په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٢

داتاشینی تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاویی سەرکوت لە دژی ھەر کەسێک رەخنە لە دەسەڵات بگرێ.

 


ماوەی ٩ مانگە کارزان کەریم لەسەر بڵاوکردنەوەی چەند بابەت و زانیاریەک لەسەر گەندەڵیەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە زیندانی تایبەتی دایە. سەرەتا کارزان ٣ مانگ لە زیندانی تایبەتدا شوێن بزر کرا و ھیچ کەس ھەواڵی نەدەزانی. بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئەو بەتۆمەتی تیرۆر و بەپێی یاسای تیرۆر دۆسیەکەی نێردراوەتە دادگا. بڕیارە لە ٧/٨/٢٠١٢ بە ھەمان تۆمەت دادگایی بکرێت.


ئەوەی لەبەرامبەر "کارزان کەریم" کراوە تیرۆرێکی ئاشکرایە، فڕاندنی کەسێک و شوێنبزرکردنی بۆ ماوەی ٣ مانگ، ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی لە شوێنێکی شاراوە و نادیاردا. کارێکی تیرۆرستی و تیرۆرە. چ یاسایەک ڕێگە بەوە دەدات کەسێک بەبێ بریاری دادگا و ئاگاداری خۆی و خانەوادەکەی بۆ ماوەی ٣ مانگ شوێنبزر بکرێ؟ ھەرەشە و تۆقاندنی خێزان و کەسە نزیکەکانی بە بڵانەبونەوەی ھەواڵەکەی تیرۆرە و دروستکردنی بارودۆخێکی تۆقێنەر و تیرۆرستییە.


ئەم جۆرە پێشێلکاریانە بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە، ژیان و ئارامی و ئاسایشی ھاوڵاتیانی شێواندووە. بەکردەوە سەپاندنی دەسەڵاتی پۆلیسی و سەرکوتە. پێشێلکاری و دەستدرێژی دەزگا ئەمنیەکایەکان بە دارشتنی سیناریۆ و ھەڵبەستنی کەیسی ناراست و درۆ لە رووداو و دۆسیەکان چۆتە قۆناغێکی مەترسیدار. ئەگەر پێشی پی نەگیرێ و دەسەڵاتی ئەو دەزگایانە سنوردار نەکرێ، تۆمەتی لەو جۆرە لەیەخەی ھەر کەسێک دەدرێ رەخنە لەم دەسەڵاتە بگرێ و بەرەوڕووی ھەموو دەنگە ئازادەکان دەبێتەوە. داتاشینی تۆمەت وەک چەکێکی ژەنگاوی سەرکوت لەلایەن دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەکان، لە دژی ھەر دەنگێکی نارازای و دواکارانی چاکسازی بەکار دەھێنرێ. دەزگا ئەمنیەکان گەورەترین مەترسین لەسەر ئارامی و ئاسایشی ھاوڵاتیانی کوردستاندا.


دۆسیەی کارزان کەریم خاڵێکیتری بەرامبەرکێێ ئازادیخوازان و سەرکوتگەرانە لە کوردستان. ھەڵوەشانەوە و پاشەکشەکردن بەھەر یەکێک لەو دۆسیانە سەنگەرێکە بۆ پێشگرتن بەو دۆخە مەترسیدارەی کاری لەسەر دەکرێ.


ریسواکردن و ھەڵماڵینی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو پێشێلکاریەی بەرامبەر بە کارزان و خانەوادەکەی کراوە ئەرکی ھەر کەس و ڕێکخراو و ھێزێکی سیاسی و جەماوەرییە.

 


رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
serdasht.osman@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک