٢٢\١\٢٠١٩
داهۆڵەکە.
لوئەی ئەمین |

وەرگێرانی لە
عەرەبییەوە: فەرھاد
ئەحمەد |
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ داھۆڵەکە
زیاتر ھەستی بەتەنیایی دەکرد، باڵندەکان لێیدەترسان، منداڵەکانیش
ھەرچەندە کە لە دوورەوە دەیانبینی پێدەکەنین، بەڵام ڕایاندەکرد و
نەدەچوون بۆ لای. تەنانەت ئەو زەوییەش کەلەسەری دانرابوو ھیچ شتێکی
تێدانەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێکرابوو کەپاسەوانیی بکات. ئەو
نەیدەزانی ھۆکارەکە چییە؟؟ بەڵام سوربوو لەسەر ئەوەی ئەرکەکەی خۆی
بەوردی جێبەجێ بکات. بۆیە بۆ تەنھا یەک چرکەش چاوەکانی نەدەتروکاند.
لەبەر خۆیەوە دەیوت {من لێرە بەتەنیام کەس گرنگیم پێنادات و کەسیش قسەم
لەگەڵ ناکات}. سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر ھەورێکی ڕەش بەری ئاسمانی گرت،
تیشکی
خۆر
دیار نەما و نەرمەبایەک ھەڵیکرد، ئینجا بروسکە و ھەورە گرمە پەیدابوون
و بەدوایاندا بارانێکی باش بەسەر کێڵگەکەدا باری. زەوی زۆر
بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکرد. داھۆڵەکەش کڵاوەکەی کردەسەری ووتی: [ھەموو
منداڵان لە ماڵەکانی خۆیانن، بەڵام من بە تەنیام و کەسێک نییە باسی
ھەست و سۆزی خۆمی بۆبکەم]. ئەو بەجۆرێک بێزار بوو، بیری لەوە دەکردەوە
کە واز لە ئەرکەکەی بھێنێت و بڕوات لە دەرەوەی کێڵگەکە ھاوڕێیەک پەیدا
بکات.
سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر ،لەگەڵ خۆرھەڵھاتندا داھۆلەکە گوێی لەدەنگی خۆش
و قاقای پێکەنین بوو.بەملاو بەولای خۆیدا ڕوانی ، بەڵام ھیچی نەبینی.
پاشان گوێی لەدەنگێک بوو لە دامێنییەوە وتی: داھۆڵی ھاوڕێ ،ئێمە لێرەین.
داھۆڵ سەری دانەواند بینی کێڵگەکە یەکپارچە بوەتە گوڵەگەنم. یەکێک لە
گوڵەگەنمەکان وتی: داھۆڵی خۆشەویست سوپاس بۆتۆ کەلەپێناو پارێزگاریکردن
لەئێمە بەرگەی سەرماو گەرمای زۆرت گرت. داھۆڵەکە ھەستی بەشانازییەکی
گەورەکرد. بەدڵخۆشییەوە وتی: من ھیچم نەکردووە ،تەنھا ئەرکی سەرشانم
جێبەجێ کردووە. گوڵێکی تر وتی: تکایە دەربارەی ئەو ڕۆژگارە ناخۆشانەت
قسەمان بۆ بکە کە بەسەرت بردن، بەڵام تۆ ھەر کۆڵتنەداو پارێزگاریت
لێکردین. ئێمە تەنھا تۆوێک بوین، ئێستا گوڵەگەنمی گەشاوەین.
داھۆڵەکە خەندەیەکی کردو وتی: پەلە مەکەن ھاوڕێکانم من ڕۆژانە
بەسەرھاتەکانتان بۆ دەگێڕمەوە تا گەورە دەبن، ئەوسا ئێوە جێدەھێڵم و
دەچم بۆ کێڵگەیەکی تر.
farhad.ahmadbarznji@yahoo.com
|