دادگایى قەلًەم
فرۆشەکانیش دەست پێدەکا.

بەشدار عهلی
(من نانوسم و تاقەتى نوسینیشم نیە تەنها ئەو
کاتانە نەبێت کە لەلایەن کاربەدەستێکەوە رادەسپێردرێم و کۆمەڵێک رستە و
ووشەم دەداتێ و منیش دەیکەمە ووتارێک و بڵاویدەکەمەوە بۆ نزیک بونەوە
لە بەرپرسان و دەسکەوتنى بڕێک پارە،بە کورتیەکەى من کاسبى دەکەم).
ئەمە قسەى یەکێک لە راگەیاندنکار و قوتابیەکى بەشى راگەیاندنى کۆلیژى
ئەدەبیات و ئەندامێکى زۆر کاراى سەندیکاى رۆژنامەنوسانیشە !!!
ئەمە رووداوێکى راگوزەر نیە،ئاسایش نیە،بەڵکو دیاردەیەکە و دەمێکە باڵ
و هێزە سیاسیەکان دەستیان بۆ بردوە و سەرەتا لە سایتە ئەلیکترۆنیەکان و
دواتریش بۆ بڵاوکراوەکانیان گواستنەوە و کۆمەڵێک کەسى نەخۆش و زەعیفیان
پێوە خەریک کردووە،چونکە ویژدانیان کڕیون و لە هەموو شتێکیان داشۆریون
ئەوەى بیانەوێت پێیان دەکەن.کۆمیدیایەکە لێرەوەیە پارتى و یەکێتى خۆیان
دەیان بڵاوکراوە و وێب سایت و دەزگایان بۆ ریسواکردن و ئەتککردنى
بەرامبەرەکانیان و ناشیرینکردنى میدیا و دورست کردنى کەسانى نەخۆش
دامەزراندووە،کەچى باسى ئەخلاقى رۆژنامەگەرى و ئەخلاقى سیاسى دەکەن!
جاش و ئەنفالچى و سیخوڕ و پیاوەکانى ئەمن و ئیستخباراتى سەردەمى بەعسیش
هەر ئەوەندەیان کرد کە ئیستا کۆمەڵێک بەناو( نوسەر و رۆژنامەنوس و
رۆشنبیرى) ئەو وڵاتە بە نوکەیەک لەسەر دار و بەردى ئەو وڵاتە رستە ریز
دەکەن و ویژدانى خۆیان هەراج کردووە و ئامادەن لەپێناوى دەست خۆشى و
دەستکەوتنى چەند دینارێک، رەش بکەن بە سپى و سپیش بکەن بە رەش.
ئەمە پلانێکى دارێژراوى دەسەڵاتى سیاسیە بۆ زیاتر ناشیرن کردنى میدیا
لەبەرچاوى خەڵک و سوک کردنى کارى نوسین و بڵاوکردنەوە نەبونى کاریگەرى
بەسەر کۆمەڵگا و ژیانى سیاسى و ئابورى وڵاتدا،هێندە هەواڵ و وتارى درۆ
و هەڵبەستراو دەخەنە ناو بڵاوکراوە و دەرخواردى خەڵکى پێدەدەن تاکو
هەواڵ و رووداوە راستیەکانیش کە لەسەر بەد ئەخلاقى و دزى و
راووروتەکانیان بڵاودەکرێتەوە لاى خەڵک گومان پەیدا بکات..
کاتى خۆشى بەعس لەشکرێک لەم جۆرە قەڵەم بەدەستانەى لە دەورى خۆى گل
دابویەوە،بەهەرحاڵ بەعس دەسەڵاتێکى دیکتاتۆر و تۆتالى بوو بۆ درێژەدان
بە تەمەنى خۆى و روو سپى کردنى دەم و چاوى دەستى بۆ ئەم جۆرە کارانە
دەبرد،بەڵام خۆ دەسەڵاتى کوردى خۆى بە بەرهەمى خوێنى شەهیدان و
دەسەڵاتێکى سۆشیال دیموکرات دەزانێ و چ پێویستى بەم جۆرە کارانە هەیە؟!
مادلین ئۆڵبرایت لە بیرەوەریەکانى خۆییدا نوسیویەتى کە پرسیارى
رۆژنامەنوسێکى( سى ئێن ئێن)لە بۆش، بوە هۆى دوو ساڵ دواخستنى لێدانى
عێراق ..هێنانەکایەى سیستەمێکى مۆدێرن و کۆمەڵگایەکى تەندورست بە
دورستکردنى ئەو تاکە نەخۆشانە و دامەزراندنى ئەو دەزگا و بڵاوکراوانە
تەنها خەونێکە و بەس،بەپێچەوانەوە چەندین کەڕەت بەرەو دواوە
دەمانگەڕێنێتەوە و رۆژە تاریکەکان بیر خەڵک دەهێنێتەوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بیر ئەو برادەرە و هەموو هاو پیشەکانى
بهێنمەوە،بەدرێژایى مێژوو زۆر بوونە ئەو کەسانەى کە دەوڵەمەند و
سەرمایەدار و بەرپرس و دەسەڵاتدار بونە لە دنیا،بەڵام ئیستا کەسێک لە
کولەکەى تەڕیش ناویان نابات،بەڵام ئیستاش بتهۆڤن و شارڵى شاپن و
ڤیگتۆهۆگۆ بونەتە شاکار و خەڵکى بەدوایى شاکارەکانیان وێڵ و
عەوداڵن.راستە ژیانیان قورس کردووە و هەر شەش لامان کۆنترۆڵ کراوە ،بەڵام
دەرفەتى ئەوەى تێدا ماوە وەک مرۆڤێکی خاوەن بڕیار و شکۆمهند بژین و
بیگوزەرێنین.
Bashdar_net@yahoo.com
|