٢٥\١\٢٠٢٥
داعشەکەی دوێنێ
بە ناو و بەرگێکی
ترەوە دەیەوێ
بەرەو کۆبانێی
هێمای بەرخۆدان بڕوا!

شوان عەزیز
چەندین بەڵگەی نووسراو و بیستراو و بینراو لەگۆڕێدایە و گەواهیی دەدا
کە دەوڵەتی تورکیا نەک هەر دژی تیرۆریزم نییە بەڵکە ئەگەر ڕاستەوخۆش لە
لایەن خودی خۆیەوە گرووپی تیرۆریستی دروست نەکرێت ئەوا بە ئاشکرا و بە
پەنهانیی کارئاسانییان بۆ دەکات و ڕێیان بۆ خۆش دەکات!
وەختی خۆی داعش، لە ژێر ناوی خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیدا، کە دیوی
سوریا و عێڕاقیشی بە پانتاییەکی زۆر گرتبۆوە، شاری ڕەقەشی لە دیوی
سوریاوە کردبووە پایتەختی خەلافەتەکەی، ڕۆژانە و بە بەردەوامی بە
پاڵپشتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تورکیا بە نهێنی و بە ئاشکرایی هێرشی
دەکردە سەر کوردستانی ڕۆژئاوا و دەیەویست بە تەواوەتی هاێمای بەرخۆدان
کە شاری کۆبانێیە بخات! بەڵام باوەڕی پۆڵایین و لە شکان نەهاتووی
شەڕڤانان بە گیان بەختکردنێکی زۆرەوە ئەو خەونەی خەلافەتی داعشیان خستە
گۆڕەوە!
کاتێک کە داعش هەم وەک دەوڵەت و هەم وەک خەلافەت لە سەردەستی شەڕڤانان
بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆتایی پێکهات و کۆتا مۆڵگە و
پایتەختیان کە شاری ڕەقەی دیوی سوریا بوو شەڕڤانان ئاڵای سەرکەوتنی
بەرەنگاریی و ڕووخانی خەلافەتی داعشیان تێدا بەرزکردەوە، دەوڵەتی
تورکیا تووشی گرێی دەروونی هات! لە لایەکەوە چونکە ڕیسەکەی لە سەردەستی
شەڕڤانان لێبۆوە بە خوری و لە لایەکی تریشەوە هێندە زۆر بەڵگەی
کەینوبەینی نێوان داعش و تورکیا لە گۆڕێدا بوون کە وای لە تورکیا کرد
لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا چاوی هەڵنەدەهات. چونکە لە لایەکەوە
تورکیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە شەڕی تیرۆر دەکاو لە لایەکی تیریشەوە
کەینوبەینی لە گەڵ ڕێخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتیی گەورەی وەک داعش
هەبوو! جا تورکیا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ئاشکرا کرد کە ئەوەی ئەو
دەیکات دژی تیرۆر نییە بەڵک و تەنها دژایەتی کوردەو بەس، بەڵام لە ژێر
بیانووی شەڕی تیرۆردایە!
ساڵ هاتن و ساڵ ڕۆییشتن شەڕی نێو سوریا و شەڕی بەرهەڵستکاری سوریا لە
دژی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر درێژەی کێشا. ئەم شەڕە تەواوی سوریای ڕووەو
کەلاوە و وێرانە برد. چەندین جۆرە چەکی کوشندەو قەدەغە بە پێی یاسای
جەنگ لە نێو سوریادا تاقیکرانەوە. سوریا بوو بە مەیدانێکی جەنگ و زۆرێک
لە هێزە ناوخۆیی و ئەوانەی دەرەوەش لە نێو سوریادا کەوتنە دژایەتی
یەکتر. بۆ نموونە ناتۆ بە سەرپەرشتی ئەمەریکا لە دژی ڕووسیا، تورکیا لە
دژی کوردان و ئێرانیش بە بیانووی پارێزگاریی لە ئەسەدو دژایەتی
ئیسڕائیل و چەندین سیستەم و هێزی تریش لە نێو سوریادا لە دژی یەکتر بە
ڕاستەوخۆیی یان لە ڕێگەی پڕۆکسیەکانیانەوە کەوتنە شەڕو پێکدادان لەگەڵ
یەکتر!
بە دەیان گروپی جۆراو جۆری تیرۆریستیی لە ژێر ناوی قەبە و گەورەی
ئیسلامییدا لە ناو سوریادا بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی تورکیا کەوتنە شەڕ
لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد و لە نیوە زیاتری ئەوانەش بە ڕاستەوخۆیی بە فیکەی
تورکیا شەڕیان لە دژی کوردان ڕاگەیاند. داعش لە نێو ئەو گروپە
تیرۆریستانەدا وەک هێزێکی دیاری دڕندەی دژە مرۆیی و دژە کوردیی شەڕو
جیهادی لە دژی کوردان ڕاگەیاند.
کوردی ڕۆژئاوا یەک دەنگ و یەک بڕوا بە دۆزی ڕەوای خۆیان بە ورد و
درشتەوە کەوتنە بەرەنگاریی و شەڕڤانانیش لەو چەند ساڵەی ڕابردووداو تا
ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە شاهیدی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مێژووی دژە
تیرۆرییان تۆمار کرد و لە بەرامبەریشدا تورکیا و سیستەمەکەی مێژووی
پاڵپشتیی لە تیرۆرو دژە کوردییان بۆ خۆیان تۆمار کرد!
هەرچەندە تەواوی هێز و گروپە چەکدارە تیرۆریستەکانی ناو سوریا و لە
سەرووی هەمووشیانەوە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی یان داعش جیهاد و
فەتحیان بۆ گرتن و داگیرکردنی کۆبانێ ڕاگەیاند بەڵام تورکیا لە جیاتی
ئەوەی دژی تیرۆر بجەنگێ لەو کاتەدا دەرگاکانی کردەوە بۆ ئەوەی لە
سەرتاسەری جیهاندا تیرۆریستان بتوان بڕۆنە ناو سوریا و لە دژی کورد
بجەنگن و کۆبانێی هێمای بەرنگاریی بخەن. تورکیا بە پێی بەڵگەکان
کارئاسانیی لۆجستی و تەندروستی و پێدانی زانیاری بۆ تیرۆریستەکان دەکرد
و لە لایەکی تریشەوە بە هەموو شێوەیەک سیاسەتەکانی دژی کورد خستبووە
کار. بەڵام دوای چەندین شەڕ و پێکدادان و بە پاڵپشتی چەندین لایەنی
ناوخۆیی تیرۆریستان سەریان دای لە تاشەبەردی بەرەنگاریی شەڕڤانان و
نەیانتوانی کۆبانێی هێمای بەرەنگاری کورد بخەن! ئەمە تا ئێستاشی
لەگەڵدا بێت تورکیا لێی بۆتە گرێی دەروونی و پێی قووت نادرێت!
ئەوێ دەمێ هەرچەندەش تورکیا بە ڕاستەوخۆیی و بە ئاشکرا پاڵپشتی ئەو
گرووپە تیرۆریستانەشی نەکردبێ بەڵام ئێستا لە ئاشکرایی دەرچوە و ئەوەتە
ئەو گرووپانە بە ئاشکرایی لە ژێر فەرماندەیی سوپای تورکیادا کارەکانیان
ئەنجام دەدەن! ئەو دەم ئەو گرووپانە هەر هەموویان دژی کورد بوون.
ئێستاش هەر ئەو گرووپە تیرۆریستانەن بە ناو و بەرگێکی ترەوە هەمان جەنگ
و فەتحیان لە دژی کورد ڕاگەیاندووە. بەڵام شەڕڤانان دیسان بڕیاریانداوە
کە کۆبانێ ناڕوخێت تا شەڕڤانێک مابێت! کورد ئێستا یەک دەنگ بەرەنگاری
لە کۆبانێ و شەڕڤانان و دۆزی ڕەوای خۆی دەکات. ئێستا تورکیا وەک پێشو
نییە بە دزی دژایەتی کورد بکات و بە دزی پاڵپشتی لە تیرۆر بکات بەڵک و
ئێستا زۆر بە ئاشکرایی دژایەتی خۆی بۆ کورد ڕاگەیاندوە و بە ئاشکراش
تیرۆریستانی وەخۆگرتوە و بە جلوبەرگیی سەربازیی تورکیەوە و بە تۆپ و
جبەخانەی سوپای تورکەوە هێرش لە سەر هێرش دەکەنە سەر کورد و شەرڤانان و
دەیانەوێت ئەو جارەش کۆبانێ بکەنە ئامانج و بە مەبەستی ڕووخاندنی هێمای
بەرگریی کورد کە کۆبانێیە کەوتوونەتەوە ڕاگەیاندنی جیهاد و فەتح!!
تورکیا کە لە سەرەتای ٢٠١١وە کە دەستی خستۆتە نێو شۆڕشی گەلانی سوریاوە
لە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد لە لایەکەوە بە مەبەستی وەرگێڕانی ڕووی شۆڕشەکە
بووە بەرەو بەرژەوەندیەکانی تورکیا و لە کۆتاییدا تەواو بوونی لە
بەرژەوەندی تورکیادا و لە لایەکی تریشەوە تاکو تورکیا بتوانێت بەو پێیو
ئەندازەیەی کە خۆی مەبەستیەتی بزووتنەروەی کوردایەتی و بیری نەتەوەیی
گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردوستاندا لە ناوبەرێت! لەو نێوەدا هەتا بۆی
کرا بە ئاشکرا و بە پەنهانی چەندین گرووپی تیرۆریستی لە یوگوریەکانی
چینەوە بگرە تا چیچانی و ئەفغانی و عەڕەب و تورک و تەنانەت بە خۆفرۆشە
کوردەکانیشەوە بەری دانە گیانی کوردی ڕۆژئاوا! لە ٢٠١١وە تاکو ئێستاشی
لەگەڵدا بێت تورکیا لە دوژمنایەتی خۆی لە بەرامبەر کوردا نەشاردۆتەوە.
کۆبانێی دوێنێی خوێناوی شاهیدە کە تورکیا ئەو جارەش بە نیازە ئەگەر بۆی
بکرێت بەڵام خۆڕاگریی شەڕڤانان دەیکاتە مەحاڵ و ئەو خەونەی تورکیا ئەو
جارەش دەخەنە گۆڕەوە! واتە چۆن شەڕڤانان بە هۆی بەرەنگاریی مێژوویی
بێوێنەی خۆیانەوە توانیان داعش و خەلافەتەکەی بەسەریەکدا بڕووخێنن هەر
ئاوەهاش دەتوانن ئەو بەرەیە تێکبشکێنن کە تورکیا لە چەندین گرووپی
تیرۆریستی لە ژێر ناوی بەرهەڵستکاری سوریادا پێکیهێناون و دروشمی جیهاد
و فەتحی لە دژی شەڕڤانان و کوردی ڕۆژئاوا پێ بەرزکردونەتەوە! کورد
مێژوویەک لە شەڕ لە دژی تیرۆر دروستدەکات و تورکیاش مێژوویەک لە
پاڵپشپتیی لە تیرۆر و لە دژایەتیی گەلی کورد تۆمار دەکات! تورکیا و
سیستەمەکەی دەچنە زبڵدانی مێژووەوە و کوردیش بە ئازایەتیی شەڕڤانان
مێژوو بە سەرکەوتنەکانی لە دژی تیرۆر دەنەخشێنێت!
٢٣\١\٢٠٢٥
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|