٢١\١٠\٢٠١٥
داگیرکەر نابێتە
رزگارکەر بەڵکو دەبێتە کۆیلەکەر.

جەلال محەمەد
هێندەی هەندێک لایەنی بەناو کوردی لە هەوڵی جوانکردنی ڕوخسارە دزێوەکەی
ئاکەپەدا بوون ، نیو هێندە تورکە شۆڤێنیەکان لەو هەوڵەدا نەبوون ،
ئەوەی زۆرترین لێدوانی لەو بارەیەشەوە دەدا و ئەردۆغانیان وەک فریاد
ڕەسی کوردان پێناسە دەکرد بە پلەی یەکەم یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی
دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەردوو حیزبی دیموکراتی ئۆردوگانشینکراو
بوون.
تەنانەت کار گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان بە
ئاکەپە پێناسە دەکرد و دەیانگوت (ئێمە ئاکەپەین لە کوردستانی عێراقدا)
، دەربارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش پێویست بە نموونە
هێنانەوە ناکات ، لەبەرئەوەی کار گەیشتە ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی
تورکیاشدا بارزانی ڕۆڵی بانگەشەکەرێک بۆ ئەردۆغان ببینێ و ئەردۆغانی
وەک ئەنجامدەری پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکەری گرفتی کوردان پێناسە دەکرد
و گرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵدا بەست ، کە بەهۆی ئەو گرێبەستەوە داهاتی
نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر هەرزان دەدرێتە تورکیا و دەیان
کۆمپانیای تاڵانکەر هێنرانە باشووری کوردستان کە ئەنجامەکەی
قەرزداریەکی زۆری بۆ هەرێم بە دواوە بوو ، بڕوانە ئەم لینکە:
http://elaph.com/Web/opinion/2015/10/1045264.html
جێی سەرسوڕمانە کە ئەوەی زۆرترین پڕوپاگەندەی بۆ دیموکراتبوونی تورکیا
و ئەردۆغان دەکرد هەردوو لەتە حیزبەکەی دیموکرات بوون و لەسەر زاری
بەرپرسی یەکەمیانەوە ئەو لێدوانانە دەدرا ، کە لەو بوارەشدا خالید
عەزیزی پێش یەکگرتووی ئیسلامیش کەوتبوویەوە.
شۆڤێنیەتی ئەردۆغان دژ بە کوردان بە گشتی و ڕۆژاوای کوردستان هیچ
سنورێکی نەهێشتەوە ، تا وای لێهات کە خودی ئەردۆغان نەتوانێت چیدیکە
ئەو شۆڤێنێتیە بشارێتەوە ، لە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلام(داعش)دا
بە غەیری ئەوەی زۆرترین کۆمەکی بە چەتەکان کرد بەڵکو بە لێدوانیش گوتی
(کۆبانێ کەوتووە و دەبێت بکەوێت).
ئەنجامی کۆبانێ ئاشکرایە کە چ سەرکەوتنێکی کوردان و نابودبوونی
چەتەکانی بە دواوە بوو ، کەچی هەم سەرۆکی هەرێم و هەم سەرۆکی حکومەتی
هەرێم سوپاسگوزاریان بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەنارد و تورکیایان بە
ڕزگارکەری کۆبانێ ناوبرد.
ئیمڕۆش لەگەڵ دڕندانەترین هێرش بۆسەر باکوری کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی
کوردان لە ئەنقەرە ، بۆ جارێکی دیکە لەسەر زاری سەرۆک وەزیرانی تورکەوە
کینە و دڵڕەشی بەرامبەر بە ڕۆژاوای کوردستان داباری . بڕوانە ئەم
لینکە:
http://www.rojnews.net/drejey-hewal.aspx?id=35310&LinkID=15&%D8%AF%D8%A7%D9%88%D8%AF%D8%A6%DB%86%D8%BA%DA%B5%D9%88%D9%88-%DA%AF%D9%84%DB%86%D9%BE%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D9%88%D8%B2%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%D9%87%DB%8E%D8%B1%D8%B4%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1-%DA%95%DB%86%DA%98%D8%A6%D8%A7%D9%88%D8%A7-%D8%AF%D8%A7%DA%AF%DB%8C%D8%B1%D8%B3%D8%A7%D9%86%D8%AF
لە ڕاستیدا داکۆکیکردن لە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک پەیوەست نەبوو بە
دڵفراوانی ئەردۆغان و دیموکراتی حکومەتەکەی بەڵکو پەیوەست بوو بە
گرێدراوی ئەو لایەنانە بە تورکیاوە ، لە بەرامبەر ئەم گرێدراویەش بە
تورکیاوە هەمیشە لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان وەک نەیار و پەکەکەشیان بە
هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ناو دەبرد.
بەڵام کات هات و چوو ، نە ئەوان ئەو نەیارەی کۆماری ئیسلامی بوون و نە
پەکەکەش ئەو هاوکارە بوو کە ئەوان ناویان دەبرد ، بەڵکو زۆر بە ڕاشکاوی
لەسەر زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە هەم پەکەکە و پژاک وەک سەرسەختترین
دوژمن ناوبران و هەم بارزانیش وەک منداڵی کۆماری ئیسلامی ناوی هێنرا .
خۆ ڕووداوەکانیش لەو بارەیەوە شاراوە نین کە زۆرترین هێرشی کۆماری
ئیسلامی بۆسەر پەکەکە و پژاک بووە بەڵام لە بەرامبەردا ڕۆڵی ئێران
بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی
بارزانی بوو.
تەنانەت خودی بارزانیش ئەو ڕاستیەی بۆ نەشاردرایەوە و سوپاسگوزاری
کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند (ئێران یەکەم لایەن بوو کە لە
زووترین کاتدا فریامان کەوت و کۆمەکی کردن دژ بە داعش).
ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە لایەنە ئۆردوگانشینەکان بە جۆرێک
کەوتوونەتە داکۆکیکردن لەم دەستێکەڵاویانە کە هەموو سنوورێکی
تێپەڕاندووە ، لە ڕابردوودا دەیانگوت ئەوان حکومەتن و پێویستان بەو
دەستێکەڵاویانە هەیە ، ئیمڕۆش بۆ داکۆکیکردن لەو دەسەڵاتە دژ بە هەموو
گەل وەستاونەتەوە ، بۆ نموونە لەم کاتەدا قوت و ژیانی خەڵک زەوت کراوە
و جەماوەر دژ بەم هەموو ناعەدالەتیە خۆپیشاندان دەکات ، کەچی
ئۆردوگانشینان هەموو گەل بە نۆکەری کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکەن و
دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەڵبەت پێچەوانەی ئەم گوتانە ڕاستە ، چونکە کۆماری ئیسلامی نەک هەر
پشتگیری لە داخوازی گەل و خۆپیشاندانەکان ناکات بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی
سەرکوتکردنی گەلی کورددا بووە لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتە وابەستەیەوە ، کە
باشترین نموونەش پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەسەر بە سەرۆکی هەرێم
مانەوەی بارزانی . بڕوانە ئەم لینکە.
http://awene.com/article/2015/10/15/46580
من لێرەدا نامەوێت زیاتر لەو بارەیەوە بدوێم ، چونکە ئاشکرایە کە
دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا
ئامادەن هەموو میلەتی کورد بکەنە کۆچی قوربانی ، بەڵام دەبێت
ئۆردوگانشینان بە چ جۆرێک بچنە مێژووەوە . بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم
لینکە:
https://www.facebook.com/GanjaniDanmark/videos/1632066933719032
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|