په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٣

چیرۆکی مردنە سەیرەکان!

جیهاد موحەمەد      


مردن، یەکێکە لە کێشە چارسەرنەکراوەکان، ڕەنگە زۆرێک کێشەی مرۆڤ هەبێت کە چارەسەر نەکرابێت، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە، کە هەوڵی چارەسەرکردنی نەدرابێت و مرۆڤ پێیوابێت کە کێشەیەکی ئالۆزە و لە ژێر ویستی مرۆڤدا نییە و، مەحاڵە چارەسەرکردنی و، مرۆڤەکانی ئەم جیهانە ناتوانن چارەسەرییبکەن. هەرچ مرۆڤێکیش ئەوە باوەڕیبێت کە کیشەکان چارەسەرناکرێت! ئەو مرۆڤە، دەبێت بە مرۆڤێکی پاسیڤ و سارد و سڕ و بێ ئیرادە و بە ئاسانی خۆی ڕادەستی کێشەکان دەکات. بەڵام جگە لە کێشەی(مردن)، کە کێشەیەکە، مرۆڤەکانی ئەم جیهانە نەیانتوانیوە چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە، یان هەوڵبدەن بۆ بنەبڕکردنی، لەبەر ئەوەی لەوە تێگەیشتوون کە بنەبڕ ناکرێت. ڕەنگە مردن دوابخرێت، بەڵام چارەسەر ناکرێت بۆ هەتاهەتایی. ڕەنگە پزیشکەکان و زانستی پزیشکی بتوانێت مردن دوابخات، بەڵام ناتوانێت مردن ڕابگرێت. (مردن) وەک دواییهێنان بە ژیانی مرۆڤەکان، ناخۆشتریین شتە. هەموومان رقمان لە مردنە و، پێویستییشە ڕقمان لێیبێت. تەنیا شتێک بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ڕقەمان بۆ بکاتەوە خۆشەویستییە بۆ ژیان. پێویستە مرۆڤەکانی ئەم دنییایە هێندە ژیانی خۆیان خۆشبوێت کە لە پێناوی ژیاندا بمرن، نەک لە پێناوی مردندا بژین. هەرچ مرۆڤێک ئەمەی کردبێت لە ژیانی خۆیدا و لەسەر ئەم فەلسەفەیە ژیانی خۆی بونیادنابێت بە دڵنیاییەوە مرۆڤێکی سەرکەوتوو و بە توانا و بە ئیرادەدەبێت. هەرکەسێک توانیبێتی هێندە ژیانی خۆشبوێت کە هەمیشە لە هەوڵ و کۆششدابێت بۆ ژیانێکی بەختەوەر، وەک ئەوەی کە هەتا هەتایە دەژی!، واتا بیر لە مردن نەکاتەوە، بۆ ئەوەی دەستەوسان نەبێت و ژیانی لە بەرچاو نەکەوێت و دنیا بە دنیاییەکی پوچ نەزانێت، ئەوە حەتمەن ئەو جۆرە مرۆڤانە مردن بە بەشێک لە ژیان دادەنێن و، کاتێک مردن یەخەیان پێدەگرێت، بەو جۆرە بە ئاسایی وەریدەگرن کە ناترسن و ترس و دڵەڕاوکێ نایانگرێت و بە ئازایانە بەرەو ڕووی مردن دەبنەوە، ئەم جۆرە مرۆڤانە لە کاتی نەخۆشییە کوشندەکانیشدا ئازا و بوێر دەبن و خۆیان ڕادەستی نەخۆشیەکان ناکەن. لەگەڵ ئەمانەشدا باسکردنی مردن خۆشنییە بۆ مرۆڤە ئازا و بوێر و بە ئیرادەکانیش، چوونکە کۆتاییهێنانە بە ژیان. ژیانیش بۆ خۆی مافێکی سروشتیی و ئاسایی هەرچ مرۆڤێک و هەرچ بوونەوەرێکە لە سەر ڕووی زەوییدا،بۆیە بە داوای لێبوردنەوە من هەندێک لەمردنە سەیرەکان دەخەمە ڕوو بۆتان تا پێبکەنن!، پێکەنین بە مردنەکان نا، بەڵکو پێکەنین بە سادەیی و سکاریی و ساویلکەیی مرۆڤکان و، پێکەنین بە ڕێکەوتەکان، لە سەردەمگەلێکی جیاوازدا، کە بوەتە هۆکاریی مردنی مرۆڤگەلێک.


مردنە سەیرەکان!


کاتێک کاتژمێرێکی بە نرخ دەکەوێتە حەوزێکی رۆنی خواردنەوە لە بەندەری بەسرەدا، کرێکارێکی سادە بەمە دەزانێت و چاودێریی دەکات. کاتێک کە شەو دادێت ئەم کرێکارە خۆی فرێدەداتە ناو حەوزە قوڵە پڕ لە رۆنەکەوە بۆ ئەوەی ئەو کاتژمێرە بە نرخە دەربهێنێت بۆ خۆی، هەڵبەت وا دەزانێت کە وەک حەوزێکی ئاو دەتوانێت مەلەی تیابکات و خۆی نوقمبکات و بە ئاسانی بەو مەلەکردنەی کە دەیزانێت بێتە دەرەوە و، کاتژمێرەکە دەربێنێت... بەڵام رۆژی دوایی لاشەی مردوی ئەو کریکارە دەدۆزرێتەوە لە حەوزەکەدا. ئەم مردنە هۆکارەکەی ئەوە بووە، کە ئەو کرێکارە هیچ زانایی و زانیارییەکی نەبووە لەسەر زانستی فیزیا، کە چڕیی ڕۆن کەمترە لە چڕیی ئاو، بۆیە مەلەوانی لێهاتووش ناتوانێت مەلە بکات لە ناو حەوزی رۆندا و بکەوێتە سەر ئاو!


چیرۆکی مردنێک لە کۆلێژێکی ئەندازیاریی سەربازیی لە بەغداد.


سەربازێک، دەکرێت بە پاسەوانی یەکێک لەو فرۆکە جەنگیانەی کە خوێندکارانی کۆلێژی ئەندازیاریی سەربازی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن و، لەسەری دەخوێنن و وانەی لەسەر وەردەگرن. ئەم سەربازە،لە شەودا دەچێتە ناو فرۆکەکەوە و دەستدەکات بە یاریکردن بە هەموو دوگمەکانی شوێنی کاپتنی فرۆکەکە، بە بێ ئەوەی هیچی لێبزانێت... بەڵام... بۆ رۆژی دوایی لاشەکەی بە مردووی دەدۆزرێتەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە پەنجە دەنێت بەو دوگمەیەدا کە کورسی دانیشتنەکەی بە تووندی بەرزدەکاتەوە بۆ سەرەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاریی فرێدانی سەربازەکە بە هێزێکی گەورە بە بنمیچی فرۆکەکەدا و، دواجاریش دەکەوێتە خوارەوە لە فرۆکەکە و دەمرێت!


شاعیری یونانی"اخلیلیوس".


بە جۆرێکی زۆر سەیر دەمرێت... کاتێک کە کیسەڵێکی گەورە کە داڵێکی گەورە هەڵیگرتوە، لە بەرزاییەکی زۆر بەرزەوە دەکەوێتە خوارەوە و دەکێشێت بە تەوقی سەری ئەم شاعیرەدا و دەمرێت!


"بابا بولسی سێیەم".


ئەم پیاوە ناسراو بوو بە نەوسنی و چڵێسی، بۆیە لە کاتی کاڵەک خواردندا، ناوکێک لە ناوکی کاڵەکەکە دەپەڕێتە قورگی و دەکەوێت ناو سییەکانییەوە و دەیمرێنێت!


زانای ئیتالی"مانفرید".


ئەم زانایە هەمیشە چاودێری نەیزەکەکانی دەکرد، جارێک لەو جارانەی کە چاودێریی نەیزەکەکانی دەکرد پارچەیەک نەیزک کەوتەخوارەوە و دایبەسەریدا و، مرد!


یاریزانێکی گۆڵفی ئەمریکی"سیکالیون".


هەموو جار لە یاریکردنەکاندا بە ئەنقەست خۆی توڕە دەکرد و دەستیدەکرد بە جڕتوفڕت لە بەردەمی سەیرکەرانی یاریەکەدا...جارێک لەو جارانەی کە خۆی توڕە کرد، بە دەستی ئەنقەست داری گۆلفەکەی زۆر بە هێز کێشا بە زەویەکەد و سەرە ئاسنینەکەی پەڕی و دای بە گرێی ملیدا و بووە هۆکاری دەستبەجێ مردنی!

لە شاری "ئورگنتون".


یەکێک لە کرێکارەکان لە مەنجڵێکی گەوەر لە شکۆلاتە نوقمبوو...ئەم کرێکارە خوویگرتبوو بە لستنەوەی شلەی شکۆلاتەکە جار جارێک کە چاوی لەسەر نەبوایە.. ڕۆژێک کە بەڕێوەبەر ئاگای لێنەبوو خۆی نوشتانەوە بۆ ناو مەنجەڵە گەورە شکولاتەکە بۆ لستنەوەی، هەڵخزاو کەوتە ناو مەنجەڵکەوە و مرد!


لە "وارشۆ".


ژنێک تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بەهێز ببوو لەسەر ئەوەی کە مێردەکەی خیانەتی لێکردوە، ڕۆژێک لە نهۆمی دیەمەوە خۆی فرێدایە خوارەوە، لەوکاتەدا مێردەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە کەوت بەسەر مێردەکەیدا و پیاوەکەی مرد و خۆی هیچی لێنەهات!


داپیرە"فریتش جاست".


کاتێک پیاسەی لەگەڵ سەگەکەیدا دەکرد توشی جەڵدەیەکی بەهێزی دڵ بوو.. کاتێک تیمی فریاکەوتن گەیشتنە سەری نەیانتوانی هاوکاریبکەن لەبەرئەوەی کە سەگەکەی بە وەڕە وەڕ دەیوسیت بیپارێزێت و هێرشی دەکردە سەر تیمەکە، ئەمەش بووە هۆکاری مردنی!


سەرۆکی سەندیکای شانۆگەریی لە لەندەن.


چوو بۆ ئەو شانۆگەرییەی کە لە پێشتردا خۆی ڕەخنەی لێگرتبوو، لە کاتی پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکەدا، کە شانۆگەرییەکی کۆمیدیی بوو هێندە بە قاقایەکی قوڵ پێکەنی بە هەڵسوکەوتە کۆمیدییەکانی ئەکتەرە کۆمیدییەکان دڵی وەستا و لە لێدان کەوت و مرد!


ژنە جوتیارێکی میسری" سوسن برعی".


کاتێک لە رۆژێکی زۆر گەرمدا کاریدەکرد لە کێڵگەیەکدا.. دوای ئەوەی تینوێتی زۆری بۆ هێنا چوو ئاو بخواتەوە، لە کاتی ئاو خواردنەوەکەیدا زانی کە مێرولەیەک لە ناو ئاوەکەدا بووەو قوتیی داوە، لە ترسی ئەو مێرولەیە بە پەلە خۆی گەیاندە ماڵەوە، کە گەیشتە ماڵەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە چەند قومێک لە ژەهری پاکتاوکردنی میروی خواردەوە، بۆ ئەوەی مێرولەکەی ناو گەدەی بکوژێت، بەڵام ئەو کارە بووە هۆی مردنی خۆی!


٧\٥\٢٠١٣ - نەرویج

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک