په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٥

چرپەیەکی چووک لە ژێر رۆشنایی مۆسیقا!


دارا خونچە     


هەر کەسەک وە رادەیەک وە مۆسیقا ئاشنایە، ئەمنیش وەک خۆم تا ئەو رادەیە پێی ئاشنام کە چێژ و چەشەیەکی یەکجار زۆری لێوەردەگرم.. تەنانەت کاتەک زۆر وە هووردیی گێدەگرم و دەگەڵ دەنگەکانی دەژیم وەها هەست دەکەم تشتەک لە مۆسیقا گرنگتر و پڕ بایەختر بوونی نییە لە جیهان.. هێندەک جار لەوەش توندڕەوانەتر لە هزران رۆدەچم و دەگەمە ئەو ئاستەی کە بێژم رەنگە مۆسیقا بتوانی جێ وە هەناسەدان و خواردن و خواردنەوان لەق بکا و ئیدی مرۆ تەنێ وە ژنەوتنی دەنگەکانی بژی و هیچ کێشەیەکی نەبی!!!

لە دەستپێکی نەوجوانییمەوە تا نهۆ فرە حەزم لە مۆسیقا و فێربوونیشی بووە، لە قۆناغی بەراییمدا (١٢ ساڵ کۆشانی حیزبایەتیی و لە نێویشدا ٧ ساڵ پێشمەرگایەتیی) ئەو دەرفەتەیان نەدام بەڵکە تەنێ هێندەم توانی وە پچڕپچڕیی گێبگرم و هێندەکیش دەربارەی بخوونمەوە.. هەرچەندە پاشان لە دەمەکی زۆر هەستیار و پڕ ئاریشەدا لە ساڵی ١٩٩٤ ئەو بنەما و کەسایەتییە حیزبیی و پێشمەرگەییەم شاپ دا کە هونەر و مۆسیقا وەلای لاوەکیی بوو و بەشدارییم لە خولەکی سەرەتایی فێربوونی مۆسیقا کرد کە ئەمن تێیدا ئامێری کەمانم هەڵبژاردبوو و لە نێوان ٢٠ فێرخواز وە پلەی یەکەم دەرچووم، لێ فرە ئەفسووس ئەو جارە (سیاسەتی گشتیی و میدیا و ئاوارەییش سەربار) ئەو توانا و بڕستەیان لێبڕیم و وە یەکجاریی دەستبەرداری فێربوونی مۆسیقایان کردم!

هەنووکە ساڵانەکی زۆرە سەت خۆزیی دەخوازم و دەبێژم ئەز کە هەر نەمتوانی فێری مۆسیقاژەنین ببم بریا نەک هەر وە هیچ جۆرەک هیچ تشتەکم لە هیچ ئامێرەکی مۆسیقا نەزانیبا بەڵکە هەر هیچ ئامێرەکی مۆسیقاشم نەناسیبا.. ئاخەر مۆسیقا لە کنە من دەنگگەلەکی هێندە ناسک و ئەفسووناویی هەیە ئەگەر نەمزانیبا ئەو دەنگانە لەو (تەل و بژ و پیستە و مادە دارین و ئاسنین و نایلۆنییانە) دەردەچن و سەرچاوەکانیانم نەناسیبا ئەوە ئەو دەم بێ هیچ گومانەک فرە خۆشتر و وەچێژتر و سەرسوڕهێنەرتر دەبوون لە کنم و هەر لۆ خۆم وەدووی نهێنییەکانیان دەکەتم و دەگەڵیان دەژیام!

سەرەنجام ئێستا ئەو خەمەشم هەیە و زۆریش پێیەوە دەتلێمەوە؛ کتومت وەک ئەوەی چیڕۆکنووسەک یان رۆماننووسەک لە پاش ئەو گشتە ماندییبوون و خۆخواردنەوە و کۆشانەی لە نووسنی بەرهەمەکەی و لە وەچاپگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئەنجامیان دەدا.. کەچی دەرهێنەرەک - کە زۆربەی هەرە زۆریان لە رووی رۆشنبیرییەوە ئاست نزمن و تەنێ هێندەک تەکنیکی چێکردنی فیلم و کاری سینەمایی دەزانن کە هەر کەسەک خەریکیان بی و لۆی بلوێ وە ئاسانیی فێریان دەبی.. هەروا لە رووی ژیانیشەوە بێ هەڵوێستن و هەمیشە لە پێناو وەدەستخستنی پارە و گەیشتن وە خۆپەرستییەکانی دیکەیان ملکەچی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانن و هەردەم لە راژەی پڕۆژە و سیاسەتە چرووکەکانیان هونەر و کارە فەرهەنگییەکان لە ژێر ناوی فیلم لە بازاڕان هەڕاج دەکەن - دێ و بەرهەمەکەی وە ئاسانیی دەکاتە فیلمەک و ناوبانگەکی گەورەی پێ پەیدا دەکا هاوکات چەردەیەک پارەش - جا چ لە دەستهاتی فیلمەکە چ لە رێی بودجەی دزراوی میللەت و دامودەزگە گەندەڵەکانی دەسەڵاتدارانەوە بی - وەدەستدەخا و چیڕۆکنووس یان رۆمانووسەکەش ناوی لە کوولەکەی تەڕیش نایێ و کەس وە کارەکانی نازانی! گورانیبێژەکیش وە هەمان ئاستەکانی ئەو دەرهێنەرەی کە ئاماژەمان پێی دا تەنێ لەبەرئەوەی وە شێوەیەکی سروشتیی دەنگەکی خۆش و لەباری هەیە و جوانیی جەستە و جوولەکانیشی رووی ئەوەیان هەیە دەربکەون- وە تایبەتییش ئەگەر ژن بی و جوان بی و بتوانی لەشولاری خۆی هەڕاج بکا - دێ و وە ئاسانیی دەتوانی مۆسیقایەکی پڕ لە داهینان لە بن دەستی مۆسیقاڕەک - کە خوون و خیزاوی خۆی پێوە خواردیتەوە تا ئافەریدەی کردیە - دەربهینی و کلیپەکی پێ دەربکا و وە هەمان شێوەش ناوبانگ و پارەیەکیشی پێ پەیدا بکا و مۆسیقاڕەکەش بێ ئەوەی هیچ تشتەک لە پای بەرهەمەکەی بچنتەوە ناوەکەی لە ماوەی چەند چرکەیەک برووسکە ئاسا لەسەر شاشە دەردەکەوی و بزر دەبی! خۆ ئەگەر هۆنراوەی هۆنەرەکیشی وەکاربردبی ئەوە هۆنەرەکەش لە پاش ئەو هەموو شەونخوونیی و رۆچوون و هەڵقرچان و ژانوژووەی - کە رەنگە هیچی لە ژانوژووی زانی ژنەک کەمتر نەبی - تا هۆنراوەکەی پێدەگا وە هەمان دەردی مۆسیقاڕەکە دەچی!

 

کۆتایی تەمووزی ٢٠١٥ - لەندەن
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک