په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١٤

چۆن فیلمی سینەمایی ساز دەکرێ!

نەهرۆ            

 

بێگومان فیلم جۆرو ژانری هەیە هەر لە دراماوە بگرە تا دەگاتە کۆمیدی و ئەکشن و کریم ورۆمانسی و میژوویی ! لێرەدا ئەگەر بمانەوێ فیلمێک ساز بکەین چ کورتە فیلم بێ یان فیلمی درێژ پیویستمان بە سیناریۆوسکریپت و مانوس و هیڵکاری سەرەتایی یە، دەبێ ئەم سیناریۆیە هەڵگری ئایدیایەک بێ و پەیامی هەبێ، شیوەو شکڵی سیناریۆ بەپێ ئەستانداری ئەمریکی بریتی یە لە ١٢٠ لاپەرە، ٣٠ لاپەرەی یەکەمی بۆ سەرەتای دراماکە تەرخان دەکرێ، تیایدا کەسایەتیەکانی نێو فیلمەکە دەخرێتە روو، بەواتایەکی دی کەسایەتیەکان بونیاد دەنرێ چ لەرووی میژووی یەوە، چ لەرووی کۆمەڵایەتی یەوە هەروا مەودای جەستەیی و سایکۆلوژی کەسەکان دیاری دەکرێ، لە لاپەرەی ٣١ بۆ ٩٠ بەناوەراستی دراما ناوزەد دەکرێ، لێرەدا رووداوەکان شان بەشانی یەک پەرەدەستێنن و کایەی چنین و (حبکە) دێتەکایەوەو ململانی دەست پێدەکا، بۆ نموونە لە نێوان خەیرو شەڕ یان لە نێوان تێروانینی پێشکەوتن و پاشکەوتن یان لە نێوان ڕاستگۆیی و حیلەبازی دواتر کە رووداوەکان گەشەیان سەندو گەیشتنە لوتکەی ململانی، چارەسەر یان کۆتایی دێتەکایەوە، دەبێ لەلاپەرە ٩١ تا ١٢٠ ئەم چارەسەرو کۆتایی یە دیاری بکرێ، چ کۆتایی یەکی بەختەوەر بێ یان تراژیدی، لە هەندێ فیلم دا کۆتایی کۆتاییەکان ناخرێتە روو بەڵکو ئەنجامەکەی، لە شوێنێک سیناریۆ نووس یان دەرهێنەر دەیهێڵێتەوە، دەشێ سیناریۆ فیلمێکی دیکەی لەسەر ساز بکرێ! دەبێ سیناریۆ نووس ئاگای لە کرونۆلۆژی بێ بە واتای زنجیرەی زەمەنی رووداوەکان هاوئاهەنگ بن، لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە تەکنیکی زەمەنی دراما پێش و پاش دەخرێ، هەر دەرهێنەرێک بۆ گەیاندنی پەیامی هونەری بۆ تەماشاکەر جۆرە تەکنیکێک بەکار دەهێنێ!


بێگومان ١٠ لاپەرەی یەکەمی سیناریۆ زۆر پیویستە سەرنج ڕاکێش بێ، دەبێ بە درێژایی خەتی درامی رەگەزی (تشویق) بوونی هەبێ، لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە، سیناریۆ دەبێ بە زمان و زەمەنی ئێستا و هەنوکەیی بنووسرێ، وەک چیرۆک نیە کە لەسەر زەمەنی ڕابوردوو کایە دەکا، کاتێ بەو پێیانەی کە باسمان کرد سیناریۆ نووسرا، پروسەی (ستۆری بۆرد) دێتەکایەوە بە واتای بە وێنا کردنی چیرۆکی نێو سیناریۆکە، لیرەدا لەسەر هەر لاپەرەیەک چەندین چوار گۆشەو خانە دروست دەکرێ بەمەبەستی وردکردنەوەو تەرجەمەکردنی سیناریۆیەکە بۆ رۆژو کاتێ وێنەگرتن، لەسەر هەر خانەیەک پیویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە بنووسرێ، ژمارەی سەحنە (مشهد)، شوێن، ناوەوەیە یان دەرەوە، زەمان شەوە یان رۆژە!


لە هەر سەحنەیەک دا چەند کەس دەردەکەون، شوێنەکانیان دیاری بکرێ، ئاماژە بە گفتۆگۆ و ئاخاوتنەکانیان بدرێ، لە دراما دا ئاستی ئاخاوتنی کەسەکان زۆر گرنگە لە ئاستی بیرکردنەوەو پەیگەی کۆمەڵایەتی کەسەکان دەبێ سەرچاوەی گرتبێ!


ئاخاوتنی مامۆستایەکی زانکۆ جیاوازترە لە ئاخاوتنی کرێکارێک یان جووتیارێک، ئەم چیرۆکە وێنا کراوانە لەلایەکی دی پێدەگوترێ (ئەکشن پلان) کەواتە دەرهێنەر لەکات و رۆژی وێنەگرتن دا، دەبێ ئەم هەنگاوانەی تەواو کردبێ، چەند ئامادەکاری لەرووی تیئوری یەوە کرا بێ، ئەوەندە لە رۆژی وێنە گرتن کەم دەکاتەوە!


کاتێ ئەم هەنگاوانە بە وردی تەواو بوو، رۆژی وێنە گرتن و بەتاڵکردنی سەحنەکان دێتە کایەوە، لە وێنە گرتنیش دا سێ فاکتەر رۆڵی سەرەکی دەگێڕن بۆ ئەوەی فیلمەکە بە باشتری شێوە بخرێتە روو! یەکەم کامێرایە، دووەم رووناکی یە، سێ یەم دەنگە لەپاڵ ئەکسسوار و کاری هونەری دیکە، بۆ ئەوانەی کاری پروفیشیناڵ دەکەن، جۆری کامێراو کوالیتی یەکەی زۆر پیویستە، ئەگەر نە بە ئایفۆنیش فیلمی کورت دەرهێنراوەو دەردەهێنرێ!


رووناکی، ئێمە رووناکی سروشتیمان هەیە لەگەڵ رووناکی دەستکرد، لە رووناکی دەستکرد دا، دەبێ لە سێ لاوە تیشک بخریتە سەر دیمەنەکە، یەکەم لە پێشەوە کە پێدەگوترێ (کی لایت) لە لاوە، هەروا لە پشتەوە تاوەکو فیگەری کەسایەتیەکان لە باکگراوند جیابکرێتەوە، بەڵام کاتێ رووناکی سروشتیمان بەکار هێنا پیویستە (ریفلێکس) مان هەبێ کە زۆر جار پارچەیەکی قوماشێ سپی یە.


هەروا پلەی گەرمای ڕەنگ بە کلفن دەپێورێ، پیویستە کامێراکە لەسەر پلەی گەرمای ڕەنگی دیاریکراو جێگیر بکرێ وەک ڕەنگی پێستی دەمو چاو یان رەنگی باکگراوندی سروشتی یان ڕەنگی زەمەنی رووناکی رۆژ!


ئەگەر رووناکی سروشتیمان بەکار هێنا، باشترین کاتێ وێنە گرتن گۆشەی ٤٥ پلەی کاتێ بەیانیانە هەروا گۆشەی٤٥ پلەی کاتی ئێوارانە چونکە لە نێوەندی رۆژدا وێنەگرتن سێبەر دروست دەکا!


دەمێنێتەوە سەر دەنگ، چ وەک دەنگی ئەبستراکی کارەکتەرەکان یان دەنگی دەوروبەر یان دابەزاندنی موسیقا لەگەڵ دیمەنەکان، هەندێ جار دەرهێنەر پیویستی بەوەیە ترپەی دڵی کارەکتەرەکە دەر بخا کە گوزارشت لەو دۆخە بکا، کارەکتەرەکەی تیایە، لەکاتێک دا ئێمە لەدوورەوە لەواقیع گوێمان لە دەنگی ترپەی دڵ نابێ ! یان لە هەندێ دیمەن دا، دەرهینەر دەبێ چرکە، چرکی کاتژمیر دەربخا، ئەگەر رووداوەکە پەیوەندی بە مەودای زەمەنی یەوە هەبێ! یان دیمەنی بومەلەرزە، دەبێ دەنگەکەی وا لە تەماشاکەر بکا لەناخەوە بیهەژێنێ، یان تێک هەڵکێشی موسیقا لەگەڵ دیمەنێکی دیاریکراودا! نابێ دەرهێنەر یان ئەندازیاری دەنگ هەر لە خۆیەوە پارچە موسیقایەک بێنێ و بیلکێنێ بە دیمەنەکەوە بەڵکو دەبێ هاوئاهەنگی یەک هەبێ لە نیوان ریتمی موسیقاکەو چونیەتی رووداوی نێو فیلمەکە تاوەکو تەماشاکەر زیاترو زیاتر جۆش بدا!


لەکاتێ وێنەگرتن دا لەوانەیە هەر سەحنەیەک چەندین جار سەرلەنوێ وێنەی بگرێتەوە تاوەکو دەگاتە ئەو رادەیەی دەرهێنەر بروای پێیەتی، دوای تەواو کردنی کاری وێنەگرتن بۆ هەموو سەحنەکان بە فلاش باکیشەوە کاری مونتاژ دیتەکایەوە کە مۆنتێر لەگەڵ دەرهێنەر پێ هەڵدەستن، لێرەش دا کار لەسەر پێش و پاش خستنی دیمەنەکان دەکرێ بەشیوەیەک خزمەتی تەکنیکی فیلمەکە بکا، هەروا موسیقای بۆ زیادو کەم دەکرێ، لەکۆتاییش دا ناوی کاستەکان دەنووسرێ لەگەڵ ژێر نووس بۆ زمانە بیانیەکان!


کاتێ کە فیلمەکە تەواو بوو، پێشانی گروپیکی بێ لایەن دەدرێ تاوەکو بزانرێ تا چ ڕادەیەک سەرنجیان ڕادەکێشێ، کەم و کوڕی و هەڵەکان لە کوێ دان، بۆ ئەوەی تەواو ئامادە بێ و دواتر بخرێتە بازارەوە بکەوێتە گرەوی تەماشاکەران!


لەوانەیە زۆر فیلم بکەوێتە بازارەوە، بەدەر نەبێ لە هەڵە و کیماسی چ لەرووی بیرو پەیامەوە چ لەرووی تەکنیکەوە کەچی بەسەر تەماشاکەران تێدەپەرێ بەڵام خەڵکی پروفیشیناڵ سەیری بکەن دەستبەجی دەزانن کەم و کوڕیەکەی لە کوێ دایە!


بۆیە هەموو فیلمێک ناتوانێ ئۆسکار و سەعەفی ئاڵتونی وەرگرێ، لەبەر ئەوەی ئەوانەی هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکان دەکەن لە تێکرای بوارەکانی دەڕوانن، کەمترین هەڵەی تەکنیکی ئەوان هەستی پێ دەکەن!


لە کۆتایی دا بە هیوای ئەوەم رۆژێ لە رۆژان ئاستی سینەمای میللەتەکەمان بگاتە ئاستی سینەمای میللەتانی پێشکەوتووی دونیا و شان لە شانیان بدا! وەک دەسەڵاتی هەشتەم کاریگەری خۆی بنوێنێ لەسەر رای گشتی ناوخۆو جیهان.


گەرچی ئێستا چەند هەوڵیکی فیلمی سینەمایی کوردی هەیە بەڵام ئەوەی من ڕەچاوم کردووە، ئەوەندە لەسەر دیاردەی نەرینی نێو کۆمەڵگاکەمان ئیش دەکەن، نێو ئەوەندە خەریکی پیشاندانی دیوی گەشی کۆمەڵگاکەمان نیین!


٣٠\٥\٢٠١٤ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک