په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠٢٤

داگیرسانی (٣١)ەمین چرای تەمەنی ئەمڕۆ

پیرۆزە لەو خوێنەرانەی خوازیاری ئازادیی و یەکسانیین!

 

 

 

 

          ١٩٩٤ - ٢٠٢٤

          ١٥ی ئاب

 

          داگیرساندنی چرای ٣١ ساڵەی تەمەنی ئەمڕۆ.

 


٣٠ ساڵ لەمەوبەر ''رۆژنامەی ئەمڕۆ'' وەک یەکەمین رۆژنامەی ئازاد و سەربەخۆ رێک بە پێچەوانەی میدیای قۆرخکار و وابەستەی پارتییەکان و رێکخراوە سێبەر و دەستەگەرییەکان و رێکخراوە بە ناو یارمەتییبەخش و سیخووڕییەکانی وڵاتان لە کوردستان.. بێجگە لەوەی لەسەر بنچینەی تێکۆشان لە پێناو ماف و ئازادییە پێشێلکراوەکانی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتیی بەرپرسیاریەتی پەخشکردنی فەرهەنگەکی پێشکەوتنخوازانە و مرۆڤپەروەرانەی گرتە ئەستۆ.. دەرفەتەکی لەبار و گونجاویشی خستەبەردەم ئەو نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندانە کە لە نێو میدیای نائازاد و باوی ئەو سەردەم جێیان نەدەبۆوە و نەیاندەتوانی ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن و راستییەکان دەرببڕن، ئەوەبوو لە ١٥\٨\١٩٩٤ یەکەمین ژمارەی خۆی پێشکەش بەو خوێنەرانە کرد کە خوازیاری ئازادیی و یەکسانیی بوون.

هەرچەندە درێژەپێدانی ئەو رەچەشکاندن و بوێرییەی ''ئەمڕۆ'' رووبەڕووی کۆمەڵە ئاڵنگاریی و سەرکوتگەرییەکی زۆر بۆوە لە لایەن پارتییەکان و توندڕەوە دینییەکان و دەسەڵاتداران ئەوە سەرەڕای رێگرییەکانی دابونەریتە باوەکان و نێرسالاریی و فەرهەنگی پاشماوەی دەربەگایەتی و سەرهەڵدانی سیستەمی تازەی جیهانی سەرمایەداریی و لێبرالیزمە نوێیە چەوسێنەر و داگیرکارییەکەی.. لێ هەر دەستبەرداری رەوت و ئامانجەکانی خۆی نەبوو و ئیدی کۆمەڵەک کۆشش و جوولەی دیکەی لە لایەن نووسەران و رۆژنامەنووسە ئازادییخوازەکان و کەسانی فەرهەنگیی و رامیاریی کە سەر بە بەرەی گەل بوون بەدوودا هات.. هەر لەو نێوەشدا ئامانجگەلێکی زۆر وەدیهاتن و تا دێ پانتایی ئازادیی رۆژنامەگەرییش هەر بەرفرەتر و بەرفرەتر دەبێتەوە.

ئەوەی زۆر گرنگە و دەمانەوێ لێرە بیخەینەڕوو هەرگیز ئەوە نییە کە بێژین 'لەبەرئەوەی ئەو تێکۆشانە رۆژنامەگەریی و فەرهەنگییە بە دەستپێشخەریی رۆژنامەکەی ئێمە بە ئەنجام گەیشت و جێکەوتە بوو.. ئیدی تاپۆی رەشی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ ها لە گیرفانی ئێمەیە'! هەروەک ئەوەی کە هەندێک رۆژنامە و ماڵپەڕی چرووک کە لە نێو ململانێی نێوخۆی پارتییەکان و دەسەڵاتداران و دەستە و گرۆیە بەرژەوەندخوازەکان دروستبوون و هەموویان لە ماوەی ٥ تا ١٠ ساڵی پاش دەستبەکاربوونی ''ئەمڕۆ'' لە پڕێک و بە توانای مادیی و پشتگیریی رامیاریی و بازرگانانی میدیا وەک قارچک لە زەوی هەڵتۆقین و ناوێکی بێ نێوەرۆکیان پەیداکرد.. هەر یەکەو لە لای خۆیانەوە وڕێنە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان یەکەمین رۆژنامە و میدیای ئازاد و سەربەخۆن! بەڵکە ئەوەیە کە دەمانەوێ لەگەڵ داگیرساندنی (٣١)ەمین چرای تەمەنی ئەمڕۆ جەخت لەوە بکەینەوە کە ئێستا میدیای کوردی بە جۆرێکی دیکە لە لایەن حیزبەکان و دەسەڵاتداران و دەستە و گرۆیە بەرژەوەندخوازەکان قۆرخکراوە.. ئەویش ئەوەیە کە هەم لە رێی توانستی بێ ئەژماری مادیی کە لە قووتی میللەت دەیقاچێننەوە هەمیشە دەزگەی میدیایی زەبەلاح و زەبەلاحتر دروستدەکەن و هاوکاتیش هەر لە رێی مادە و یاسایە پلاستیکییەکانیان گچکەترین دەنگی ئازاد و پانتاییەکانی دەربڕین سەرکوت و پەراوێز دەخەن.. هەم لە رێی زانست و تەکنیکی سەردەم و پێشکەوتووی میدیا کە بە پاڵپشتیی لیبرالیزمی نوێی جیهان و لە نێو زەمینەی قەیرانە گەورە ئابووریی و رامیارییە جیهانییەکەی ئێستا و بە خشتی کۆنەپەرستیی و هەڵگەڕانەوە لە دەستکەوتە مرۆییەکان بە تایبەت لە پێناو خولیا و سروشتە سەرکوتگەرییەکی ئەوان دڕێژراون تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میدیاشیان داگیر و قۆرخ کردوە، لەبەرهەندێ پێویستە ئێستاش تا ئەو کاتەی میدیا هیچ جۆرە گوشارێکی ئازادیی دەربڕینی لەسەر نامێنێ و تێکڕای مرۆڤەکان دەتوانن بەوپەڕی ئازادیی چ وەک تاک چ بە کۆمەڵ تێڕوانینەکانیان و هەبوونی خۆیان وەک خۆیان دەرببڕن.. درێژە بەو کاروانەی خۆمان بدەین.

هەر گەشاوە بێ چرای تەمەنی ئەمڕۆ و هەر دەنگێکی ئازاد و یەکسان!


ئەمڕۆ - ١٥ی ئابی ٢٠٢٤
emrro@emrro.com
www.emrro.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک