په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٠\٢٠١٨

جوانترین راژە!


جەلال قادر     


لەسەر خۆ تاکسییەکەم لێدەخووڕی... لەبەردەم پارکێک ژن و مێردێکی پیروپەککەوتەم بینی ، لەسەر کورسییەک دانیشتبوون و بە شادییەوە سەیری کۆمەڵی منداڵیان دەکرد کە لەناو پارکەکە جۆلانێیان دەکرد!
لە دلێ خۆم وتم: لە کۆتاییدا دەبێت ژیان بە سادەیی وەرگرین...بۆچی دڵی یەکتر بشکێنین.
لەو ئەندێشە و بیرکردنەوانەدا بووم. ژن و مێردێکیتر کە تەمەنیان نزیک پەنجا ساڵێک دەبوو. دەستیان بۆ بەرزکردمەوە.
کاتێ ماشێنەکەم وەستان...پیاوەکە بەتەنیشتمەوە دانیشت. ژنەکەش لە دواوە دانیشت.


پێم بە بەنزین ناو وتم : بۆ کوێ؟
پیاوەکە وتی:  شەقامی پێنج لە (گلیب)!
ژنەکە وتی: وا باشترە من دابەزم.
پیاوەکە ئاوڕێکی دواوەی دا و وتی : چیبوە دیسان؟
- چیبووە...تۆ لەمن دەپرسیت...بۆ لە پێشەوە دانشتووی؟ بۆ نەهاتی بە تەنیشتمەوە دانیشی.
+ بمبوورە... حەزدەکەیەت تاکسییەکە رادەگرم و دێمە دواوە.
- نەخێر نامەوێت بێیتە تەنیشتم دانیشت... دەبوایە یەکەمین جار ئەو کارەت بکردایە...نازانم بۆ پیاوان درەنگ بیردەکەنەوە.


لە شەقامی یەکەم کە تێپەڕین کچێکی شۆخ و جوانمان بینی لەگەل سەگەکەی ڕێی دەکرد.


لە ناکاو ژنەکە دەستی خستە سەرشانی مێردەکەی و وتی : ئەوە چاوت ژانی نەکرد... ژنت نەبینیوە؟
+ من سەیری سەگەکەم کرد..
- بەلێ .. بەڵێ.. چەند جوانش قایش و کەمەرت بەستووە...ئەی بۆ بە منت نەوت قایش ببەستم.
+ خۆ تۆ منداڵ نیت تا پێت بلێم خۆت ببەستیتەوە.
- تۆ هەمیشە بیر لەخۆت دەکەیتەوە...لەنان خواردن وگەڕان و سەیران..
+ ئێستا تۆ چیت لەمن دەوێت؟
- من چیم لەتۆ دەوێت؟ تۆ خۆت چیت لەمن دەوێت...هەرکات دەلێم ئەوە مەکە دەیکەی...
لەم کاتە هەستمکرد شەڕو دەمەقالێکەیان بێ واتایە و خەریکە گەرمتر دەبێت. بۆ هێورکردنەوەیان، وتم : ژیان ئەوە ناهێنیت دڵ یەکتر بشکێنن...
کەسەکەی تەنیشتم بە تووڕەییەوە ڕووی دەمی لەمن کرد و وتی : تۆ بۆت نییە قسە بکەیت!.
پێکەنیم و وتم : بە خوا ئەمەش لەوەیتر بێ هۆشترە...


کە گەیشتمە بەردەم ماڵیان کرێیەکەیان داو خێرا دابەزین و لە ئاوێنەی ماشێنەکەوە بینیم ژنەکە چەند هەنگاوێک لەپێش پیاوەکەوە ڕێیدەکرد و بۆڵەبۆلی بوو.
ئەم دووەیان بێزاریان کردم.. لە داخان بەرەو شەقامی (کۆلینەید ) بەدەم کەناڵەکەوە ڕۆیشتم... تا سەیری دیمەنی جوانی پارک و جۆگەلە و رووبار بکەم.
لە پشتی زانکۆی ( کارڵتۆن) کچ و کوڕێکی لاوی جوان دەست لەناو دەست ...هێمایان بۆ کردم.. چرای چوارییەکەم داگیرساند و راوەستام. هەردووکیان لە پشتەوە دانیشتن.
لە ناو پارچە کاغەزێک ناونیشانی موتێڵێکی لەسەر بوو دایانە دەستم.
لە پاشان کەوتنە ماچکردنی یەکتر و گاڵتە وگەپ و پێکەنین.
ئینجا کچەکە خۆی هەڵدایە باوەشی کوڕەکە، کوڕەکەش دەستی بە قژیا دەهێنا و ناوناوە ماچی دەکرد.
شادمان بووم بەم دوو کەسە جوانە، بەلام لە خۆشم دەپرسی: ئەگەر لەوە پتر لەیەکتر بئاڵێن بە پێی یاسا بۆم هەیە ڕێگەیان لێبگرم.
لەم بیرکردنەوەیەدا بووم... گوێم لە هەناسەکانیان بوو... ئاوڕمدایەوە بینیم گەنجەکە بەسەر کچەکەوەیە.
لەترسی ئەوەی مۆڵەتی شوفێرییەکەم لەدەست نەدەم و جوانترین راژەیان پێشکەش بکەم.. پێم بە بەنزین نا و.. تا گەیشتمە بەردەم موتێڵەکە ئاوڕی دوای خۆم نەدایەوە!

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک