په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٤

چیرۆکێکی بێ کۆتایی!

جەلال قادر      


بیرۆچکەی کورتەچیرۆکێک لە مێشکمدایە نزیکەی بیست ساڵ دەبێت ناتوانم بینووسمەوە. هەرکات دەمەوێت دێڕی یەکەم داڕێژم هاوسەرەکەم پێمدەلێ : جارێ واز لەنووسین بهێنە، وەرە باپێکەوە دانیشین.
دەچمە تەنیشت هاوسەرەکەم، لە ئامێزی دەگرم.
لە ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریم بیرۆچکەی چیرۆکەکەم یاداشتکرد تا لەبیرم نەچێتەوە.
جارێکیان هاوسەرەکەم لێیپرسیم : ئەرێ چیتکرد، ئەو چیرۆکەت هەر نەنووسیەوە؟


- تۆ دێلیت، هەرجارەی بە بیانوویەک ڕامدەکێشیتە لای خۆت.
- جا من گرنگترم یان چیرۆکەکانت؟.
- ئاخر، لەوەتەی تۆم خواستووە، بیرۆچکەی ئەم چیرۆکەم لەمێشکدایە.
- شەوان بینووسەوە.
- شەوانش، تۆ بیانوو دەگریت و دەلێیت نامەوێت بەتەنیا بنووم!


پاش دوو ساڵ توانیم چەند دێڕێک بنووسمەوە : (دوو گەنجی هەرزەکاروعاشق بووین، هەموو ئاواتێکمان ئەوە بوو بۆ یەکتربین).
ئەمە سەرەتای دێڕی یەکەمی چیرۆکەکەم بوو.
ڕۆژێکیان هاوسەرەکەم مۆڵەتی دامێ و وتی : ئەمڕۆ ئازادی، دەتوانیت بڕۆیتە دەرەوە چیرۆکەکەت بنووسیتەوە.
بە دڵخۆشییەوە، لاپتاکەم خستە ناو جانتاکەم و چوومە کتێبخانە بچکۆلانەکەی تەنیشت ماڵمانەوە.
پێش ئەوەی دەست بە نووسین کەم دەبوایە بیرۆچکەی چیرۆکەکەم بەبیرخۆم بهێنمەوە. لەگەل خوێندنەوەی دێڕی یەکەم، ڕستەیەکیترم بۆ ئیزافەکرد ( ئاواتەکەمان هاتە دی و بووین بە هاوسەر).
مەسجێکم لە هاوسەرەکەمەوە بۆ هات : بۆ نیوەڕۆ حەزدەکەیت ئاشی چیت بۆ لێنم؟
دیسانەوە روناکی بیرکردنەوەم کوژایەوە، هەرچەندم کرد هیچم بۆ نەنووسرا.


لەپاش ئەوەی بووینە باوک و دایکی کچێکی جوان، ئینجا توانیم پەرەگرافێک داڕێژم : (سەرەتای ژیانمان پڕ لەبەختەوەری بوو، هەمیشە لە گەڕان و سەیران بووین. بەجلی کەشخەوجوان سەردانی ماڵە خزم و برادەرەکانمان دەکرد. تا ئەو ڕۆژەی نۆبەرەمان بوو).
هەمیشە لە هەلێک دەگەڕام تا چەند دێڕیکی تر بنووسمەوە. بەلام دیسانەوە منداڵێکی ترمان بوو، بووین بەخاوەنی دووکچی نازدار.
تادەهات کاتەکانم چڕتردەبوونەوە، چونکەمنداڵەکانش خۆیان پێما هەلدەگژاند و یارییان لەگەل دەکردم. یاریکردن لەگەل منداڵ چێژوتامێکی تایبەتی هەیە، بۆیە تا ماوەیەک لەخوێندن و نووسینەوە دابڕام.


چواردە یان پانزەساڵ بەخێرایی تێپەڕی کەچی من هێشتا نەمتوانیبوو، کۆتایی بە نووسینەوەی چیرۆکەکەم بهێنم.
باوەڕکەن تەمبەڵ نەبووم، لەماوەی ئەم چواردە ساڵە بۆ یەک چرکەش بیرۆچکەی چیرۆکەکەم لەبیرنەکردبوو.لەهەمانکات دەمویست چیرۆکێکی نایاب و پوخت و سەرنج ڕاکێش بنووسمەوە. دەمویست ئەو چیرۆکەی دەینووسمەوە خوێنەر بەشداری تیابکات. دەمویست بەشێوەیەک دایڕێژم بۆ چەند نەوەیەکیتر بخوێندرێتەوە. ئاخر ئەم جۆرە چیرۆکانە پەڵەی لێناکرێت..
هەروەک چۆن نەمدەتوانی کۆتایی بە نووسینەوەی چیرۆکەکەم بهێنم، بەم شێوەیەش نەمدەتوانی دەستبەرداری هاوسەرومنداڵەکانم بم. چونکە خۆشەویستی خێزان لەوە مەزنترە من بە نووسینەوەی چیرۆکێک ناوداربم و ئەوانش فەرامۆش کەم. بۆ نموونە : خۆشترین کاتم ئەو ساتانە بوو کە کە لەباوەشی یەکتربووین یان دەست لەناودەست ڕێگەمان دەکرد و منداڵەکانش لەبەردەممانەوە ڕاکە ڕاکەیان بوو. ئەگەرچی چیرۆکەکەشم خۆشدەویست، لی ناکرا دەست لەو ساتە خۆشانە هەلگرم و بەتەنیا بەدیار لاپتاپێکەوە دانیشم.


چەند سالێک لەمەوبەر چەند دێڕێکیترم خستە پاڵ پەرەگرافی چیرۆکەکەم: (منداڵ جوانترین دیاری ژیانمان بوو. هەمیشە لەدوای خواردن وپشوودانێک سوپاسگوزاری خوامان دەکرد. شەوان کۆرپەکەمان لە نێوان هەردووکمان دادەنا و ختکەمان دەدا).
لەگەڵ هاتنی کچی دووەمم بە دونیاوە، یەک ڕستەیترم نووسییەوە : (هاوسەرەکەم بوو بەدایکێکی پیرۆز). بۆ ئەوەی چیرۆکەکەم بە ستایلێکی جوان ڕێنووس کەم، بڕیارمدا نووسینەوەی چیرۆکەکەم دوابخەم تا کچەکانم عازەب دەبن و دادەمەزرێن.


کچەکانم گەیشتنە کۆلیژ. ئیتر هیچ بیانوویەکم نەما بۆ کۆتایی هێنان بە نووسینەوەی چیرۆکەکەم. شەوێکیان لەخەو هەلسام و بڕیارمدا کۆتایی بە نووسینەوەی چیرۆکەکەم بهێنم.
ئەو شەوە چەند لاپەڕەیەکم نووسییەوە، زۆری نەمابوو کۆتایی بە چیرۆکەکەم بهێنم. لەناکاو هاوسەرەکەم لەخەو هەلساو پەرداخێ ئاوی بۆ هێنام. سەرینایە بان ڕانم و بەتەنیشتمەوە ڕاکشا.
کاتێ دەستم بە نێو پڕچیدا هێنا بینیم چەند تەلێک لە مووەکانی سەری سپی بوبوون. فرمێسک لەچاوەکانمەوە شۆڕبوونە خوارەوە. هاوسەرەکەم وتی : ئەوە چییە پیر بوویتە نازانیت ئاوبخوێتەوە؟
ناوچەوانیم سڕییەوە و داوای لێبووردنم لێکرد.
ڕانم لەژێر سەری سڕبوبوون..
نەدەمتوانی بنووسمەوە، نەدڵم دەهات هاوسەرەکەم لەخەو هەڵسێنم.


بەریبەیان منداڵەکان لەخەو هەلسان، بەپێکەنینەوە وتیان: دایە و باوە چەند سەیرن، ئەمشەو لەگەل لاپتاپەکەیان خەوتوون.
ئەو بەیانییە بڕیار بوو لەگەل هاوسەرەکەم منداڵەکان بگەیەنینە کۆلیژ، خۆشمان بچینە سەرکار. بەلام هاوسەرەکەم پێیوتم : هەستدەکەم تەندروستیم باش نییە، ئەمڕۆکە لەماڵ دەبم.
هەرچۆنێک بوو ئۆتۆمبیڵەکەم گەرمکرد، هەردوو کچەکەم گەیاندە بەردەم کۆلیژ. لەڕێگە بیرم لای چیرۆکەکەم بوو دەمگوت ئەگەر هاوسەرەکەم نەبوایە دوێنێ شەو کۆتاییم بە نووسینەوەی دەهێنا. ئاخر بیست ساڵ کاتێکی زۆربوو بۆ نووسینەوەی چیرۆکێک، کەچی بۆ سپی بوونی تەڵە مووەکانی قژی هاوسەرەکەم کاتێکی خێرابوو!
لە ڕێگە بەدەم لێخووڕینەوە، هەست و سۆزی هاوسەرەکەم دڵی بزواندم.
بڕیارمدا نەچم بۆ سەرکار.
گەڕامەوە بۆ ماڵ. لەدەرگەی حەوشە چوومە ژوور، هاوسەرەکەم بە پێکەنینەوە پێشوازی لێکردم.


- چیبووە بەچی پێدەکەنی؟
- مزگێنیەکی خۆشم پێیە.
- بلێ . بزانم چییە؟


تووند لەباوەشیکردم و دەستمی خستە سەر زگی، بە ئاسپایی وتی : دووگیانەم.
بۆ ماوەیەک حەپەسام و خەندە لەسەر ڕووخسارم نەبینرا.
دەمی لەبن گوێم نزیک کردەوە، هەستم بە هەناسەی کرد. وتی: لە کۆتاییدا دەتوانین لەگەل ئەم منداڵە چێژ لەژیان ببینین.
لەسەرقەنەفەکە ڕاکشاین، باوەشمان بەیەکترکرد. لە کاتێکدا من بیرم لای نووسینەوەی چیرۆکەکەم بوو. ئەویش لەبەرخۆیەوە باسی دواڕۆژی کۆرپەکەی بۆدەکردم.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک