| 
			   
			  
			
			
			چۆن ئێمه‌ی مرۆڤ له داهاتودا ئه‌گۆڕێین ؟ 
			
			نووسینی : دانیلله پالو 
			
			
			  
			وه‌رگێڕانی له‌ئه‌ڵمانیه‌وه: 
			خه‌بات لاوباخ       
			
			 
			 نزیکه‌ی
			6 ملیۆن ساڵه مرۆڤ هه‌یه،له‌دوای 
			نهشونماکردنمان ،ئه‌بینین که چۆن ئه‌توانین به‌ڕێکی بڕۆین و بدوێین و 
			بخوێنینه‌وه ،گه‌شه‌کردنی مرۆڤ هه‌ر به‌رده‌وامه ، بۆ نمونه له 
			داهاتودا درێژتر ئه‌بین ،به‌ڵام ئاگاداربن ، قژ زه‌رد و چاو شین (مرۆڤی 
			کاڵ) به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت.  
			
			 
			مرۆڤ به‌خۆشحاڵییه‌وه خۆی به تاجی بونه‌وه‌ره خوڵقێنراوه‌کان 
			ئه‌بینێت ، هه‌رچه‌نده له‌ڕێڕه‌وی گه‌شه‌کانی جه‌سته‌ی گیانله‌به‌ران 
			و گۆڕانکارییه‌کاندا ، ئێمه‌ی مرۆڤ به وهرزترین و بێ‌تامترین 
			زینده‌وه‌ر هه‌ژمار ئه‌کرێین ، چونکه جه‌سته‌ی مرۆڤ له دووسه‌د 
			هه‌زارساڵی ڕابردودا هیچ گۆڕانێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. 
			به‌ڵام هێشتا گه‌شه‌کردنمان کۆتایی نه‌هاتووه ، ته‌کنیک له ساڵانی 
			داهاتوودا گۆڕانێکی ڕاده‌به‌ده‌رمان به‌سه‌ردا دێنێت. ڕه‌وڕه‌وه‌ی 
			شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤایه‌تی به‌م نزیکانه به‌ڕێوه‌یه.  
			 
			+ چی جۆره گه‌شه‌کردنێک چاوه‌ڕێمانه ؟ 
			 
			 
			له ڕابردوییه‌کی زۆر دووردا نیه، که نابینا، گوێ گرانه‌کان(که‌ڕ) 
			،بێ ده‌ست و قاچه‌کان شانسی مانه‌وه‌ی ژیانیان که‌م بوو ،یان هه‌ر 
			نه‌بوو . بواری سروشت وابوو ،که ته‌نها ئه‌وانه‌ی به باشی توانای 
			خۆگونجانیان هه‌بوه تێیدا ،شانسی مانه‌وه‌یان هه‌بووه له ژیاندا 
			،به‌ڵام ئیمڕۆ وا نیه ، پێویست به گۆڕانگارییه‌کی زۆری بنچینه‌یی 
			گه‌شه‌کردنی خانه‌کانی زینده‌وه‌ر نیه وه‌ک جاران. له داهاتوودا 
			ڕه‌نگی ڕوخساری مرۆڤ تێکه‌ڵ ئه‌بێت وه‌ک ڕه‌نگی که‌پۆچینۆ (جۆرێک له 
			قاوه) و قژێکی تۆخ و چاوێکی باده‌می ئه‌بێت. باڵای مرۆڤیش درێژتر 
			ئه‌بێت ، هه‌روه‌ک له ئه‌ڵمانیا باڵای کوڕێکی هه‌رزه‌کار 20 سم له 
			باووپاپیرانی درێژتر بووه،له هۆڵنده هه‌رزه‌کاران 30 سم درێژتر 
			بوون. ئه‌مه‌ش پێش هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باش بوونی جۆری خۆراک 
			، که کار له منداڵ ئه‌کات خێراتر بگه‌نه ته‌مه‌نی 
			هه‌رزه‌کاری(مراهقی) و ئه‌ندامی زاوزێیان ته‌واو گه‌شه بکات ، له‌گه‌ڵ 
			هه‌نگاونانی خێرایی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکیش ئه‌توانرێت ته‌مه‌ن درێژ 
			بکرێته‌وه ، وه‌ک چۆن له‌سه‌رده‌می چاخی به‌ردیندا مرۆڤ به تێکرایی 
			ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته 36 ساڵ ، ئێستا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌گاته 
			دووجار به‌رامبه‌ر به‌و ته‌مه‌نه واته 72 ساڵ.  
			 
			ڕه‌گه‌زی مرۆڤ زۆرتر تێکه‌ڵ ئه‌بن ،ئه‌مه‌ش ئه‌بێته هۆی زاڵ بوونی 
			خانه‌ی پێست تۆخه‌کانی ئاسیا و شێوه‌و ڕوخساری ئه‌وان بڵاو 
			ئه‌بێته‌وه. زاناکان گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که دوا ژنی 
			قژ زه‌رد له فیله‌ندا له 200 ساڵی تردا له دایک ئه‌بێت و دوای 
			به‌ره‌و نه‌مان ئه‌چێت.  
			 
			به ڕۆژگار وای لێدێت مێشکی مرۆڤ زۆر گه‌وره‌تر ئه‌بێت ، له 800 سم3 
			ئه‌بێته 1200 سم3، هۆکه‌شی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆرتر فێربوون له 
			ماوه‌ی ژیانیاندا ، ئه‌مه‌ش وا ئه‌کات خانه بۆره‌کانی مێشک زۆرتر بن 
			،له به‌ر ئه‌وه فۆرمی مێشک گه‌وره‌تر ئه‌بێت. دانه‌کانمان پێویست 
			ناکات کاری گرانیان پێ بکه‌ین ، چونکه خۆراک له داهاتودا زۆر پێویست 
			به جووین ناکات ،کاکیله‌ی دانمان کول ئه‌بن و ده‌م بچوک ئه‌بێته‌وه 
			،له‌داهاتوشدا پێویست به‌گه‌ڕان و په‌یداکردنی خۆراک ناکات ، ئه‌مه‌ش 
			ئه‌بێته هۆی کزبونی توانای بینین و بۆن کردن له مرۆڤدا. 
			 
			+ چی شتێک له توانای مرۆڤدا ئه‌بێت: 
			 
			 
			ئه‌وه‌ی تا چه‌ند ساڵێک لهمهوپێش به‌بیری مرۆڤدا نه‌ده‌هات و به 
			خه‌و و هزر ئه‌مان هێنایه به‌رچاومان ،ئیمڕۆ هه‌مووی ڕاستین و کارێکی 
			ئاسایی ڕۆژانه‌یه ، بۆ نمونه چاندنی ئۆرگانێکی ده‌ستکرد له مێشکی 
			مرۆڤێکی که‌ڕدا ، توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی بیستن ئه‌داتێ ، یان 
			دانانی زمانه‌ی دڵی ده‌ستکرد بۆ دڵی مرۆڤێکی دڵ نه‌خۆش ، دانانی قاچێکی 
			ده‌ستکرد بۆ بێ قاچه‌کان و توانای ڕۆیشتن و ڕاکردنی ئاساییان ئه‌بێت. 
			ئه‌مه وا ئه‌کات مرۆڤه بێهێزه‌کان بتوانن ژیانێکی ئاسایی به‌رنه‌سه‌ر 
			.واته مرۆڤ پێویستی به گۆڕانه کتوپڕییه‌کانی خانه‌ی جه‌سته‌ی نابێت 
			، ته‌کنیک جێی ئه‌گرێته‌وه له ڕێگای هه‌ڵبژارده‌ی بایۆلۆژی و ئۆڕگانی 
			ده‌ستکردی وه‌ک دڵ،جگه‌ر و گورچیله و ئێسقان و مرۆڤی ڕۆبۆته‌وه ، 
			شۆڕشێکی گه‌شه‌سه‌ندنی جه‌سته‌ی مرۆڤ دێته ئه‌نجام.  
			 
			+ مرۆڤ به‌رده‌وام ته‌ندروستی باشتر ئه‌بێت:
			 
			 
			مرۆڤ له داهاتودا گه‌شه‌ونه‌شونمای جه‌سته‌ی خۆی ئه‌خاته ژێر ڕکێفی 
			خۆیه‌وه ، له 30 ی ساڵی داهاتودا داهێنانه‌کان کارئاسانی وا ئه‌که‌ن 
			،که له ڕێگای ته‌کنیکی (جین)ه‌وه گۆڕانکاری له باشتر بوونی 
			ته‌ندروستی مرۆڤدا بکرێت ، هه‌روه‌ک داهێنه‌ری ئه‌مریکی ( لی سیلڤه‌ر ) 
			ئه‌ڵێت ، ماوه‌یه‌کی تر نه‌خۆشییه‌کانی شێرپه‌نجه و وه‌ستانی دڵ و 
			مێشک (جه‌ڵته‌ی دڵ ومێشک) ئه‌بنه به‌سه‌رهاتی ڕابردوو و چاره‌سه‌رییان 
			ئاسان ئه‌بێت.  
			 
			+ کوێره‌کان ئه‌توانن ببینن و ئیفلیجه‌کان 
			ئه‌توانن بڕۆن:  
			 
			به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنیکه‌وه ته‌نانه‌ت هیوابڕاو و خاوه‌ن 
			پێداویسته تایبه‌تیه‌کان که‌وتنه ناو بارودۆخێکی پڕ له هیوا و 
			ئاواته‌وه ، له‌م ماوه‌یه‌دا توانرا مرۆڤی ئیفلیج له بڕبڕه‌ی پشته‌وه 
			بخه‌نه سه‌رپێی خۆی و هه‌نگاو بنێت ، به‌هۆی دانانی کۆمپیته‌رێکی بچوک 
			له مێشکیدا که فه‌رمان به‌قاچه‌کانی بدات بۆ ڕۆیشتن، یان کوێره‌کان 
			ئه‌توانن ببینن، به‌هۆی دانانی کامێره‌یه‌کی بچوکه‌وه که ته‌وژمێک 
			ئه‌نێرێت بۆ خانه‌کانی مێشک ، یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و ئامێره 
			(ڕاسته‌ر: ئامێرێکه بۆ ده‌ستنیشانکردنی ڕه‌نگه‌کان) ببینێت و توانای 
			هه‌بێت به‌ته‌نها کاره‌کانی جێ به‌جێ بکات.  
			
			 
			+ ژنی دووگیان هه‌ست به به‌رزی سکی ناکرێت:
			 
			 
			له‌دوای پیتاندنی تۆوی ژن وپیاو دروست بوونی کۆرپه‌که ، ده‌مێکه 
			ئه‌توانرێت بۆ به‌خێوکردنی ئه‌و کۆرپه‌یه له ناو شوشه دا گه‌شه‌ی 
			پێ بدرێت تا گه‌وره ئه‌بێت ، ئه‌وه‌ی له داهاتودا جێی ئه‌گرێته‌وه 
			،جۆری زاوزێ کردنه له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤدا،هه‌روه‌ک 
			داهێنه‌رێکی ژن ( هونگ-چینگ لیو ) توانی منداڵدانێکی ده‌ستکرد دابهێنێت 
			و که توانراوه مشک بۆ چه‌ند ڕۆژێک تێیدا بژین ، وا پێشبینی ئه‌کرێت 
			له  ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا بتوانرێت مناڵدانی ده‌ستکرد 
			له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته بۆ مرۆڤیش به‌کار بهێنرێت . 
			 
			+ دروستکردنی پێست و لوت وگورچیله له لابۆردا 
			(تاقیگا) :  
			 
			له دوای ڕوواندنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی پێستی خودی مرۆڤ ئه‌توانرێت ئه‌و 
			مرۆڤه برینداره یان که‌می و نه‌مانی خانه‌کانی جه‌سته‌ی 
			بڕوێنرێته‌وه و دروست بکرێته‌وه و له جه‌سته‌یدا بچێنرێته‌وه ، 
			وه‌ک ئه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه ی (فرایبۆرگ)ی ئه‌ڵمانی، پێستی مرۆڤ 
			به‌رهه‌م هێنراوه ، له دوای ئه‌مه‌ش نیازی دروست کردنی گوێچکه و 
			جومگهکانین ، هه‌وڵ ئه‌درێت له داهاتوودا ئۆڕگانه‌کانی ناوه‌وه‌ش 
			دروست بکرێته‌وه ، هه‌رچه‌نده زۆر کارێکی ئالۆزه ، به‌ڵام ڕۆژگارێک 
			دێت، که بتوانرێت ئه‌وانه‌ش بچێنرێته‌وه له له‌شی مرۆڤدا.  
			 
			+ ئایا سنوره‌کان له کوێدان ؟  
			 
			مرۆڤ چیتر پێویست ناکات خۆی له‌گه‌ڵ ژینگه‌دا بگونجێنێت ،به‌ڵکو ژینگه 
			له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌گونجێنێت،چیتر گه‌شه‌سه‌ندن پابه‌ند نابێت به 
			هه‌ڵبژارده‌ی سروشته‌وه ، به‌ڵکو پابه‌ند ئه‌بێت به حه‌ز وئاره‌زووی 
			مرۆڤه‌وه. له کاتێ نه‌مانی ڕه‌گه‌زی کاڵ (چاوشین و قژ زه‌رد) ، مرۆڤ 
			ئه‌توانێت خۆی جارێکی تر بچێنێته‌وه و دروستی بکاته‌وه . به‌هۆی ئه‌و 
			زانیارییه پێشینه‌یه‌ی هه‌یه‌تی که له‌وه‌و پێش پێی به‌خشێنراوه له 
			سروشتدا،له‌گه‌ڵ شاره‌زایی له جۆری گۆڕانکارییه‌کانی جه‌سته‌ی ، 
			له‌ئه‌نجامدا، ئه‌و توانایه‌ی ئه‌بێت که خۆی بڕیارده‌ر بێت له ده‌ست 
			نیشانکردنی جۆری گه‌شه کردنی له جه‌سته‌ی خۆیدا .بۆ نمونه، پێش له 
			دایک بونی کۆرپه‌کانی، خۆی بڕیار ئه‌دا که شێوه و فۆرم و ڕه‌نگی 
			ڕوخساری نه‌وه‌کانی چۆن بێت،یان منداڵه‌که‌ی ببێت به خاوه‌نی چی 
			به‌هره‌یه‌ک له ژیاندا یان نه‌خۆشییه‌کانی چاره‌سه‌ربکرێت پێش هاتنه 
			ژیانه‌وه.  
			 
			+ ترسی مرۆڤ له داهاتوو :  
			 
			گه‌وره‌ترین ترس بۆ مرۆڤ له داهاتوودا ئه‌وه‌یه که له‌وانه‌یه 
			سروشت له‌ناومان ببات ،یان هه‌ندێکمان بهێڵێته‌وه له ناو جیهانێکی 
			وێرانه و په‌رته‌وازه‌دا هه‌ر وه‌ک پسپۆری جێۆلۆجی به‌رلینی (کارستن 
			نیمیتس) ئه‌یخه‌مڵێنێت. گه‌ر بێتوو سروشت به‌سه‌ر مرۆڤدا زاڵ نه‌بێت ، 
			هه‌ر نه‌مر بێت ، ئه‌و کاته سه‌رجه‌می دانیشتوانی گۆی زه‌وی هێنده 
			زۆر ئه‌بێت ، که نائاسوده‌یی به دوادا دێت و زه‌وی به‌رگه‌ی ناگرێت و 
			گۆڕان به‌سه‌ر شێوه‌که‌یدا نایه‌ت به‌ڵکو ژینگه‌که‌ی به‌ره‌و تێکچوون 
			ئه‌چێت . له‌به‌ر زۆری دانیشتوان شیرازه‌که تێک ئه‌چێت، بناغه‌کانی 
			ژیانی ئاسایی هه‌ڵ ئهتهکێتنرێت ، چیتر مرۆڤ ناتوانێت به ئاسانی بژی.
			 
			 
			+ که‌ی کاتمان به‌سه‌ر ئه‌چێت له سه‌ر زه‌وی ؟
			 
			 
			زانایانی ده‌زگای (ن.ا.س.ا- ناسا) ی ئه‌مه‌ریکی له‌و باوه‌ڕه‌دان که 
			هێشتا مرۆڤ کاتێکی درێژی ماوه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ، به‌ڵام له 
			کۆتاییدا پێکدادانێک ڕوو ئه‌دا له‌گه‌ڵ پارچه‌یه‌کی تری گه‌وره‌ی 
			ئاسمان ،وه‌ک چۆن پێش 4،5 ملیارد ساڵ ڕوویداوه ، ئه‌و کاته، ئه‌و 
			بازنه‌یه به‌ره‌و داخستن ئه‌چێت ،به‌ڵام چه‌ندین هه‌زار ساڵمان له 
			پێش ماوه بۆ ڕوودانی ئه‌و کاره‌ساته.  
			 
			 
			* 
			له گۆڤاری Welt der wunder  
			وه‌رگیراوه. 
			 
			 
  
			  
			  
			 |