په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٨\٢٠٢٥

چیڕۆکی ئێمە و حەجاج.

شوان سدیق      

 
لەم ڕۆژانە ناوی عەجاج جارێکی دیکە هاتەوە ناو باسان، دەگوترێ دەستگیرکراوە.


 عەجاج ئەحمەد حەردان ئەو ناسراوە بە حەجاج یان عەجاج خەڵکی شاری تکریتی خەڵکی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدینە و دەگوترێ لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە.


چیرۆکی ناسینی ئێمە لەگەڵ حەجاج، بۆ دوای سەروبەندی کیمیایی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە.


چەند ڕۆژێک دوای کیمیایی دواتر لە هەڵەبجەوە سوپای ئێرانی رایگواستین بۆ ئێران، دواتر بەخواستی خۆمان ژمارەیەک خێزانی هەڵەبجەی گەڕاینەوە بۆ سلیمانی.


لەکاتی گەیشتنمان بۆ ماوەیەک ڕاگیراین دواتر ڕژێمی عێراق ڕەوانەی ناوەڕاستی عێراقی کردین بەدروستی بۆ بەندیخانەی گرەسەلمان.


نوگرە سەلمان، قەڵایەکی داخراو دەورە دراو بەسوپا، چوونە ژوورەوەی ئاسان و هاتنە دەرەوە لێی ئەستەمبوو!


ئەوکات من تەمەنم نزیکی حەفت ساڵێک دەبوو، کەمێک بیرم دێت، ئێستەش وێنەو دیمەنی ئەو بەندیخانەیە لەپێش چاو بەخەیاڵمدا دێن!


پێموایە بیروەریەکان، لە هزری تەمەنی منداڵی باشتر دەمێننەوەو لە خەیاڵی مرۆڤ تۆمار دەبن، بەتایبەتی بیرەوەری تاڵ و تراژیدیش.


بەڵام خستەڕووی کۆد و زانیاری، بڵێم حەجاج ڕاستەوخۆ دەستدرێژی کردۆتە سەر خەڵک، بڵێم حەجاج بەکێبڵی کارەبا لە فڵان کەسی داوە، ئەمە ئاسان نیە، دەکرێ هەبووبێ و ڕووداوی خراپتریش ڕوویدابێت، ئاخر ئاسان نیە بۆ منداڵ ڕۆڵی گەورە بگێڕێت، بەزۆر ڕووداوگەلێک بسەپێنن بەسەریدا، لەگەڵی بژی، دروست ئێستەش ئەو رووداوانەی ڕابردوو لەگەڵمان دەژی!


بەتایبەتی بۆ منیش هەر بەمنداڵی ئەرکی قورسم کەوتە سەرشان، ڕۆڵی زیاتر لە منداڵێکم بینی هەڵسوکەوت گەورەو ئەرکی قورس منداڵی مرۆڤ دەگۆڕێ بۆ کارەکتەرێکی گەورتر!


باوکم بەهۆی کیمیایی و نەخۆشی چاوی کەمێک نابینیا بوو، بۆیە دەبوو من یان خوشکە گەورەکەم بەردەوام یاوەری بکەین!


بیرمە لەنێو قاوشێکی گەورە دەژیان وەکو هۆڵێکی چاوەڕوانی وابوو، پڕبوو لەژن و منداڵ، دەتگوت هۆڵی چاوەڕوانی فڕۆکەخانەکانە.


خۆراک و ئاو زۆر خراپ بوو بەتایبەتی ئاوی خوادنەوەکەی پیس بوو، ژینگەی بەندیخانەو زۆری خەڵکەکەش جەهەنمێک بوو بۆ خۆی.


بابێینەوە بۆ لای حەجاج، ئەو ناوەم لەبیرە وەکو ناوی کیمیایی، ناوی حەجاجم لەبیرە. وەکو ئەو چەند ڕۆژەی لەنیو ژێرزەمین بووین لە گەڕەکی گوڵانی هەڵەبجە ناوی حەجاج لە خەیاڵماندا تۆمار کراوە.


ناوی حەجاجم لەبیرە وەکو ئەو ئێوارەی لەسەر گەڵابەی بارهەڵگرە ئێرانیەکە بەرەو ئێرانیان دەبردین من کەوتمە خوارەوە لە شارۆچکەی نەوسوی سەرسنوری ئێران.


ناوی حەجاجم لەبیرە لەنوگرە سەلمان ناوێکی گەورەو دڕندە بوو کەدەیانگوت حەجاج ترسی دەخستە دڵی هەمووان.


حەجاج کەسێکی دیاری نێو بەندیحانەکە بوو، وەکو پاڵەوان و کەسی یەکەمی بەندیخانەکە کەناوی حەجاج دەهێنرا، کەواتە بێدەنگ بن و خۆتان کڕ بکەن، چیتان بەسەردێ و چیان گوت: دەبێ بەقسەیان بکەن، ئەو بڕیاری بەدەست بوو!


بەتایبەتی لەبیرمە جارێک تەنکەرێک ئاوی ساردیان هێنا، باوکم دەیگوت: چوین بۆ ئاوەکە بەهۆی زۆری خەڵک و پاڵەپەستۆ ئێمە بەرمان نەکەوت، ئاوی سارد و ئاوی خواردنەوەی پاک، بەخەیاڵی کەسدا نەدەهات چونکە نەبوو، ئەو ئاوەی دەتخواردەوە خاوێن نەبوو!


دوایش دەرکەوت ئەو ئاوە بەهۆی کللۆر و دەرمانی زۆر ئەوانەی خواردیانەوە زۆریان تووشی سکچوون و ڕشانەبوون.


خۆششتن و پاک ڕاگرتن نەبوو، جاروبار دەیانبردین بۆ حەوشی قەڵاکە، تۆزێ ئاو هەبوو، خوشکە گەورەکەم سەری دەشۆردین، شتێکی وانەبوو تووشی هەڵوەرینی قژ و نەخۆشی پێست هاتبووین.


تەنانەت پاش ئازادکردنیشمان و گەڕانەوەمان بۆ کەمپی نزیکی هەولێر ئەو ماڵەی ئێمەی لەخۆگرتبوو لە گوندی بەرحووشتر "ماڵی کاک ئیسماعیل" ئەوان زۆر بەتەنگمانەوە بوون، هاوکاری زۆریشیان کردین لە تێپەڕاندنی ئەو نەخۆشی گەڕی و پێست و لاوازیەی تووشی هاتبووین!


ئەمە نووسینەم بەکورتی و بەشێکی زۆر کەم بوو لەوەی بینیومانە، حەزم بەگێڕانەوەی ڕابردوو نیە، زۆر ڕووداوای ناخۆشمان بەسەرهات!!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک