١٦\٣\٢٠١٤
''جینگۆ'' لە
دەرهێنانی توورەج ئەسڵانی لە جەژنی وێنەی ساڵی ئێران نمایشکرا.
مەنسوور
جیهانی
فیلمی
سینەمایی "جینگۆ" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد توورەج ئەسڵانی لە
ڕێوڕەسمی کردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە ماڵی
هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "جینگۆ" (گێڕانەوەی هەڵواسراو) یەکەمین بەرهەمی بڵندی
سینەمایی توورەج ئەسڵانی بە ئامادەبوونی ئەم وێنەگرە بەئەزموونە کوردە،
ئیبراهیم فرووزێش دەرهێنەری ناوداری سینەمای ئێران، سەیفوڵڵا سەمەدییان
فۆتۆگرافەری ناوداری ئێرانی و بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی
ئێران، ژمارەیەکی بەرچاو لە سینەماکارانی ئێرانی و ستافی ئامادەکردنی
فیلمەکە، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە
هۆڵی ناسری ماڵی هونەرمەندانی ئێران لە شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن
هۆگرانی سینەماوە پێشوازییەکی باشی لێکرا، بە شێوەیەک کە ژمارەیەکی زۆر
لە بینەران بە هۆی نەبوونی کورسی بۆ دانیشتن، ناچاربوون بە وەستانەوە
فیلمەکە ببینن.
سەیفوڵڵا سەمەدییان بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران، لە
سەرەتای نمایشکردنی فیلمی سینەمایی "جینگۆ" گوتی: بە شانازییەوە
ڕێوڕەسمی کردنەوەی یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێرانمان تەرخانکردووە
بە توورەج ئەسڵانی، کە کەسێکە لە ڕۆژە سەرەتاییەکانی کە دەستی بە کاری
هونەری کردووە بە جیدییەوە ئەم کارەی ئەنجامداوە و لە درێژەی کاری
پیشەیی خۆیدا، سەرکەوتنی زۆر باشی بەدەستهێناوە و وەکوو بەڕێوەبەری
وێنەگرتن خەڵاتی گرینگی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتییەکان پێبەخشراوە.
گوتیشی: بۆ نموونە خەڵاتی "بۆقی برونزی" باشترین وێنەگری بیستەمین
فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" لە پۆڵەندا، پێشکەش بە توورەج
ئەسڵانی کراوە. ئەم فیستیڤاڵە گرینگترە ڕووداوی سینەماییە کە هەموو
ساڵێک لە وڵاتی پۆڵەندا لە لایەن وێنەگرانی بەرچاو و بەئەزموونی
سینەمای جیهان، باشترین وێنەگرانی دنیا دەخەنە بەر هەڵسەنگاندن و
لێکۆڵینەوە و بە سێ باشترین وێنەگری سەرکەوتووی جیهان، خەڵاتەکانی بۆقی
زێڕین، زێو و برۆنز پێشکەش دەکەن کە دوو ساڵ پێش ئێستا ئاغای مەحموود
کەلاری بەڕێوەبەری وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "جیایی" براوەی خەڵاتی
ئۆسکار، توانی خەڵاتی بۆقی زێوینی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
گوتیشی: ساڵی پار توورەج ئەسڵانی بە فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن"
لە دەرهێنانی سینەماکاری ناوداری کورد بەهمەن قوبادی و هەروەها فیلمی
سینەمایی "کوڵی گریان" لە دەرهێنانی سینەماکاری لاوی ئێرانی ڕەزا
دورمیشیان ناوزەدی وەرگرتنی خەڵاتی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" بوو کە لە کۆتاییدا بە فیلمی
سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" توانی خەڵاتی بۆقی بڕۆنزی ئەم فیستیڤاڵە
گرینگ و پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەمای جیهان بەدەستبێنێت.
بەڕێوەیەری یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا
گوتی: توورەج ئەسڵانی وەکوو زۆربەی وێنەگرەکانی سینەمای ئێران ئەو
کەڵکەڵەیەی هەبوو بە هۆی ئەوەی کە دەرهێنەرە لاوەکانیان دەخستە بەر
دەستی و بە شێوەیەکی ئاسان و ساکار و ئاسایی ئەوانی تەنانەت تا
وەرگرتنی خەڵاتەکەش دەبرد، ئەو هەستە نامۆیە دەبووە هۆی ئەوەی کە
وێنەگرە باشەکانمان ببنە فیلمسازێکی مامناوەندی و ئەو هەستەی کە کاتێک
کە من کاری ئەو مرۆڤانە جێبەجێی دەکەم بۆچی بۆخۆم فیلم سازنەکەم لەگەڵ
ئەم هونەرمەندە بوو و بەختەوەرانە لەو کارەش سەربڵند و سەرکەوتوو بوون
و فیلمی سینەمایی "جینگۆ" (گێڕانەوەی هەڵواسراو) تا ئێستا فیلمێکی
سەرکەوتوو بووە.
توورەج ئەسڵانی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی "جینگۆ" لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی
یازدەیەمین جەژنی وێنەی ساڵی ئێران گوتی: زۆر بەختەوەرم کە ئاغای
سەمەدییان ئەو دەرفەتە لە جەژنی وێنەی ساڵی ئێران بۆ ڕوانینە نوێیەکان
دەڕەخسێنن و هەلێکی زۆر باشە و هەموو ساڵێک بەشداری تێدا دەکەین، لە
ماوەی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنەدا دەتوانیت کە عاشقی هونەر بیت و هەر
کەسێک کە چاوێک بە گالێرییەکانی جەژنی وێنەی ساڵی ئێراندا بخشێنێت
بێگومان شتێکی گرینگی دەست دەکەوێت.
گوتیشی: فیلمی "جینگۆ" دەرئەنجامی کارێکی کارگەییە، دروستکردنی ئەم
فیلمە دوو ساڵی کات خایاندووە و سیناریۆ، مۆنتاژ و بنەماکانی بە شێوەی
کارگەیی ئەنجامدراوە.
ئەسڵانی سەبارەت بە شێوازی کارگەیی قۆناغەکانی سازکردنی فیلمی سینەمایی
"جینگۆ" گوتی: لەڕاستیدا ئەم فیلمە بە بێ سیناریۆ سازکراوە، ئەم فیلمە
فیکرەیەکی سەرەتایی بوو و هیچ سیناریۆیەکی نەبوو. لەو کاتەی کە
نەدەبوایە کار بکەم و پەیمانمدابوو کە کار نەکەم و وێنەگری بەرهەمی هیچ
کەسێک لە ئەستۆ نەگرم، بڕیارمدا کە فیلمێکی ئەزموونی سازبکەم.
ئەوەیشی خستەڕوو: ساڵانێکی زۆر بوو کە لە فیلمی هەڤاڵانمدا ڕۆڵی کەسێکم
هەبوو کە یارمەتی دەدات تاکوو منداڵی خەڵک لە دایک بێت و فکرم کردەوە
بۆ جارێکیش بێت ئەزموونی دایکایەتی بکەم و منداڵێک بهێنمە دنیاوە. ئەو
کارە لە کاتێکدا ڕوویدا کە لە کارکردن قەدەغە کرابووم و نەدەبوو بچمە
پشت کامێرای هیچ دەرهێنەرێکەوە. فکرم کردەوە هەندێک هەڤاڵم هەیە کە
دەتوانین بە کامێڕایەکەوە خۆمان سرقاڵ بکەین، ئەو سەرقاڵکردنە
ئاکامەکەی بۆتە فیلمێک کە ڕوانینێکی نوێی و بنەمایەکی تازەی هەیە کە
سەبارەت بە سینەما و منداڵانی سینەمایە.
ئەم وێنەگرە بەئەزموونەی سینەمای کوردستان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لاپەڕەیەک بە ناوی فیلمی "جینگۆ" کراوەتەوە،
هەر بیروڕا و پێشنیارێکتان هەیە لەوێدا بینووسن، هەر وەکوو ئاماژەم
پێکرد ئەو فیلمە بە شێوەی کارگەیی سازکراوە و پێش ئەوەی کە فیلمەکە بە
شێوەی گشتیی نمایش بکرێت، ئامادەی گۆڕانکاری بەسەر فیلمەکەین و داواتان
لێدەکەم کە بە دەربڕینی بیرووڕاکانتان لە مۆنتاژی کۆتایی "جینگۆ"دا
یارمەتیم بدەن.
فیلمی سینەمایی "جینگۆ" لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی
دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "نوعی تجربە" واتە "جۆرێک ئەزموون" لە
میانەی 32مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر لە چەندین سانسی
جیاوازدا لە هۆڵەکانی ژمارە 2 و 3ی ناوەندی کۆبوونەوەکانی تاوەری
میلادی شاری تاران نمایشکرا و لە لایەن ڕخنەگرانی سینەما،
ڕۆژنامەنووسان، سینەماکاران و هۆگرانی هونەری سینەما پێشوازییەکی
بێوێنەی لێکرا.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی
"جینگۆ"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|