٢٠\٥\٢٠٢٠
جۆردەن پیتەرسۆن
لە بەرانبەر رێچارد ۆڵف.

عامر سابیر
جۆردەن
پیتەرسۆن دەروونناسێکی کەنەدییە. بۆ چەند مانگێک فرۆشتنی پەرتووکەکانی
یەکەم بوو لە لیستی پڕفرۆشترین پەرتووکەکانی (ئەمازۆن)دا. جۆردەن لە
ئاستی جیهاندا بەوە ناسراوە کە رەخنەی توند لە مارکسیزم و سۆشیالیزم
ئەگرێ. زۆربەی کات ڕەخنەکانی پڕ سووکایەتی و نائەکادیمی و گاڵتەکردنە
بە سۆشیالیزم و بەرگریکەرێکی سەرسەختی سیستەمی سەرمایەدارییە. ماو و
ستالینی کردووە بە هێمای کۆمۆنیزم و ھێرشی ھستریایانەی بۆ سەر مارکسیزم
و ھەر رەخنەیەک لە سەرمایەداریی.
جۆردەن پیتەرسۆن چەندین جار لە کۆڕ و مێزگردەکانی، هەردەم بانگەشەی
ئەوەی ئەکرد کە ھیچ کەسێکی مارکسی و سۆشیالیست ناوێرێ (دیبەیت)ی لەگەڵ
بکات لەسەر کەپیتالیزم لە بەرانبەر سۆشیالیزمدا.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا دۆگڵاس لەین، ئامادەیی بۆ ئەم (دیبەیت)ە دەربڕی.
جۆردەن ئەمەی رەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی کە دۆگڵاس ھیچ پەرتووکێکی
نییە و کەسێکی ناودار نییە. لە سەرەتای ٢٠١٨دا لە زانکۆیەکی ویلایەتی (ئایداھۆ)
ڕێکخراوی خوێندکارانی یەکێک لە زانکۆکانی ئایداھۆ، (دیبەت)ێکی رێکخست
بۆ رێچارد ۆڵف و جۆردەن پیتەرسۆن. ئەم جارەش جۆردەن رەتیکردەوە
بەشداربێت. لە راستییدا نەیوێرابوو کە خۆی بدات لە قەرەی ۆڵف و خۆی
ڕیسوا بکات. ئەوەی سەیرە بیانووی ئەم جارەی ئەوە بوو کە ئەبێت ھەفتاو
پێنج ھەزار دۆلاری بدەنێ ئینجا بەشدار ئەبێت. ھەرچەندە ڕێکخەران پێیان
وتبوو کە ئێمە تەنھا ڕێکخراوێکی خوێندکارانین و توانای ئەوەمان نییە
٧٥٠٠٠ دۆلارت بدەینێ، بەڵام ھەر وەک رێچارد ئەتوانین پارەی گەشت و
میوانخانەت بۆ دابین بکەین. دوا قسەی جۆردەن ئەوە بوو کە کرێی بەشداری
کەمکردبۆوە و وتبووی کە ئەگەر ٥٠٠٠٠ دۆلاری نەدەنێ ئەوا بەشدار نابێت.
هەر چۆنێک بوو (دیبەیت)ەکە بە ئامادەبوونی ڕیچارد و بە ئامادەنەبوونی
جۆردەن بەڕێوەچوو. جۆردەن کە ھەڵەوەڕێکە و بۆرژوازی و میدیاکانی ئاوا
گەورەیان کردووە، چۆن ئەتوانێ شان بدات لە شانی ڕیچارد ۆڵف.
رێچارد ۆڵف لە ئەمەریکا دامەزرێنەری (رێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی
کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئابووریی و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین
پەرتووکە و بڕوانامەی دکتۆرا و سێ ماستەری لە ئابووریی و مێژوودا ھەیە.
لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەرنامەیەکی ھەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە لە
ئێستادا ھەفتانە لە زیاتر لە ١٨٠ رادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لە سەرتاسەری
ئەمەریکادا بڵاوئەبێتەوە. هەردەم کۆڕ و (سەمینار) دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی
بیستراو و بینراو ئەنجامئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکەرێکی
سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە
تواناترین و رۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی جیهان.
١٨\٤\٢٠٢٠
ماڵپهڕی عامر سابیر
|