په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٦\٢٠١٣

دانیشتنی دادگای سەرۆکی شارەوانی و ھەڵسوراوانی پەنابەران ھەڵگیرا

تا ئەو کاتەی کە دادوەرێکی بێلایەن دۆسیەکە بەدەستەوە دەگرێ.


ھٶڵەندە - لاھای ١٣\٦\٢٠١٣:

رزگار سالح نۆینەری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە ھۆڵەندە کە لە دادگای لاھای بەشدار بووە بە سکرتارێتی فیدراسیۆنی ڕاگەیاند:


"دۆێنی چوار شەممە، یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ١٠ لە ھاوپشتیکەرانی پەنابەران لە دادگای شاری لاھای لە وڵاتی ھۆڵەندە بەڕێوە چوو، کە تایبەت بوو بۆ ھەڵسوڕاوانەی بواری پەنابەران سەبارەت بە سکاڵایەک کە لە مانگی دیسەمبەردا لە لایەن سەرۆکی شارەوانی شاری لاھای بەرزکرابۆوە بۆ دادگا".


ڕزگار ئەوەشی ووت " سەرۆکی شارەوانی لاھای داوای لە پەنابەران و ڕێکخراوەکان و ھاوپشتیکەرانی پەنابەران کرد کە تا ١٣ دیسەمبەری ھەمان ساڵ پێویستە ئەو چادرگەیەی پەنابەران کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا وەکو شێوەیەکی ناڕەزایەتی دانرابوو ھەڵگیرێت لەژێر بەھانەی ''سەلامەتی و تەندروستی''. بە پێی داواکەی سەرۆکی شارەوانی ئەگەر تا ئەو مێژووە ئەو داوایە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا سەرۆکی شارەوانی سکاڵایەک لە پەیوەند بەو داوایەو سەرپێچی کرنی بۆ دادگای شارەکە بەرز دەکاتەوە و پەنابەران و لایەنگرانی بەرپرسیار دەبن و ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە".


رزگار سەبارەت بەڕەتکردنەوەی ئەو داواکاریەی شارەوانی ووتی" پەنابەران و لایەنگرانیان داواکەیان بە پاڵنەری سیاسی بە حساب ھێنا، چونکە سەرۆکی شارەوانی سەر بە حزبی لیبڕاڵی دەسەڵاتدار بوو".


ڕزگار ئەوەشی ووت" دادوەر نەگەیشتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەبەر ئەوەی پارێزەری دۆسیەی سزادانەکە تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ دادوەر کە سەر بەحزبێکی دیاریکراوە و لای خۆیەوە داوای دادوەرێکی بێلایەنی کرد تا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بچێت بە ڕێوە" .


سەبارەت بەدوایین رەوشی پەنابەران لە ھۆڵەندە ووتی"ڕەوشی پەنابەرانی دەرکراو ناجێگیرەو ھەر لە خراپیدایە بە ھۆی سیاسەتێک کە حکومەتی لیبڕاڵ- سۆشیال دیموکرات دەیسەپێنێت بەسەریاندا و ڕەوشی پەنابەرانی گرتوخانەکانیش بەھۆی پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن پۆلیس و کارمەندانی ئیدارەی گرتوخانەکەوە و مانگرتنی پەنابەران لە خواردن ھەر بەردەوامەو بەلام بە ھۆی ڕێگری ئیدارەی گرتوخانەکان لە میدیاکان و پێنەدانی زانیاری پێویست تا ئێستا نازانرێ ژمارەی مانگرتوان چەندە"

تەواوی رابۆرتەکە لە خوارەوە ببینە:


ڕۆژی چوار شەممە، ١٢-٠٦-٢٠١٣ یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ١٠ لە ھاوپشتیکەرانی پەنابەران لە دادگای شاری لاھای لە وڵاتی ھۆڵەند بەڕێوە چوو. ئەم دادگایی کردنەی ئەو ھەڵسوڕاوانەی بواری پەنابەران پەیوەستە بە سکاڵایەی کە ساڵی پار لە مانگی دیسەمبەر لە لایەن سەرۆکی شارەوانی شاری لاھای بەرزکرابۆوە بۆ دادگای شاری ناوبراو.


لە مانگی دیسەمبەری سالێ پاردا، سەرۆکی شارەوانی لاھای داوای لە پەنابەران و ڕێکخراوەکان و ھاوپشتیکەرانی پەنابەران کرد کە تا ١٣ دیسەمبەری ھەمان ساڵ پێویستە ئەو چادرگەیەی پەنابەران کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا وەکو شێوەیەکی ناڕەزایەتی دانرابوو '' کوکەمپ'' پێویستە ھەڵگیرێت و چۆڵ کرێت لە پەیوەند بە ''سەلامەتی و تەندروستی''. بە پێی داواکەی سەرۆکی شارەوانی ئەگەر تا ئەو مێژووە ئەو داوایە جێبەجێ نەکرێت، ئەوا سەرۆکی شارەوانی سکاڵایەک لە پەیوەند بەو داوایەو سەرپێچی کرنی بۆ دادگای شارەکە بەرز دەکاتەوە و پەنابەران و لایەنگرانی بەرپرسیار دەبن و ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
ئەوەبوو لە کاتی خۆیدا پەنابەران و لایەنگرانیان ڕووبەڕووی داوای سەرۆکی شارەوانی وەستانەوە و داواکەیان بە پاڵنەری سیاسی بە حساب ھێنا، چونکە سەرۆکی شارەوانی سەر بە حزبی لیبڕاڵی دەسەڵاتدار بوو. لە ڕۆژی ١٣ی دیسەمبەرای ساڵی پار پۆلیس ھەڵیکوتایە سەر کەمپەکە و کۆمەڵیک لە ھەڵسوڕاوان و پەنابەرانیان دەستگیر کرد و سزای ٢٥٠ ئیرۆیان بەسەر ١٠ لە ھەڵسوڕاوان سەپاند. بەڵام ھەڵسوڕاوان ئەو سزایەیان بە نادادپەروەرانە ناساند و وەکو مافی خۆیان ناردنی ئەو بڕە پارەیەیان بۆ سەر ئەکاونتی وەزارەت قبوڵ نەکرد و دانیشتنی دادگاش تایبەت بوو بەو دۆسیەیە.


لە درێژەی دانیشتنەکەدا کە ٩ کەس لە کۆی ١٠ کەس و بەشێکی بەرچاو لە پەنابەران ئامادەی بوون، دادوەر نەگەیشتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە لەبەر ئەوەی پارێزەری دۆسیەی سزادانەکە تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ دادوەر کە سەر بەحزبێکی دیاریکراوە و لای خۆیەوە داوای دادوەرێکی بێلایەنی کرد تا پڕۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بچێت بە ڕێوە. لەبەر ئەو ھۆیە دانیشتنی دادگا ھەڵگیرا تا ئەو کاتەی کە دادوەرێکی بێلایەن دۆسیەکە دەگرێت بەدەستەوە.


شایەنی باسە کە تا ئێستا لایەنگرانی پەنابەران ٥ داوای دانانەوەی چادرگەکانیان لە شوێنە جیاجیاکانی شاری لاھای پێشکەشی دادگا کردووە بۆ دانانەوەی چادرگەی پەنابەران و درێژەدان بەو شێوەیە لە ناڕەزایەتی پەنابەران کە لە ڕێگەیەوە پەنابەران زیاتر دەستیان بە ھاوپشتی و کۆمەکی خەڵکی ھۆڵەندا دەگات، بەلام تا ئێستا ھەر ٥ داواکە لەلایەن دادگاوە ڕەتکراوەتەوە و بە بیانوی جیاجیا. ھاوکات ڕەوشی پەنابەرانی دەرکراو ناجێگیرەو ھەر لە خراپیدایە بە ھۆی سیاسەتێک کە حکومەتی لیبڕاڵ- سۆشیال دیموکرات دەیسەپێنێت بەسەریاندا و ڕەوشی پەنابەرانی گرتوخانەکانیش بەھۆی پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن پۆلیس و کارمەندانی ئیدارەی گرتوخانەکەوە و مانگرتنی پەنابەران لە خواردن ھەر بەردەوامەو بەلام بە ھۆی ڕێگری ئیدارەی گرتوخانەکان لە میدیاکان و پێنەدانی زانیاری پێویست تا ئێستا نازانرێ ژمارەی مانگرتوان چەندە!

 

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی

 

________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk, 00447856032991, 07895976547

Fax: 08715288651, www.federationifir.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک