په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٥

داچلەکان و هەراسانبوونی فمینیستانی هەرێمی کوردستان بە بەرخودانی ژنانی "رۆژاوا".


هەژێن


پێش ئەوەی لە دووی هۆکار بگەڕێین، پێویستە ڕۆڵی فیمینیستانی کورد بە چەپ و ڕاستەوە لە هەرێمی کوردستاندا لە ٢٤ ساڵی ڕابوردوودا بخوێنینەوە. لە ڕاپەيڕین و بزووتنەوەی شوراییدا ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بە دیاریکراو سۆشیالیست و کۆمونیستەکان ڕۆڵە کلاسیك و خێڵەکی و بۆرجوازییەکەیان ژێرپێ خست و هاتنە مەیدان. لە بەرانبەردا پارتییە ناسیونال-بۆرجوازییەکانی بەرەی کوردستانی کەوتنەدروستکردنی دەستەکانی تیرۆر و ڕەشەکوژیی ژنان و بۆ ئەو مەبەستە هاریکاریکردنی ڕژێمی بەعس لەلایەن هەندێك ژنەوە کرا بە پاساو، ئەمە لە کاتێکدا کە بۆ پیاوان هاریکاریی و بەرلەشکریی ڕژێمی (بەعس) کرا بە میدیاڵیای " چەکداری شۆڕشگێڕ" و لە بەرۆکیان درا. لەو کاتەدا تەنیا چالاکانی بزووتنەوەی شورایی و ژنانێك کە ئاراستەی سۆشیالیستیی و کۆمونیستییان هەبوو، دژی ئەو تیرۆر و ڕەشەکوژییە وەستانەوە.


لە مانگی فێبریوەری ساڵی ١٩٩٢ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، کە بە زۆری لە ڕێکخراوە کۆمونیستییەکاندا کۆبووبوونەوە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی عیراق و کوردستندا کەوتنە بەرپاکردنی ساڵیادی ڕۆژی ٨ی مارچ وەك ڕۆژی تێکۆشان و بەرەنگارییکردنی تیرۆر و ڕەشەکوژیی ژنان و لەوێدا تیرۆری هەر ڕۆژەی ژنان پاش تێكشکانی ڕاپەڕین لەلایەن دەستە تیرۆریستییەکانی پارتییە ناسیونالیستەکانەوە، ڕسواکرا و بوو بە سەرەتای دەنگهەڵبڕین بەڕووی تیرۆرکردنی ژنان. هەر ئەو کات زۆربەی ئەو فێمینیستە دەسەڵاتخوازانەی ئێستا، دژی بانگەوازەکانی ٨ی مارچ بوون و پاساوی نامووسپەرستییان بۆ تیۆرکردنی ژنان دەهێنایەوە و ڕێکخراوە پاشکۆکانی هەموو پارتییەکانی بەرەی کوردستانی ڕەوایەتییان بەو تیرۆرکردنە دەدا.


بەداخەوە بەهۆی چەقبەستنی ئایدیۆلۆجی و ئایدیۆلۆجیکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و جەماوەرییەکانەوە، پاش چەند ساڵێك بزووتنەوەی ڕادیکاڵی یەکسانیخوازیی هەرێم بە هۆی پاشکۆکردنییەوە بۆ پارتیی و ڕێکخراوە چەپەکان، ناکارا بوو و کەوتە پەراوێز و بە لێدان و یاساخبوونی خودی چەپەکان، ژنانی پاشکۆش کەنارگیرکران و کۆتایی بە ئامادەیی مەیدانی بزووتنەوەکە هات و لێدانێکی گیانی و دەروونی و جەستەیی و مەیدانی بەر بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی سەرەتای دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو کەوت.


لە وەها هەل و بۆشاییەکدا فێمینیستانی ناسیونالیست، کە تا ئەو کات بە نامووسپەرستیی پاساوی ژنکوژییان دەدایەوە، بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی ژنان کەوتنەخۆ و فمینیزمی دەسەڵاتخواز [بۆرجوازی]یان کردە ئاڵاهەڵگری مەیدانەکە و زەمینە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگخوازیی و بەرتەریی و مشەخۆریی و دەسەڵاتخوازیی خۆشبوو و کەوتنە بژی بژیکردن لەتەك سەرانی دەسەڵات و نامەنووسین بۆ سەرۆک و سەرۆکشالیاران و جۆرج بووش و ..تد، تا دواجار توانیان ئایدیۆلۆجی و تێڕوانینی فێمینیزمی بۆرجوازی بەسەر بزووتنەوەکەدا زاڵبکەن و هەم بزووتنەوەی ژنان بۆ دەسەڵات دەستەمۆبکەن و هەم بۆ خۆشیان تەلار و مووچە و پاداشت و ناوبانگ بەدەستبهێنن.


بەرهەمی ئەم سەردەمەی تێکشکانی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی یەکسانیخوازیی و زاڵبوونی فێمینیزمی بۆرجوازی، پەسەندکردنی یاسای چەند-ژنە بوو لەلایەن پارلەمانی هەرێمی کوردستان و خۆسووتاندن و کوژران و تیرۆرکردنی زیاتری ژنان و ئاساییکردنی کوشتنی ژنان بەپاساوی نامووسپەرستی، کە تاکو ئێستاش ئەم بارە لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە و هێرشهێنانی چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) و داگیرکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، نیشانیدا کە ژن لە هەرێمی کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتی بۆرجوازی کوردا زۆر لە سەردەمی ڕژێمی بۆرجوازی بەعس خراپتر و نزمتر و پلەچەندتر کراوە.


لە وەها بارودۆخێکدا ژنانێك کە خۆیان بە درێژەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی یەکسانیخوازیی دەزانی و پاگەندەیان دەکرد، لە نەزۆکی ئایدیۆلۆجییەکەی خۆیان و سەرگەردانی هزریی و پاشکۆبوون و ئامرازبوون بۆ پارتییەکەیان، زوو کەوتنە ژێر کارایی فێمینیزمی بۆرجوازی یا خرانە ژێر ئەو کاراییە، تاوەکو بە ڕەدووکەوتنی هەژموونی ڕەوتی باو، پارتییەکەیان لە شکست ڕزگاربکەن و ئەوانیش وەك ژنە فێمینستە دەسەڵاتخوازەکانی دیکە کەوتنە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان هەر لەسەر مێزی خواردنەوە تا بەردەم مایکرۆفۆنی خۆنیشاندان و گەشتەکانیان وەك پێشرەو و ڕابەر و ڕزگارکەری ژنان.


لەم ساتەدا چەکدارانی دوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) پەلاماری ناوچەکانی زومار و شەنگال و (مەخموور)یان دا و هەزاران ژن و منداڵ و پیاویان بە بارمتە گرت و ژنان وەك کەنیزەك بۆ بازارەکانی کۆیلەفرۆشی (ڕەقە) و (موسڵ) بەڕێکران و نمایشدران، لە بەرانبەردا سەراپای کۆمەڵ و فێمینیستانی دەسەڵاتخواز و تەنانەت فێمینیستانی خۆ بە ڕادیکاڵزان تووشی شۆك و دۆشدامان بوون و دەستی نزا و پاڕانەوەیان بەرەو پارلەمان و فەرمانداریی و سەرۆك و زلهێزەکان بەرزکردەوە و چاوەڕێی بڕیاری "حەکیمانەی" ئەوانەیان کرد. ژنانی "هەرێمی کوردستان"یش کە هەزاران ساڵە بەتایبەت لە ٢٣ ساڵی ڕابوردوودا بێدەسەڵات و پەراوێزدەخرێن و دەکرێنە سیمبولی بێتوانایی و بە ڕابەریی و پێشڕەویی دەستەبژێرەکان و ڕامیاران خۆشباوەڕدەکرێن و ئەوانیش وەك چارەنووسێکی بێگەڕانەوە، چاوەڕێی هاتنی سۆپەرمانەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا و (ئەمەریکا)یان کرد یا لە نائومێدیی فریاگوزاریی ئەواندا، ناچار بۆ دابەزینی فریشتەکانی ئاسمان دەستیانهەڵبڕی و لە ڕیزی نزاکەراندا نۆرەیانگرت.


بەڵام هێزی ڕزگارکەر و بەرەنگار نە لە ئاسمانەوە دابەزی و لە سەربازگەکانی زلهێنەکانەوە هات، بەپێچەوانەوەی تێروانینی فێمینیستانی پاشکۆ و دەسەڵاتخوازەوە لە گۆشەیەکی بێدەنگ و فەرامۆشکراو و چاوەڕواننەکراو و لەبیرکراوی ئەم جیهانەوە لە "ڕۆژاوا"وە هاتن و نەك فریای هاوڕەگەزە سەرکوتکراوەکانیان کەوتن، بەڵکو تەواوی پیاوانی سمێڵ بافڕی هەرێمی کوردستانیشیان لە هێرشی چەکدارانی دەولەتی ئیسلامی پاراستن و نیشانیاندا کە ژنان بۆ بەرخودان پێویستیان بە پێشڕەوان و ڕابەرانی وێنەپەخش و دەڵاڵانی پارلەمان و بازار و یارانی جۆرج بوش نییە، ژنان بەخۆیان خودانی خۆیانن و تەنیا ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی و دادپەروەرییخوازیی سروشی بزاڤەکەیانە و نەك تەنیا ڕەگەزەکەی خۆیان ڕزگاردەکەن، بەڵکو پیاوانی دەبەنگکراوی ئایین و ڕامیاریی و پارتایەتیش ڕزگاردەکەن، ڕێز بۆ تاك و کۆمەڵ دەگڕێنەوە . لە چاوتروکانێكدا هەموو پێناسەکان و پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیاکان و دەقە ئایینییەکان و تێروانینی ئایینی-خێلەکی-ناسیونالیستی بۆ ژن و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵدا بەدرۆدەخەنەوە و دەمی هەرچی ڕامیار و پارلەمانتار و سەرانی پارتایەتی و زلهێزەکان هەیە، دەیکەنە تەڵەی تەقیو.


کاتێك لە ئەم دیوە شادراوەی کەتواری ٢٤ ساڵی ڕابوردوو ورددەبینەوە، ئیدی تێگەییشتن لە هۆکار و دنەدەر و بنەمای هەراسانبوونی فێمینیستانی دەسەڵاتخوازی "هەرێمی کوردستان" ئاسان و سادەیە و دەتوانین بە بەراوردێکی خێرای جیهانبینی و تیئۆری و تێروانینی فێمینیستانی ئازادیخواز لەتەك فێمینیستانی دەسەڵاتخواز بە چەپ و ڕاستەوە، بە وەها سەرەنجامێك بگەین؛ لەوە تێبگەین، کە ژنانی ئازادیخوازی کانتۆنەکانی خۆراوا دژی سەروەریی ڕەگەزێك و خوازیاری سەروەریی ڕەگەزەکەی خۆیان نین، ئەوان دژی سەروەریی ڕەگەزین و شەیدا و خەباتکاری جیهانێکن خاڵی لە هەڵاواردنی ڕەگەزیی و هەر ئەم پەیامە بەرز و ئازادیخوازانەیەیە، کە وەها ورە و بوێریی و نەبەزییەکیان پێدەبەخشێت و دەیانکاتە سیمبولی ئازادیخوازیی و یەکسانیخوازیی لە سەرتاسەری جیهاندا نەك پەخشکردنەوەی وێنەی پشت مایکرۆفۆن و مێزی هٶلە گەرمەکان و نامەنووسین بۆ جۆرج بوش و پارانەوە لە سەرۆکان و دەڵاڵانی بازار!
 

١٨\٣\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک