٢٤\٧\٢٠١٧
چوار قۆناغ لە
دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤارێک بە ناوی (ھەولێر).

ئاری محەمەد سابیر
ڕۆژنامە و گۆڤارێک لە ساڵانی (١٩٥٠ تا ١٩٥٣ ) لە ( ١٩٧٠ تا ١٩٧٢ ) لە
(١٩٩٩ تا ٢٠٠٦)، لە (٢٠٠٦ تاکو ئێستا) بەردەوامە، لەم چوار قۆناغە
ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ھەر بە ناوی (ھەولێر) بووە, ھەر قۆناغە و
تایبەتمەندی خۆی ھەبووە لەڕووی کارگێڕی و نووسینی بابەتەکان بەم شێوەیە:
ڕۆژنامەی ھەولێر (١٩٥٠ ـ ١٩٥٣)
قۆناغی یەکەم:
ڕۆژنامەی ھەولێر سێ ساڵ لە (١٩٥٠ تا ١٩٥٣) دەردەچوو لە ڕۆژی شەممەی
(١٦)ی کانونی یەکەمی ساڵی (١٩٥٠), دانەی بە (١٢ فلس) بوو، گۆڤارێکی
گشتی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری بوو گرینگی دەدا بە بابەتی ھەمەجۆر لە ژیانی
خەڵک, کە بابەتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ڕۆشنبیری لەخۆوە گرتبوو. ئەم
گۆڤارە بیرۆکەی کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئەو سەردەم بوو, بە ھاوکاری
شارەوانی ھەولێر ئەرکی ئەم گۆڤارەیان لە ئەستۆ بوو.. گرینگیشی دەدا بە
ڕێکلام کە ڕێکلامی بە (٢٥٠ فلس) بوو. قەبارەی گۆڤارەکەش (٤٠ × ٧٠سم)
بوو ھەرجارەی (٧٥٠) دانەی لێ چاپ دەکرا.
دەرچوونی ڕۆژنامەیەک لەو سەردەمە ھەموو لایەکی دڵخۆش کردبوو، ھەروەک
سەرنووسەری ڕۆژنامەکە لەیەک لە ژمارەکان دەلێ: چەند خۆشە لە گوێمان
ڕۆژنامەی ھەولێر ـ جریدە ڕربیل لە شەقامەکان گاز دەکرێ!.
ڕۆژنامەی ھەولێر، بانگەوازی بۆ ھەموو ڕۆشنبیر و لاوان و خوێنەران و
پارێزەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم
ڕۆژنامەیە.
خەڵک لە ناوە و دەرەوەی ھەولێر ئیشتیراکی بۆ ئەم ڕۆژنامەیە ھەبوو.
سیفەتەکانی ڕۆژنامەی ھەولێر، سیفەتێکی گەشبینانە و سەردەمیانە بوو،
ڕەخنەی قبوول بوو، داوای ڕەخنەی کردووە ھەروەک لە یەک لە ژمارەکان دەڵێ:
زۆر کەیف خۆش دەبێت بەرامبەر بە ھەموو تەنقیدێک کە بە دڵپاکی بکرێت و
لە ئینتیقاد ئیستیفادە دەکات و ئەغلاتی چاک دەکاتەوە.
پاش ئەوەی ڕۆژنامەکە پآ دەنێتە ساڵی سێیەم مقۆ مقۆ ھەبوو کە ڕۆژنامەکە
دابخرێت.. بەڵام بەھەوڵی مامۆستایانی قۆتابخانەکانی ئەو سەردەم و ھەوڵی
ڕۆشنبیرانی ھەولێر دانەخرا, لەمبارەوە (ابراھیم ھۆشیار) شیعرێکی خۆش
بڵاو دەکاتەوە:
لەسەر چەرخی فەلەک ڕۆژآ بە نوکی خامە نووسرابوو
کەوا ڕۆژنامەی ھەولێر نەما لەم شارە ئاوا بوو
.. یان وەکو ئەم دوو دێڕەش
دەسا ئێوەش بە ھیممەت بن لەھەرلا حورمەتی بگرن
ھەتاکو پێشکەوێ ھەولێر، نەڵێن شارێکی ساوابوو
بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژنامەی ھەولێر بەم شێوەیە بوو:
شێوەی دەرەوەی ڕۆژنامەکە نازانین!
سەرنووسەر (عیزەدین فەیزی) خەڵکی ھەولێر بوو.
مدیر مەسئول (جەمیل ڕەشید) سەرۆکی شارەوانی خەڵکی موسڵ بوو.
دەستەی نووسەران (عەبدولمەجید حەسەن), خەڵکی موسڵ بوو و زاوای
ھەولێریان, لەگەڵ (عیزەدین فەیزی, ئەستێر سەعید) کە خەڵکی ھەولێر.
بە عەرەبی و بە کوردی بابەتەکانی دەنووسرا و چاپ دەکرا.
نموونە:
ئامانجی ئەدەبیات ـ (گیو موکوریانی).
المرڕە والمجتمع ـ (عەبدولمەجید حەسەن).
دانەی بە (١٢ فلس) بوو, لە چاپخانەی (کوردستان) بەشە کوردیەکەی چاپ
دەکرا، بەشە عەرەبیەکەی لە چاپخانەی (ام الربیعین) لە موسل چاپ دەکرا،
دوایی لە ژمارە (٤) تا دوا ژمارە لە چاپخانەی (ام الربیعین) چاپ دەکرا,
کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی گۆڤارەکەیان
دەکرد. وشەی عەرەبیش بەکاردەھێنرا وەک (اعلان ـ ئینتیقاد ـ حوڕ ـ محامی
ـ حساب ـ وەسل ـ موحافز ـ تەسجیل).
لەو ڕۆژنامەیەشدا شیعریش بڵاو دەکرایەوە، وەکو شیعری شاعیرانی وەک (خادم
ـ بورھان جاھید ـ کەریم شارەزا ـ کەریم زەکی ھەناری).
نووسەرانی ڕۆژنامەی ھەولێر، ئەمانە بوون:-
(ئیبراھیم باڵدار ـ زەکی ھەناری ـ خالید دلێر ـ مارف خەزنەدار ـ جەمیل
ڕۆژبەیانی ـ شاکر فەتاح ـ بورھان جاھید ـ عەبدوڵڵا گۆران ـ ڕەشاد موفتی
ـ نوری علی ئەمین ـ مستەفا نەریمان ـ جەلال جۆبار ـ جەمال خەزنەدار ـ
پیرباڵ مەحمود). واتە نووسەرانی دەرەوەی شاری ھەولێریش بەشداری ئەو
ڕۆژنامەیان کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە بە نووسراو و بڵاوکراوەکان و بابەتە گشتیەکانی دیارە
زیاتر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگابووە لەو سەردەمە, چونکە نووسەرانی
گۆڤارەکە خۆیان داوای ڕەخنەیان کردووە, گەر ھەر عەیبێکیان ھەبوو
ئاگاداریان بکەنەوە.
ئەوەی باسی دەکرێ و دەزانرآ زیاتر لە (١٠٠) ژمارەی لێ چاپ کراوە،
زۆربەی ژمارەکانیش لای کەسێکە کە خەڵکی ھەولێرە.
گۆڤاری ھەولێر (١٩٧٠ ـ ١٩٧٢)
قۆناغی دووەم:
گۆڤاری ھەولێر (١٩٧٠ تا ١٩٧٢) دوو ساڵ ژمارەکانی ئەم گۆڤارە دەردەچوو,
کە لەسەر ئەرکی شارەوانی ھەولێر دەردەچوو، دیارە لەسەر بەرگی گۆڤارەکە
دەنوسرا (شارەوانی ھەولێر دەری دەکات)، بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکە
نەخشێنرابوو بە وێنەی (قەڵاو منارە و بەلکە گەنم), کە لەلایەن
ھونەرمەندی شێوەکاری ئەو سەردەمی شاری ھەولێر مامۆستا (سلێمان شاکر)
دەکێشرا.
لە ساڵی (١٩٧٠ تا مایسی ١٩٧٢) سەرنوسەری گۆڤاری ھەولێر شاعیر (کاکەمەم
بۆتانی) بوو، کە مامۆستا بوو خەڵکی شەقڵاوە بوو، بە ئەسل کوردی ئێران
بوو، لەو ماوەیەشدا (٧) ژمارەی لێ دەرچوو.
شارەوانی لەو سەردەمەدا پێیباش بوو بۆ پێشکەوتنی شارەکە و ئاستی
ڕۆشنبیری شارەکە گۆڤارێکی ھەبآ، (کاکە مەم بۆتانی) خۆی زیاتر بەھرەی
شیعری ھەبوو، بۆیە ژمارەی گۆڤارەکە زیاتر ئەدەبی و دەنگوباسی شارەوانی،
کەمتر کۆمەڵایەتی بوو.
کاکەمەم بۆتانی لەیەک لە ژمارەکان دەڵێ: زۆرجار ژمارەی گۆڤارەکەم
دەبردە ناو قەیسەری ھەولێر, بۆ لای پیاوە دەوڵەمەندەکان, نەک
لەبەرئەوەی خوێندەوارن, بەڵکو لەبەر مەسڵەحەتی خۆیان چونکە دەمزانی
ئیشیان بە شارەوانی دەبآ.
گۆڤاری ھەولێر (١٩٧٠ ـ ١٩٧٢) حکومەت و شارەوانی و خەڵکی دڵسۆز و
پارەداری شارەکە پاڵپشتیان دەکرد، جگە لەوەش پڕۆژەیەکی دیکەشی ھەبوو کە
نامیلکەی (قەڵاتی ھەولێر و پڕۆژەی ڕێکخستن) بوو.
وا باسکراوە گۆڤارەکە بە نائومێدی سەری نایەوە، ئامانجی خۆی نەپێکاوە،
ھەروەک (کاکە مەم) دەڵێ: کەچی بە گشتی نەیتوانی تەنانەت بەشێک لەو
کەلێنە و ئاسۆی ژیان و کولتووری ژیانی ھەولێر پڕبکاتەوە، کە ئەوەش
بەھۆی گوآ نەدانی کاربەدەستانی شارەکە بوو.
وا دیارە نووسەرانی ئەو گۆڤارە ئامانجیان ھەبوو..
بە گشتی گۆڤاری ھەولێر (١٩٧٠ ـ ١٩٧٢) بەم شێوەیە بوو:
گۆڤاری ھەولێر (١٢) ژمارەی لێ دەرچوو.
ئەو تیراژانەی کە بەزمانی عەرەبی دەردەچوو نووسەرەکانی ئەو بەڕێزانە
بوون (نزار جەرجیس ـ تاریق شەریف ـ زوبێر بلال اسماعیل ـ سامی شۆرش),
جگە لەمانەش نووسەری ئافرەتیش ھەبوو (کوردستان موکریانی ـ گەلاوێژ
شەجیع ـ دایکی سۆران ـ جەمیلە ئبراھیم ـ سامیە چاوەشلی).
ئەو نووسەرانەی کە بە کوردی بابەتیان بڵاو دەکردەوە، کە ھەندێکیان لە
ژیان ماون و ھەندێکیشیان کۆچی دواییان کردووە، وەک (پیرباڵ مەحموود ـ
عەزیز گەردی ـ عەبدوڵڵا پەشێو ـ جەمیل رەنجبەر ـ خورشید دزەیی ـ کەریم
شارەزا ـ حەمە کەریم ھەورامی).
ژمارەی لاپەڕەکانی گۆڤارەکە ھەموو جارێک وەک یەک نەبوون (١٢٠ ـ ٩٦ ـ٧٢
ـ ٦٤) لاپەڕە بوو. بەڵام نەخشە و وێنەی بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکە جێگیر و
نەگۆڕ بوو لە ھەموو ژمارەکان.
بەڵام لەڕووی ھونەری ڕۆژنامەوانی لاوازبوو، زۆر کەم سوود لە وێنە
وەردەگیرا, بەڵام لەڕووی پیتەوە، شێوەی قەبارەی پیتەکان دەگۆڕدرێت,
لەبەرئەوەی گۆڤارەکە چاپخانەی تایبەتی بەخۆی نەبوو, بۆیە لە چاپخانەی
شارەوای کەرکوک چاپ دەکرا.
بۆ یەکەمجار لە مێژوو شیعری شاعیر وەکو (مامۆستا ھێمن ) کە زۆربەی لە
ساڵی یەکەمی گۆڤارەکە بە ناوی (مام ـ حەسەن ـ ە. ھیمن) بڵاو دەکرایەوە.
گۆڤارەکە ھەموو ژمارەیەک گۆشەی تایبەتی ھەبوو بەناوی (خاڵۆی ڕێبوار) کە
(کاکەمەم بۆتانی) دەینووسی، تایبەت بوو بە کێشەو گرفتەکانی خەڵک.
گۆڤاری ھەولێر (١٩٩٩ ـ ٢٠٠٦)
قۆناغی سێیەم:
لە ساڵی (١٩٩٩) دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ھەولێر کە گۆڤارێکی
گشتی ڕۆشنبیری بوو, ھەر لەسەر گۆڤارەکە دەنووسرا (گۆڤارێکی ڕۆشنبیری
سەربەخۆ)یە گۆڤارەکە وەرزی بوو، تایبەت بوو بە پارێزگای ھەولێر. ئەو
گۆڤارە ڕووەکانی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و ئەتنوگرافی و جوگرافی، ھەموو
بوارێک کە تایبەتبوو بە شاری ھەولێر و دەوروبەری لەخۆوە دەگرت, ئەو کەس
و لایەن و نووسەرانەی کە بابەتیان تێدا بڵاودەکردەوە خەڵکی ھەولێر بوون
و بابەتەکانیان تایبەت بوو بە ھەولێر، بە شێوەکی گشتی لەو قۆناغەیەدا (گۆڤاری
ھەولێر) بەم شێوەیە بوو:
خاوەن ئیمتیاز ـ فەڕەنسۆ ھەریری. پارێزگاری ھەولێر.
سەرنووسەر ـ فەیسەل دەباغ.
بەڕێوەبەری نووسین ـ فواد سەدیق.
ـ ئەم سآ کەسەی کە ناومان بردن خەڵکی ھەولێر بوون.
بەرگی گۆڤارەکە ـ بەرگی پێشەوە لەڕووی ڕەنگ ھەرجارەی بە وێنەی شوێنێکی
شاری ھەولێر بەڕەنگێک دەڕازێندرایەوە, بەرگی دواوەشی لەگەڵ ناوەوەی
بەرگی دواوەی بەھەمان شێوە بە وێنەیەکی شاری ھەولێر، یان ھەندێک جار
تابلۆی ھونەرمەندێک دەڕازێندرایەوە.
لە ھەموو ژمارەکان خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر گوتاریان دەنووسی بەناوی
(سەر وتار).
گۆڤارەکە زیاتر لەسەر ئەرکی پارێزگا و پارێزگاری ھەولێر چاپ دەکرا, بە
ڕێنووسی عەرەبی و زمانی کوردی بابەتەکان دەنووسرانەوە, واتە بە
دیالێکتی خواروو. لەگەڵ ھەر بابەتێکیش زۆربەی جار وێنە و بەڵگە بڵاو
دەکرایەوە، واتە وێنەدار بوو. زۆر گرینگی بە کەسایەتیە ناودارەکانی
ھەولێر دەدا, وەکو کەسایەتییە ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ـ ڕۆشنبیری..
.
لەسەر بەرگی پێشەوەی گۆڤارەکە بە گەورەیی دەنوسرا (ھەولێر) کە بە زمانی
کوردی و رێنوسی عەرەبی بوو. لە چاپخانەی رۆشنبیری لە ھەولێر چاپ دەکرا.
لە دوا لاپەڕەی ھەرجارە و چەند وێنەیەکی شاری ھەولێر و کەسایەتیە
ھەولێریەکان بڵاو دەکرایەوە. ژمارەی پەڕەکانی گۆڤارەکە ھەرجارەی زیاتر
لە (١٠٠) پەڕ دەبوو و زیاتر بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپ دەکرا, واتە
گۆڤاری ھەولێر زیاتر کۆمەڵە زانیاری و بەڵگەیی بوو، نەک بڵاوکردنەوەی
ئایدیۆلۆژیایەک یان بیر و بۆچوونێک. کۆی ژمارەکانی (گۆڤاری ھەولێر) لەو
قۆناغە زیاتر لە (٢٠) ژمارەی لێ دەرچوو. لە بەرگی دواوەی گۆڤارەکە بە
ڕێنوسی (ئینگلیزی) دەنوسرا (HAWLER).
نووسەرەکانی گۆڤاری ھەولێر، بە زۆری ھەر ئەمانەن:
* نموونەی یەک لە ژمارەکانی گۆڤارەکە:
(عەبدولخالق سەرسام ـ مەولود بێخاڵی ـ عەباس سلێمان سمایل ـ جەلال خدر
ـ عەبدوڵڵا حەداد ـ جەلال سنجاوی ـ پیرداود محموری ـ ئەکرەم مولود ـ
کەریم دەشتی ـ فەیسەل دەباغ ـ تاریق ئیبراھیم شەریف ـ چەندانی تر..)
ڕۆژنامەی ھەولێر لە (٢٠٠٦ تا ئێستا بەردەوامە)
چۆناغی چوارەم:
لە قۆناغی چوارەم وەکو (ڕۆژنامە) بەناوی (ڕۆژنامەی ھەولێر) دەردەچێ،
بەشێوەی ڕۆژنامەی قەبارەی گەورە بەڵام لاپەڕەکانی سنووردار بوو، واتە
کەم بوو تا (٨) لاپەڕە دەبوو، لاپەڕەی یەکەم بە گەورەیی لەسەرەوە
نووسرابوو ـ ھەولێر، لە تەنیشتی وێنەی (قەڵا و منارە) ھەبوو، لە
خوارەوە وێنەی کاربەدەستانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ
بڵاوکردنەوەی کار و چالاکیەکانی حکومەت. لاپەڕەکانی ناوەوەی کورتەھەواڵ
و ھەواڵی ناوخۆی ھەولێر لەڕووی کۆمەڵایەتی و کاروبارەکانی حکومەت،
لاپەڕەی کۆتاییشی گشتی و ھونەرییە.
* ئەو قۆناغەی بە دوو شێوە بوو:
شێوەی یەکەم: ئەوەی لە سەرەوە باسمانکرد، بەڵام بەڕیوەبردنی بەم شێوەیە
بوو:
خاوەن ئیمتیاز: نەوزاد ھادی. پارێزگاری ھەولێر (خەڵکی ھەولێر).
بەڕێوەبەری نووسین: تاھیر عەبدولڵا. جێگری پارێزگاری ھەولێر (خەڵکی
ھەولێر).
سەرنووسەر: فەیسەڵ دێھاتی. سەرنووسەر (خەڵکی ھەولێر).
دەرچوونی (ڕۆژنامەی ھەولێر) لەم قۆناغە بەم شێوە تا ماوەیەک بوو، چەند
ژمارەیەکی دەرچوو تاکو نزیکەی (١٠٠) ژمارە، پاشان دەستەی نووسەرانی
ڕۆژنامەی ھەولێر و شێوەی ڕۆژنامەکە گۆڕا، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
شێوەی دووەم: قەبارە و شێوەی ڕۆژنامەکە گۆڕا بۆ قەبارەیەکی بچوکتر،
نیوەی قەبارەی شێوەی یەکەم، لەسەر بەرگی ڕۆژنامەکە لەسەرەرەوە
بەشێوازێکی خەتجوانی نووسرایە (ھەولێر)، کە ڕەنگی (شین و سوور)ە, لەگەڵ
ھەولێر تێکەڵ بووە, لەخوارەوەش و ھەواڵ (مانشێتی گەورە) نووسراوە،
دوایی لە خوارەوە کورتە ھەوالڕ لەگەلڕ وێنەی ھەواڵەکە بڵاوکرایتەوە کە
دەستنیشانە بۆ ناوەوەی ڕۆژنامەکە. ڕۆژنامەی ھەولێر لەو قۆناغەی ئێستاش
ھەروا دەردەچێ کە ڕۆژنامەیەکی گشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و
تەندروستی و ھونەرییە. دەبآ ئەوەش بڵێین (ڕۆژنامەی ھەولێر) لە ساڵی
(٢٠٠٦)وە دەردەچی درێژکراوەی (ڕۆژنامەی ھەولێر)ی ساڵی ١٩٥٠یە، چونکە لە
لاپەڕەی دووەمی ڕۆژنامەکە لە خوارەوەی نووسراوە، (یەکەم ژمارەی لە ساڵی
١٩٥٠ دەرچووە، بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژنامەی ھەولێر لە ساڵی (٢٠٠٦) بەم
شێوەیە:
دەستەی نووسەران:
خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر: ئاریان فەرەج (خەڵکی سلێمانی).
بەڕێوەبەری نووسین: جەبار قادر (خەڵی رانیە).
بەڕێوەبەری نووسین: ھاودەنگ فاروق (خەڵکی ھەولێر).
بەڕێوەبەری نووسین: شێرزاد عەبدولڕەحمان (خەڵکی ھەولێر).
ژمارەی لاپەڕەکانی (٢٤) لاپەڕەیە, ڕۆژانە بابەتی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و
ئەدەبی و تەندروستی و جارەبەجار فۆلکلۆری..) لەخۆوەگرتووە. نووسەرانی
ھەموو شارەکانی کوردستان و ھەرچوار پارچەی کوردستان، بەرھەمی تێدا
بڵاودەکەنەوە. بەگشتی ڕۆژنامەیەکی وێنەدار و ھەواڵی وێنەییە,
لاپەڕەکانی پێکھاتوونە لە (ڕێپۆرتاژ ـ ھەواڵ و بەدواداچوون ـ بۆچوونی
سیاسی ـ ئاگاداری لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم ـ لاپەڕەی (پشوو)
کە پێکھاتووە لە وشەی یەکتربڕ و کەلوەکان.
ماوەیەک ئەم ڕۆژنامەیە، چەند پاشکۆیەکی ھەفتانەی ھەبوو بە ناوی (ھونەر.
ھەواڵی ھونەر و ھونەرمەندان) (زانستی. ھەواڵی زانستی نوآ و زانست
بەگشتی) (وەرزشی. ھەواڵی وەرزشی کوردستان و جیھان) (ئەدەب. گوتار و
بابەتی ئەدەبی و فەلسەفی و زمانەوانی).
لاپەڕەی کۆتایی ڕۆژنامەی ھەولێر لەم قۆناغە تایبەتە بۆ ڕێکلامی
بازرگانی ھەموو جۆرە کەلووپەلێک بوو.
ئەو نووسەرانەی کە بەرھەمیان ھەبوو لە ڕۆژنامەی ھەولێر، بۆ نموونە:
سیاسی : ئاریان فەرەج ـ جەمال عبدللە ـ ھاودەنگ فاروق ـ عەبدولڕەزاق
علی ـ سامی ئەرگۆشی ۆ سالار عوسمان ـ عەبدولسەلام بەرواری ـ چەندانی تر..
.
ھونەری: حەیدەر عەبدولڕەحمان ـ حەمە سوار.. .
ئەدەبی: عەزیز مەلا رەش ـ محمد کەریم نانەوا ـ شیعری ـ بەھات حەسیب
قەرەداغی ـ نەجم ئەڵوەنی ـ کەریم دەشتی ـ شەنگە ھاوار کاکەیی ـ بەھزاد
حەوێزی ـ بۆتان جەلال.. .
وەرزشی: ئومێد ئیبراھیم ـ ئەسعەد ئیسماعیل ـ مامەیارە ئەحمەد ـ بۆتان
جەلال.. .
پوختەی ھەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤاری ھەولێر:
ـ قۆناغی یەکەم و دووەم دوور بووە لەلایەنی ھونەری و کەمی وێنە تێدا
بڵاوبۆتەوە.
ـ ئەو نووسەرانەی کە لە قۆناغی یەکەم بەشداربوون، لە قۆناغی دووەمیش
بەشدار بوونە.
ـ قۆناغی یەکەم و دووەمی، بە پاڵپشتی مامۆستایانی قوتابخانە بووە.
ـ قۆناغی یەکەم بآ پڕۆژە، بەڵام ئامانجیان زیاتر ھۆشیارکردنەوەی خەڵک
بووە لە ھەولێر.
ـ قۆناغی دووەم زیاتر نزیکە لە پڕۆژە، چونکە جاربەجار نامیلکەی لەگەڵ
بووە, بە ناوی (پرۆژەی ڕێکخستنی قەڵاتی ھەولێر)، ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی
ئەو سەردەم لە گۆشەیەکی ڕۆژنامەکە بە ناوی (خالۆی ڕێبوار) تاکو خەڵک
ھۆشیار بکاتەوە.
ـ قۆناغی یەکەم ژمارەی زۆرتربووە لە قۆناغی دووەم کە زیاتر لە (١٠٠)
ژمارەی لێ دەرچووە، بەڵام لە قۆناغی دووەم (١٢) ژمارەی لێ دەرچووە.
ـ لە قۆناغی دووەم بۆ یەکەمجار نووسەری ئافرەت دەرکەوتووە.
ـ قۆناغی یەکەم و دووەم، وێنەی نەبووە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامە و
گۆڤارەکە.
ـ بەڵام قۆناغی سێیەم بەرگی گۆڤارەکە ڕەنگاوڕەنگ بووە، لاپەڕەکانی
وێنەدار و بەڵگەیی بوون.
ـ قۆناغی سێیەم تەنیا تایبەت بووە بە پارێزگای ھەولێر، سیاسی و ئەدەبی
و ھونەری نەبووە.
ـ قۆناغی چوارەم زیاتر سیاسی و ھونەری و ئەدەبی و ڕەنگا و ڕەنگ و
وێنەداربووە و ڕێکلامی بازرگانی ھەبووە کە پاڵپشتی ڕۆژنامەکە بووە.
ـ تەنیا یەک نووسەر لە قۆناغی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم نوسینی
ھەبووە، ئەویش ڕۆژنامەنووسی بەئەزموون مامۆستا (کەریم شارەزا)ی شاعیر و
نووسەر بوو.
ـ لە کۆی دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤارێک بە ناوی (ھەولێر)، ئەگەر ھەموو
ساڵەکان یەکبخەیین دەکاتە (١٥) ساڵە ڕۆژنامە و گۆڤارێک ھەیە بەناوی (ھەولێر).
ـ واتە لەم (١٥) ساڵە (٢) گۆڤار، (٢) ڕۆژنامە ھەیە، بەڵام وەکو (ڕۆژنامە)
تەمەنی درێژتربووە.
ـ قۆناغی چوارەم درێژەپێدەری قۆناغی یەکەمە.
areezendiny40@yahoo.com
|