردۆغان پشتگیری تیرۆر دەکات ، ئەوانەی لەسوریا شەڕ دەکەن
ھەڵگری ٨٣ ڕەگەزنامەی ووڵاتانی جیاوازن ، وەلید موعەلیم دوای ٣٥ خولەک
قسەکردن بەیەک ووشەناوی گەلی کوردی نەھێنا.
ئەحمەد جەربا سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ، چەند
چیڕۆکێکی تاکەکەسی باسکرد ، ماوەی ١٦ خولەک قسەیکرد ، ھەرچەندە
ژمارەیەک کوردی سەربە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا (ENSK)
لەژێر چەتری ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە جنێف ٢ دا
بەشدارن ، بەڵام ناوبراو بەھیچ شێوەیەک ئاماژەی بە پرسی کورد و تەنانەت
بوونی کورد نەکرد.
کۆبوونەوەکانی جنێف٢ ڕۆژی یەکەم و دووەم تایبەتبوو بە بابەتەکانی مرۆیی
و گیراوانی دەستبەسەر لەلایەن ھەردوو لادا ، ڕۆژی دواتر باسی سیاسی
دەستیپێکرد ، باسی جێبەجێکردنی خاڵەکانی جنیف یەک کرا.
ئەوەی لەسەرەوە باسکرا کورتەیەک بوو لەسەر دەستپێکردنی کردنەوەی
کۆنفرانسی جنێف دوو ، کەھەر لە سەرەتاوە خاڵە لاوازەکانی وەکو نیشانەی
سەرنەکەوتنی دەرکەوتن ، بەتایبەتی کە شاندی بەشداربووی بەناو
ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەو کەسانە پێکھاتبوون کە
لەلایەن سعودیە ، قەتەڕ ، تورکیا ، ئەمەریکا دەستنیشانکرابوون و
بانگھێشتکرابوون ، بە واتایەکی تر بەھیچ شێوەیەک نوێنەرانی ڕاستەقینەی
گەلانی سوریا لەکۆنفرانسەکە ئامادە نەبوون ، بەڵکو ئەوانەی لەوێ
ئامادەبوون ھەندێکیان باڵی سیاسی ئەو ھێزانە بوون کە ڕۆژانە شەڕی گەلی
کوردی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردبوو ، لەبەر ئەوە مرۆڤی کورد نابێ
چاوەڕێ لەوانە بکا پڕۆژەیان بۆ گەلی کورد ھەبێ ، ئەحمەد جەربا وەکو
کەسێکی شۆڤینی کەم ئەزموون لە ڕووی سیاسیەوە دەرکەوت ، ھەر چۆن لە
یەکەم ووتەیدا لەیەکەم کاتژمێری دەستپێکردنی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا
ناوی کوردی نەھێنا چونکە بوونی کوردان قەبوڵناکا، دوای ھەشت ڕۆژ
کۆبوونەوە و دانوسان و چەندین دیداری ڕۆژنامەوانی ئامادەنەبوو باسی
پرسی کورد و کێشە ڕەواکەی و قوربانیدانی ئەو گەلە بکات ، ناوبراو لە
دوا ڕۆژی کۆبوونەوەکانی جنێف ٢ دا کە دەکاتە ڕۆژی ھەینی ٣١.٠١.٢٠١٤
پێشنیوەڕۆ ڕەشنووسێکی نووسیبوو لەسەر گواستنەوەی دەسەڵات و داھاتووی
سوریا دوای بەشار ئەسەد ، ڕەشنووسەکەی رادەستی ئەخزەر ئیبراھیمی کرد بۆ
ئەوەی بیداتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ، لەو ڕەشنووسەدا دووبارە
بەھیچ شێوەیەک ئاماژەی بەپرسی کورد نەکردبوو ، ناوی کوردی نەھێناوە کە
دووم گەورەترین نەتەوەی سوریایە ، بەمشێوەیە ھاوپەیمانی نیشتمانی
ئۆپۆزسیۆنی سوریا پرسی کوردی نەخستە بەرنامەی کار و تێڕوانینی سیاسی
خۆیەوە!!
ئەو کوردانەی بەناوی پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا
لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە کۆبوونەوەکانی
جنێف ٢ دا بەشداربوون کە دەبوایە بەپێی ڕێکەوتنی ھەولێر بە شاندێکی
ھاوبەشی سەربەخۆی کوردی بەشداریان بکردبایە یان بەلایەنی کەم دوای
ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەنجوومەنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە تێڕوانینێکی
سیاسی ھاوبەش بەشدار ببان ، بۆ ئەوەی شەرعیەتیان ھەبوایە جگە لەوەش بە
ئاستێکی سیاسی پڕ ئەزموون بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ لە جنێف ٢ دا بەرگریان
لەمافەکانی نەتەوەکەیان بکردبایە و بوونی کورد و کێشەی کوردیان لە
ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لە جنێف ٢ دا بچەسپاندایە، بەداخەوە ئەوە
نەکرا بۆیە تاکلایەنە بەشداربوون و نەیانتوانی ڕۆڵی پێویست بگێڕن و
خۆیان خستە خزمەت ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ئەحمەد جەربا
بەبێئەوەی مافی قسەکردنیان پێبدرێ بەیەک ووشە بوونی کوردبوونی خۆیان
بسەلمێنن.
دورخستنەوەی ئەو ھێزە دیموکراتیانەی کە لەسەر زەوی کاریگەریان ھەیە ،
بەپێی خواست و بەرنامەیەکی پێشوەختی ووڵاتانی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ
و ئەمەریکا بووە ، چونکە بەردەوامبوونی کێشەی سوریا و مانەوەی بەبێ
چارەسەری خزمەت بەبەرژەوەندی ئەو ووڵاتانە دەکات کەھەمیشە ڕۆڵی
بازرگانی شەڕ و مەرگ و تیرۆر دەبینن ، لەو چوارچێوەیەشدا لەکاتی
کۆنفرانسی جنێف ٢ دا ، کۆنگریسی ئەمەریکی لە کۆبوونەوەی خۆیدا ڕۆژی
٢٨.٠١.٢٠١٤ دا بڕیاریدا چەک و تەقەمەنی بداتە بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی
سوریا ، ئەوەش پێچەوانەی ووتەی جۆنکێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە کە
لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە جگەلەوەی دەبێتە ھۆی درێژکردنەوەی شەڕ
لەسوریا و ڕەنگە ببێتە ھۆی پارچەکردنی زیاتری ئۆپۆزسیۆنی سوریا!!
زلھێزەکان ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەوروپا زۆر باش دەزانن ھێزە
تیرۆریستیەکانی سەربە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بە پاڵپشتی
ووڵاتانی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ ڕۆژانە ھێرش دەکەنە سەر گەلی کورد لە
ڕۆژئاوای کوردستان ، ھەروەھا ئاگادارن کە ھێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی
گەل یەپەگە و یەپەژە تاکە ھێزن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانیویانە
بەرەنگاری چەتەکانی بەرەی نوسرە و داعش ببنەوە و بەرگری لە گەلانی
ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن و گەلی کورد لەناو ئاگری دۆزەخی سوریادا
سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە سێ ھەرێمی کوردی جزیرە ، کۆبانی ،
عەفرین بینا کردووە ، ئەوەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە گەلی کورد و
بەڕێوبەرایەتی دیموکراتی ئەمری واقیعە ، پەراوێزخستنی لەھاوکێشەی سیاسی
سوریادا مەحاڵە ، شوێنی کورد لەھاوکێشەکەدا دەبێ بریتیبێ لە
بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسی بەشێوەیەکی کاریگەر بۆ دانانی نەخشەی
سیاسی سوریای نوێ دوای بەشار ئەسەد . ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریا و ئەو کوردانەی کەبەناوی پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی
سوریا کە لە جنێف ٢ دا بەشدارن پێوویستە ئەو ڕاستیە بزانن جنێف ٢
شەمەندەفەرێکە چەندین ووێستگەی ھەیە لە ووێستگەکانیدا خەلکانێک
دادەبەزێ و خەڵکانێکی تر سەردەکەون چونکە پەراوێزخستن بەئەنقەست
سەرکەوتن ناھێنێ.
لە کۆبوونەوەکانی بلۆکی ناتۆ لە کۆنفرانسی ئاسایشی ناتۆ کەلە
٠١.٠٢.٢٠١٤ دا لەشاری میونشنی ئەڵمانیادا ئەنجامدرا ، ووڵاتی ڕوسیا
پێشنیاری فراوانکردن و بەشداریکردنی زیاتری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی
سوریایکرد بۆ کۆبوونەوەکانی جنێف٢ ی داھاتوو کە بڕیارە لە بەرواری
١٠.٠٢.٢٠١٤ دانیشتنەکانی دەستپێبکاتەوە . بلۆکی ناتۆ و ھاوپەیمانی
نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دڵنیان لەوەی ئەگەر کورد لەکۆبوونەوەکاندا
پەراوێز بکرێ و بەشێوەیەکی کاریگەر بەشدار نەبێ ئەوا گەلی کورد پابەندی
بڕیارەکانی جنێف ٢ نابێت ، بەڵام پێوویستە ووڵاتانی زلھێز و ھەرێمی ئەو
ڕاسیە بزانن ئەگەر بەھەمان بۆچوونی پێشدەستپێکردنی جنێف٢ ڕەفتاربکەن ،
کوردان بانگھێشت نەکەن یا بەمەرجی پێشوەخت بانگھێشتیان بکەن کە ناوی
کورد نەھێنن و مافی قسەکردنیان نەبێت ، ئەوا گەلی کورد بەشداری ناکات
لەبەر ئەوەی کورد خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و سەد ساڵە تێکۆشان دەکا و
ئامادە نییە دەستبەرداری ببێ.
سەبارەت بە پارتەکانی ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێوویستە
بەرژەوەندی حزبی بەلاوەبنێن و ڕێزبگرن لەبەڕێوبەرایەتی دیموکراتی ، بۆ
بەدەستھێنانی مافە نەتەوەییەکان دەبێ وەک یەک تیم بە ڕاوێژکردن و
ھاوکاریکردن و تێڕوانینی ھاوبەش بە دوو ھێڵی ھاوتەریب لەیەک کاتدا
کاربکەن لە سەنگەری بەرگریکردن و بیناکردنی سیستەمی دیموکراتی لەناوخۆی
ووڵات و سەنگەری دیپلۆماتی لە جنێف ٢ و جنێفەکانی داھاتوودا . ئێستا
ڕژێمی سوریا و ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ھەردوولا یەک
تێڕوانینی سیاسی ھاوبەشیان ھەیە بەرامبەر بە کورد و پرسی کورد ھیچ
پڕۆژەیان بۆ چارەسەری سیاسی دۆزی کورد نییە ، بەڵام ھەردوولا
کاریگەریان لەم قۆناغەدا زۆر لاوازە ، بۆیە ئەگەر پارتەکانی ھەردوو
ئەنجوومەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە کاربکەن دەرفەتی بەدەستھێنانی
ئامانجەکانی کورد زۆرە ، لەم بارودۆخەدا گرنگە پرس و ڕاوێژ بەخەڵکێکی
شارەزا بکرێ لەبوارەکانی دەستوری و یاساکانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئەو
قەوارە سیاسیەی ڕۆژئاوای کوردستان لەداھاتوودا وەکو پەرلەمان و حکومەتی
ھەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندی و دەستوری سوریای
نوێ بچەسپێ و قەبوڵبکرێ.
fuadzindani@yahoo.de
|