په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠٢٦

 چۆن ئیش لەسەر بەهایەکان ئەکەین!


هاوڕێ نەهرۆ        

 
بەها گرنگترین و هەستیارترین مانایە لە یادەوەریی مرۆڤ، بەها یان بوون و جێگیربوونی بەها، مرۆڤ جیائەکاتەوە لە جیهان و ژیانی ئاژەڵ، تێکڕای فەلسەفەو ئاینەکان و هەوڵەکانی کۆمەڵناسی و دواتریش حیزب و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵی مەدەنی بە هەموو ئایدۆلۆژیەتی جوراوجۆرە هاتونەتە مەیدان ئیش لەسەر بەهایەکی دیاریکراو بکەن، بەها چەند جۆرێکە، بەهای پۆزەتیڤ و بەهای نەگێتڤ، ژیانی کۆمەڵ بەڕابوردوو ئێستاو ئایندەوە لەسەر بەها ڕاوەستاوە، بۆ نموونە بەهایەکانی کۆمەڵی سوسیالیستی جیاوازە لە بەهایەکانی کۆمەڵی سەرمایەداری، چی سیستەمی سەرمایەدارییە مرۆڤ لەسەر خۆشەویستی مولکییەت و پارەو پوڵ و ژیانی مادی و چاوچنۆکیی و خۆپەرستیی و چڵیسی ئیش دەکا، لە کۆمەڵی سەرمایەداری دا بایەخ بە تاک بەرهەمهێن دەدرێ، بەهای تاکگەرایی لە جیهانی سەرمایەداری دا زاڵە، ئابوری بزوێنەری میژووی کۆمەڵ و مرۆڤە، ئەوانەی لە پەراوێزی کۆمەڵی سەرمایەداری دا دەژێن وەک نەخۆش و دەرمان خۆر و خەڵکی سەقەت لە ژیانی کولەمەرگی دا دەژێن، لەسیستەمی سەرمایەداری دا پانتایی مافی مرۆڤ بەندە بەلایەنی کەمی زندەگیی، ئەگەر باسی مافی ئافرەت بکەین لەم جۆرە کۆمەڵانە ئەوە قوربانی چاوچنۆکی سەرمایەداری و سیستەمی باوک سالارییە، ئافرەت کارگەیەکە بۆ بەرهەمهینانی زارۆک، مووچەیان بەهیچ شێوەیەک ناگاتە ئاستی مووچەی پیاو، شوێنە هەستیارەکانی ئیداری بەدەست پیاوانەوەیە.

 

بەم شێوەیە بەهای کۆمەڵی سەرمایەداری لەگەڵ خواستی کۆمەڵ نایەتەوە چونکە لە بنەرەتدا بەهای سەقەت و نەگێتڤە، ڕەنگە لێرەدا هەندێ کەس ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆیان بکەن زۆربەی ڕژێمی دەوڵەتان سەرمایەدارین کە چی کۆمەڵەکەیان لە خۆشگوزەرانی و رەفاهیەت دەژێن، مەوداو پانتایی مافی مرۆڤ بەرینە، ئافرەت و پیاو یەکسانن، لەڕاستی دا ئەمە دیوە رووکەشەکەی ئەو کۆمەڵانە گەرچی سەرمایەداری ئەمرۆ زیرەکە سود و کەڵک لە دەستکەوتەکانی کۆمەڵی سوسیالیستی پێش خۆی وەرگرتووە بۆ درێژەدان بەتەمەنی، هەموو ڕژیمی بە پێ یاسای گەردوون خۆی تازە ئەکاتەوە، ئەگەر خۆی تازە نەکاتەوە دەکەوێتەوە بەر نەفرەتی خەڵکی زەحمەتکێش و جەماوەر وەک خۆپێشاندانی یەلەک زەردەکانی لە فەرنسا و نازەرزایی ومانگرتنی خاوەن پیشەکان و فەرمانبەران لیرەو لەوێ!

 

هەر بۆیە ئێمە خوازیاری جێگیرکردنی بەهای سوسیالیستی و کۆمۆنیستیین لەبەر ئەوەی لەگەڵ خواستی ئینسان دێتەوە، ئەی بۆ چی ڕژێمە توتالیتارەکانی سوسیالیستی جاران رووخان، ئەمە بابەتێکە زۆر لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە هەڵدەگرێ لەوانە نەبوونی فرەحیزبی و دیمۆکراسیەت و ئازادی و مافی ڕادەڕبڕینی جیاواز، بایەخ نەدان بە خەونی تاک، ئەمرۆ لە ساتەوەختی ئێستا دا بیرکردنەوەی کۆمۆنیستەکان و سوسیالیستەکان گۆڕانی بەسەر هاتووە، کۆمۆنیستەکانی ئەمرۆ وەکو کۆمۆنیستەکانی دوێنی بیرناکەنەوە بڕوانە ئەزموونی چین سودیان لە ئالیەت و میکانیزمی بازاڕی ئازاد وەرگرت، رێگایان دا وەبەرهێنان بکرێ، ئەمرۆ چین سیاسەتی نەرم پەیڕەو دەکا، گەورەترین زلهێزی ئابوری و سیاسی یە لە جێهان، ئەوە بەهاو پرینسیپەکانی کۆمەڵی سوسیالیستی یە ، چین یان بەو گەورەیی و مەزنی یە هێشتۆتەوە لەسەردەمی کرونا بە کاتێکی دیاریکراو بە پازدە رۆژە گەورەترین نەخۆشخانەیان دروست کرد، ئەمەو دەیان دەستکەوتی دیکە وەک فرەبوونی بەرهەمی جیاوازو پێشکەوتوو لە دونیای دیجیتاڵ و ئەلیکترونیات، وایلێهاتووە ئەمرۆ جیهان بە بێ بەرهەمی چینی ساتەوەختێک بەڕێوە ناچی!


بیخۆفسکی لە پەرتووکی (تاک و کۆمەڵ) دەڵێ ئایدۆلۆژیەت کۆنترۆڵی سەرەکی رەفتاری کۆمەڵایەتییە، رەفتاری کۆمەڵایەتیش بەرجەستەی بەهایەکانە، بەهایەکانیش دەبێ زیادەڕۆییان تیا نەکرێ سوقرات دەڵێ (الفضیلة تقع مابین رذیلتین) چاکە لە نێوان دوو جەمسەری خراپە دایە، لێرەدا ئەگەر باسی ڕاستگۆیی بکەین ئەوە جەمسەرێکی درۆیە، جەمسەرەکەی دی وەقاحەیە، ڕاستگۆیی بێ سنوور خۆی لە خۆی دا وەقاحەیە! ئەمرۆ لە سایەی دیاردەی گەندەڵی لە ناوخۆی وڵات و کوردستان بە شێوەیەکی قیزەوەن بەربڵاوە، جێگیرکردنی بەهای دەستپاکی فەرمانێکی حاشاهەڵنەگرە، ئەمرۆ ئێمە لە نێو کۆمەڵ و حیزب و رێکخراوەکان و دام و دەزگای دەوڵەت پێویستمان بە کەسانی دەستپاک و ڕاستگۆیە، لە دەورەی دوای بریمەرەوە دوو وەزیری شیوعی بوون، هاوڕێیان موفید جەزائیری و ڕائد فەهمی سکرتیری ئێستای حیزبی شیوعی ئیراق، دوست و دوژمن باسی دەستپاکی و خزمەت وڕاستگۆیەتیان دەکا، ئەگەر بەهاو پەروەردەی حیزبی شیوعی نەبێ ئەمان چۆن پەریز پاک دەرئەچن، دستپاکی وڕاستگۆیی ئەمان ڕێکەوت نییە بەڵکو هەقیقەتێکی مەوزوعی یە، هەر بۆیە ئێمە جەخت لەسەر بەهای کۆمۆنیستی و سوسیالیستی دەکەین کە بەهاگەلێکی ئەستاندارن، بەهای روون و ئاشکرایی و بێ گرێییە، بەهایەکە لەگەڵ فریکوینسی گەردوون یەکانگیرە، بەهایەکە خوداکان و ئاینەکان دانیان پیا ناوە، لەم بابەتە باسی توندڕەوی بەهایەکانم کرد، پارتە ئیسلامیەکانی رۆژهەڵات بە گشتی لەسەر جێگیرکردنی بەهای توندڕەو ئیش ئەکەن وەک ئەوەی خۆیان بە جێگرو خەلیفەی خودا دەزانن هەر بۆیە لەسەر بچووکترین رەفتاری مرۆڤ قسەو ئەحکامیان هەیە بۆ نموونە شەرع پێش هەزارو چوارد ساڵ چۆن بووە، ئەوان دەیانەوێ ئەو بەهایانە ئێستا پەیڕەوی لێ بکەن تەنانەت روجیەی غارودیی فەرەنسی کە ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند بەڵام بە ئاشکرا ڕەخنەی لە چەمکەکانی ئیسلام و قورئان گرت کە بۆ هەموو زەمان و شوێنی ناگونجێن.

 

لەڕاستی بەهایەکانی کۆمەڵی مۆدرین دەبێ لەگەڵ روحی سەردەم بگونجێن، دەبێ ئازادی مرۆڤەکان خەفە نەکا بۆ نموونە بەهای دادپەروەری و عەدل لە داهات لە ماف و ئازادی ژن، دەبێ هەموو لایەک لەسەری کۆک بێت بە عەلمانی و ئیسلامی یەوە، بۆ نموونە مافی مرۆڤ دەبێ هەموو لایەنێک لە ئەوپەڕی چەپەوە تا ئەمپەری ڕاست لەسەری هاوڕا بن، بەدرێژایی مێژوو ململانی لە نێوان لایەن و دەسەڵاتداران بوونی هەیە لەسەر جێگیرکردن و چەسپاندنی بەهایەکان، هەندێ بەها هەن خزمەت بە تێکڕای توێژو چینەکان دەکات، خزمەت بە ئازادی تاک دەکا، خزمەت بە مافی مرۆڤ دەکا دەبێ هەمووان لەسەری کۆک بن، ئازادی تاک خۆی لە خۆی دا بەهایە،مافی مروڤ بەهایە، داپەروەریی کۆمەڵایەتی بەهایە، دەستپاکی بەهایە، ڕاستگۆیی بەهایە، مافی ژن بەهایە دەبێ پەیمانی کۆمەڵایەتیمان هەبێ وەک ئەوەی جان جاک رۆسۆ بەدرێژیی باسی دەکا قوناغی یاساو بەهایەکان کۆتایی هینانە بەژیانی غەریزەیی ئاژەڵێ، هەر بۆیە پیویستمان بە کۆمەڵێکی خاوەن بەهای پێشکەوتووە گەرچێ لە رۆژگاری ئەمرۆدا پێویستمان بە دەستپاکی یە لە بەڕیوبردنی وڵات، پێویستمان بە دەستپاکی لە نێو دام و دەزگاکان، دەبێ دەستبەجێ ئەم بەهایانە جێگیر بکرێ ! ڕاگەیاندنیش روڵێکی بەرچاو دەبینی لە جێگیر کردن و چەسپاندن بەهایەکان، خۆشبەختانە کۆمەڵی کوردستانی پڕە لە بەهای جوان و سەنگین دەبێ زیندوو بکرێنەوە و بەردەوام ئیشیان لەسەر بکرێ!


١٠\٩\٢٠٢٦ - ئۆسلۆ
ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک