١٤\٥\٢٠١٥
داھێنان لە نێوان
(بەردەوامی) و (چرکەسات)دا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
لەنێوان زەمەنی بەردەوامی و چرکەساتدا، پرۆسەی داھێنان چۆن بەڕێوەی
دەچێ؟ ھەڵبەتە ئەو جۆرە لە قسەکردن لەسەر داھێنان و پرۆسەی داھێنان،
بەرەو گفتوگۆی فەلسەفی، فەلسەفەی بەردەوامی(دیمومە duration) (ھنری
برگسۆن-Henri Bergson) و فەلسەفەی ساتەوەخت (اللحڤە-Instant) (گاستۆن
رۆبناڵ- Gaston Roupnel)مان دەکاتەوە.
لە فیکری برگسۆن چەمکی بەردەوامی تەوەرەیەکی بنەڕەتییە و مانای تایبەتی
ھەیە، ئەویش زەمەنی دەروونی یان ناوەکی، واتە زەمەنی واقیعی.
ساتەوەختەکانی ئەو زەمەنە بێ پچڕان نوێ دەبنەوە یەک دەچێتە نێو
ئەویدیکەوە، بۆ ئەوەی بارستاییەک پێکبھێنن. بەردەوامی بەشێکە دانابڕێ
لە مرۆڤ ، ئەزموونێکی دەروونییە، جولەیەکی بەردەوام و ھەبوونێکە بۆ
جەوھەری ژیان دەگەڕێتەوە، ئەو پاڵنەرە زیندووەیە، کە بەھۆیەوە تەواوی
ھەبوون لە بووندا جێگیر دەکات. دەیموومەی برگسۆنی دەیموومەی ژیان و
ھاوژیانییە، مرۆڤ لەناوەوەیدا دەژی، بۆیە ناکرێ لەدەرەوە شیبکرێتەوە و
بخرێتە ژێر سەرنجەوە، چونکە ئەزموونێکی راستەوخۆیە، نەک ھەر ھێندە
بەڵکو بۆخۆی واقیعە. لەو بارەوە برگسۆن دەڵێت: ئێمە ئەزموونێکی
راستەوخۆمان بۆ (بەردەوامی-دەیموومە) ھەیە، نەک ھەر ھێندە، بەڵکو
بەردەوامی پێدراوێکی راستەوخۆی ئاگاییمانە.
لای برگسۆن زەمەن (پێشبینیکردن، حَدْس)ی دەیموومەیە، برگسۆن رەھایی لە
بەردەوامییدا دەبینێتەوە، پێیوایە بەردەوامی زەمەنی حەقیقییە.. ئەو
زەمەنەیە کە مرۆڤ تێیدا دەژی، بۆیە دەبێ مرۆڤ لە جیھانی دەرەوە دوور
بکەوێتەوە، بەرەو ناوەوە، چونکە ھەر لە ناوەوە ھەست بە ھەڵقوڵینی
زەمەنی حەقیقی دەکات، زەمەنێک کە رابردوو و ئێستا لەیەک باردا
کۆدەکاتەوە و سەر لە نوێ بەرەو داھاتوو پاڵی دەنێت. برگسۆن دەیەوێ بوون
لەسەر دەیموومە وێنا بکات. لەبەر ئەوەی (دەیموومە-بەردەوامی) دێ و
دەڕوا، بۆیە قبولی دابەشبوون و بەش بەش بوون ناکات.. بەردەوامی
پێشکەوتنی رابردووە کە داھاتوو بەرھەم دێنێ، ھەرچەندە پێشبکەوێت گەورە
دەبێت. ھەر لەسەر ئەو بنەمایەش (من/الانا) لای ئەو یەکێتییەکە دابەش
نابێت. ئازادیش بە دەیموومەوە بەند دەکات، دەیموومەیەک کە جیابوونەوە
ناس ناکات، یەکێتییەک پێکدەھێنێ کە ناشێ بەسەر ساتەوەختدا دابەش بکرێت.
بەمجۆرە ئازادی تەعبیر لە کەسێتی دەکات. ھەڵبەتە برگسۆن بۆ جەختکردن لە
تێزەکەی مۆزیکا و شێوازی ئاگایی وەک نموونە دەھێنێتەوە.. کەواتە لای
برگسۆن جەوھەری ئێستا، رابردووە.
کتێبی (جدلیە الزمن)ی باشلار دیموومەی زەمەن بەو مانایەی کە لای برگسۆن
ھەیە، رەتدەکاتەوە و دەڵێت زەمەن بەیەکەوەنووساو نییە، بەڵکو
لەیەکجیایە (متێل نییە، منفێلە).. ھەروەھا دەڵێ بەھۆی فیکری
بەیەکەوەنووساوەوە (متێل) ناتوانین بەشێوەیەکی جەوھەری بەرەو یەکێکی
دیکە بگوازینەوە.. ئەگەرچی دەیموومە پێدراوی راستەوخۆی ئاگاییە، بەڵام
ئەو دیموومەیە دەستەمۆیە، کەواتە ئاگایی لە شارەزایی دەرەکی وەرگیراوە،
چ بەھۆی (دابڕان یان بەردەوامی) بێت. بەو مانایەش لای باشلار ئاگاییمان
بە زەمەن، ئاگاییە بە ساتەوەخت: زەمەن واقیعی نییە تەنھا لە چرکەساتدا
نەبێت. کەواتە باشلار لەگەڵ تێزی فەلسەفی (ساتەوەخت/چرکەسات- اللحڤە-Instant)
و کتێبی (Siloce)ی (گاستۆن رۆبناڵ- Gaston Roupnel) یەکدەگرێتەوە و لە
تەواوی کتێبی (حدس اللحڤە) پشتگیری لە تێزەکەی ئەو دەکات.
(رۆبناڵ-Roupnel) پێیوایە واقیعی زەمەن تەنھا لەو چرکەساتەدایە، یان بە
مانایەکی دیکە زەمەن واقیعێکە بە چرکەسات ئابڵوقەدراوە و دەکەوێتە
نێوان دوو عەدەمەوە. کەواتە زەمەن لە نوێوە دەژی، بەڵام بەر لەوە بژی،
دەبێ بمرێ، چونکە ناتوانێ خۆی لە ساتێک بۆ ساتێکی دیکە بگوازێتەوە، بۆ
ئەوەی ببێتە دەیموومە. لەلایەکی دیکە (گادامێر ١٩٠٠-٢٠٠٢) پێیوایە ھەر
کەسێک زەمەنی تایبەت بەخۆی ھەیە، ھەر کەسێک زەمەنێکی سەربەخۆی ھەیە.. (ئێمە
لەپڕ بەئاگا دێین کە کەسێک پیر بووە، یان زەمەنی منداڵی تێپەڕاندووە)
بەمجۆرە گادامێر زەمەنی برگسۆنی بە زەمەنی کاتژمێر دادەنێت، زەمەنی
کاتژمێریش دەکەوێتە دەرەوەی زەمەنی تایبەتیمانەوە. ساتەوەخت لای (ئەلبیر
ئاینشتاین ١٨٧٩-١٩٥٥ Albert Einstein) رەھایە.. (مۆریس میرلۆپۆنتی
١٩٠٨-١٩٦١) بڕوای بە بەردەوامی نییە، بەڵکو بڕوای بە ساتەوەختی
ھەنووکەیە، یان وەک خۆی دەڵێت ئێستای نوێ. بەڵام برگسۆن پێیوایە ئەوەی
ھەیە بوون و پڕبوون و دیموومەیە. نەبوون، بوونی نییە، چونکە کاتێک
ھەوڵدەدەین خەیاڵی نەبوون یان ناشت بکەین، ئەوە لەسەر ئاگایی خۆمان
نامێنین. بۆ ئەوەی لەسەر ئاگایی خۆمان بەردەوام بین، دەبێ خەیاڵی شتێ
بکەین تاکو بتوانین رەتیبکەینەوە. لای ئەو واقیع پڕە، بۆیە (ناشتی)
نوێیە، داھێنانە.. بەڵام ئێمە دەرک بە نەبوون ناکەین، بەڵکو ئەوەی
دەرکی دەکەین ئێستایە. ھەڵبەتە باشلار ھەموو ئەوانە رەتدەکاتەوە لە
رستەیەکی فەلسەفیدا دەڵێت: من ھەموو شتێکم ونکردووە بۆ ئەوەی ھەموو شتێ
بەدەستبھێنم. بەمجۆرە لای باشلار ھونەر، دابڕان لەگەڵ بەردەوامی ژیانی
رۆژانەی باو درووست دەکات. چونکە بەردەوامی ژیان نابەردەوامی
لەدایکبوونە. ئێمە لەو ساتەوەختەدا دەژین، ھەر لەو حاڵەتەدا ھەستدەکەین
ھەین، واتە لەو ساتەوەختە و بەھۆی ئەو چرکەساتەوە ھەست بە بوونی خۆمان
دەکەین. لەنێوان ھەستکردن بە ئێستا و ھەستکردن بە ژیان ھاویەکییەکی (وەکیەکی)
رەھا ھەیە. لێرە لە دیدی ژیانەوە دەتوانین ھەوڵدەین بەھۆی ئێستاوە لە
رابردوو بگەین، بەبێ ئەوەی بەردەوام ھەوڵدەین بەھۆی رابردوو راڤەی
ئێستا بکەین. کەواتە دیموومە لە ساتەوەختگەلێک پێکھاتووە کە دەیموومەی
نییە، وەک چۆن ھێل لە خاڵ پێکھاتووە، کە ھیچ رەھەندێکی دیکەی نییە.
بەمجۆرە پرسی داھێنان و پرۆسەی داھێنان لە دەمەتەقێی دەیموومە و
ساتەوەخت نابێتەوە؟!
ساتەوەختخوازەکان دەڵێن پێویستە بایەخی کردەی ئاگایی لە ئەزموونی
ساتەوەختدا تۆمار بکەین، چونکە ھیچ حەقیقەتێکی بەڵگەنەویست بەبێ ویست (ئیرادە)
و بێ ھەستکردن بوونی نییە، ھەر ئەوە درێژ دەبێتەوە تا بڕیار لەسەر کردە
بدات. بەمجۆرە خود تەنھا وەک بکەرێکی زەمەنی نەبێ، ناتوانێ بڵێ ھەم.
زەمەنیش بوونەوەرە، چرکەساتە، جیابوونەوەیە، دابڕانە، داھێنان و
خەلقکردن و کردەی چوونە ژوورەوەی لەپڕە، خوێندنەوەی بەختیارانەیە...
ھەموو ئەو شتانەیە، چونکە ئەو تیۆرە دەیەوێت لە ئاسۆی ئۆنتۆلۆجی کردەی
چرکەئامێزدا بوەستێ و پێدراوی راستەوخۆ و باوی زەمەن رەتبکاتەوە..
لێرەوە جیاوازی نێوان برگسۆن و رۆبناڵ دەردەکەوێت، فەلسەفەی برگسۆن
فەلسەفەی کارە )عمل (Action بەڵام فەلسەفەی رۆبناڵ فەلسەفەی کردە/چالاکییە
(فعل/فعالیە Acte). کار لای برگسۆن بەدواداچوونێکی بەردەوامە و
دەکەوێتە نێوان بڕیار و ئامانجی دەیموومە. چونکە کار ھەر دەبێ سەرەتای
ھەبێ و ھەر دەبێ وەک بنچینە رووداوی ھەبێ. ئەو پێیوایە واقیعی حەقیقی
زەمەن دەیموومەیە، ساتەوەخت جگە لە ئەبستراک ھیچ واقعێکی نییە. ئەوەش
عەقڵ لە دەرەوە فەرزی دەکات، چونکە دەیموومە بە پشتبەستن بە حاڵەتی
چەسپاو نەبێ وێنا ناکرێت. بەڵام کردە لای رۆبناڵ بەر لە ھەموو شتێک
بڕیارێکی راستەوخۆی ھەنووکەییە، پێشکەوتنێکی داھێنەرانەیە رووداوەکان
فەرامۆش دەکات. ئەو بڕیارە ھەموو خەسڵەتەکانی تازەیی لەخۆدا ھەڵگرتووە.
بەو مانایە واقیعی حەقیقی زەمەن ساتەوەختییە، دەیموومە تەنھا
باڵەخانەیەکە و ھیچ واقیعێکی رەھای نییە، بەڵکو یادەوەری لە دەرەوە
فەرزی دەکات، ھێزێکە بە تایبەتی خەیاڵ دەکات دەیەوێت خەون ببینێ و
ئامادە بێ، بەڵام نایەوێت تێبگات. زەمەن لای برگسۆن یەک دەچێتە نێو
ئەویدیکەوە و بۆ ئەوەی بارستاییەک پێکبھێنن.. بەڵام لای رۆبناڵ یەک
ئەویدیکە ناگرێ، بەڵکو یەک لەویدیکەدا دەتوێتەوە. ئەوەی بەردەوام رێگا
لەو توانەوەیە دەگرێ نوێبوونەوەیەکی وەسف نەکراوی ساتەوەختە.
کەواتە زەمەن پەستێنراوە و لە چرکەساتێکدا چڕکراوەتەوە، چرکەساتێکی
ھەنووکەیی کە دەکەوێتە نێوان دوو نەبوونەوە. بەو مانایە زەمەن لە ھەر
چرکەیەکدا دەژی و دەمرێ. واتە زەمەنی چرکەساتی کردەیەکی سەرکێشانەی
لەناکاوە جیھان دووبارە دادەمەزرێنێـتەوە، ریتمێکی نوێ خەلق دەکات،
شێوەی یەکەمی (اولی) بە خود دەدات! بەو مانایەش کاتێک گوێ لە مۆزیکا
دەگرین، ئەو درێژبوونەوە و بەردەوامییە لە مۆزیکاکەدا نییە، بەڵکو لە
شعور و ھەڵچوونەکانماندایە. لێرەدا تێگەیشتنی مۆزیکا دەکەوێتە ژێر دوو
مەرج، یەکەمیان ئەوەیە کە بیرماندەخاتەوە کە چ تێپەڕبووە، دووەم
پێماندەڵێت کە چی روودەدات. بەمجۆرە ساتەوەخت لای باشلار ماوەیەکە بۆ
پشوودان لە بەردەوامی، یان بەردەوامی سادەیی ژیان دەگەیەنێت.
کاتێک دەڵێین ھونەر دابڕان لەگەڵ بەردەوامی ژیانی رۆژانەی باو درووست
دەکات، کەواتە کردەی شیعری یان کردەی ئیبداعی بە مانا باشلارییەکەی
رابردووی نییە!! زەمەن ئەو ساتەوەختەیە کە تێیدا دەژین، رابردوو بەتاڵە
وەک داھاتوو، داھاتوو مردووە وەک رابردوو. بەو مانایەش زەمەن کردەیە،
زنجیرەیەکە لە بەدواداچوونی داھێنان، واتە زنجیرەیەک کردەی ئیبداعییە.
زەمەن کەشف ناکرێت، تەنھا لە رێگای زنجیرەیەک داھێنانی
بەدوایەکداھاتووی چرکەسات و فرەییە لەبننەھاتووەکانەوە نەبێت. بەرانبەر
ئەوەش زەمەن بەپێی سەرنجی سەرنجدەران جیا دەبێتەوە و چوارچێوەی گونجاو
وەردەگرێ. زەمەن وێناکردنی رەھای نییە، بەڵکو بەپێی سەرنجدەرە
جیاوازەکان دەگۆڕێت.
بە کورتی لەنێوان ھەستکردن بە ژیان و ھەستکردن بە ئێستا ھاویەکییەکی
رەھا ھەیە. بەو مانایەش لە داھێناندا (رابردوو و ئێستا و ئایندە) لە
تاکە جولەیەکی ھەنووکەییدا بەیەکدەگەن، جولەیەکی لەپڕی ئیبداعی کە
بەرەو کردەیەکی ترسناکی داھاتوومان دەکاتەوە.. بۆیە ئەو رستەیە لای
زۆربە دووبارە دەبێتەوە کە دەڵێین: داھێنان زەمەنی تایبەت بەخۆی خەڵق
دەکات.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|