په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٣

    چوار کورتە شیعر.

نارین محەمەدی

١
کەسێک هەیە دەست بخانە ناو قژی غوربەت و
نەوازشی لەشی رەشبینیی کۆچ بکا؟
کەس هەیە پرچی ئەم دوورییە بکاتە پەلکە و
گسکێک بخاتە ناو بێ سەرئەنجامیی چیڕۆکەکانی ئەم کۆڵانە؟
کەسێک هەیە گێژبوونی چاوەکانی تۆشم بۆ بگێڕێتەوە
بێ ئەوەی گیاندانی پێلۆەکانت سانسۆر بکا؟

٢
هەستە!
ژیان لەوانەیە بەشی نیگایەکیشم نەکا
بۆ ئەوەی بزەیەک بۆ چرچەکانی ژێر چاوت لێ بدەم!
هەستە!
مەگەر بەشی ئێمە لەم گۆڕەپانە چەنە
کە نەتوانین ماچێک بۆ سەماکردن بهێنینە دونیا؟

٣
با بڕۆین
تۆ بڵێی هەر هیچ سووچێک نەبێ
تا بیرەوەرییە بڤەکانمان قاچی تیا راکێشن و
دڵ تەنگییەکانمان هەست بە دوورییەکی تەواو بکەن!
دووریی!؟
ئا، دووریی
دووریی لە سەرزەنشتکردنی هەتاو
دووریی لە تووڕەیی پیاویکی کڵۆڵ.. لە ژنێکی چەرمەسەر
دووریی لەم شەقامە ترسەنۆکانە
دووریی لەم سپێدانەی بە ئایەتی مەرگەوە گرێیان خواردوە.
 

٤
  ئەم ژنە بێ شەرمە.

لە هیچ باوەشێکدا جێم نابێتەوە
پڕم لە تاسە
پڕم لە بێ شەرمیی
پڕم لە هەناسە و شەهوەتی هەموو ژنانی ئەم شارە.

 

ماڵپەڕی نارین محەمەدی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک