په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

چونکە نەخۆش بووم ئاسایشەکانى بازگەى (روڤیا) ویستیان لێمبدەن.


هێمن بابان   


لە رۆژى شەممە دەکاتە 30/5 دواى ئەوەى لەگەڵ چەند برادەرێک لە شارى دهۆک بەرەو هەولێر دەگەڕامەوە هەر دواى دەرچوونم لەشارى دهۆک بارى تەندروستیم تێکچوو بەهۆى دابەزینى پەستانى خوێن بۆیە پێویستم بەوە هەبوو کە تۆزێک پشوو بدەم و ناچار بووم لەناو ئوتومبێلەکەدا پاڵبدەمەوە دواى هەندێک ڕۆیشتن گەیشتینە بازگەى رۆڤیا کە ئەوکات تەواو بارى تەندروستیم بەرەو خراپى دەچوو.

 

دواى گەیشتنمان داواى ناسنامەى لێکردم و وتى بۆچى لە حزورى ئەفسەرى بازگە پاڵت داوەتەوە منیش هێزى قسەکردنم نەبوو بۆیە برادەرەکان ووتیان کاکە گیان ئەوە نەخۆشە، ئەو ئاسایشەى بازگە ڕووى لەمن کردوو بە تووڕەییەوە پێ ى وتم چیتە؟

 

منیش ووتم نازانم ئێستا وام لێهاتووە کەچى لەجیاتى ئەوەى نەخۆشخانەمان نیشان بدات پێى ووتم درۆ دەکەى!!

 

یەکسەر بە شوفێرەکەمانى ووت ئوتومبێلەکە لەودیوى بازگە رابگرە و ئێمەش بە ئوتومبێلەوە چوینە ئەودیو بازگەکە ئەویش چوو بۆ ناو بازگەکە و هاوارى کرد هەمووتان وەرنە ئێرە منیش بە برادەرەکانم ووت ئێوە بڕۆن لەگەڵ کاکى ئەفسەر قسە بکەن و پێى بڵێن ئەوە نەخۆشە و ناتوانى دابەزێ.

 

کەچى ئاسایشەکانى بازگە وتیان تا دانەبەزێ ناهێلین ئێوە بڕۆن!!

 

دواى ئەوەى منیش لەناو سیارەکە بە دەست ئیشارەتم بۆ ئاسایشێک کرد کە ناتوانم دابەزم، کەچى دوو سێ ئاسایش وەک گورگى هار هێرشیان بۆم هێنا ویستان لێمبدەن بەڵام ئەو چەند برادەرەى لەگەڵم بوون نەیانهێشت لێمبدەن.

 

کەچى یەکێک لە ئاسایشەکان بەو پەڕى بێ ڕێزیەوە سووڕ بوو لەسەر ئەوەى کە هەر دەبێ لێمبدات پاشان ناسنامەکەیان بردە ناو بازگەى و ناوى منیان لە دەفتەرێکى بێ خێر تۆمارکرد و پێیان ووتم لەبەر خاترى ئەو برادەرانەت نەبێ دەزانین چیت لێ دەکەین چونکە تۆ درۆ دەکەى!!

 

بە ڕاستى سەیرە! ئاسایشێکى بازگە بەو شێوە نا مرۆڤایەتیە هەلسوکەوت لەگەڵ نەخۆشێک بکات لەبەر ئەوەى نەخۆش لە حزورى ئەفسەر هەڵنەستاوە.

 

خۆ جاران دەیانووت (عه‌بدو‌ڵا وەحشى) هەبوو لە بازگەى موسڵ کە زۆر بێ ڕێزى بەرامبەر خەڵک دەکرد، بەڵام بڕوا بکەن ئەوانەى ئەو بازگەیەش گورگ بوون لە پێستى مەڕ دا هێندە بێ ڕێزییان بەرامبەر ئێمەى کرد تا ڕادەى تێهەڵدان.

 

بۆیە من لە بەڕێوەبەرى ئاسایشى ئاکرێ دەپرسم:

ئاخۆ قەت ڕۆژێک لە رۆژان بیرت لەوە نەکردۆتەوە کە هۆشیارى و رۆشنبیرى بدەى بەو کەسانەى لە بازگەکانى سنوورى جەنابتان ئیهانەى خەڵک دەکەن؟

قەت فێرى ئەوەت نەکردوون دەبێ حورمەتى خەڵک بگرن؟

قەت رێنمایت نەکردوون کە دەبێ ڕێز لە نەخۆش بگرن؟

قەت بە ئەفسەرە نەفس زلەکانى خۆت نەوتووە کە مرۆڤى مردوو ناتوانێ لە حزوورتان هەلبستێتەوە؟

 

ئەگەر تا ئێستا پێت نەوتوون دە ئێستا فێریان بکە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵک دەکەن!!