په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٢

کورتە چیرۆک:

دارەمەیتی بۆندار.

یاسین برایم      

- تەواو دەبێ !
- تەواو نابێ !
- دەزانم ، تەواو دەبێ!
- نا ، نا ، تەواو نابێ !
- ئێستا ، تەواو دەبێت ، برۆ .
- بۆکێ ؟
- تەواو دەبێت ، من لە خەونمدا ، ددانی پێشەوەم کەوت!
- بچینە لای دکتۆر!!
- دکتۆری چی !
- ئەی .... !
- من لە خەونمدا ددانم کەوت ، ئیدی دایکم تەواو دەبێ!
- نانا تەاو نابی!
- تەواو دەبێ تەواوووووووو!


لە وەتەی ددان کەوتنی خۆی لە خەون بینی بوو ، شلەژا بوو ، خەم بە روخساریەوە دیار بوو ،جگەرە لە جگەرەی پێدەکردەوە . پێشتر ئەم قسەیەی لە بە ساڵاچوان گوێ لێببوو، کەوتنی ددانی پێشەوەی مرۆڤ بە مانای مردنی کەسێکی وەک دایک و باوک.ئەویش شرۆڤەکردنی ئەم خەونەی لە مێشکی چەسپابوو، بەتایبەتی لە بەیانیەوە ، دایکی زمانی لە گۆ کەوت و ئاگای لە دونیا نەما ،دوو سێ رۆژیش پیسایی بە خۆی دادەکردو خواردنیش نەدەخوارد. دکتۆریش لە نەخۆشخانە پێی وتبوو (ئەم نەخۆشە ، ببەنەوە).هەموو کوڕو کچ و نەوەکانی لە دەوری کۆببونەوە ، چاوەڕێ ئەوەیان دەکرد ، کەی گیانی دەسپێرێت.


جارێکی تر ، رووی کردە کوڕە گەورەکەی:
- برۆ دارەمەیتەکە بێنە تا شەو دانەهاتووە .
- خۆ تەواو نەبووە!
- تەواو دەبێ!
- نابێ تەواو بێ !
- کوڕم تەواو دەبێ تەواو!!


بە ناچاری بە فەرمانی باوکی خۆی ئامادەکرد ، لە گەڵ برا بچووکەکەی خۆی بریاریان دا بچن دارە مەیتەکە بهێنن ، لە ماڵ هاتنە دەر ، لە یەکەم کۆڵان لە نێو خۆیان قسەیان کرد بۆ چونیان بۆ نزیکترین مزگەوت .دواتر لە نێوان مزگەوتی (باویل ئاغا ) و( تەکیە) کە هەردووکیان لە نێو بازاری شار بوون ، مزگەوتی تەکیەیان هەڵبژارد. زۆری نەبرد گەیشتنە مزگەوت ، دارەمەیتەکەش لە سەر ئاودەستەکان داندرابوو ، زۆربەی مزگەوتەکانی شار، هەمیشە دارەمەیتەکانیان لە سەر ئاودەستەکان درێژدەکردن و یاخود لە نزیک ئاودەستەکان شوێنکیان بۆ دەستنیشان دەکردن، بەم هاوینە بۆنی پیسایی و بۆگەنی ئاودەستەکان ، لە مێشکی مرۆڤی دەدا و ، لای خوارەوەی ئاودەستەکانیش ، لە بەر بۆنی میزمرۆڤی گێژ دەکرد .بە زۆری پیرەمێردەکان و کەسانی نەخۆش لەوێ میزیان دەکرد.بەشی خوارەوەی دەرگای ئاودەستەکان لە بەر میز شەنگاویان گرت بوو ، کون وکەڵێنی گەورەیان تێکەوت بوو . بەشی زۆری خەڵکیش روویان لەم مزگەوتە دەکرد .قەڵەباڵخترین مزگەوت بوو ، کاتی نوێژەکان ئاودەستەکان بەرنەدەکەوتن ، دڕوشم و جنێوو قسە ناشیرینەکانی سەر دەرگاو دیواری ئاو دەستەکان لە لاپەڕەکانی رۆژنامەیەکی گاڵتەو گەپ دەچوو .هەرچۆنی هەبێت دارەمەیتەکەیان لە سەر ئاودەستە سەر بەرەلایەکان هێنا خوار، هەڵیان گرت . (محەمەد جەرجیس) بەردەوام خزمەتی ئەم مزگەوتەی دەکرد ، کاتێ لە پێش هەیوانەکەی مزگەوت ، چاوی بەم دوو برایە کەوت ، دارەمەیتیان پێ بوو ، وتی:
- کێ مردییە؟
- کەس!
- ئەی ئەم دارەمەیتە چی لێدەکەن !
- بۆ بابمان دەبەین .
- بابتان مردووە!
- نەوەللا!
- ئەی بۆکێ دەبەن !
- بۆ داپیرەمان !
- کەی مردییە !
- هێشتا نەمردیە !!


خەریک بوو بەم قسانە محەمەد جه‌رجیس تووڕە بێت، بەڵام ئەوان زوو فریای خۆیان کەوتن و هاتنەکەیان و بردنی دارەمەیتەکەیان بۆ روونکردەوە .ئەویش بە سەر بادانێک و بە قسەی ( هەتا مرۆڤ نەمرێت دارەمەیتی بۆ چییە!) ئاراستەی کردن .ئەوانیش لە مزگەوت هاتنە دەر، برا گەورە لە پێشەوە دەرۆیشت وبرابچووکیش لە دوای ، دارەمەیتەکەیان خستبووە سەر شانیان ، هێشتا بە تەواوی نەگەیشتبوونە هەورازەکەی نزیک ماڵیان ، برا گەورە وتی:
- ئەم دارەمەیتە بۆنی لێ دێ!
- بۆنی چی!
- بۆنی گوو!
- بۆنی ئاودەستەکانی گرتووە !


کەمێکی تر ، سەرکەوتن ، برا گەورە بە تووڕەیی دارەمەیتەکەی دانا (هێربووم!). شوێنەکەیان ئالوگوڕ کرد، برا بچووکیش هەستی بەم بۆنە کرد ، بەڵام بە بێدەنگی دارەمەیتەکەی هەڵگرت ، تا گەیشتنە ماڵەوە ، لەوێ لە ژێر دارتوەکەی ناو حەوشەکەیان دانا . باوکیان بە بینینی دارەمەیتەکە ، زیاتر خەمبار بوو ، ژنەکان لە ژوورەوەو پیاو کوڕە گەنجەکانیش لە هەیوان لە سەر کورسیەکان دانیشت بوون ، هەندێکیش بە پێوە وەستا بوون ، ئەمشەو هەموویان بەم شێوە ،لە چاوەڕوانی گیان سپاردنی نەخۆشەکەیان بوون ، بەڵام تەواو نەبوو.

بەیانی هەرکەسەکی چاو بە دارەمەیتەکە دەکەوت ، ترس دایدەگرت ، براگەورە چووە لای داره‌مەیتەکە و ، بۆ ئەوەی بەتانیەکی بە سەر دابدات و لە پێش چاوی خەڵک بشارێتەوە . کاتێ سەیری نێو دارەمەیتەکەی کرد ، پەڕۆیەکی سپی بە کۆکراوەی بینی ، کەلێکیکردەوە بۆ ئەوەی بزانیت چییە ، بێجامەیەکی بە گوو بوو . هەر لە بەر خۆیەوە دەدوا و گومانەکانی لێکدەدایەوە، پێدەچێت لەلای کەسێکەوە فرێ درابێتەوە نێو ئەو دارەمەیتە ، کە فریای ئاودەستەکان نەکەوت بێت و خۆی پیسکرد بێت ، هەر لە ئاودەستیش بێجامەکەی لە بەر کردبێت و بە نهێنی خستبێتە نێو دارەمەیتەکە ، شەوی رابردووش هەر ئەو بێجامە بوو ، وای لە برا گەورە کرد لە بەربۆنی گوو لە دارەمەیتەکە بێزار بێت ، لە لایەکی تریش چۆلەکەکانی سەر دارتووەکەش تا بەیانی دارەمەیتەکەیان جێقنەباران کرد بوو. بە بێدەنگی بێجامەکەی فڕِێدا و دارەمەیتەکەی جوان بە سابوون و تایت شووشت و هەندێک گوڵاوی لێدا. دوای چوار رۆژ دارەمەیتەکە بە بەتاڵی مێوانی ئەم ماڵە بوو. تا ئەو کاتەی ئەجەل هات و سڵاوێکی کرد و ماڵەکەی پڕکرد لە شین و گریان.


رواندز
ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک