په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٢

چۆن منداڵەکانمان ھۆگری خوێندنەوەی په‌رتووک دەکەین؟


رەزا ساڵح      


خوێندنەوە زۆر گرنگ بۆ ھەموو کەسێک ، یەکێکە لە پێویسترین پێویستییەکانی ژیانی مرۆڤ لەم سەردەمەدا.. لە دوای ھەڵمژینی ھەوای پاک و خواردنەوە و خواردن و نووستن و کارکردن ، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە.. وەکو چۆن پێویستیمان بە خواردن و ئاوخوادنەوە ھەیە بۆ ئەوەی بژین.. ھەروەھاش پێویستیشمان بە خوێندنەوەی بەردەوامی بابەت ھەمەڕەنگە ھەیە ، چونکە خوێندنەوە خۆراکی مێشکە و، ھۆی گەشەکرن و دەوڵەمەندکردنی ھۆش و گۆش و زەین و زیرەکی و بلیمەتی و زانایی و دانایی و پێشکەوتن و داھێنانمانە.. بڕوا ناکەم تام و چێژی ھیچ خۆشییەک بگاتە خۆشی و چێژی خوێندنەوە.

خوێندنەوە، لە بنەما ھەرە سەرکییەکانی دروست کردنی کەسایەتییەکی تەواو و سەرکەوتووە.. ھەر لە منداڵییەوە تا ئەو رۆژەی کە سەردەنێینەوە ، پێویستیمان بە خوێندنەوەی په‌رتووک و گۆڤار و رۆژنامەی بابەت ھەمەرەنگە ھەیە.. تا زیاتریش بخوێنینەوە و زیاتر وەربگرین.. ھەست بەوە دەکەین، ئەوانەی خوێندوومانەتەوە و ئەوانەی وەرمان گرتوون و دەیانزانین.. دڵۆپێکن لە ئۆقیانووسێکدا.

په‌رتووک باشترین ھاوڕێیە.. په‌رتووکخانەش جوانترین و قەشەنگترین باخچە و گوڵزاری پڕ گوڵ ھەمەرەنگەیە.. په‌رتووکخانە دەوڵەمەنترین باخ و بێستانی خۆشترین و بە تامترین میوەیە.. په‌رتووکخانە باشترین شوێنی سوود وەرگرتن و خۆرۆشنبیرکردنە.


په‌رتووک، باشترین مامۆستایە، کە بەبێ چاوسوورکردنەوە و ھەڕەشە و بەبێ لێدان فێرمان دەکا..لە بارەی بایەخی په‌رتووک و په‌رتووکخانەوە، لە گۆشەنیگای ناودارانەوە:

تۆماس جیفەرسۆن: " من بە بێ په‌رتووک ، ناتوانم بژیم ".
مارکۆس سیکەرۆ: " ئەگەر باخچەیەک و په‌رتووکخانەیەکت ھەبێ ، واتە لە ھیچت کەم نییە ".
دیگۆن لایلی: " په‌رتووکخانەکەت پڕ بێ لە په‌رتووک ، باشترە لەوەی کە جزدانەکەت پڕ بێ لە پارە ".
گاندی: " ئەوەی رۆژانە رۆژنامەیەک نەخوێنێتەوە، من بە نەزانی دادەنێم ".
فنست ستاریت: " کاتێ کە په‌رتووک کۆدەکەینەوە، واتا بەختیاری کۆدەکەینەوە".
ئۆلیڤەر گۆڵدسمیس: " کە بۆ یەکەمین جار په‌رتووکێک دەخوێنمەوە ، واتە ھاوڕێیەکی تازەم گرتووە ، بەڵام ئەگەر بە رێکەوت بۆ جارێکی تر ھەمان په‌رتووک بخوێنمەوە ، واتە بۆ جاری دووەم چاوم بە ھاوڕێیەکەم دەکەوێتەوە ".
ئەبراھام لینکۆڵن:" ئەو شتانەی کە من حەزدەکەم بیان زانم، لە په‌رتووک دان. باشترین ھاوڕێشم، ئەو کەسەیە کە په‌رتووکێکم پێشکەش بکا، کە نەم خوێندۆتەوە".
فریدریک نیتشە: " ھەوڵدەن بخوێننەوە، وەک راوچییەکی بە دەست و بردیش، بیر و بۆچوونی چاک راوبکەن و، لە ھزرە بۆگەن و کۆنەکانیش دوور بکەونەوە ".
ئۆمەر ھانسینس: " تا په‌رتووک زۆرتر بێت، زانست و زانیاریش زیاتر دەبێت".

راستە کە ئینتەرنێت لە رۆڵی په‌رتووک و گۆڤار و رۆژنامای کەمتر کردۆتەوە .. بەڵام بایەخ و چیژی خوێندنەوەی په‌رتووک و گۆڤار و رۆژنامە ھەرگیز کاڵ نابێتەوە.

منداڵان بە ھۆی خوێندنەوەوە ، حەز و ئارەزووەکانیان گەشەتر دەکا و ، ئاسۆی زانست و زانیاری و رۆشنبیریی گشتییان فراونتر دەبێ، فەرھەنگی وشە و رستە و زمانەوانیان دەوڵەمەنتر دەبێ ، وەڵامی ئەو پرسیارانەشیان دەست دەکەوێ کە کە لەلایاندا بێ وەڵامن . ھەندێ لەو گرێیانەش دەکەنەوە ، کە رامانی کردوون.. ھەر بە ھۆی خوێندنەوەوە، منداڵان بنەما پێویستییەکانی کەسایەتییەکی دروست و راست فێردەبن، وەکو: کۆشش کردن و تێکۆشان، خۆڕاگرتن و کۆڵنەدان، راستی و راستگۆیی، ھاوکاری و یارمەتیدان، گەشبینی و ھیواداری، یەکسانی و ئازادی، دادپەروەری و رەواناسی ، گەل و نیشتمانپەروەری ، دڵسۆزی و خۆشەویستی ، بڕوا بەخۆبوون ، ھەستی مرۆڤایەتی و ویژدان زیندوویی ، ... ھتد.

لەم روانگەیەوە ، ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ، لە شار و شارۆچکە و لە گەرەک و دێھاتەکان و لە ھەموو قوتابخانە و پۆلێکی خوێندندا ، بەڵکو لە ھەموو ماڵێک و ھەموو ژوورێکی نووستنی منداڵانیشدا ، په‌رتووکخانەی گەورە و بچووکیان تیدا ھەیە و، بە ھەزاران په‌رتووک و گۆڤار و سەرچاوەی ھەمەڕەنگەیان بۆ ھەموو قۆناخ و تەمەنێک تێدایە.. سەرەڕای ئەوەش چەندین په‌رتووکخانەی گەڕۆکیان ھەیە، کە دێھات و گەڕەک و شوێنانی تر بەسەر دەکەنەوە و.. تازەترین په‌رتووک و گۆڤار دەخەنە بەردەستی شەیدایانی خوێندنەوە .. ئەمڕۆ ئەوەی رۆژانە نەخوێنێتەوە کەسێکی دابڕا و بێ ئاگایە و ، ئەو رۆژە بە نرخانەشی بەفیڕۆ دەدات.. ھەر ماڵێکیش په‌رتووکخانەی تێدا نەبێت ، وەک ئەوە وایە کە چێشتخانەی تێدا نییە .. با په‌رتووک و په‌رتووکخانەشمان ، تەنھا بۆ دیکۆر و رازانەوەی ماڵ و قوتابخانەکانمان و په‌رتووکخانە گشتییەکانمان نەبێت ، شوورەییە ئەگەر په‌رتووکەکان نەکرابێتنەوە و تۆزیان لێ نیشتووبێ .

من ھەر کاتێک ماوەم ھەبێت زۆرترین کاتی پەرژان و پشووی خۆم لە په‌رتووکخانەی گشتی (بێرگن) لە نەرویج ـ ئەو شارەی لێی دەژیم ـ بە خوێندنەوە بەسەردەبەم. ژمارەیەکی باشی په‌رتووک و گۆڤاری کوردی لەم په‌رتووکخانەیەدا لە بەشی کوردیدا ھەیە ، کە بەشێکیان بۆ منداڵانن.. په‌رتووکی تازەشیان تێدایە. ‏ساڵی پار لەگەڵ بەڕێوەبەری په‌رتووکخانەکەدا قسەم کرد و گلەیی ئەوەم کرد، کە لە چاو ژمارەی کورد و بەشەکانی زمانەکانی تر ، زۆر کەمتر په‌رتووکی تازە بۆ بەشی کوردی دەکڕن .. بۆچی ؟ وەڵامی بەڕیوەبەری په‌رتووکخانەی بێرگن ئەوە بوو.. وتی ئێمە بەپێی خوێنەران و خوازیارانی په‌رتووکەکانی ھەر بەشێک په‌رتووکی تازە دەکڕین . لە راستیدا قسەکەشی راستن.. بە داخەوە وەکو وتم کەس بە قەی من ھاتووچۆی ئەو په‌رتووکخانەیە ناکات ، مەگەر بە دەگمەن کوردێک ، یا منداڵێکی کوردمان ببینم ، کە په‌رتووک بخوێنێتەوە یان په‌رتووکێک بخوازێ و بیباتەوە بۆ ماڵەوە .. کەچی رۆژی بە سەتان منداڵ و لاو و ژن و پیاوانی نەتەوەکانی ترم بەرچاو دەکەون ، مەگەر لەکاتی تەوابوونی دەوام بەجێی بھێڵن، کە بەجێشی دەھێڵن،ھەر یەکە چەند په‌رتووکێکی خوازراو دەباتەوە بۆ ماڵەوە.


تا ئیستا بە تەواوی نەزانراوە ، لە کەیەوە منداڵ ھۆگری په‌رتووک و خوێندنەوە دەبێت.. ئەمانە ھەندێ پرسیارن یارمەتی دایکان و باوکان دەدەن ، بۆ ئەوەی کە بزانن و بۆیان ئاشکرا بێت ، کە منداڵەکانیان حەزیان لە په‌رتووک خوێندنەوە ھەیە:

(*) ئایە تێبینی ئەوە دەکەی کە ، مناڵەکەت حەز دەکا سەیری په‌رتووک و گۆڤار بکا؟
(*) کە منداڵەکەت بە تەنھا بێ ، حەز دەکات جار و بار په‌رتووک بە دەستەوە بگرێ؟
(*) کە په‌رتووکی لە بەردەستدا بێ، لاپەڕەکانی ھەڵدەداتەوە.. سەیری وێنەکانی دەکا؟
(*) ھەندێ جار، وا خۆی دەردەخا ، کە ئەو په‌رتووکەی لە بەردستییە دەیخوێنێتەوە؟
(*) ئایە منداڵەکەت حەز بەوە دەکا، کە یاری وشەسازی( ریزبەندی وشە ) بکا؟
(*) ئایا بایەخ و سەرنجی ئەو رستە نووسراوانە دەدا ، ئەگەر پێشانیانی بدەێ؟
(*) ھەندی لەو وشە و رستانەی کە لەو چیرۆکانەی بۆت خوێندۆتەوە ، لەبەر خۆیەوە دووبارەیان دەکاتەوە ؟
(*) مانای وشەکانت لێ دەپرسێ ؟
(*) کە خوشک و برای لە خوی گەورەتر ، په‌رتووکیان لە بەردەستدا بێ ، دەچێت بە لایانەوە و، سەرنجیان دەدا ؟

ئەگەر زۆربەی وەڵامەکانی ئەو پرسیارانە بە (بەڵێ) بێ..واتە منداڵەکەت حەزی لە خوێندنەوە ھەیە و ، پێویستە ئەم حەزە بقۆزیتەوە و ، بەپێی تەمەنی په‌رتووک و گۆڤارە کوردییەکانی بۆ بکڕیت .. لە سەرەتاوە په‌رتووکی وێنەداری رەنگاوڕەنگی ئاسانی بۆ دابین بکە .. ھەر په‌رتووک و گۆڤارێکیشی خوێندەوە ، ستایشی بکە و ، خەڵاتێکی پێشکەش بکە.. خەلاتەکەت ھەرزان بەھاش بێ .. دڵخۆشی دەکا.


جا بۆ ئەوەی منداڵەکانتان ، ھۆگری خوێندنەوە بکەن و، بیان کەن بە ھاوڕێی په‌رتووک.. پێویستە رەچاوی کۆمەڵێک زانست و رێنمایی پێویست بکەن ، وەک:

(*) پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان، ببنە نموونە و لە بەرچاوی منداڵەکانتاندا په‌رتووک و گۆڤار و رۆژنامە بخوێننەوە ، تا منداڵەکانشیتان چاو لە ئێوە بکەن.
(*) بە دەنگێکی مامناوەندی و بە رەوانی و بە شێوەیەکی ھونەری خۆش و سەرنج راکێش.. په‌رتووکی چیرۆک و ھۆنراوە و سەرگوزشتە و سەرکیشی بۆ منداڵەکانتان بخوێننەوە..بە تایبەتیش ئێواران پێش نووستن.. کۆمەڵێک پرسیاریش بوروژێنن بۆ ئەوەی منداڵەکانت لە مەبەستی چیرۆک و ھۆنراوەکان تێ بگەن.
(*) لە ماڵەکانتاندا ، ئەکەر کرا لە ژووری منداڵەکانتان په‌رتووکخانە دابنێن و بە په‌رتووک و گۆڤاری منداڵان بیان ڕازێننەوە.
(*) پێویستە په‌رتووکخانەکانی قوتابخانەکان، بە په‌رتووک و گۆڤاری ھەمەرەنگەی منداڵان دەوڵەمەند بکرێن و، په‌رتووک بدرێت بە منداڵان بیبەنەوە و لە ماڵەوە بیان خوێننەوە.

(*) پێویستە مامۆستایانی زمانی کوردیمان ، رۆڵێکی کاریگەریان ھەبێت لە ھاندان و رێنمایی کردنی قوتابیان ، بۆ خوودانە خویندنەوەی په‌رتووک و گۆڤار.
(*) پێویستە مامۆستایانی زمانی کوردیمان، فێری منداڵان بکەن کە چۆن ھاومانی ئەو وشانەی ماناکانیان نازانن ، لە فەرھەنگەکانی زمانی کوردی بیان دۆزنەوە.
(*) پێویستە منداڵان بە خوێندنەوەی بێ دەنگ رابھێنن .
(*) ئەو منداڵانەی شەرمنن، پێویستە رایان بھێنن و، لەبەردەم ھاوڕێکانیاندا بە دەنگەوە په‌رتووک یا ھەر بابەتێکی تر بێت بخوێننەوە .. تا شەرمیان بشکێ.
(*) بێگومان خوێندنەوە ، منداڵان زیرەکتر وبلیمەتر دەکات. ھەندێ لە منداڵان حەزی خۆدەرخستنیان ھەیە لە بەردەم ھاوڕێکانیاندا.. نابێ سەرکوتیان بکەن و، رێیان لێ مەگرن .. با ئەوەی دەیانەوێت پەنگ نەخواتەوە و دەری ببڕن.
(*) منداڵەکانتان لەسەر خێرایی خوێندنەوە رابھێنن.
(*) منداڵەکانتان رابھێنن ، کە لە کاتی خوێندنەوەدا ، رەچاوی خاڵبەندییەکانی رێزمان بکەن بۆ نموونە : کە گەیشتنە بۆر(،) کەمی بشوو یا ھەناسەیەک بدەن، لە خاڵی کۆتایی رستەشدا (.) ، پشوویەکی زیاتر یا ھەڵوەستەیەکی لێ بکەن.
(*) ئەو منداڵانەی لە خوێندنەوەدا لاوازن ، نابێت پەراوێز بکرێن.. پێویستە چارەسەر ھۆی لاوازیان بکەن و ، ھۆیەکانی پێشکەوتنیان بۆ دابین بکەن.
(*) پێویستە رەچاوی ئەوەش بکەن ، لە رووی توانا و بیر و زەین و بەھرە و زیرەکییەوە ، جیاوازی لە نێوان منداڵاندا ھەیە .
(*)‌ منداڵان رابھێنن، لە مانا و مەبەستی ئەو بابەتانەی دەیان خوێننەو تێ بگەن.
(*) پێویستە مندالەکانتان بەرن ، بۆ بەشی په‌رتووک و گۆڤاری منداڵان لە په‌رتووکخانەی گشتی شارەکانتان.. ھیواداریشین بەشی منداڵان زیاتر گرنگی پێ بدەن و بە په‌رتووک و گۆڤاری تازە دەوڵەمەندیان بکەن.


پێنج مانگ بەر لە ئێستا سەردانی په‌رتووکخانەی گشتی شاری کەرکوکی خۆشەویستم کرد ، داوام لە خاتوو (شادیە بەکر محەمەد) ی بەڕێوەبەری په‌رتووکخانەکەی گشتی کەرکوک کرد کە بەشی منداڵانم پێشان بدات .. بەداخەوە بەشی منداڵانیان تەنھا بە ناو بەشە.. لە سووچێکی ھۆڵێکی بچووکی تاریکدا، لە سەر رەفتێکی بەرزدا ، چەند په‌رتووکێکی منداڵان دانرابوون ، کە ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەکانی دەستم کەمتر بوون .. ناویان لێ نابوون بەشی منداڵان .. بڕوا ناکەم لە مانگێکدا چوار منداڵی کوردمان روو لەم بەشە بکەن .. بێن چی بخوێننەوە ؟ نیگەران و دڵگران بووم.. خاتوو شادیە ش .. لە بەشی منداڵانیان رازی نەبوو .. گلەیی ئەوەی دەکرد کە وەکو پێویست ئاوڕ لە په‌رتووکخانەکەیان نەدراوەتەوە و ھاوکاری نەکراون.


داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری کوردستان دەکەم ، کە کۆمەڵێک په‌رتووک و گۆڤاری کوردی بۆ منداڵان ، پێشکەش بە په‌رتووکخانەی گشتی شاری کەرکوک بکەن.

ھیوادارم کە ببینە ھاندەری باشی منداڵەکانمان، بۆ ئەوەی خوو بدەنە خوێندنەوە و ببنە ئاشنای په‌رتووکخانە و ببنە ھاوڕێی ھەمیشەی په‌رتووک. وەکو دەڵێن: " فێربوون بە منداڵی ، وەک نەخشی سەر بەردە ".


نەرویج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک