جیاوازییەکانى نێوان وشیار سیوەیلى و وشیار باداوەیى!
بەشدار عهلی هیچ یەکێک لەم ناوانەى سەرەوە لەنزیکەوە من نایاناسم و ئاشنایەتیم لەگەڵیاندا نیە،بەڵام لە دوورەوە ئاگادارى پیشەکانیانم و دەزانم چ کارەن.لەم پەرەگرافەش مەبەستم شکاندنى یەکێکیان و گەورەکردنى ئەویتریان نیە،چونکە لەلایەک ئەوە لە سونەت و ئەخلاقیاتى من جێگاى نابێتەوە لەلایەکى تریش، پێموایە بەشێوەیەک لە شێوەکان هەموومان قوربانین!جا گرینگ نیە قسە لەسەر قوربانیەکان بکەین بەڵکو گرینگیەکە لەوەدایە ئەو سیستەم و بەرنامەیە بدەینە بەر رەخنە کە ئینسانەکان دەکاتە قوربانى. ئەوەى یەکەمیان وشیار سیوەیلى وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستانە دوایى(هەوڵ و ماندووبونەکانیان!)دوایى دوو دەیە لە بەرێوەبردنى حکومەت و تێپەربوونى شەشە کابینە،لەم هاوینە گەرمەدا تەنها (6) سەعات کارەبا بە پچڕ پچڕى دەدات بە هاوڵاتیان،ئەوەى دووەمیشیان وشیار باداوەیى گەنجێکى کاسبکارى گەرەکى باداوەى شارى هەولێرە و(12)مۆلیدەى (500)ئەمپێرى لە گەرەکەکەى خۆى داناوە و رۆژانە( 10) سەعات کارەبا بە رێکوپێکى دەداتە هاوڵاتیات و زیاتر لە (5000)خێزانى لەم گەرماى هاوینە لە بەرزى پلەى گەرما و تاریکى رزگارکردووە و هەناسەى بەبەر هەزارەها مناڵ هێناوەتەوە،ئاگاداربن ئەو کاسبکارە وەکو خۆى گووتەنى سەرەتا بە قەرز دەستى بەم کارە کردووە! پێویستە بپرسین،بۆچى پارە هەیە ئاپارتمانەکان بەرزى ئاسمان بکرێنەوە؟!کۆشک و ڤێلاکان زیادبکەن؟!هەموو سەرەمانگان مۆدێلێکى نوێى ئۆتۆمبیل و ناوماڵەکانیان بگۆڕدرێن؟!کۆمپانیا و کارگەى نوێ بخرێنەکار بەناوى کەرتى تایبەتەوە؟!کۆمەڵێک بەرپرسى مافیا دەستیان بە پێشکەووتوترین ئامێرى سەردەمەوە بگات و لە نێو خوشگوزەرانى و رەفاهیەتدا بژین و بەشى هەرە زۆرى خەڵکیش لە (کارەبا) بێبەش بن؟!بە هەزارەها دۆلار بۆ دەعوەت و سەردان و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ و دەوراتەکانى شەکراو خواردنەوە سەرف دەکرێت،بە ملیونان دۆلار بۆ کارى حیزبى و سیخوڕى و دەمکوتکردنەوەى دەمى خەڵک تەرخان دەکرێت،بەڵام 17 ساڵە ئاوى پیس دەرخواردى خەڵک دەدرێت،نەبوونى کارەبا هەزارەها مناڵ و پیر و پەککەوتەى ناچار بە مەرگ کرد،خراپى رێگاو بان و شەقامەکان رۆژانە دەیان ئینسان بێگیان و کەمئەندام دەکا و حکومەت و دەسەڵاتى سیاسیش هەر خەریکى هەڵوشینى زیاتر و بازرگانى و پرکردنى زیاترى بانکەکانى ئەوروپان. کاتێک کە چاو بە دیاردە و رووداوەکانى کوردستان دەگێریت و لێیان ووردەبیتەوە،تێدەگەیت کە دەسەڵاتى بەرێوەبردنى کۆمەڵگا لە ئیدارەکردنى خەڵک تەواو پەکیکەووتوە و ئەگەر ئەم چەند سالە توانیبێتىدرێژە بە تەمەنى بدات چیتر ناتوانێ بەم نەخۆشییەى لاشەکەى راکێشێت و پێویستى بە فریادڕەسێک هەیە و خۆشیان باش درکیان بەم راستیە کردووە. گەندەڵى و دزى و راووڕووت و بەهەداردانى سامانى وڵات ناتواندرێ کۆنترۆڵ بکرێ،چونکە هەموو ئەمانە لە هەرەمى سەرەوە دەست پێدەکات و دەست پێشخەرییەکە لە هەرەمى پلە یەک و پلەدوویى ئەو دەسەڵات و حکومەتە دێتە خوارەوە،یاسا و دەستورێکى مەدەنى و پێشکەوتوو لەم مەملەکەتە ناچەسپێ،چونکە عەقڵیەتى پشتەوەى دارێژەرانى یاسا و دەستورەکان دۆگمان،بۆیە لاوان و ژنان و مناڵان دەبێت ئاخ بۆ حەز و خۆزگە و بەسەر چوونى تەمەنى بەهارییان بخوازن،سیستەمێکى ئینسانى و دوور لە توندوتیژى لە قۆناغەکانى خوێندن جێگاى خۆى ناگرێت،چونکە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان پێویستى بە نەوەیەکى گوێرایەڵ و قسەنەکەر و خەسیو و پرسیار نەکەر هەیە،ژیان و گوزەران و هەناسەدان بە مەمرەو مەژى پێویستى بە هەوڵ و ماندووبون و کارکردنێکى تاقەت پروکێن هەیە،چونکە نهێنى مانەوەى دەسەڵاتى ئەو حیزبانە لەبرسى کردن و هیلاک کردنى خەڵکە،... . لەنێو دەسەڵاتێک کە کەمترین نوزەى بۆ ئازادى هێشتبێتەوە و دەسەڵاتى عەشایەرى و میلیشیاى بەسەر سەرى خەڵکەوە فەرز کردبێت،نان و کار و کەسابەتى بە بارمتە گرتبێت،هەموو کون و کەلەبەرێکى ژیانى خەڵکى مۆنۆپۆل کردبێت، کار لەسەر وورد و خاش کردنى ئیرادە و ووزە و تواناى تاکەکان بکات،ئاساییە کە پۆستەکان بۆ کارى تایبەتى و کۆکردنەوەى زۆرترین سامان بقۆزرێنەوە و کائینەکانیش بێ دەسەڵاات خۆیان نیشان بدەن. لە مەملەکەتێک کە بەرپرس ئامانجى سەرەکى پۆستەکەى زۆرترین دەسکەوت و سامان کۆکردنەوە بێت بۆ خۆى و دەووروبەرکەى،دەبێت چاوەروانى چى لە وڵاتە بکەین؟! ئەوان تەنها وەکو رۆبۆتێک لەم پۆستە دادەندرێن بۆ ئەوەى لەم ماوەیەدا ژیان و چارەنوسى خۆى و دەوروبەرەکەى دابین و مسۆگەربکات وکەمێکیش چاوى لەسەرووى خۆى بێت،لەم بارەیەوەش بەرپرسانى کوردستان کورتیان نەهێناوە و باش لە ئامانجى سەرەکى کارەکەیان خۆیان گەیشتوون و دەستیان لەهیچ نەپاراستووە و بوون بە خاوەنى هەموو شتێک. باسەکە ئەوەیە بۆچى تاکو ئیستا نەبوونى کارەبا و هەرەسى خەڵکى لە تینى بەهێزى گەرما و نەخۆشکەوتنى مناڵان و سک چوون و رشانەوە و تیاچونیان پرسیارێکى لاى وەزیرى کارەبا و هەموو وەزیرەکانى ترى دوردست نەکرد؟وەڵامەکەى سانایە،چونکە ئامانجى سەرەکى کارەکەى ئەوان شتێکى ترە نەک خزمەتکردنى خەڵک و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانیان،بەشێکى جیاوازییەکانیش لێرەوە دەست پێدەکات. ئەگەر ووشیار سیوەیلى و سەرۆکى حکومەت و هەموو کاربەدەست و بەرپرسانى ترى ئەو وڵاتە،ئۆزقاڵێک ئینتما و خۆشەویستیان بۆ خەڵکى کوردستان هەبوایە دەبوایە تاکو ئیستا سەدان پرۆژەى وەکو ووشیار باداوەییان ئەنجام بدایە و خەڵکیان لەم ژیان دۆزەخاوییە رزگاربکردایە.
Bashdar_net@yahoo.com
|