٥\٢\٢٠١٣
چیڕۆکی دەرکردنی
رابوون مەعروف لە زانکۆ.

جیهاد موحەمەد
خوێنەرانی بەڕێز، چیبێت لە ئیوە شاراوە! بڕاواناکەم هیچ شتێک لە ئێوە
شاراوەبێت، بۆیە تا گلەیی نەهاتۆتە سەرم با خۆم باسی ئەو تەلەفوونەتان
بۆ بکەم کە کردم بۆ سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین. دوای ئەوەی کە ماوەیەکە
دەمی خۆم ناگرم و زۆر ڕەخنە بە زمانی زبر دەگرم لە حکومەتە ناسک و
نازدارەکەمان و هەردوو حیزبی دەسەڵات، ئەم هەواڵەی دەرکردنی مامۆستا
ڕابوون مەعروفم خوێندەوە لە سایتەکانەوە، زۆر غەمباربووم بۆی، زۆرم
پێناخۆشبوو، بۆیە بڕیارم دا کە تەلەفوونێک بکەم بۆ سەرۆکی زانکۆی
سەلاحەدین و حەقیقەتی ئەم مەسەلەیە بزانم. وتم یان سەرۆک، ئەمری بە
دادگاییکردنم دەردەکات، یان وەڵامم دەداتەوە.
خوا هەڵناگرێت، سەرۆکی زانکۆی بەرێز، دوای ئەوەی کە زانی من کەسێکی
خەمخۆرم بۆ ئەم مامۆستایە زۆر بە ڕاشکاوانە چیرۆکەکەی بۆ گێڕامەوە بەم
جۆرەی خوارەوە:
سەرۆک وتی: ئەم مامۆستایە کاری دەستنەکەوتووە، چوونکە بروانامەکەی و
تایبەتمەندێتی ئەم مامۆستایە فەلسەفەیە، ئەوەی حسابی بۆ نەکرێت لای
ئێمە لە کوردستاندا و لای حکومەتی بێ فەلسەفەی هەرێم، فەلسەفەیە، لەبەر
ئەوەی ئێمە سەرمانقاڵەو تاقەتی سەریەشەییەی فەلسەفەمان نییە و
نامانەوێت خووی خەڵکی و خوێندکارەکانامان بە فەلسەفەوە خراپکەین.
کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی بێ فەلسەفەیە ئەوە حاڵمانە بەدەست خۆپیشاندان
وئەو هەموو ڕەخنەیەوە جاوەرە کۆمەڵگاش بکرێت بە کۆمەڵگایەکی فەلسەفیی.
چوونکە بۆخۆت دەزانی کوردستان و ئەم ئەزموونە دووژمنی زۆرە، ئەوە ئێران،
ئەوە تورکیا، ئەوە مالکی، ئەوە دوژمنە دەرەکییەکانی تر، کە لەمەوداوا
بۆمان دروستدەبێت بە هۆکاری ئەوەی ژێر زەمینی کوردستان خەزینێکی گەورەی
نەوتی تێدایە، چاوی دوژمنان زۆر لەسەرمانە، بۆیە منیش وەک خێر خێرم
پێکردوە و گریبەستێکم لەگەڵ واژۆکردوە و کردومە بە مامۆستا بەومەرجەی
ناوی خۆی و باوکی بگۆڕێت.
وتم بۆ سەرۆک (ڕابوون) و (مەعروف) چ خراپییەکی تێدایە ؟!، وتی کاکە
گیان، خۆ تۆ لای خۆت لە ئەوروپادا دەژییت، ئەی نازانییت، رابوون یەعنی
ڕینیسانس، یەعنی بە خەبەرهاتن و بە ئاگا هاتنەوە، وتم بەڵی فەرمایشتی
تۆیە سەرۆک. وتی ئەی نازناییت، مەعروف یەعنی ناسراو، یەعنی زانراو،
یەعنی ڕوون و ئاشکرا. وتم بەڵی فەرمایشتی تۆیە سەرۆک.
سەرۆک وتی: بە سەری خۆشم و بەسەری سەرۆکی سەرۆکەکانیشمان، ئەم
مامۆستایە نە ناوی خۆی گۆری نە ناوی باوکی.
وتم جەنابی سەرۆک، بۆچی ماوەیەکیتریش لەسەری نەوەستاییت و دەرفەتێکی
تریشت پێبدایە چوونکە نان بڕین زۆر ناخۆشە. وتی کاکە گیان، با لە
نێوانمان دەرنەچێت، من بۆژە کرابووم بە نووسراوی دەستگا بەڕێزەکانی
ئاسایش و دەستگا هەوڵاگرییەکانمان لەوە دەترسان ئەم ڕابوونە بووبێت کە
کاتی خۆی گەنجانی سلێمانی ڕادا و ئەو کارەساتەیان کرد بە حکومەت و ٦٢
رۆژ خۆپیشاندانییانکرد، تا لەوە رزگارمان بوو چەندین پۆلیسمان بە بەرد
بریندار بوون، قیروسیا لە پۆلیسەکانیشمان، موقەدەسیی بارەگای لقی
چواریان شکاند و بەردبارانیانکرد و شوشەیان نەهێشت بە دەرگا و
پەنجەرەکانییەوە. بۆیە ناحەقمان نییە لەم ڕابوونە بترسین. ئەگەر
ئەمجارە ڕابوونێکی واکرا خوانەخواستە بۆ ئەزموونەکەمان خراپە، وتم
فەرمایشتی تۆیە سەرۆک.
سەرۆک وتی دەڕاوەستە مادام ئەوەندە بە ئەدەبەوە بە من دەڵێیت فەرمایشتی
تۆیە سەرۆک، با ڕاستییەکی تریشت بۆ باسبکەم، وتم فەرموو سەرۆک، وتی
کاکە گیان، ئەم ڕابوونی کوڕی مەعروفە، هەر بەوەوە نەوەستا کە ناوەکەی
خۆی نەگۆڕی، ڕەخنەشی دەگرت لە دەسەڵات و خویندکارەکانی هاندەدا کە
هەمیشە رخنەگربن.
وتم جەنابی سەرۆک، تۆ خۆت پیاوێکی خوێندەور و خاوەن بڕوانامەییت و
زانکۆت بینیوە، ئەوەی ئەو کردوویەتی ئەوە کارێکی سروشتییە بۆ
خوێندکارانی زانکۆی فەلسەفە، فەلسەفە بۆ خۆی یەعنی ڕەخنەگرتن، یەعنی
پرسیارکردن، یەعنی فێربوونی چۆنیەتی پرسیارکردن، فەلسەفە فێرمان دەکات
کە گومانمان لەسەر شتە سەلمێنراوەکانیش هەبێت.
سەرۆک توڕە بوو، وتی کاکە ڕاوەستە ئەی هاوار تۆشمان لێمەبە بە ڕابوون.
ئەی تۆ نازانییت، کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی ئیسلامییەو لە سەدا ٩٥ ی
خەڵک موسڵمانەو لەگەڵ فەلسەفەدا ناگونجێت، کۆمەڵگای ئێمە، لە ساییەی
خوا و مزگەوت و مەلاکان و پیاوە ئاینییەکانەوە بووە بە کۆمەڵگایەکی
بێدەنگ و بێسەنگ و ڕازیی، خەڵکی بەس دۆعای خێر بۆ هەردوو سەرۆک دەکەن،
سەرۆک کاک مەسعود و سەرۆک مام جەلال. ئەم فەلسەفە و ڕەخنەگرتن و ڕابوون
و مەعروفە هەر بۆ ئەوروپا باشە، تکایە وزامان لێبێنن با ئەم
ئەزموونەمان لێتێک نەچێت، هەرکەس باسی دەرکردنی ئەم ڕابوونەی کرد لە
زانکۆ لە وەکالەتی منەوە پێیان بڵێ لەسەر ئەم چوار خاڵە بووە.
یەکەم/ ناوەکەی ڕابوون بوو، گومانمان لێی هەبوو کە کۆمەڵگا توشی
ڕابوونبکات.
دوەم/ ناوی باوکی مەعروف بوو، گومانمان لێی هەبوو کە کۆمەڵگا فێری ئەوە
بکات هەموو شتەکانمان مەعروفکەین لای خەڵک.
سێیەم/ ڕەخنەگر بوو، گومانمان هەبوو لەگەڵ ڕەخنەگراندا یەکیگرتبێت بە
تایبەتی لەگەڵ عەلی حەمە ساڵحی ڕێخەری ژوری ئابووری بزووتنەوەی گۆران و
پەرلەمانتار عەبدوڵای مەلانوریدا.
چوارەم/ وانەی فەلسەفەی وەک خۆی دەوتەوە، نەک وەک ئەوەی ئێمە پێمان
وتبوو.
وتم فەرمایشتەکانت بەجێیە سەرۆک. بەڵام مادام وایە من پێشنیارێکم هەیە،
خوا هەڵناگرێت وتی فەرموو!، وتم هاوڕییەکم هەیە زۆر زیرەکە لە
فەلسەفەدا، بۆچی ئەو هاورێیەی من دانانێن لە جیاتی مامۆستا ڕابوون؟ خوا
هەڵناگرێت یەکسەر وتی بۆ نا! ناوی چییە بۆم بنێرە، وتم جەنابی سەرۆکی
ناوی (فوئاد عەبدولرەحمانە)، وتی: چی چی چی چی، چەندین جار ئەم فەقیرە
لەسەر یەک ئەم چی ییەی دووبارە کردەوە، وتم سەرۆک ناوی (فوئاد
عەبدولرەحمانە)، وتی کاکە گیان من تا لە ڕابوونی کوڕی مەعروف ڕزگرم بوو
سەد نووسراو لە سەرو خۆمەوە کرایە سەرم، ئێستا تۆ دەتەوێت توشم بکەی بە
توشی فوئاد عەبدولڕەحمانەوە، وتم بۆ سەرۆک؟ وتی کێ ناڵێت ئەو فوئادەی
برادەری تۆ کوڕی (عەبدولرەحمان مونیف) نییە، وتم نەبەخوا. سەرۆک وتی:
نا، ناوێرم، زۆر خەتەرە، وتم خەتری چییە، وتی جگە لەوەی (عەبدولرحمان
مونیف) ڕۆمان نووس بوو، پسپۆرێکی گەوەرەش بوو لە بواری وەزارەتی نەوتدا،
ئەوە ٢ جار خەتەر، بە هیچ جۆرێک کوڕ و نەوەی پسپۆری بواری نەوتمان
ناوێت. جاوەرە باوکی پسپۆڕی بواری نەوت و ڕۆمان نووس بووبێت و خۆشی
بکەین بە مامۆستا لە کۆلێژی فەلسەفەدا، ئەوە تۆزمان دەبات بە ئاسماندا،
تکایە وازمان لێبێنن و ئەم ئەزموونە و ئەم کۆمەڵگا گوێڕایەڵەمان لێتێک
مەدەن.
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|