په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠٢١

  چوارینەکانی شاعیری پورتوگالی فێرناندۆ پێسووا.*

 

 

 

 

 فێرناندۆ پێسووا**

و: نەژاد عەزیز سورمێ

١
وەک چەند قایەخێک بەسەر دەریاوەیە
سترانی پورتووگالییان
لە ڕۆحێکەوە بۆ ئەویدی دەچێ.
بەرەنگاری نقووم بوون دەبنەوە.

٢
مروارییەکانی ئەم گەردانەیەم داڕشتن
پێشکێشی تۆی بکەم
مروارییەکان دڵی منن
دەزوویەکەیش خەمەکانمە.

٣
خاک ‌بێ گیانە
شتێکی دی بێجگە لە دڵ ناژی
زەوی ساردوسڕ دەتخوولێنێتەوە
نەک سۆزی من.

٤
بۆ ساتۆکەیەک لێمگەڕێ
بڕوام بەوە بێ تۆ ھێشتا لێم نزیکی
خەمبارە ئەوەی پێی وایە
پێویستی بەوەیە خۆی خۆی ھەڵخەڵەتێنێ.

٥
بە مردووی لە تەکتدا دەمێنمەوە
بێ ئەوەی شتێ بزانم، یا ھەست بە شتێ بکەم
ئەوە بەسە
تا مەرگ چاکەی بەسەرمانەوە بێ.

٦
نازانم داخۆ ڕۆح لەو دیو سرووشتدا دەمێنێ
ئەگەر مردم مردم، یا ئارەزووی مەرگم کرد
ئەگەر زیندوو بام، ئارەزووم دەکرد بتبینم
چونکە بە مردن نەبێ ناتوانم لەبیرت بکەم.

٧
بەڵێ ، کەشی دوێنێ بەدتر بوو
بەبەر دەرگەی تۆشدا ڕابرد
گوێی لێ بگرە : ھەناسەیەکی پێیە
باش دەزانی کێ بۆی ناردی.

٨
دڵی خۆمم پێ دای
سەیری چۆنت ڕەفتار لەگەڵ کرد
تا ئێستا بۆت نەگەڕاندوومەتەوە
لەوانەیە لەبەر ئەوەی تێکشکابێ.

٩
ئەو قووتوویەی سەرپۆشی نییە
ھەمیشە کراوەیە
تەنێ بزەیەکتم پێ بدە
ھیوا بۆ چیدی ناخوازم.

١٠
دوو سەعاتانت چاوەڕێ بووم
دوو ساڵانیشت چاوەڕێ دەکەم
چیتر چاوەڕێ بم؟ وا دێتە بەر چاو نەیەی
چوون ڕۆژ ھێشتا پڕشنگان دەدا؟

١١
بە درێژایی شەوێ گوێم لە ئاوێ بوو لە ئەستێرکێ
دڵۆپ دڵۆپ دێتە خوار
بە درێژایی شەوێ ، لە ڕۆحمدا بیستم:
تۆ ناتوانی خۆشت بوێم.

١٢
ڕۆژ ڕۆژە و شەو شەو
ھەرگیز نانووم
چونکە بە ڕۆژێ ناتبینم و
شەویش بیر لە تۆ دەکەمەوە.

١٣
گوڵێت لە دەست گرتووە
لە بێئاگاییدا چنیوتە
بەڵام وا دیارە دڵمت
بە ئاگادارییەوە.


١٤
چاوەکانت خەمبار، وێڵ
پشتیان بە ھیچ شتێکەوە نەداوە
ئای خۆشەویستم، خۆشەویستم
بریا لانی کەم من ئەو ھیچ شتە بام.

١٥
شەو دوای ڕۆژ دێ
ڕۆژ دوای شەو
پاش سۆزیش
ئەو سۆزە دێ ستەممان لێ دەکا.

١٦
داخۆ ئەوەندە دەھێنێ سەنگین بم؟
نازانم گەر ئەو ھەموو ھیلاکییە بھێنێ
چاکتر وایە بە خامۆشی بمێنمەوە
لەوەی تەماشای سیمایەکی دڵنیا بکەم.

١٧
سۆلێکت لە پێیە
بنیان لە زەوی دەکوتن
مردن بۆ من خۆشترە
لەوەی یەک چرکە لە بیستنیان بوەستم.

١٨
سەرت دەسوڕێنیەوە پرسیار بکەی
گوارەکانت وەک دوو پەڕەسێلکەی وەڕس
کە ھێشتا فڕین نازانن
دەست بە سەما دەکەن.

١٩
گوڵێکت بە دەستەوەیە
نازانم دەمدەیتێ یان نا.
بەڵام ئەو گوڵانەی سەر ڕووت
‌ئەوا دەزانی چۆنیان بپارێزی.

٢٠
ئای خانمە کەژاڵەکەم
ئەی کەژاڵە گەنجەکە
بەوە بڵێ کە لێرەوە دەتبینێ
‌ تۆ ھێشتا زۆر بچووکی.

٢١
پەرتووکێکت ھەیە نایخوێنیتەوە
گوڵێکت ھەیە پەلک پەلکی دەکەی
دڵێکت بە پێیەکانتەوەیە
ھەرگیز چاوی لێ ناکەی.

٢٢
شتێکت قەت نەوتووە خۆشت ویستووە
ئەگەر من پێم نەگوتبی
دەزانم پێشبینی ئەوەت کردووە
لێ نازانم بیرت لەچی دەکردەوە.

٢٣
گوڵێکم ھەبوو بیکەمە دیاری
بۆ ئەوەی جەسارەتی ئەوەم نەبوو پێی بڵێم:
پێم خۆشە قسەی لەگەڵ بکەم
ھەر ئێستا گوڵەکە سیس بوو.

٢٤
کە ئاوڕ دەدەیەوە
باوەڕ ناکەم بۆ من بێ
بەڵام تۆ تەماشا دەکەی، تەماشا دەکەی
ئەمەشیان باشترە.

٢٥
ھەموو ڕۆژێ
بیر لەو بزاوتە ئازایانە دەکەمەوە:
ملپێچی فەرامۆشکراو
لە نزیک ئێرەدا ھەڵدەگرییەوە.

٢٦
گوێم لێتە ڕۆژان گۆرانی دەڵێی
شەوانیش گوێم لێتە گۆرانی دەڵێی
داخ لە من، ئەگەر ‌ لە خۆشیان بێ
داخ لە من، ئەگەر لە خەمان بێ.

٢٧
ڕیحانە کێویلەی دەکڕدرێ
باشتر نییە لەوەی دەیدزین
لە ڕیحانە کێویلە گەڕێ
دڵتم بدێ.

٢٨
ئەو گوڵەی دەڕندرێ
زۆر ناژی
کەس سەیری تۆ ناکا
کەس نایەوێ بتڕنێ.

٢٩
ئەی ئەو پەڕەسێلکەیەی تێدەپەڕی
کێ چاوەڕوانتە؟
تەنیایە ئەوەی دەتبینێ تێدەپەڕی
متمانەی بە سبەی نوێ دەکاتەوە.

٣٠
شانەیەکی ئیسپانیاییت
بۆ قژە پورتوگالیایەکەت ھەیە
کاتێ خۆریش دەتپێچێتەوە
دەچیتە ئەو بارەی خوا خەڵقی کردووی.

٣١
دوو جارانم تکا لێ کردی
ئەمەم دوو جاران زانی
دوا جار وەڵامی ئەوەت دامەوە
‌ لێم نەپرسیبووی.

٣٢
کە بە دڵنیاییەوە دەئاخڤێی
نازانم بیر لە چی دەکەیەوە
ڕەنگە بەو ڕیسواکردنانە بێ
بە بێدەنگیت دروستی دەکەی.

٣٣
نەورەسەکان دووبارە و دووبارە
لە ڕووبارەوە بەرەو دەریا دەفڕن
بێ ئەوەی مەبەستت بێ، ئەفسووناوی دەردەکەوی
چوون ئەوەندە پێویست نییە بفڕی.

٣٤
لە گۆزەیەکی گڵین
ئاوێکی سازگارتر دەخۆینەوە
خەمگین، نانوێ
بێدار دەبێ تا بە شادیێ ڕادەگا.

٣٥
چەند ڕاستییەک ھەن دەگوترێن
ھەندێکیش کەس نایانڵێ
شتێکم ھەیە پێتی دەڵێم
بەڵام ونم کرد.

٣٦
ھەورێک لە ئاسمانە
بە ھەموو ئەوانە دەچێ خۆشمان دەوێن
گەر تۆ لانی کەم ئەوەم بدەیتێ
ئەوەی پێدانی ، بەربەستی تێ ناکەوێ.

٣٧
ئەو ھەورەی تیدەپەڕێ
بەرز دەڕوا
بیری منیش دیلی ئومێدەکانتە بەرز دەڕوا
وەک ھەور کە دیلی بایە.

٣٨
مەریەم، کە بانگت دەکەم وەرە ئێرە
مەریەم بڵێ کە تۆ ناتوانی بێی
ئا بەو شێوەیە
دەتوانم بتبینم.

٣٩
مۆمێکم لەبەر ئەو سۆزەی
خوداوەند پێی دای داگیرسان
شەو بەسەر گوند و
ئاسمانانیشدا نەما.

٤٠
پەرتووکێکی بچکۆلەم پێیە
کە تۆم لەبیر دەچێتەوە لێی دەنووسم
پەرتووکێکی بەرگ ڕەشە
ھێشتا وشەیەکم تیا نەنووسیوە.

٤١
ھەندێ جار ژیان چەند شتێکی کەمە
خۆشەویستی، ژیانێکە ھەڵیدەگرین
بە ھەردوو لایا‌ندا بڕوانە
کەس نایێ لەگەڵم بئاخڤێ.

٤٢
بە ئاسپایی، بە ئاسپایی بۆشایی دەگوزەرێ
یاخی دەبێ تاکو بنوێ
بە کورتی، بۆشایی دەگوزەرێ،
بە کورتی فێری لەبیرکردنمان دەکا.

٤٣
ئەی ھەوری بڵیند، ئەی ھەور
بۆچی ئەوەندە دوور دەڕۆی؟
ئەگەر تۆ خێوی خۆشەویستی کە من نیمە
کەمێک دابەزە، کەمێک.


٤٤
ئەو ھەورەی بە ئاسماندا تێدەپەڕێ
لەوەی دەپرسێ کە چ پرسیاران ناکا
گەر بە سوود بێ بڵێین بیدەین بە کێ؟
(ئەوەی داومە، نایدەم بە تۆ).

٤٥
ئەی جۆێباری بچووک ، جۆێباری بچووک
ئەوەی ئاسان ڕا دەکا
بە تەنیا ڕادەکەی
وەکو من، ئەی جۆگەی بچووک

٤٦
لە کۆتاییدا
ئاخاوتنە درۆینەکانت
بەختەوەرم ناکەن
لێ بەختەوری لە مندا ئەوەیە قسە بکەی.

٤٧
بۆم بخەندە، خەندەی یەکشەمموان
تا دووشەمم بەبیرم بێتەوە
تۆ دەزانی ‌ من ھەمیشە لە پشتتەوەم
زۆر پێویست نییە بڕۆی.

٤٨
جلی جوان دەپۆشم
پێڵاوەکانم لە پێ دەکەم
دەچمە ناو خەڵکی
تا بە دوای ئەوەدا بگەڕێم نایدۆزمەوە.

٤٩
لە پشت چیا کەسکەکانەوە دێ
برووسکە کە من ‌ نایبیسم
زایەڵەیەکی جوان، بزر
کە دەیدوێنێ .

٥٠
مسکێن، دڵی بچکۆلانەیە
بە تین و تاوەوە کار دەکا
ڕۆژێ دەگری و
ئێوارانیش واوەیلا. ‌
____________________________________________
* ئەم ٥٠ چوارینەیە لە ماڵپەڕی (القێیدە کوم) کراون بە کوردی, بڕوانە: www.alqasidah.com/epoem.php?ie=2630

** فێرناندۆ پێسووا: شاعیری ناسراوی پورتوگالیایی، کە لە ھەمان کاتیشدا نووسەر و ڕەخنەگر و وەرگێڕ و فەیلەسووفیش بووە. ١٣\٦\١٨٨٨ لە شاری لەشبوون لە دایک بووە، پێنج ساڵان بووە کە باوکی مردووە، پاشان بە خێزانەوە دەچنە باشووری ئەفریقا، لەوێ لە قوتابخانەیەکی ئینگلیزی دەخوێنێ. لە ١٣ ساڵیدا دەگەڕێتەوە پورتوگال، ماوەیەک لە زانکۆی لەشبونە دەخوێنێ. ساڵی ١٩١٤ یەکەمین قەسیدەی بڵاو دەکاتەوە. ٣٠\١١\١٩٣٥ بە نەخۆشیی کۆچی دوای دەکا. پێسووا نزیکەی ٢٥٠٠٠ ڕەشنووسی لە دوای خۆی بەجێھێشتووە لە شیعر و فەلسەفە و ڕەخنە و وەرگێڕان و شانۆیی و لە پەرتووکخانەی نیشتمانی لەشبونە بە ناوی ئارشیڤی پێسووا پارێزراون. ھەندێ لەو ڕەشنووسانە لێیان بڵاوکراوەتەوە، لەوانە:
پەرتووکی نادڵنیایی. سروودەکانی ڕیکاردۆ دو ڕییس. دەرگا و چیرۆکی تر. قەسیدەکانی ئالبارۆ دی کامبۆس. شوانی مێگەل و قەسیدەی تر. چوارینەکان و ... ھیدی.
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک