٣\٣\٢٠١٧
چۆلەکەکانی
بەهەشت.

سمکۆ ئەحمەد
بمبوورن
چۆکەلەکانی حەوشەی منداڵییم
بمبوورن
زۆرم ئازارداون
کاتێك ئێوە لەسەر
لقی دارە لاستیکەکەم
وەنەوز ئەیبردنەوە
ئیمە بە دوای خڕکە بەردێکدا
دەگەڕاین
تا توڕەیی منداڵییمان
لە نێو سنگی پچووکی ئێوە
خاڵی کەینەوە
تکایە بمبورون
بە زەرنەقووتە چاو زەق و
دەم زەردەکانتان پێئەکەنین
کاتێک لەسەر لەپی دەستی
سنەوبەرە غەمگینەکە
وەک زەنگیانە
دەکەوتنە خوار!
دەکەوتن و شارە مێرووڵە سوورەکان
دەیانخواردن
تکایە بمبوورن چۆلەکە
غەمگینەکانی
وڵاتە برسییەکەم
دوای دوا رەوی ئێوە
دوای کۆڕەوی ئێمە
منیش
خۆم و دارەلاستیکە پچڕاوەکەم
وەکو ئێوە سەرمهەڵگرت
با وانەی دەنگی پێ وتم
شەونمیش وانەی رەنگ
ئێستا بە گوڵ رەنگ
دەکەم
ئێستا بە چاو قسە ئەکەم
پەیمان بێ گەر ئەمجارە هاتمەوە
بە گوڵە نازنازەکان پەڕەکانتان
رەنگ بکەم
لەو رەنگانەی پێتان خۆشە!
دەمی زەردی زەرنەقووتەت
بە دەمەشێر ئاڵ و سوور کەم
بەس ئەمجارە بێمەوە..
لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی هەر زەرنەقووتەیەکت
وەک سمۆرە بەرەوە هێلانەت هەڵبزەنێم و
بۆ باوەشتی بهێنمەوە
بەس ئەمجارە
بەس ئەمجارە
با بێمەوە..
ماڵپهڕی سمکۆ ئهحمهد
|