٢٦\٨\٢٠١٠
گلەییەک لە ئاشتى هەورامی:
دارا دوو دارى دى
، من نەوتى قاچاغم نەدى!

هیوا رەش
لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا - ئاشتى هەورامى - وەزیرى سامانە
سروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ژێر پەردەى ڕوونکردنەوە بۆ
پینە و پەڕۆ کردنى داهاتى ئەو هەموو نەوتەى کەس نازانێت چى لێ دێت
خەریکى وانە وتنەوە بوو ؟ ! دەکرێت بڵێین داهاتى نەوت پیرۆزى ئاشتى و
سەرۆکەکانى دائیرەکەى بێت ، پارەى ئاو و کارەبا قوربانى حزب بێت !
داهاتى وەزارەتى
تهندروستیش چشى لێ بێت ، قیروسیاش لە دەسکەوتى پۆلیسى
هاتوچۆ ، عەیبە هەر باسى سەرانە و باج و خەراج و گومرک و تاپۆ ناکەم ،
شارەوانییەکان داهاتیان بۆ جادە پڕ لە تاسە و کەند و لەند و گەڕەکە بێ
خزمەتگوزارییەکان بێت ، فڕۆکەخانەکان فیداى دۆلار گواستنەوە و بنى
پێڵاوى گەندەڵەکان بێت ، بەس حکومەتە چاو ( ملەوەن ) ەکەم کە چاوێکیان
زەرد و ئەوى تریان سەوزە ، ئاشتى و ئاشتەواییان بۆ بمێنێت و لە چاوى
دژە گەندەڵ و شۆڕشوانان بە دوور بێت .
من لە وانەکەى ئاشتى نەگەییشتم ! خۆى وتەنى : (( یان تێناگەین یان
نامانەوێ تێبگەین )) ، من هێندە دەزانم و دەفامم ، جگە لەو هەموو
داهاتەى ناوخۆى کوردستان ئەو بودجەیەى لە ناوەندەوە دێتە هەرێمەکەمان
چۆن و بە چ شێوەیەک و بەسەر کێدا و لە کوێدا دابەش دەکرا ؟ من لە
وانەکەى ئاشتى نەگەییشتم ! باسکردنى پاڵاوگەمان بۆچییە و بۆچى لە خۆى
ناپرسێت بەرهەمى پاڵاوگە چى لێ دێت و بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێت ؟
من لە ئاشتى دەپرسم دواى ئەو هەموو گەندەڵى و تاڵان و برۆیەى قووتى ماڵ
هەژار و منداڵە چاوگەشەکانى میللەتەکەم چەند وەزیرى وەکو خۆى و چەند
سەرۆکى وەکو سەرۆکەکانى دەستیان لەکار کێشاوەتەوە ؟ یان ئەوەتا
وڵاتەکەمان شامى شەریف و جەننەتولمەئوایە ! من لە ئاشتى دەپرسم داهاتى
ئەم وڵاتە سێ شارییەمان چەند ئەوەندەى داهاتى وڵاتە هەژارەکانە و بۆچى
تا ئێستا خەڵکى لە ژێر هێڵى هەژارییەوە هەبن ، ئەم هاوکێشەیە چۆن حەل
دەکات ؟ تۆ بڵێى وا نەزانێت هەموو کەس وەکو ئەو ژیانێکى پادشاهییان بۆ
مەیسەرە ؟
ئاشتى هەورامى ئەمەى هێنایەوە یادم کە ئەڵێن :
ڕۆژێکیان زەلامێک مریشکێک ئەدزێت و لە پەلە پەلا ئەیکاتە باخەڵیەوە و
کلکى مریشکەکە هەر بە دەرەوە ئەبێت، خاوەنى مریشکەکە ئەگاتە سەرى و پێى
ئەڵى:
ئەوە چى ئەکەیت لێرە ؟
دزەکە ئەڵێت : وەڵا هیچ .
خاوەن مریشکەکە ئەڵێت : ئەى چۆن ؟ کوا مریشکەکەم ؟
دزەکە ئەڵێ : بەخوا نازانم .
خاوەن دزەکە ئەڵێ : سەرم سوڕماوە ، نازانم بڕوا بە خواکەى تۆ بکەم یان
کلکى مریشکەکەم ؟
ئێمەش شاشەى تەلەفزیۆنەکان سەریان لێ تێک داوین ، لە لایەکەوە تۆ وانەى
پاڵاوگەمان پێ ئەڵێیت و بە قاچاغ بردنى نەوت ڕەت ئەکەیتەوە و ئیدیعاى
دەست لە کار کێشانەوە ئەکەیت ، لە لایەکى تریشەوە شەوانە لە شاشەى
تەلەفزیۆنەکانەوە شەوانە دەیان تەنکەرى نەوتى قاچاغ و تاڵان کردنى
سامانە سرووشتییەکانى نیشتمانەکەم میوانى دیدەمانە ! پێمان ناڵێى بڕوا
بە کامتان بهێنین ؟ من هێندە دەتوانم بڕوات پێ بکەم سوێند بخۆى کە : ((
تەنکەرە نەوتى قاچاغت بە دوو چاوى خۆت نەدى ! )) ، ئەوسا سەرمان پیرۆزى
کڵاوەکانى دەستى جەنابت و چاومان شایستەى خۆڵەکەى مستى تۆ بێت .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|