په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 جۆرج‌ بۆش داوا لەسەرانى کورد دەکات

حەمە سیاسى ئەشکەنەیى ئازاد بکەن.

 
هێڤار  


دواجار جۆرج بۆش هاتە قسەو لە کۆنگرێسى وڵاتەکەیدا راپۆرتێکى تێرو تەسەلى لەسەر بارودۆخى (عێراقء ئەفغانستان) خوێندەوە، کە تێێدا وێراى سەرەباسەکانى تۆرابۆراء مادەى 146 و یاساى پارێزگاکانى عێراق، ئاماژەى بە (حەمە سیاسى ئەشکەنەیى) کرد، کە چۆن لەکاتى گیرانى لە رانیەو گواستنەوەى بۆ سلێمانى، نوسەرو رۆژنامەنوسانى کوردستان بە گشتىء دەزگاکانى راگەیاندن، سەندیکاى رۆژنامەنوسان، رۆژنامەى پێگەء کوردستا راپۆرتء سایتء ماڵپەرە کوردیەکان، رادیۆى نەواء تەواوى میدیاکانى کوردستان لە سەروى هەموشیانەوە خاتوو (ئان کلۆید)ء ئامادەکارانى راپۆرتى ساڵانەى رۆژنامەنوسانى بێسنورى جیهان، بە جروئەتەوە لە کاتى گیرانى سیاسى لە سلێمانى هاتنە مەیدانءدەنگیان هەڵبڕىء داکۆکیان لە ئازادى رادەربرینء مافى رۆژنامەنوسان کردء ناوى لە راپۆرتى ساڵانەى نەتەوەیەکگرتوەکاندا هات. ئەم وتارەى سەرۆک بۆش کاریگەرى لە ئۆباما کردء ئەویش بۆ ئەوەى کێرڤى دەنگەکانى نەیەتە خوارەوە، یەکسەر بەڵێنى دا خەڵاتى رێزلێنان بە هەموو ئەو دەزگاو رۆژنامەنوسانە ببەخشێت کە داکۆکییان لەحەمە سیاسى ئەشکەنەیى کرد. ئۆباما لە بەرامبەر هەوادارانى خۆیدا خەستتر لە جۆرج بۆش هەڵوەستەى لەسەر سیاسى کرد، ئەو پێى وابوو ئەم مەسەلە پەیوەندى بە تەنگەژە سیاسەکانى لوبنانء ئەتۆمى ئێرانء کۆریاوە هەیە، بۆیە پێشنیارى کرد ناوى هەموو ئەو بەرێزانە بخرێتە کتێبى گیدنیسەوە. چونکە لە دواى گیرانى لە هەولێرو شوێن بزرکردنى لە سنورى دەسەڵاتى پارتیەوە، ئێستاکە هەموویان قڕوقەپ لێی دانیشتوونء کەسێک نقەى لێوە نایەت! نە کەسێک ناوى دێنێتء نە رۆژنامەیەک شتێکى لەسەر دەنوسێت.نە سایت و ماڵپەرێکیش لە یەکەم هەواڵى خۆیدا دایدەنێت. تۆ بڵێیت ئەم تەلیسمەچى بێت کە کێشەى حەمە سیاسى لە نێوان ( سلێمانى و هەولێر ) بانێکء دوو هەوا بێت ! دیارە من لەسەر هۆکارى گرتنء ناوەرۆکى روداوەکەى قسە ناکەم، چونکە دڵنیام هیچ جیاوازیەک لە نێوان هۆکارى گرتنى لە سلێمانىء دواتریشى هى هەولێردا نییە. بەڵام پرسیار لە بێدەنگىء خۆگێلکردنى هێندێک لە دەزگاکانى راگەیاندن دایە، کە تا دوێنى قژى خۆیان بۆ دەڕوتاندەوەو ئێستاش تەنها قسەیەکى لەسەر ناکەن! کوا ئەو پاڵەوانەى رۆژنامەو سایتەکان کردبویانە قارەمانى رۆژنامەنوسىء وەک ئیسماعیل بێشکچى کرابوو بە سیمبولى زیندانء راى ئازاد ! کەچى ئێستا زۆر ترسنۆکانە و دوور لە هەموو ئاکارێکى رۆژنامەنوسیانە خۆیان لە خەتى بێدەنگى داوە ! تۆ بڵێیت زیندانەکانى ئەو بەر فەرشى سوریان بۆ راخرابێتء دوعاى خاڵە موبارەکیان بۆ هەڵنەواسرابێت، یان ئەمە دەرخەرى مەترسیدارترین حاڵەتى کۆمەڵگایەکە کە هێشتاکە لە نێوان دوێنێ و ئەمرۆدا مانایەکى نییە بۆ هەڵویست.

 

رانیە
Hevar_1@yahoo.com