په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

۴\٨\٢٠١٤

دانیال ستیل لە رۆمانی باوکم.

نەهرۆ          


دانیال ستیل لە ٤ی ئابی ١٩٤٧ لە دایک بووە، ئافرەتێکی رۆماننووسی ئەمریکی یە لەبارەی رۆمانسیەتەوە دەنووسی، تا ئێستا ٥٠٠ ملیون دانە لە چاپکراوەکانی فرۆشراون، هەروا نووسراوەکانی وەرگێڕدراوە بۆ ٢٨ زمان، نهێنی بڵاوبوونەوەی رۆمانەکانی بەم شیوە سەرنج ڕاکێشە و بە جیهانی بوونی دەگەڕێتەوە بۆ سادەیی لە دەربڕین دا و گێڕانەوەی رووداوەکان بە بێ گریی و کوڵە، زیاتر لە ٢٨ لە رۆمانەکانی کراونەتە دراماو زنجیرەی تەلەفزیونی، ئێستاش لە نێوان سان فرانسیسکوو پاریس دەژێ.


زیاتر لە ٨٠ رۆمانی هەیە لە نێویاندا، پێنج رۆژ لە پاریس، بەڵێن، گەرانەوە بۆ ماڵ، ئێستاو بۆ هەمیشە، کۆتایی هاوین، وەرزی ئەڤین، ساتە زێڕینەکان، دووبارە خوشەویستی بکەین، پەرجوو، ماڵێک لە شەقامی هیوا، ماچ، غرایسی سەرنج ڕاکێش، خوشکەکان، دەرچوون، رەبەنی سامین، ماڵ، مەحاڵ، دەنگدانەوە، باوکم، ئافرەتە چاکەکە٢٠٠٨، بەندەری ئاسایش، گۆڕان، خەمی دڵ، پەیوەندی خێزانی.


من لێرەدا تەنیا باسی رۆمانی باوکم دەکەم کە بە زمانی عەرەبی خوێندومەتەوە، باوکم رۆمانێکی سەرنج ڕاکێشە بەراستی لە کاتی خوێندنەوەی دا چیژم لێوەرگرت، نووسەر چوەتە ناخی کەسایەتیەکانەوە لەگەڵ پیاو پیاوە لەگەڵ ژن ژنە لەگەڵ مناڵ مناڵە بەواتایەکی تر بەزمانی ئەوان دەدوێ دەتوانم بڵێـم دەنگی رۆمان نووس بزرە، وەک رۆمانی کوردی نییە کە دەنگی نووسەرەکانیان زاڵەو تیایدا حوکم لەسەر هەموو دیاردەکان دەدەن لە روانگەی خۆیانەوە.


ئەم رۆمانە باس لە باوکێک ئەکا بە ناوی ئولیڤەر لە کومپانیای پروپاگەندە فەرمانبەرە، ژنێکی هەیە بە ناوی سارا حەزی بە نووسینە بەتەمایە رۆمانێک بنووسی بەڵام بە هۆی سەرقاڵی خیزانی یەوەو پەیدا بوونی مناڵەکانی ناپەرژێتە سەر کایەی نووسین، وەک نۆبەرە کورێکی دەبێ بە ناوی بەنجامین دوای دوو ساڵ کچیکی دەبێ بە ناوی میل هەروا دوای شەش ساڵی تر کوڕێکی دیکەی ئەبێ بەناوی سام هەرچەندە پێشتر دەیویست سام لە باری خۆی بەرێ بەڵام ئولیڤەری مێردی رێگری لێ کرد.


ئولیڤەر، باوک و دایکیکی پیری هەیە زۆر خوشیانی دەوێ، بەردەوام پەیوەندی و دوستایەتی لە نێوانیان دا هەیە، سارای ژنی ئولیڤەر ئافرەتێکی لیبراڵە حەز بە ژیانی تایبەتی خۆی دەکا دوور لە مێرد و کەس و کار، بۆیە کە بەنجامینی کوڕی دەبێتە ١٧ ساڵ، میلی کچیشی دەبێتە ١٥ ساڵ، سامی بچکوڵەش دەبێتە ٩ ساڵ، سارا خولیای درێژەدان بە خویندن دەکەوێتە کەللەیەوە، بەڵگەکانی پێشکەش بە زانکۆێک دەکا لە شاری بوستن کە دوورە لە شوێنی ژیانی مناڵەکانی، ئەنجام وەردەگیرێ و خانەوادەکەی جێدەهێڵی گوایا بە تەمایە ماجستر بخوێنێ، سەرەتا بە ئولیڤەرو مناڵەکانی دەڵێ گەرچی دەرۆم بۆ بوستن بەڵام لە کوتایی هەفتەو لە کاتی پشوو سەردانی تان دەکەم بەڵام ئەمە هەر قسەیەو بەڵێنەکەی جێ ناهێنێ، ئیدی دوای دوورکەوتنەوەی سارای دایک، دوخی خیزانەکە شپرزە دەبێ، بۆ نموونە سامی ٩ ساڵان میز لە جێ ئەکاو شەوان دەچێتە لای باوکی دەخەوێ، بەنجامینی کوڕی واز لە قوتابخانە دەهێنێ و حەزی دەچێتە کچیکی هاو تەمەن و هاو پۆلی خۆی بە ناوی ساندرا دوایی سکی پڕ دەبێ! گەرچی ئولیڤەری باوک دەیویست کوڕەکەی درێژە بە خوێندن بداو واز لە کچەکە بێنێ بەڵام بە قسەی باوکی نەکرد وازی لە ساندرا نەهێناو لەو پێناوەش لە ریستوران بەشەوو لە دابەشکردنی سوتەمەنی بەرۆژ ئیشی دەکرد.


دوای چەند مانگێک ئولیڤەر مناڵەکانی دەباو دەچن بۆ شاری بوستن بەمەبەستی سەردانی سارا، ئیدی مناڵەکان زۆر خوشحاڵ دەبن کە دایکیان بۆ جارێکی تر دەبیننەوە بەڵام لەو بەینە سارای دایکیان پەیوەندی خوشەویستی لەگەڵ کوڕێکی فەرەنسی بەستووە بە ناوی جان بیار کە تەمەنی بیست و پێنج ساڵە لە کاتێک دا کە سارا تەمەنی چڵ و یەک ساڵە.


دواتر ئولیڤەر دەبیستیتەوە کە سارای ژنی خوشەویستی پەیدا کردووە زۆر خەمبار دەبێ و دەستبەرداری دەبێ لە کاتیکدا بیست ساڵ پێکەوە ژیاون و دایکی سێ مناڵیەتی و ئێستاش لە ناخەوە خۆشی دەوێ.


بەڵام دوای حەوت مانگ پچران لە نێوان ئولیڤەرو سارا، ئولیڤەر بەرێکەوت لە نێو شەمەندەفەر ئاشنای ئافرەتێکی جوانکیلەی سی ساڵان دەبێ بە ناوی میغان، میغان زۆر سەرنج ڕاکێشە بەڵام وەک سارای ژنی پێشووی ئەمیش لیبراڵەو حەزی لە ئازادی ڕادەبەدەر هەیە! دوای دوو مانگ لە خوشەویستی و پێکەوەخەوتن، میغان مالئاوایی لێ ئەکاو بەجێ دێڵێ، ئیدی ئولیڤەر دەڵێ ئەمە قەدەری منە ئافرەتم خۆش دەوێ و بە جێم دێڵن! لەم بەینە باوکی ئولیڤەر تەلەفون بۆ ئولیڤەر دەکاو پێدەڵێ دایکت نەخۆشەو تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە ئەلزهایمەر بووە کەس ناناسێتەوە، بەناچاری دەیبەن بۆ خانەی پیران بەڵام دوای ماوەیەک باوکی بە دکتۆرەکان دەڵێ دەیهێنم بۆ ماڵەوەو خۆم خزمەتی دەکەم، لە راستی دا ژنەکەی زۆر خۆش دەوێ ناتوانی دەستبەرداری بێ! تارۆژێ ژنەکە لەماڵ دەرئەچێ پاس لێ ئەداو دواتر تووشی شەلەژانی مێشک دەبێ لە کۆتاییش دا دەمرێ، ئولیڤەر بە لە دەست دانی دایکی زۆر خەفەتبار دەبێ، هەروا باوکی بە تەنیا دەمێنێتەوە بەڵام خوشبەختانە پەرەستارێکی پیری دراوسی یان هەیە، کاتێ خۆی مێردەکەی پزیشک بووە مردووە وا ئێستا بایەخ بە باوکی ئەدا، دوای چوار مانگ لە هاتووچووی یەکتر ئەم ژنە پەرەستارە مێرد بە باوکی ئولیڤەر دەکا بە شیوەیەکی فەرمی، لە کاتێکدا ئولیڤەر ئەم هەنگاوەی پێ ناخۆشە، لەمیانەی قسەکانی دا دەڵێ، دایکم جاری کفنەکەی زەرد نەبوو تۆ چوویت ژنت هینا، لە لایەکی دی پێ خۆشە کە باوکی لە تەنیایی رزگاری بوو.


بۆ جارێکی دی مناڵەکانی ئولیڤەر بەمەبەستی سەردانی دایکیان دەچن بۆ شاری بوستن بەڵام دوای ماوەیەک لە پڕیک تەلەفون بۆ ئولیڤەر دەکەن بەدەنگی پچڕ پچڕ پێ دەڵێن تووشی رووداوە بووینە لەکاتێکدا مناڵەکان و دایکیان لەگەڵ خوشەویستەکەی سەردانی فەرەنسایان کردووە بە ئۆتۆمبیل و جان بیار ڕانندە بووە، دەستبەجێ جان بیار مردووەو دایک و منالەکانیش هەر یەکەو بە ڕادەیەک بریندار بوونە.


یەکسەر ئولیڤەر خۆی دەگەیەنێتە لایان و بەشداری لە پرسەی جان بیار ئەکاو دواتر مناڵەکان لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە، لەم بەینە ئافرەتێک هەیە هاورێ ئولیڤەرەو لەگەڵی دا لە کومپانیا کار دەکا بە ناوی دافنی تەمەنی چل ساڵەو ئافرەتێکی زیرەکە، زۆر جار یارمەتی ئولیڤەر ئەدا چ لە کومپانیاو چ لە باری خیزانی یەوە بەڵام ئەم ئافرەتە پەیوەستە بە پیاوێکەوە کە ژنی هەیەو هەفتەی سێ رۆژی بۆ ئەم تەرخان کردووە.


ماڵی ئولیڤەر خزمەتکارێکیان هەیە بە ناوی ئاجی ئافرەتێکی زۆر میهرەبانەوەو مناڵەکان خۆشیان دەوێ هەروا سەگێک یان هەیە بەردەوام لەگەڵیان دایە.


لەم بەینە لە لایەن کومپانیاوە لە نیورک تەلەفون بۆ ئولیڤەر دەکرێ کە پێ دەڵێن بەریوبەرێکمان کوچی کردووە دەمانەوێ تۆ شوینی بگریتەوە، ئولیڤەریش سەرەتا دوو دڵە بەڵام دوایی بریار ئەدا ماڵ و مناڵەکانی بگواستەوە بۆ نیورک لەم هەنگاو دافنی هاورێی زۆر هانی ئەدا، لەنیورک دەست بەکار ئەبێ بەرانبەر مووچەیەکی خەیاڵی.


رۆژێکیان کومپانیا ئاهەنگی جەژن ئەگێڕن ئولیڤەریش بانگ کراوە لەوێ ئافرەتێکی سی و شەش ساڵ دەناسێ بە ناوی شارلوتە کە پیشەی ئەکتەرە لە هوڵیودو ناسراویشە.


سەرەتا ئولیڤەر باسی ژیانی خۆی و مناڵەکانی بۆ ئەکا ئەویش دوای ماوەیەک هەم ئولیڤەرو هەم مناڵەکانیشی خۆش دەوێ، دوای ماوەیەک لە خۆشەویستی و ڕابواردن بریار ئەدەن ببن بە ژن و مێرد و رۆژو مانگی هەنگوینی دیاری دەکەن بەڵام پێش ئەوەی بچنە مانگی هەنگوینی یەوە، شارلوتە گریەبەستێک ئەبەستی کە بچی بۆ شارێکی دی و بەشداری لەکاریکی گرنگی شانویی بکا، لە ئاکامدا ئولیڤەر پێ دەڵێ، ئێمە ناتوانین بگوازینەوە بۆ شارەکەی تۆ، تۆیش ئەگەر بچی ناتوانی زوو زوو سەردانیمان بکەی کەواتە ژن و مێردایەتی و پەیوەندی بەم شیوەیە نابێ، هەردوولا بریار ئەدەن لە یەک دی جودا بنەوە لەهەمان کاتدا یەکتریان خۆش دەوێ.


کەچی لە دوا رۆژەکان شارلوتە پەشیمان دەبێتەوە گریبەستەکەی پووچەڵ دەکاتەوەو ژیانی ژن و مێردایەتی یی بە لاوە گرنگە، دەگەرێتەوە لای ئولیڤەرو ئەم مژدەیەی پێ دەدا ئولیڤەریش زۆر خوشحاڵ دەبێ.


لەم دەمەدا بەنجامین کوڕە گەورەی ئولیڤەر مناڵیکی دەبێ بە ناوی ئیلکس بەم شیوەیە ئولیڤەر بوو بە باپیرە بەڵام بەنجامین دوای لە دایکبوونی مناڵەکەیان لە ساندرای خیزانی جیابووەو ئەرکی بە خێو کردنی مناڵەکە کەوتە ئەستۆ.


سارای خیزانی پێشووی ئولیڤەر دەستی کرد بە نووسینی رۆمانەکەی و لێ بوەوە، ئولیڤەریش پیرۆزبایی لێ کرد بەڵام سارا بە نیسبەی ئولیڤەرەوە وەک ئافرەتێکی نامۆی لێهات.


دانیال ستیل بەشێوازیکی سادە رۆمانەکەی نووسیوەو هەموو کەسی بەبێ ماندوو بوون لێ تێ دەگا، گۆرانکارییەکان وەک چەشە وردە وردە دەداتە خۆینەرو بەشیوەیەک خوێنەر حەز دەکا بە دوای دا بروا ئەمەش خاڵی سەرکەوتنی رۆماننووسە.


زۆر بەداخەوە بە پێ زانیاری من تا ئێستا وەرگێڕەکانی کورد ئاوەڕیان لە بەرهەمەکانی دانیال ستیل نەداوەتەوە هیوادارم لە ئایندە رۆمانەکانی وەرگێردریت بۆ زمانی شیرینی کوردی.

 

٢\٨\٢٠١٤ - نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک