په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١١

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بەڕێوەدەچێ.

 

مه‌نسوور جیهانی


چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی دیسێمبەری ٢٠١١ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێ.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی، چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە سەرپەرەستی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی و بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی کورد و بیانی و لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا، لەوانە: "فیلمی درێژ"، "فیلمی کورت"، "فیلمی دیکیۆمیێنت"، "فیلمی منداڵان"، "فیلمی ئەنیمەیشن" لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٨ی دیسێمبەری ٢٠١١ لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە دوایین مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فیلمەکان رۆژی ٢٢/١١/٢٠١١ دیاری کراوە.


چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی کاتژمێر ٣ دوانیوەڕۆی رۆژی پێنجشەمە ٢٢ی دیسێمبەر سەرەتا بە نمایشی فیلمێکی سینەمایی کوردی لە تەلاری ھونەر لە ھۆڵی رۆشنبیری شاری سلێمانی دەستپێدەکات و لە ڕۆژانی دواتردا بەشەکانی فێستیڤاڵ، پێشبڕکێی و نمایشی فیلمەکان بەڕێوەدەچن و پاشان رۆژی چوارشەمە ٢٨/١٢/٢٠١١ کە ڕۆژی سینەمای جیھانییە، مەراسیمی دابەشکردنی خەڵات و کۆتایی فیستیڤاڵ دەبێ.


لە رۆژانی فێستیڤاڵدا لە پەراوێزی چوارەمین فێستیڤاڵی سلێمانی فیلمی کوردی بەشی (پەنجەرەیەک رو بەسینەمای جیھان ) بەڕێدەخرێت کە چەند فیلمێکی جیھانی بەسابتایتڵی کوردی نمایش دەکرێن کە ھەوڵێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی فیلمسازی لە نێوان فیلمسازانی کوردستان و دەرەوەی کوردستاندا.


خەڵاتی فیستیڤاڵ بریتی دەبێت لە ئاسکی زێرین و بڕێک پارەی دیاریکراو بۆ بوارەکانی کارە سەرکەوتووەکان. "ئاسکی زێڕین" خەڵاتی پێشبڕکێی فیستیڤاڵ وەکوو سمبولێک وەرگیراوە لە "کانی ئاسکانی" شاری سلێمانی و لۆگۆی شارەوانی سلێمانیە، ئاسک نمونەی گیانلەبەرێکی نەرمونیان و پڕجوڵەیە و خەڵاتی زۆربەی فیستیڤاڵەکانی دنیایش گیانلەبەرێکی زیندوە و ئەمەش بەومانایەیە کە ھونەری حەوتەمیش (سینەما) ھونەری وێنە جوڵاوەکان و زیندوێتی ژیانە.


خەڵاتەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بۆ بەشەکانی پێشبرکێی، ئاسکی زێرین لەگەڵ بڕێک پارە بۆ ھەر یەکێک لە بوارە جۆراوجۆرەکانە، لەوانە:


بەشی پێشبڕکێی فیلمی درێژ:
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنان
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی لێژنەی داوەران

بەشی پێشبڕکێی فیلمی کورت:

ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ
ـ خەڵاتی باشترین دەرھێنەر
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کچ
ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی کوڕ
ـ خەڵاتی باشترین وێنە گرتن (بەڕێوەبەری وێنەگرتن)
ـ خەڵاتی باشترین مۆنتاژ
ـ خەڵاتی باشترین دەنگ
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی پەسەندکراوی لێژنەی داوەرانی فیستیڤاڵ
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی دیکیۆمێنتەری و خەڵاتی باشترین فیلمی تایبەت بە منداڵان.

خەڵاتی تەمەنێکی ھونەری:

ئەم خەڵاتە دوای راپرسی بە ھونەرمەندان دەبەخشرێت بە ٥ پێنج ھونەرمەندی کوردستان کە تەمەنێکی ھونەری جوان و ئەزموونێکی بەردەوامیان ھەیە لە بواری فیلمسازی کوردی و دراما تەلەفزیۆنیە کوردییەکاندا.


پەیڕه‌و و پرۆگرامی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی.


فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی تایبەت بە نمایش کردن و ھەڵسەنگاندنی فیلمی کوردی دەبێت، بە پێی ئەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە بەڕێوەدەچێ:


ـ فیلمەکان بە سیستم و فۆرماتی HDcam، DVcam و35mm وەردەگیرێ.
ـ فیستیڤاڵ فیلمی درێژ، فیلمی کورت، فیلمی دیکیۆمێنت، فیلمی منداڵان و فیلمی ئەنیمەیشن وەردەگرێ.
ـ کاتی کورتە فیلمەکان نابێت لە (٥) خولەک کەمتر و لە ٣٠ خولەک زیاتر بێت.
ـ فیلمە بەشداربووەکان لە لایەن لێژنەی بەرایی و پەسەندکردنەوە بۆ ئەم ئاستانەی خوارەوە جیادەکرێنەوە:
١ـ پەسەند کردن بۆ بەشی پێشبڕکێی (خەڵات).
٢ـ پەسەند کردن تەنھا بۆ بەشی نمایش. . . (ئەم بەشـە بەشـی پەرواێزی فێستیڤاڵ نییە بەڵکو بەشێکی فەرمی نێو فێستیڤاڵەکەیە)
٣ـ پەسەند نەکردندن و وەلانان (رەتکردنەوە).
ـ ئەو فیلمانەی کە دەنێردرێن بۆ ئەم فیستیڤاڵەکەمان لەھەر بەشێکی فیستیڤاڵ پەسەند بکرێن (بەشی نمایش و بەشی پێشبرکێی و نمایش نەکردن) لە فیستیڤاڵ، بەرھەمھێنەرانیان و دەرھێنەریان ناتوانن فیلمەکە لە فیستیڤاڵ وەربگرنەوە.
ـ ئەو فیلمانەی دەنێردرێن بۆ فیستیڤاڵ نابێت لە فیستیڤاڵەکانی ناو شاری سلێمانی، کەناڵە ئاسمانی و ناوخۆییە تەلەفیزیۆنیەکانی ھەرێمی کوردستان نمایش کرابن.
ـ ئەو فیلمانەی دەنێردرێن بۆ فیستیڤاڵ دەبێت ساڵی بەرھەمھێنان لەسەر تایتێڵ نووسرابێت و بەرھەمی ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١١ بن، ئەم بڕگەیە فْیلمەکانی بەشی (پەنجەرەیەک رو بە سینەمای جیھان) ناگڕێتەوە.
ـ دەرھێنەران دەتوانن تەنھا بە دوو کاری فیلمسازی بەشداری لە فیستیڤاڵدا بکەن.
ـ ئەو فیلمە کوردیانەی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھاتوون، فیستیڤاڵ پێشوازیان لێدەکات و سەرجەم قۆناغەکان دەبڕێت لەگەڵ فیلمەکانی ناو ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی بە دوو کۆپی وەردەگیرێت.

ناردنی فیلمەکان لە ناو ھەرێمی کوردستان، دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بۆ فیستیڤاڵ لە ڕێگەی نوێنەرەکانەوە دەبێت:

ـ دوو کۆپی (کاسێتی Dvcam و دووDVD )
ـ چەند وێنەیەکی فۆتۆگرافی فیلمەکە بە کوالیتی بەرز و پۆستەری تایبەت بە کارەکە بە شێوەی (PDF) لەسەر سی دی CD.
ـ بیوگرافی دەرھێنەر لەگەل وێنەی فۆتۆی دەرھێنەر
ـ ھەر فیلمێک ئەم پێداویستیانەی لەگەڵ نەبێت رەتدەکرێتەوە
ـ خەڵات دەدرێت بە خودی کەسی پێبەخشراو بۆ ھەر بوارێک کە لە بەشی پێشبڕکی ئاماژەی پێدراوە.

ئەو سینەماکارانە و ھەروەھا ئەو بەرھەمھێنەرانەی کە بەتەمان فیلمەکانیان بۆ بەشداری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی رەوانە بکەن، دەبێت فۆڕمی بەشداری لەم فیستیڤاڵە لە نوێنەرایەتییەکانی فیستیڤاڵ لە شارە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا وڵاتانی ئێران، سویدٌ و ئەڵمانیا وەربگرن، کە ناو و ژمارە تەلەفوونی ئەو نوێنەرانە لە خوارەوە ھاتووە:

نوێنەرایەتییەکانی فیستیڤاڵ:
ـ سلێمانی ... بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی (گەڕەکی بەختیاری ـ کۆڵانی بەرامبەر مەکتەب سیاسی .. ی . ن . ک) بەرامبەر (پەیمانگەی ئیڤرێست) فیلمەکان وەردەگیرێت لای ھۆبەی پلان و بەدواداچون.
ـ نوێنەری فیستیڤاڵ لە شاری ھەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەری سینەما (گەڕەکی ئیسکان ـ بەرامبەر دەزگای شەھید)
بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای ھەولێر (گەڕەکی برایەتی ـ بەرامبەر سەندیکای کرێکارانی کوردستان) بەڕێز (شاخەوان ئیدریس).
ـ نوێنەری فێستیڤاڵ لە شاری دھۆک (بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای دھۆک) دەبێت لای بەڕێز ڤیان مائی.
ـ نوێنەری فێستیڤاڵ لە شاری کەرکوک (بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری کەرکوک) لە گەڕەکی شۆریجە لای بەڕێز محەمەد سەید.
ـ نوێنەری فێستیڤاڵ لە کوردستانی ئێران لە شاری سنە بەڕێزان (ستار چەمەنی گوڵ) و خاتوو (ویدا ساڵحی) لە (کۆمپانیای سینەمایی ستاک فیلم سنندج) دەبن بە ژمارە تەلەفۆنی (٠٠٩٨٩١٨٨٧٠٩٢٣٧) و بە ئیمەیلی: info@setakfilm.com
ـ نوێنەری فیستیڤاڵ لە سوید: بەڕێز (میران کامەلا) دەبێت.
ـ نوێنەری فیستیڤاڵ لە ئەڵمانیا: بەڕێز (مستەفا گوندوک) دەبێت.

سینەماکاران و بەرھەمھێنەرانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ دەتوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەڕێوەچوونی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بە ژمارە تەلەفونی ٧٧٠٢٤٨٦٦١٧(٠)٠٠٩٦٤ پەیوەندی بکەن بە بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ لە ھەرێمی کوردستان یان ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانی ( ٠٥٣٣١٨٨٩٤١ ) یان پەیوەندی بکرێت بە وێبسایتی www.sulicinema.com


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک