١٤\١١\٢٠١٣
داوای ئازادکردنی
دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکەی هەولێر دەکەین.
دوای
ئەوەی کاتژمێر ..:١٤ ڕۆژی هەینی ٢٠١٣/١١/٨ بە
مەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی لەسێدارەدان کە ڕژێمی کۆماری
ئیسلامی ئێران لەدژی زیندانیانی سیاسی کورد پەیڕەوی دەکا ، ڕێپێوانێکی
جەماوەری لەپاڕکی شانەدەر بەبەشداری سەدان کەس ئەنجامدرا ، دوای
تەواوبوونی ڕێپێوانەکە لە پاڕکی شانەدەر ، لە
ڕاگەیاندنەکان هەواڵی بەردبارانکردنی قونسولگەری ئێران لەشاری
هەولێر بڵاوکرایەوە ، بەو هۆیەوە (٨) کەس لە لایەن پۆلیسی هەولێر
دەستبەسەرکران کە ناوەکانیان بەمشێوەیە : مستەفا شێخە، رامان پیرۆتی،
چیا مەلاک، پیشەوا عەلی پوور، عەلی ئیسماعیل نەژاد، محەمەد فەرهاد زادە،
ئامانجی سەڵەواتی و فازڵ محەمەدی.
لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی بەگشتی و زیندانیانی سیاسی کورد
بەتایبەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ، دەبێتە هۆی کاردانەوە و
جوڵاندنی شەقامی کوردی ، ویژدانی کوردان لەهەرچواربەشی کوردستان و
لەهەندەران دەهەژێنێ، کوردان تووڕە دەکات، لەو چوارچێوەیەدا کاری
نەخوازراو وەکو ئەنجام ڕوودەدات لەوانەش هێرشکردنە سەر قونسولگەری و
باڵوێزخانە، هەرچەندە لەڕووی یاسایی بەردبارانکردنی قوسوڵگەری و
باڵوێزخانە لەهەموو جیهان بەسەرپێچی نایاسایی هەژماردەکرێت ، بەڵام ئەو
سەرپێچیکردنە گەورەتر نیە لەتاوانی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی
زیندانیانی سیاسی کە ڕژێمی ئێران (٣٤) ساڵە ئەنجامی دەدا.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهەێشتنی ئەشکەنجە و
لەسێدارەدان (ئۆڕتە)، داوا لەلایەنی پەیوەندیدار لەحکومەتی هەرێمی
کوردستان دەکات ئەو هەشت کەسەی کە لە
سەرەوە ئاماژە بەناوەکانیانکراوە ئازاد بکات و لەهەمانکاتدا
داوا لەسەرجەم ڕێکخراوە مەدەنیەکان دەکات لەکوردستان و لەهەندەران
لەکاتی ئەنجامدانی چالاکی مەدەنی سەرپێچی یاسایی نەکەن.
فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان
رێکخراوی ئۆڕتە
١٢\١١\٢٠١٣
|