په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٢\٢٠٢١

دادی بێداد، داد و بێداد!


عەبدوڵا ساڵح     


داواکاری گشتی، لەو ووڵاتانەی یاسا تیایاندا سەروەرە ، پەناگایەکە دەکرێ لە تەنگانەدا ھانای بۆ بەری بۆ سەندنەوەی مافێک کە پێتوابێ لێت زەوتکراوە، یا بۆ سکاڵا لەدەست نادادپەروەریەک کە پێتوابێ بەرامبەرت کراوە. یا خود بەرگری لە مافێکی گشتی کە پێتوابێ لە ناو کۆمەڵگادا زەوت کراوە.

سەربەخۆیی سیستمی دادوەری پێوەرێکە ، ووڵاتانی پێ ھەلدەسەنگێردرێن لەمەڕ پاراستن یا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دادوەر لەوێدا نمونەی عەدالەت پارێزیە . لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە ھەندێک ووڵات شایستەی گوڵباران بن و ھەندێکیش ...... باران ، چونکە پێم وانیە پاراستنی مافی مرۆڤ، ئەو مافە سروشتیانەی ڕەوایە ھەموو زیندەوەرکی سەر ئەم گۆی زەویە لێی بەھرەمەند بێ، لە ھیچ کونجێکی ئەم جیھانە سەد لەسەد پەیڕەو کرابێ ، بەڵام کاتێک بێدادی و پێشێلی، تەنانەت سەرەتایترین مافی مرۆڤ، دەبێتە بڕیار ویاسای بۆ دادەتاشرێ و دادوەریش دەکرێتە ئامرازی جێبەجێکار، ئیتر ھیچ نامێنێتەوە ، ئەگەرچی دڵنیام بەشێکی بەرچاو لە دادوەران ماون کە ویژدانی خۆیان کردۆتە ڕەقیب بەسەر خۆیانەوە ، بەڵام یا لە مەوقعیەتی دەسەڵات وبڕیاردانا نین یا لە ژێرفشاردان . لە ڕاستیدا چەتری داد لە کوردستاندا بەو شێوەیە نیە کە ئەگەر من ، وەک ھاوڵاتیەک، کاتێک ببینم زوڵمم لێدەکرێ پەنای بۆ بەرم تاکو مافەکەم بۆ وەرگرێتەوە، ئەوەش نیشانەو زەنگێکی ترسناکە بەداخەوە لە کوردستان لێدەدرێ . بارو دۆخەکە ناچارمان دەکا ئەو پەندە کوردیە بێنینەوە کە دەڵێ: خۆراک بۆ ئەوەی نەگەنێ خوێ دەکرێ ، ئەی کە خوێ خۆی گەنی!!؟

لەم شانۆگەریەی دوێنێ ڕویدا، من لۆمەی دەسەڵات ناکەم ، چونکە کار لە لۆمە دەرچوە ، بەڵام دڵم بۆ ئەو دادوەرانە دەسوتێ کە بەزۆر یا بە خواھیشت ئەوکارەیان پێکرا ، نەک تەنیا ئەو کارە، بگرە ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا پاساویشی بۆ ھێنایەوەو سەرزەنشتی ئەم پشتگیریەی کرد کە لەو پێنج چالاکوانە بێتاوانانە کرا لەلایەن خەڵک و ھەندێ ڕێکخراوی سیاسی و کەسانی مرۆڤدۆست و ئازادی خوازەوە کاتێک دەڵێ: ((ئەم ھەڵوێستە دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە کارو باری دەسەڵاتی دادوەری))!!

لەکاتێکدا ، لە ووڵاتێک باڵاترین دەزگای یاسادانان کە گوایە “ھەڵبژێردراوی“ خەڵکە و ناوی پەرلەمانە، سێکتەرێکی حزبی بێ ، لەھەمان کاتیشدا کەی حزب فەرمانی دا ھەموو دەسەڵاتەکان بێدەنگ، قڕوقپ، تەنیا جێبەجێکردنیان لەسەر بێ، ئاستی بەرەنگاری زوڵمیش لەلایەن جەماوەرە بەم شێوەی ئێستا لە خوارەوە بێ ، ناچار دەبێ بڵێین (ئەی داد وبێداد).

 


١٧\٢\٢٠٢١
a_salih11@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک