په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠٢٣

دادگەی باڵای ئێراق و باردۆخی هەنووکەی کوردستان!

دارا خونچە       


دامودەزگە دادوەرییەکانی کوردستان بە کردار ئەوەیان سەلماند کە فڕیان وەسەر پاراستنی مافەکان و دادوەرییەوە نییە بەڵکە کۆمەڵە دەزگەیەکی گەندەڵکار و سەرکوتگەرن، لەبەرهەندێ پێویستە هەڵبوەشێندرێنەوە و لە جێیاندا دەزگەگەلەکی بێلایەن لە حیزبایەتی و دین و نێرسالاریی هەڵببژێردرێن کە بە لایەنی کەم دادوەران و فەرمانبەرانی نوێنەری سەرۆک و سەرکردە رامیاربازەکان و حیزبەکان نەبن.


لێ دامودەزگە دادوەرییەکانی ئێراق بە تایبەتییش ئەو دەعبایەی دەیبێژنێ ''دادگەی باڵای فیدرالیی ئێراق'' نەک هەر لەسەر بنچینەی نوێنەرایەتییکردنی سەرۆک و سەرکردە نەفتفرۆشە ئێراقییەکان دامەزرانە بەڵکە نوێنەری ئەو هێز و گرۆ و دەستە چەتەگەرییە دینیی و مەزهەبیی و ناوچەگەریی و رەگەزپەرستییانەشن کە دەولەتی ''فاشیل''ی ئێراقیان لەسەر چێکردیە.. گرنگترین ئەرکیشیان ئەوەیە بتوانن بە ناوی چاودێریی دەستوورییبوونی یاسایەکان دژ بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک رابوەستن و رەوایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە بدەن و بە پێی ویستەکانی کۆماری سیێدارەی ئیسلامیی ئێران و پیلانە دژە مرۆییەکانی لیبرالیستەکانی ئەمەریکا و رامیاربازیی نێودەولەتیی پارێزگاریی لە سەروەریی دز و گەندەڵکاران بکەن، لەو دواییانەش هەموو توانایەکانی خۆیان لەسەر ئەوە چڕکردیتەوە کە بە هەر جۆر و شێوەک هەیە سزای خەڵکی کوردستان بدەن و رێک بە پێچەوانەی بنەمایە دادوەرییەکان و ئەو دەستوور و یاسایە ئێراقییانەش کە خودی خۆیان فرە پاشداما و پلاستیکیین و گوایە بە دەنگی خەڵک جێگیر بوونە - کە لە راستییدا تەنێ بە سازانی سەرۆک و مەرۆکەکان داسەپێندرانە - بڕیاری رامیاربازیی و رەگەزپەرستیی و نێوچەگەریی دژ بە دەستکەوت و ماف و ئازادییەکان و سادەترین ویست و خولیای سەربەخۆخوازیی گەلانی کوردستان دەربکەن.. تەنانەت ئەو دادگەیە کە بە ناو بەرزترین دادگەیە و هیچ کەس و دادگەیەکی دیکە مافی ئەوەی نییە تێهەڵچوونەوە لەسەر بڕیارەکانی بکا کەچی دوور لە هەموو پێودانگەکی یاسایی و مافپەروەریی خۆیان لە بەرانبەر بڕینی مووچەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و هێرشی ئاسمانیی و تۆپبارانی دەسەڵاتە فاشیستە ئیسلامییە رەگەزپەرستەکانی تورکیا و ئێران بە بەرپرسیار نازانن! لێ ئەگەر بە ئاستەم لەو داگیرکارییە و پرسی سەربەخۆیی بدوێی ئەوە بە بڕیارە قەرەقووشییەکانیان بە پێچەوانەی بە دەستوورییکردنی یاسایەکان خۆیان یاسا و رێسایەکان پێشێلدەکەن و دەرفەت بە هێزی سەربازیی دەدەن بەرانگژت ببنەوە و ئیدی دەبێژن ئێراق نیشتیمانی هەموو هاوڵاتییانە و گشتمان لە ماف و ئازادییەکان و پاراستنی ئاسایشی ژیان و بەهرەمەندبوون لە وەدەستهێنانی سامان و خۆشگوزەرانیی یەکسانین!


هەڵبەتە ئەو بارودۆخە ناهەموار و نالەبارەی کوردستان کە وەک بنچینە پەیوەستە بە داگیرکاریی و نەبوونی مافی سەربەخۆیی کوردستان.. وەک هەنووکەش بە پلەی یەکەم ئەنجامی خراپ وەکاربردنی ئەو دەسەڵاتە رامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەی نێوخۆی کوردستانە کە لە لایەن دوو بنەماڵە بەڕێوەدەچی.. بە پلەی دووەمیش ئەنجامی بەرنامە و بەرخوردی ئەو رەوتە دژە مرۆییەی ئەمەریکا و تێکڕای رامیاریی نێودەولەتییە کە بەرژەوەندییە ئابووریی و جیۆڕامیارییەکانیان لە پاراستن و مانەوەی هەر چوار دەولەتە داگیرکەرەکە دەبیننەوە و بە ماف و ئازادییەکانی گەلانی کوردستان و بەو دەوڵەتە تازە سەربەخۆیەی ئایندەی ناگۆڕنەوە کە دادگەیەکی باڵای کارتۆنیی ئێراق دەتوانی سەرۆک و مەرۆکەکانی بزاڤە کوردایەتییەکەی ئێستایان لەسەر پەنجەی خۆیان بسووڕێنن! لەبەرهەندێ ئەگەر گەڵانی کوردستان بە تایبەتییش چینە چەوساوە و ئازادییخوازەکان بخوازن لەو بارودۆخە ناهەموار و نالەبارە رزگار ببن ئەوە پێویستە بەرلەوەی بەرانگژی ئەو بە ناو دادگەیە باڵایە کە کۆمەڵە کۆیلەیەکی سەر بە دەسەڵاتی چەتەگەریی ئێراقن.. ئەو دوو بنەماڵەیە و جڕوجامشتە بە ناو بەرهەلستکارەکان لەو پێگەیەیان داببەزێنن ئەوجا بە هێزی لەبن نەهاتووی گەل لە بەرانبەر دەسەڵاتی داگیرکەری ئێراق و هەموو دادگە بێ دادەکانی رابپەڕن و بە رامیارییەکی لێزانانە و هونەرییانەش هەر بە بۆنی نەفت و کانزایەکانی دیکەی نیشتیمان کام بە رامیاربازانی نێودەولەتیی بکەن و سەرەنجام سەرمەست و بێ کاریگەریان بکەن.


ئەرێ زۆر راستە.. ئەو تێکۆشانە هێندە هاسان نییە و ''کووزر کوتین شانی گەرەکە'' و ''ماسی گرتن بە بێ قوون تەڕبوون ناکرێ''.. لێ شاندانەبەر و قوون تەڕبوون فرە فرە خاسترن لەوەی بندەستت بکەن و رۆژانە بە تۆبزیی شانت پێدابدەن و دەگەڵ شاپان قوونت بدڕێنن!

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک