٦\٧\٢٠٢٥
چركاندنی سێڵفی رەنگدانەوەی بەتاڵی ناوەوەی ئیگۆیە.
بێونگ چول هان
كتێبی (ڕزگارکردنی جوانیی و كۆمەڵگای شەفافییەت).

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
یەكبوونی بوونی مرۆیی (مرۆڤ، سروشت و خود و عەقڵ) هاوئاهەنگە، وەک چۆن
مەیلی مرۆیی لەگەڵ زانست.. زانست و هونەر وەك دوو رێگا بۆ گوزارشتکردن
لە بوونی مرۆیی! بەڵام ئایا پەیامی ژیانت بگۆڕە، بەو مانایەیە، كە
سێڵفی خود بگۆڕێ، بەو مانایەیە، كە مرۆڤ دەتوانێ لە بازنەی مندا خود بێ،
لە هەمان کاتدا ئامێر بێ؟!
بێگومان ئەوەی بوونی مرۆیی بەرەو ژیاندۆستی پاڵدەنێ، ئارەزووی
ئەویدیکەی جیاوازە، کە ئاسۆی خەیاڵی مرۆڤ دەکاتەوە. وزەی دۆزینەوە و
داهێنان لە خەیاڵدایە. هەمیشە هێزی خەیاڵ دنیای زمان و بیرکردنەوە
دەکاتەوە. بەڵام دنیای خەیاڵ دنیای حەقیقەتی چەسپاو نییە، نەک بەو
مانایەی کە حەقیقەت بێ هەڵەیە، بەڵکو بەو مانایەی کە هەمیشە خەیاڵ
هەڵگری ئارەزوویەكی دیکەی جیاوازە.. ئەو نووسینە بە پشتبەستن بە (بێونگ-
چول هان) جگە لەوەی دەڵێ له سەردەمی ئهمڕۆدا بوونی مرۆیی گرنگی خۆی
له خەیاڵی زمان و جیاوازیدا نابینێتەوە، بەڵكە لە وێنەی ڕووت (تاڵانكردن-
دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن)دا دەبینێتەوە، جوانی و نەرمی و چێژ لە
پۆڕنۆگرافیادا دەبینێتەوە. یان بە قسەی (بێونگ- چول هان) مرۆڤ بوونی
خۆی لەدهست داوه! بوونی مرۆیی کهوتۆته ژێر ركێفی دوگمەی لایك و
تەكنۆلۆژیای زانیارییهكان. پرسیاری ئەوەیە، ئایا مرۆڤ بەتاڵێكی
ئەبەدییە؟!
چێژی هونەری .
(جوانی/ نەرمی).
بۆچی ئەمڕۆ ئەو شتە دەدۆزینەوە، کە نەرم و جوانە؟! جوانی لەگەڵ
بەکارهێنانی نەرمی هاوئاهەنگە. نەرمی دروشمی سەردەمی ئێستایە، بەڵام
نەرمی هەر تەنها وەک پێکهاتەیەکی جوانی بینراو نییە، بەڵكە کاتێك نەرمی
لە هەموو شێوانێك خاڵی دەبێتەوە، کاتێك نەرمی وەك خەسڵەتی مێینە دابەش
دەبێ و لێرەو لەوێ بڵاودەبێتەوە، ئیتر چەشنی ڕووبەرێکی سەرەکی و گونجاو
بۆ چێژوەرگرتن دەردەكەوێت. بە گوتەی (بێونگ- چول هان) چێژی هونەری
بەشێكی گەورەی چێژی جوانی پێكدەهێنێ، كە نەرمی یەكێكە لە پێكهاتە
سەرەكییەكانی، بۆیە نەرمی هەر تەنها لە پێناوی وڕوژاندندا لە
نەشتەرگەری جوانکارییدا كورت ناكرێتەوە!
بە دیوەكەی دیكە ئەگەرچی لە كۆمەڵگای دەستكەوتدا (خود- ئیگۆ) نەرمی
دەنوێنێ، نەرمی لەوێدا ملکەچی لۆژیکی (بەکاربەر) دەبێت، كە پەیامی (دەبێ
ژیانت بگۆڕی) زاڵە، كە خود لە كۆمەڵگای دەستكەوتدا لە گۆڕانی
بەردەوامدایە، كە بەهای مرۆڤ بە ئەندازەی (بەکارهێنان) دیاری دەکرێت.
لە سەردەمی ئینتەرنێتدا بەبێ ئەوەی لە شوێنی خۆت بجوولێت، بەبێ ئەوەی
شوێنی خۆت بەجێبهێڵیت، هەموو كارەكانت بۆ رادەپەڕێنرێت و ئینتەرنێت
بەرپرسیارە لە بەستنەوەی مرۆڤ بە جیهان و گەیاندنی شتەکان بۆ ماڵەکەی...
بە كورتی لە سەردەمی تەكنۆلۆژیادا چەمكی (هاووڵاتی) بزرە و (بەکاربەر)
شوێنی گرتووەتەوە. (بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: إلسا غودار، أنا أوسیلفي
إذن أنا موجود، تحولات الأنا في العصر الافتراضي، ترجمة سعيد بنكراد،
المركز الثقافي للكتاب للنشر والتوزيع، ط١،
٢٠١٩، ص ١٩.
٢٠ .٢١.
٢٢).
بەمجۆرە نەرمی وەك هاوئاهەنگی جوانی دەبێتە هاوواتای –لایك، بە
مانایەكی دیكە ئیگۆ هاوئاهەنگی جوانی و هاوواتای چێژی نەرمییە، بێگومان
لایك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سایتەکاندا بەرانبەر خێراتربوونی
پەیوەندیکردنی ئەرێنییە، نەرمی چەمكی (بەركار) هەڵدەنێت! واتە تۆ تەنها
دوگمەی (من حەزم لێیە)، (من نەرمیم)، (من جوانیم) دادەگریت. ئەوەش
لەبەر ئەوەیە کە كلتووری بەکاربەر تادێت هەموو شتێک بە شێواز و دیزاینی
جوان و چێژی نەرمی و پۆڕنۆگرافییەوە دەخاتە ژێر پلانی هاندان و
سەرنجڕاکێشان و وڕوژاندنەوە. بۆیە بەناوبانگترین و زۆرترین (بینراو) لە
چوارچێوەی نەرمی و جوانی و ڕووتی ئارەزوودا دەخولێتەوە، نەرمی (لایككردن)
بەلای جۆرێک لە ئارەزووی زیاد لە پێویست دەگۆڕێت و (رێگەپێدان)
دەوڕووژێنێ. هەموو ئەوانەش سەرسامییەکی زۆر بە رەهەندی ڕووتی دەبەخشێت،
لەوێشەوە سنووری نێوان (خود و خوازراو)، (خود و نەرمی)، (خود و جوانی)..
ناهێڵێت. بەمجۆرە هەموو جۆرەکانی (نەرێنی) لە بەرژەوەندی زۆری (ئەرێنی)
جوانی و نەرمی، لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی دیكە و لە ڤیدیۆ کلیپێکەوە
بۆ کلیپێکی دیكە بەبێ پچڕان، بە شوێن نەرمی و جوانی شاشەی مۆبایلەکەتدا
دەڕوات و وەسوەسە بۆ دەست لێدان دروست دەکات و وا دەکات داوای بینینی
زیاتر بکەیت! هەر لەبەر هەندێ (تۆ) زیاتر فشار دەخەیتە سەر دوگمەی
لایکەکان.. بەو مانایەش (بێونگ- چول هان) پێمان دەڵێت، لەسەردەمی
ئینتەرنێتدا نەرمی و جوانی هەمان مانای نەرمی و جوانی پێشتری نییە،
بەڵكە پەیوەستە بە پۆڕنۆگرافیاوە! واتە دەیەوێ بڵێت لەو شوێنانەی کە
ئارەزووی بەدڵبوون (لایک كردن) خۆی دەباتە پێشەوە، ئەزموونی خود و
نەرمی و جوانی و جیاوازی دەكەوێتە كێشەوە، لەوێشەوە تاڕادەیەک تووشی
وەرینی خود دەبین.( بيونغ- شول هان، خلاص الجمال، ترجمة، بدرالدين
مصطفى، منشورات دار معنى للنشر والتوزيع، الطبعة الأولى،
٢٠٢٠، ص. ١٧).
بەو شێوەیە لەسەردەمی ئینتەرنێتدا دەتوانرێت نەرمی لە جەستەی نەرم و بێ
مووی مۆدێلەکانی مۆدە و لە دیزاینی جوانی مۆبایلە زیرەکەکاندا
هەڵگرینەوە، هەر بەو مانایەش ئیگۆ دەبێتە ملكەچی مۆد و ئامێرەكان..
کۆمەڵگاش دەبێتە ملکەچی ستانداردە جیهانییە یەکگرتووەکان و بە
پەیوەندییەکانەوە دەبەسترێنەوە و بە شێوەیەکی ڕێكوپێک و شەفاف
بەڕێوەدەبرێن. كۆمەڵگای شەفاف، پێش هەموو شتێک، وەک کۆمەڵگایەکی ئەرێنی
خۆی دەردەخات. ( بيونغ- شول هان، مجتمع الشفافية، ترجمة بدر الدين
مصطفى، منشورات مؤمنون بلا حدود للنشر والتوزيع، الطبعة الأولى،
٢٠١٩، ص. ١٣).
فەیلەسوفی ئەڵمانی بە رەچەڵەک کۆری (بێونگ- چول هان،
١٩٥٩) هەوڵدەدات تایبەتمەندییەکانی هونەر و
جوانی لەژێر ڕۆشنایی هەژموونی (نەرمی/ جوانی) لێكبداتەوە و نەرمی و
جوانی و کاریگەریی سەرسامی لە هونەر و كاریگەری سەرسامی لە رادەبەدەر
لەسەر تۆڕەکانی سۆشیال میدیا، لەژێر ڕۆشنایی لەدایکبوونی كۆمەڵگا
نوێیەکاندا کە بە (شەفافیەت) ناوزەد کراوە، بکێشێت. لەوێشەوە جەخت لەوە
دەکاتەوە، كە (شەفافیەت یان ڕووتی بووەتە سیستەمێکی زۆرەملێ کە هەموو
پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە و دەیانخاتە ژێر گۆڕانکارییەكانی
سەردەمەوە (ه.س.پ. مجتمع الشفافية، ص ١٥).
(مۆریس بلانشۆ) پێیوایە سیحری وێنە و سەرسامبوون بە وێنە، بە هۆی
ڕووتییەوە درووست نابێ، بەڵكە بەهۆی ئەو دوورییەوە درووست دەبێ، کە (کردەی)
سەیرکردن، یان گۆشەنیگا جێگیری دەكات! واتە (دوورکەوتنەوە) و (جیابوونەوە)
بڕیار لە سیحر و سەرسامی وێنە دەدات! بەو مانایەی كە دوورکەوتنەوە و
جیابوونەوە، گۆشەنیگای هونەری جیاواز و ناڕوون دەنوێنن، كە دەرگای
لێكدانەوە و خوێندنەوە دەكاتەوە، كە توانای خوێندنەوە و مانای جیاواز و
ئاشنابوون و کۆبوونەوەی هەڵگرتووە. لە کاتێکدا سەردەمی نەرمی و جوانی
کۆمەڵگا شەفاف (ڕووت) لە هەر قووڵایییەکی لێکدانەوەی مانا و خوێندنەوەی
جیاواز دەرچووە.. لێرەوە ((بێونگ- چول هان)) پێمان دەڵێت، پەیوەستكردنی
وێنە، بە شەفافیەت و ڕووتییەوە زیاتر پەیوەستە بە پۆڕنۆگرافیاوە، (ئەو
قسەیەی بە سوود وەرگرتن لە "كانت" وەك رەخنەیەك ئاراستەی "ڤاڵتەر
بنیامین" كردووە.) پۆڕنۆگرافیا پەیوەندییەکی ڕووکەشی نێوان وێنە و چاو
دەنوێنێ. (بۆ زێتر شارەزایی تەماشای: خلاص الجمال، ه.س.پ. ص
١١-٢١). بەو
مانایە نەرمی و جوانی دەبێتە ڕووكاری ڕووتی، بۆیە پێویستی بە هیچ
هەوڵێک بۆ ڕوونکردنەوە و لێكدانەوە و بیرکردنەوە نییە، هەر لەوێشەوە
شەفافییەت دەبێتە هونەرێکی گونجاو بۆ سەردەمی سەرسامبوون، وێنەی ڕووت
لە نیشانەی (واو)ی سەرسامییەوە، كۆی هاوارە ڕووكەشەكان دەباتەوە! ئەوەش
بەو مانایەیە کە سیستەمی ئێستای حکومكردن لە پرۆسەی لێکدانەوە و
خوێندنەوەی جیاواز و لێکۆڵینەوەوە گۆڕاوە بۆ فشاردان لەسەر دوگمەی لایک،
یان بەدڵ بوون، هەموو ئەوانەش لەبری مشتومڕ و لێكدانەوە لە نیشانەی
سەرسامی (واو) سنوورداركراوە! نیشانەی سەرسامی (واو) دەلالەت لەو
پەیوەندییە ڕووکەشەی نێوان وێنە و چاو دەكات، كە (بێونگ- چول هان) قسەی
لێكردووە.. بە كورتی ڕووتی تەنها هەستێکی ملکەچکراو دەگەیەنێت، کە بە
هیچ مانا، یان هەستێکی باڵا و قووڵەوە پەیوەست نییە! بەو مانایەش هەستی
باڵا و قووڵ نایەتە نێو فۆڕم و نمایشكردنەوە، بەڵكە ئەوەیە كە لە خۆیدا
سەرپۆشی هەیە! ڕووتی ئەوەیە كە هیچ سەرپۆشێكی نییە، بەوەش دەبێ بە
پۆڕتۆگرافیا. پۆڕتۆگرافیا ئامانجی پیشاندانی ڕووتی جەستەیە، لە دۆخە
قێزەونەكانیدا، بۆ نموونە بێ پۆشاكی لە جەنگ و نەخۆشخانە...
لێرەوە لێكدانەوە و بیروڕای سلبی و هەڵوێستی جیاواز جێی نابێتەوە، لەو
شوێنەدا هەمووان لەیەک دەچن، لە یەک وێنە و یەك هەڵوێستی یەکگرتوو و
پێشوەخت و دیاریکراو ڕووت دەبنەوە! (ڕووتبوونەوە ڕووی دووەمی
تاڵانكردنە) كەواتە مەحاڵە تایبەتمەندی (ئەنلایك) بخرێتە نێو هەندێک
ئامرازی پەیوەندیکردنەوە، چونكە ڕووتی كرانەوە نییە.. (فەیسبووک)
رەتیکردەوە تایبەتمەندی (ئەنلایك) بخاتە ناوەوە، بەڵام لە (یوتیوب)
بەردەست بوو، ئەگەرچی هەمان کاری (لایک) دەکات، کە بریتییە لە
زیادکردنی ژمارەی بینەرەکان، زیادکردنی ژمارەی پێشنیارەکان.
ڕزگاركردنی بەهای جوانی .
نەرمی جەوهەری جوانییە. جەوهەری جوانی وەك (ڤاڵتەر بنیامین) دەڵێ مەیلی
لە شاراوەییە. كەواتە هەموو زبرییەک لە جوانی کەمدەکاتەوە. خود بەدوای
جوانیدا دەگەڕێت. جوانی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ چێژوەرگرتن لە ئەرێنی،
چونکە جوانی هاندەری کارلێکی نێوان توانا و مەعریفەیە.. هەستکردن بە
جوانی هیچ نییە، جگە لەو چێژەی کە لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا
مەعریفیەکانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی (ڕێكخستنی) هێزەکانی
تێگەیشتنی مەعریفەدا دەردەكەوێت. هەستیاری بە پێچەوانەی جوانی،
دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بە دڵخۆشی. هەست لە وەڵامی زاڵدا، هەڵگری
ئازار یان ناڕەحەتییەكی باڵا و فراوانە و دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و
ناتوانین لە یەک وێنەدا جێگیری بكەین.. بۆ نموونە (ترس لە مردن) وەک
رێگریکردن لە وزەی ژیان، هەستێکە کە لە بیرۆکەیەكی زاڵدا دەردەكەوێت،
بەڵام لە ڕووی کاریگەرییەوە ماوەكەی سنووردارە. واتە كاتێك (ترس) بۆ
نێو دەروون پاشەکشە دەكات، بیرۆکەكە دەگۆڕێت.. لە بەرانبەردا جوانی
ئەگەرچی لەسەر (خۆی- واتا جوانی) مەعریفە بەرهەم ناهێنێت، بەڵام
میکانیزمی جوولەی مەعریفی دەپارێزێت. کاتێک خود ڕووبەڕووی جوانی
دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە،
بەڵکو هەستکردنە بە خودی خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) لە تیۆری جوانیناسییەکەیدا، بە تایبەتی جەخت لەسەر (ئۆتۆ-
ئیرۆتیکییەت) دەکاتەوە. بەڵام ئیرۆتیكا راستەوخۆ خستنەڕووی نمایشی
ڕووتی نییە، بەڵكە ئەو كەلێنەیە كە بەشێكی ڕووتی لێوەدەردەكەوێت!
ئۆتۆئیرۆتیکییەت واتە (جوانی خۆی شەرعی خۆی دەكات) لەنێوان دووانەیی (ئامادە)
و (نائامادە)دا کاردەکات، پەردەی نێوان ئامادە و نائامادە، کە ئاشکرا
دەبێ، سەرلەنوێ پەردەکە نۆژەن دەکرێتەوە، (لەو حاڵەتەدا جوانی چەشنی
داهێنان بەردەوام لە خوێندنەوەیەكەوە بۆ خوێندنەوەیەكی دیكەی جیاواز و
نوێ دەبێتەوە).
بەڵام لە دنیای سایتە کۆمەڵایەتییەکاندا جوانی بە ئامادەیی تەواوی
نەرمی و نەرمی بە ئامادەیی تەواوی ڕووتی و ڕووتی بە ئامادەیی تەواوی
مەعریفە دادەنرێت، ئامادەیییەکی رەهای پۆڕنۆگرافی کە تێیدا پەردە غایبە،
بۆیە مەودای نێوان بینەر و سەیرکراو، ماوەی نێوان (چاو و وێنە)
دەسڕدرێتەوە. ئەو سایتانە ملکەچی ئەرێنی و پەیوەندی بێکۆتایی دەبن. لە
کاتێکدا نەرێنی و خوێندنەوەی جیاواز، پەیوەندییەكان دەخەنە کێشەوە!
هەموو ئەوانە لە دنیای سایتە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە هەستی دەستلێدان
کۆنتڕۆڵ دەکرێن! واتە تۆ بەردەوام و بەبێ پچڕان دەست لە شاشەی نەرمی
مۆبایلەکە دەدەیت، بەجۆرێک ئەو دوورییەی کە پرۆسەی سەیرکردنی باڵا
هەوڵی پاراستنی دەدات لەنێو دەچێت.
بەهای باڵای هونەری خۆی لەڕێگای پەردەپۆشییەوە دەبینێتەوە، ئامادەبوونی
باڵایی واتە دووربوونی لە گۆشەنیگاكانی چاو، ئەوەش ئەو کاتەیە، كە لە
خوێندنەوەی جیاوازدا سیحری خۆی دەوەشێنێ، لەگەڵ ئەو خوێندنەوە
جیاوازانەدا بەها هونەرییەكەی دەدۆزینەوە. جوانی پەیوەستە بە
ناڕوونییەوە! لە کاتێکدا ڤیدیۆ و وێنە لە پلاتفۆرمی پەیوەندییەکانی
ئینتەرنێتیدا پشت بە بەهای بڵاوبوونەوە و دابەشكردن و دووبارە
نمایشكردنەوە دەبەستێت، چونكە هەر شتێ نەیەتە نێو بڵاوبوونەوە و
نمایشەوە وەكوو نەبوو وایە. لێرەوەیە (ژان بۆدریار) دەڵێ (زێدە واقیعی
نمایشكردن) هیچ بەهایەكی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە، زێدە واقیعی نمایشكردن
دۆخێكی كۆمەڵگایە، كە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستكردنێكی
نمایشكارانە. هەر لەسەر ئەو هێلەی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی
نمایشكارانەوە (ڤاڵتەر بنیامین) پێیوایە نمایشکردن هەموو شتێک دەکاتە
کاڵا، ئەوەش وا دەکات جەستە چەشنی کاڵای نمایشكراو بگۆڕێ- بۆ بینین.
ئەمڕۆ زیادەڕەوییەکی وێرانە لە گرتنی سێڵفیدا هەیە، کە نەك هەر بەهای
جوانی و یادگاری وێنە دەسڕێتەوە، بەڵكە وەك زمانێکی نوێ لە
گۆڕانکارییەکانی ئیگۆ لە سەردەمی مەجازیدا كار دەكات، وەك زمانێکی
وێنەیی... كەواتە گرتنی سێڵفی بەتاڵی ناوەوەی ئیگۆ دەنوێنێ. بەم مانایە
پرسی ئیگۆ ڕووت بۆتەوە، ئیگۆی هاوچەرخ لە فۆرمەکانی دەربڕینی جێگیردا
هەژارە، کە رەنگە لە چوارچێوەی (بەركار)، (ئامێر)، (زڕەوێنە)..
ناسنامەی خۆی ببینێتەوە. كەواتە ئەو خودەی ملکەچی هێزی سێڵفی دەبێت،
وەك (ئێلسا گۆدار) دەڵێ (ملکەچی سواڵکردنی کۆمەڵایەتی)یە، لە
نێرگزییەتی فرۆیدی جیادەبێتەوە. منی دیجیتاڵی یان ئیگۆی سێڵفی خودێکی
نیگەران و نائەمنی و زیواڵ زیواڵە.
گرتنی سێڵفی وا دەکات (وێنە) جوانییە باڵاکەی لەدەست بدات، وەك ئەوەی
شتێکی بێ نرخ و بەتاڵ بێت، یان زڕەوێنە بێت. زڕەوێنە نوێنەرایەتی
فۆرمێكی وێنە دەكات، كە چیتر پەیوەندییەكی راستەوخۆی بە وێنەی
راستەقینەوە نییە. وەك چۆن ئامێر شوێنی خود، مەجاز جێگەی واقیعی
گرتووەتەوە، هەر بەمجۆرەش خود، وێنە، مەجاز، دەبێتە كۆپییەكی ناجوان،
دەبێتە فۆرم، دەبێتە زڕ، کە هیچ ئامانجێکی لێکدانەوە، وڕوژێنەری
جوانكارانەی تێدا رەنگناداتەوە، یان هیچ جیاوازییەكی جوانکاری نییە.
تەنها کار بۆ بەهێزکردنی خۆپەرستی (دڕندانە) و بڵاوبوونەوە دەکات.
كەواتە زیادەڕۆیی و دووبارە بەرهەمهێنانەوە (کە هیچ ئامانجێکی نییە)
شێواوییەك بۆ بەهای بینین درووست دەكەن، كە چەشنی راستی هەستی پێدەكرێت.
بەو مانایەش زڕەوێنە دووری رەتدەكاتەوە و دەبێتە تەنیا داتایەکی
دیجیتاڵی کە لە حیساباتی ئەلگۆریتمییەکان و تۆڕەکانی تەكنۆلۆژیای ڕووتی
زانیارییدا دانراون، کە جگە لە فۆرمێکی پۆڕنۆگرافی جەستەیی و
پۆڕنۆگرافی مەعریفی هیچی دیكە نین. جەوهەری ئەو شتە نییە، کە
تایبەتمەندی جەستەیی و مەعریفی جیای دەكاتەوە.. (بۆ زێتر شارەزایی
تەماشای- خلاص الجمال، ه.س.پ. ص 22-26-32).
نمایشی ڕووتی، ئیرۆتیكا نییە.
بێگومان مەعریفە جۆرێکە لە ڕووتی ریسواكراو و جەستە دەخاتە قەیرانەوە.
بەڵام نمایشی ڕووتی ئیرۆتیكا نییە. ئیرۆتیكا ئەوەیە كە دەرنەكەوتن
دەپارێزێت. بەڵام نمایشی ڕووتی لە هەموو ئەگەرەکانی خەیاڵ و فانتازیا
دەردەچێت. جەستەی شەفاف چیتر نوێنەرایەتی دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ ناکات.
لەگەڵ وێنەی سێڵفیدا، کۆجیتۆی دیكارتی لە بوونێکی راستەقینەوە بۆ
بوونێکی مەجازی دەگۆڕێت. (بیۆنگ- چول هان) وتەی بیریارە دڵخوازەكەی (ئێلسا
گۆدار) دووبارە دەكاتەوە، كە دەڵێ، من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم! بەو
مانایەش خود چیتر هۆشیارییەک نییە بۆ خۆی، بەڵکو هۆشیارییە بۆ ئەوانی
دیكە! ئیتر ئەوە خود نییە، کە لە جەوهەردا نیشتەجێیە و بەهای خۆی لە
خۆیەوە وەردەگرێت، بەڵکو بەکاربەرە.. بەو مانایەش خود لە ڕووکەشی شاشەی
مۆبایلە زیرەکەکان کورت دەبێتەوە! ئەوەش هەموو گۆڕانکارییەکان
لەنێودەبات، کە هەر بەهایەکی لێکدانەوە و خەیاڵی جیاوازی لە بینراودا
دەست بكەوێت، چونكە وێنەی سەر مۆبایل ڕووتە و بە تەواوی ئاشکرایە..
كەواتە لە دەركەوتن لە پێناو دەركەوتندا (بینین) و (لێکدانەوە) و (خەیاڵ)
لە پەیوەندی نێوانیانەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو لە زیادەڕەوییەکی
سەرسوڕهێنەری سەیرکردنەوە سەرچاوە دەگرن.. هەمیشە (بێونگ- چول هان) ئەو
قسەیە دووبارە دەكاتەوە، كە وەرگر ناتوانێت چاوەکانی دابخات. بەڵام
كاری هونەری باڵا پێویستی بە چاوداخستن و كەتكردن و جیاكردنەوەیە..
بێگومان ئەو هەموو نمایشانە پرۆسەی تێڕامان و لێكدانەوە لەنێو دەبەن،
ئەو هەموو نمایشانە مانا لە شێوەی چێژێکی زۆر و تا ئەندازەیەك ئیرۆسی و
وڕوژاندنی سێکسی بێ نرخكراو پێشكەش دەكەن، ئەو هەموو لایكانە لە
بەرژەوەندی قسەی بێ بەهان، ئەو هەموو نمایشکردنە بەردەوامانە بێ پچڕان
بەشەكانی جەستە تەنیا بە ڕووە سێکسی و وردەکارەکانییەوە دەبەستنەوە.
كەواتە کاتێک وێنەکان شەفاف دەبن، ئیتر لە هەموو مەیلێک ڕزگاریان بووە،
کە بە دیمەنی شانۆییەوە دەیانبەستێتەوە یان سەماکردن یان فۆتۆگرافی..
کاتێک دەكرێنە كاڵای بازاڕ، ئیتر لە هەر باڵایی و قووڵایییەکی
لێکدانەوە و لە هەر مانا و خوێندنەوەیەکی جیاواز دەردەچن! کاتێک
وێنەکان وابەستەی پۆڕنۆگرافیان، ئیتر پەیوەندییەکی ڕووکەش لەنێوان وێنە
و چاودا درووست دەبێت.
كەواتە ئەوەتەی ئینتەرنێت ماڵەکانی داگیرکردووە، ئێمە چووینەتە نێو
كۆمەڵگایەکی شەفافەوە، کۆمەڵگایەک کە سنوورەکانی نێوان کایەی گشتی و
کایەی تایبەتی و سۆزداری تێیدا کاڵبۆتەوە، ئێمە چووینەتە نێو
كۆمەڵگایەکی شەفافەوە، بۆیە بلۆککردن و شاردنەوەی شتەکان قورس بووە،
هیچ نهێنییەک نەک هەر شاراوە نییە، بەڵکو (بەدیل گیراوە). بەو مانایەش
كۆمەڵگای شەفافیەت، وەک كۆمەڵگایەکی ئاشکرا و ڕووتكراو، دژی باڵایی و
چییەتی دەمامک، دژی دەرکەوتنی رەمزی کاردەکات. بۆ زێر شارەزایی تەماشای
(مجتمع الشفافية، ص 70). کۆمەڵگای ڕووت بەرهەمی هونەری ڕووت و بێ
تەمومژە، كە قابیلی بەكاربردن و نمایشكردنی بەردەوامە.. جوانی
یادەوەرییەکانمان بیردەخاتەوە، ڕووتی شەرمێكی ئۆنتۆلۆژییە!. بۆیە
ئەزموونی جوانی وەک (خلاص الجمال) پێمان دەڵێت جۆرێک لە بیرهێنانەوەی
رابردووە و هەمیشە خۆی لە بەکاربردن دەپارێزێت. كەواتە داپۆشراوی مەیلی
بەلای جوانیدایە و ڕووتی كرانەوە نییە!
بازاڕی بەکاربەر.
(دەبێ ژیانت بگۆڕی).
بازاڕی بەکاربەر هەمان ئەو بازاڕەیە، کە جیهانی یوتیوب کۆنتڕۆڵی دەکات،
بۆ خۆشی و ساتێكی تێرکردنی ئارەزووەکانی.. پۆست مۆدێرنیزم یان
مۆدێرنیتەی شلۆك (كە تایبەتمەندییەکی دیكەی ئەم سەردەمەیە) لەڕێگای
ساتەوەختی راستەخۆ و هەنووكەییەوە هەوڵی رەشكردنەوەی ئەبەدیەت دەدات.
هەر ئەوەشە وایکردووە پێشەنگەکانی یوتیوب تەنها ئەو ڤیدیۆیانە بەرهەم
بهێنن، کە بە خێرایی بڵاودەبنەوە و دەسوڕێنەوە و کاتیین و لە رابردوو
هەڵدێن بۆ ئەوەی لە ئێستا و هەنووكە دەستبەجێ ناوبانگی درووست بكەن،
هەموو كەسێكیش ئەو مافەی هەیە، ئەگەرچی تەنها بۆ ماوەی یەك چارەکە
سەعاتیش بێت.
لە لایەکی دیكەوە كاتێك بەرهەمە هونەرییە باڵاکان چوونە نێو بازاڕی
نمایش و میکانیزمەکانییەوە، بەهای خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە کاڵا،
وەک کاڵاکانی دیکە لە بازاڕە گەورەکاندا نمایش دەکرێن و داوای
پڕكردنەوە دەكەن. هەمان شت بۆ جەستەش دەگونجێت، هەر کە نمایشەکەی
دەسەپێنین، دەبێتە شتێکی قێزەون، نەک ئیرۆتیزم، نەك ئارەزووخواز یان
ئیرۆسی.. هەمیشە جەستەی قێزەون داوای پڕكردنەوە دەكات! واتە هەموو
چڕییەکی سیمیۆتیكانەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە بەردەست و ئاشکرا.
ڕووتی هەموو شتێک دەخاتە دەرەوە و ئاشکرای دەکات. هیچ بەها و
تایبەتمەندییەكی شاراوەی تێدا ناهێڵێتەوە (تاكو بشێ توێژینەوەی بۆ بكرێ)
یان تاكو لە بەرانبەریدا تووشی سەرسامی بین، وەک چۆن هەمووان دوای
زۆرترین ژمارەی دوگمەلێدان، هەناسە دەدەن: (حەزم لێیە.).
بیونگ-چۆل هان لە هەردوو کتێبی (ڕزگارکردنی جوانی) و (كۆمەڵگای
شەفافیەت)دا بۆ ڕوونکردنەوەی بیرۆکەکانی، نموونەکان چەند هێندە
دەکاتەوە، بۆ کێشانی سیماکانی ڕووتی قێزەون و دۆخی زیاد لە پێویستی
نەرمیی.. بیونگ-چۆل هان بۆ هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر جوانی و نەرمی و
ڕووتی و هاوشێوە و هاوشێوەمان خوێندۆتەوە چی زیاد کردووە؟ بێگومان
هەوڵیداوە جیهانی بەکاربردن کە ئێمە خۆمان تێیدا نوقم دەکەین، بەبێ
ئەوەی بزانین چیمان لێدەکات، پشتڕاست بكاتەوە. دیجیتاڵ کە پێویستە و
رەنگە لە سەدەکانی داهاتووشدا وا بێت، شیدەكاتەوە.. ئەمڕۆ ئێمە لە پێچی
كۆمەڵگای زانیارییدا دەژین، بە شێوەیەکی نایاب و هەموو بزووتنەوە و
کردارەکانمان لەلایەن گووگڵەوە دەرك پێدەکرێت.
کۆمەڵگای زانیاری كە ئێستا سەرکردایەتی ڕۆشنگەری دووەم دەکات، ئەوەندە
پڕ زانیارییە تا ئەندازەیەك کە دەرفەتی بۆ هەناسەدان نەهێشتۆتەوە،
بەهایەک نەماوەتەوە ونی نەكات. هەموو شتێک لە گۆگڵ بەردەستە. زانیاری و
پەیوەندی زیاد لە پێویست، فۆرمێکی پۆرنۆگرافی بە زانین بەخشیووە! لە
سەردەمی زیادەڕۆیی زانیاریدا، زڕەوێنە جێگەی نووسینی گرتۆتەوە. (بوون)
سەربەخۆیی خۆی لە دەستداوە، بوونی لە نەبوونی جەوهەرەوە بەدەست هێناوە،
لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زڕەوێنەدا.
هەمیشە ئیرۆس لەڕێگای جوانییەوە دەگاتە ئەوەی کە ئەبەدییە. بەبێ ئیرۆس
(کار) تێکدەچێت و بەهاکەی کەم دەبێتەوە، تا دەبێتە کارێکی ڕوون. بەڵام
ئایا مرۆڤ بەتاڵێكی ئەبەدییە؟! ئایا کار بە پێچەوانەی ئیرۆسەوەیە، کە
بە بیرکردنەوەی پیس دەوردراوە؟. (بێونگ- چول هان) بۆ دەربازبوون لە
كۆمەڵگای ڕووتی، شەفاف، بۆ دووبارە تێگەیشتن لە (مرۆڤ، سروشت و خود و
عەقڵ) و (هونەر و چییەتی هونەری باڵا) و جیابوونەوە لەو شتانەی کە
تەنیا بەکاربردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەرم و بەتاڵن و هیچ
دیالۆگێکی جوانناسانەیان قبوڵ نییە، هیچ خوێندنەوە و لێکدانەوەیەكی
جیاواز بە هەند نازانن... پەنا بۆ جوانی دەبات و بۆ ڕزگارکردنی جوانی و
تێكەڵنەكردنی کایەی سۆزداری و گشتی لەگەڵ مەسەلە ئینسانییەکان.. هانا
بۆ رۆح دەبات! بە مەبەستی نەگۆڕینی بنەماكانی داهێنان لە پێناو
تێرکردنی بازاڕ و پێداویستییەکانی بازاڕ.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|