په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

داواى لێبوردن لە مرۆڤایەتى دەکەم.

 

نەجات حەمید ئەحمەد

 

زۆر زۆر پەشیمانم کە جارو بار مرۆڤایەتى لە بیر دەکەم و نایکەمە منارەى پڕلە ستارەى خۆم وقسەى باب و باپیرم لە بیر دەکەم کە ئەگەر نمەکى ماڵێکم کرد دەبێ هەتا هەتایە چاوم بەرامبەرى شۆڕبێت ..بەڵام زۆر بیرم لە ئێستاو ڕابوردووى خۆم کردەوە کە من لە چ گۆشەیەکى مێژووەکەمدا نمەک گیرى مرۆڤایەتى بوومەوبیرم نەهاتەوەو نەمزانى مرۆڤایەتى ڕەنگ و ڕووى چۆنە؟؟ئەى من بۆ نایناسم؟؟

 

بۆ هەزاران ساڵ من لە خاکەکەى خۆم دەژیام و لەو دیوى سنوورى گوندەکەمەوە نەچوومە ئەو دیوەوە ..دنیا بە لۆژیکى شمشێر بە دەستان و دەست و چاو پیس و پیاو کوژان دەچووە ڕێوە..میللەتان گەورە دەبوون و لە سنوورى ئەو دیو ئەودیوى شارو گوندەکانیانەوە نیشتیمانەکەمیان خەڵتانى خوێن دەکرد منیش تەنها کارێکم هەڵاتن بوو بەرەو چیاکان ..تەنانەت گەر بەرگریم بکردایە لە ناوچەیەکم ژن و منداڵو باپیرە گەورەکانمیان بە ڕووت و قووتى دەدایە پێش سوپاکانیانەوە تاکو چەک فڕێ دەم و تاکو لە سەر خۆ لەناوم بەرن و ئاین و زمان و بەرگم بگۆڕن چونکە من نەفرەتى بە کوردبوونم لە سەر بوو دەبوایە ملى بۆ شۆڕکەم وەکو مل بۆ شمشێر..

 

من لە جیاتى باوو باپیرانم داواى لێبوردن لە هەموو نەتەوەو میللەتانى تەنانەت ئەودیوى سنوورانیش دەکەم کە ڕازى نەبووم ملم بخەمە ژێر شمشێرەکانیانەوەچونکە من نەتەوەیەکى ئەوەندە ئاشتى خوازبووم قەت چاوم نەبڕیە ئەودیوى سنوورى خۆمەوەو گەوجانە بەرهەڵستیى هێرشى ئەسکەندەرى گەورەوعەرەبى جەزیرەو مەغۆل وحەجاج و دەیان پاڵەوانى مرۆڤایەتى خوازى دیکەم کرد ...

 

   من داواى لێبوردن لە گەلى فەلەستین و هەموو عەرەبێک دەکەم چونکە بە درێژایى نیو سەدە گۆرانیم بۆ شۆڕش و بزووتنەوەوبەرهەڵستى کارانى فەلەستینى کرد کەچى تاقە شعرێک کە ناوى کوردستانى پێوە بوو مەحموود دەروێش لە دیوانەکەى وەکو هاوسۆزیەک بۆ بەعس سڕیەوەو ئەنفالى کرد و منیش تەنها ئەوەندەم گوت پەنجا ساڵ پشت و براو فیداکارى ئێوەو خاکەکەتان بووم و نەدەبوایە گلەیى ئەوە لەو برا مرۆڤایەتى خوازانەم بکەم کە سەدان هەزار کەسم بێ سەرو شوێن کراو هەزارانى دیکەم بەر کیمیایى کەوتن وبە هەزارانم کەوتنە غوربەت و دەربەدەریەوەو قەت گوندێکم نەما دە جار نەڕووخێ و چاک نەکرێتەوەو زیندانەکان پڕبوون لە کورد کەچى من تازە دێم و دەڵێم دەبێ گەل و ڕێکخراوى فەلەستینى لە ماوەى پەنجا ساڵى بەردەوام لە کوشتنم چیان لە بارەى منەوە نووسیبێ یا گوتبێ یا..یا، جا توخوا ئەمە پرسیارە بەرامبەر بەو ووشەگەورەیەى مرۆڤایەتى ؟؟؟

 

بەخوداى نامەکەى سەرکردەى فەلەستینیەکانم بە شەوقەوە خوێندەوە کە بۆ منى ناردبوو کەچى پێمى نەگوتبوو من کێم و ووشەیەکى کورد یا کوردستان لە نامەکەیدا نەبوو..بە ڕاستى غەززەو هەڵەبجە براى یەکن و ڕووى یەک دراون و من زۆر پەشیمانم لەو گلەییانەم چونکە من نەمزانى مرۆڤایەتى خوازى ئەوەیە دەبێ هەمیشە ببەخشیت و نابێ چاوەڕوانى هیچ بکەى من ئەمەم پێ گوترابوو بەڵام ئاخ یادەوەریم چەند لاوازە.. منى پێگوتراو؟؟ من داواى لێبوردن لە هەموو تێرۆریستان و سوپاى عێراق و گەلى مرۆڤایەتى خوازى عێراق دەکەم کە ئەوان لەو کاتەى سەدام و پیاوەکانى کوردستانیان بە خاک و مرۆڤەکانیەوە سەربڕى فرمێسک بە چاویاندا دەهاتە خوارەوەوچەندین خۆنیشان دان ودەست دانە چەک لە پێناوى ڕزگار کردنم ڕوویداو یەک کەسیان نەچوونە سوپاى عێراقەوە کەچى من ئەوەتا مرۆڤایەتى خوازیى خۆم لە بیر کردوە چونکە ئەگەر ئەمریکا نەیگوتایە واو وا لە کورد بکەن ئەوا ئێمەو پیاوکوژان لە ژێر یەک خێوەتدا نان و ئاومان دەخواردوو داهاتى خۆمان وەکو یەک دابەش دەکرد.. من داواى لێبوردن لە هەموو سەرکردەکانى عێراق و عەرەبیش دەکەم چونکە ئەوان گوناهیان نەبوو ئەوە ئەمریکا بوو فیتنەچى بوو گوتى ئێوەى عەرەبى دەسەڵاتدار بۆچى کوردتان لە ڕەگەوە نەبڕیەوە تاکو سەر بەرز بکاتەوەو بڵێ من کوردم ..بۆیە من پەشیمان نیم لە ئەنفال بوونم چونکە گوناهەکە هەمووى لەملى ئەمریکایە ئاخ نازانم بۆ شیعرەکەى شاعیرى گەورەى کورد گۆرانم لە بیرچوو کە گوتى ((براى عەرەبى چاو ڕەشم تاڵ بووبەشت تاڵ بوو بەشم)) بەڕاستى من دەبێ مرۆڤایەتى خوازیم بدۆزمەوە ...

 

من داواى لێبوردن لە حەرەس و لیواى تایبەتى سەدام دەکەم چونکە بە فیتى ئەمریکا راپەڕیم و بە قسەى ئەوانم نەکرد کە ئەوان ئیستیعمارى غاشمن و وەحدەى عێراقى تێک دەدەن و ناهێڵن کورد عەگال بکاتە سەرى و ئەوەتانێ بزانە چ برا کوژیەک لە نێوان سوپاو کوردا ڕوویداو چۆن کورد کەوتنە ناو جادە و سوپاى عێراقى بەستەزمانیش تازە لە شەڕى عێراق لە گەڵ ئێران ببوەوەو تازە لە عەمەلیاتى هەشتەمى ئەنفال هاتبوەوە دوێنێش لە کوێتەوە بە تێک شکاوى هاتەوە عێراق و کەچى کورد لە جیاتى بە گوڵ و هەڵهەڵەوە پێشوازیان لێ بکات کەچى جادەیان لە سوپا گرتووە ..ئاخر ئەوان مرۆڤایەتى خواز بوون منیش ئەمریکا خواز ئەى ئەوە بۆ ناڵێى لە کۆڕەوەکە بڕیارێکى دیوانى ریئاسە هاتبوو کە ئەوەى کوردبوو لە هەموو گۆشەیەکى عێراق لە سێدارەو گوللە بارانى بکەن و هەرسێ شارى گەورەى هەولێرو سلێمانى و دهۆک لە دانیشتوانى چۆڵ کەن و لە گەڵ زەویدا تەختى کەن و هەموو ئەوروپاش نەیتوانى ڕێگە لەو ئەمریکا بەزێنانە بگرێ ..کەچى ئەمریکا هاتوو گوتى سوپاتان بکشێننەوە ئەگینا تاج و خەراجتان پێکەوە دەسوتێنم ئاخر نازانم ئەو خەتى سى و شەشە نەگریسە چى بوو کە ئەمڕۆکە لەو خەتەوە گەیشتینە فیدرالى و خەریکە نیوەى عێراقى عەرەبى داگیر دەکەین من داواى لیبَبوردن دەکەم چونکە پشتگیرى ئەو گەلە تێکۆشەرەم نەکرد کە دەیویست یەکسەر بەبێ حیساب و کیتاب هەواڵەى بەهەشتم بکاوبەرەنگارى سوپاى کافران بومەوە و کەوتمە دواى ئەمریکیەکانەوە و حکومەتى کوردستانم دامەزراند. بە ڕاستى من نەمزانى مرۆڤایەتى خوازى چیە ؟؟ئەى ئەو بۆ ناڵێى لە گەڵ خەتى سى و شەشدا ئەمریکاو ئەوروپا چى سیخوڕى خۆیان هەیە ناردیانە کوردستان و بە ناوى ڕێکخراوى مرۆڤایەتى خوازەوە دەستیان کردە ئاوەدان کردنەوەى گوندو شارو شارۆچکەکان و خۆراکیان بە سەر خەڵکدا دابەش دەکرد ئاخر ئەگەر ئەوان نەبووینایە ئێمە چیمان لە فاوو دەبلیو ئێف بى و هو یونیسێف و ...هتد دابوو سەدام دواى ڕزگار کردنى کوێت لە دەستى نۆکەرانى ئەمریکا مانگى سێ هەزارى چاپى دەدایە فەرمانبەرو کیلۆى شەکریش لە کوردستان تەنها نەوەد دینارى سویسرى بوو ئاخر ئەوان نەبوونایە هەموو گەلى عێراق بە شەکر خانوویان دروست بکردایە ئەوا شەکرى بەعس بەشى دەجار ئێمەى دەکرد بە ڕاستى دەبوایە من هەر لە سەرەتاوە بمگوتایە نەخێر بۆ ئەمریکا بەڵێ بۆ بەعس..ئەى هەر ئەو ئەمریکایە نەبوو سەددامى لە ناو کونێکدا قۆڵ بەست کردوو هەموو سەرکردەکانى عێراقى وەکو کارتى قومار فڕێایە سەر مێز؟؟ئاخر منێک کە هەموو مێژووەکەم چاکەى مرۆڤایەتى خوازانى عێراق و ناوچەکەبوو خێربوو ئاوها باوەڕەکانى مرۆڤایەتى خوازى خۆمم لە بیر کرد؟؟

 

من شەرمەزارى هەموو وڵاتە دژ بە ئیمپریالیستیەکانم لە بەر ئەوەى گوتیان پیاوى چاک بەو لە کەلى شەیتان وەرە خوارێ و لە گەڵ بەکرو سەدام عێراق بنیات بنێن کەچى من چووم کەوتمە دواى ئەمریکاوەو کۆنە پەرستیم لە جیاتى پێشکەوتن خوازى هەڵبژارد ..ئاخر ئەوان کە سەدام لە هەڵەبجەى دا بە سەددامیان گوت جارەَکى دیکە وا بکەى گوێت دەگەزین وەکو پلە عەیشێ دەڵێ کەچى من ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیەى ئەو دەوڵەتە پێشکەوتن خوازانەم لە بیر کرد هۆیەکەش ئەوەبوو من نەمدەزانى مرۆڤایەتى خوازبم ..ئاخر من پێم گوترابوو مرۆڤایەتى خواز نەبم و ئەو کوفرە گەورەیە بکەم باس لە دوو قۆناغى سیاسەتى ئەمریکا بکەم کە یەکێکیان مانەوە بوو لە ناو سنوورەکانى و کوشتنى میللەتان بۆ بەرژەوەندیەکانیان و قۆناغێکى دیکەش کە بە ڕووى جیهاندا کرانەوەو ئەو دوو جۆرج بوشە ئەو ئاژاوەیەیان نایەوەو من داواى لێبوردن دەکەم کەباس لە قۆناغێک دەکەم کە حکومەتێکى گەردوونى فیدرالى یەکەمین ئاماژەکانى دەرکەوتن و بە نەمانى ئەوان ئەو قۆناعە دەکەوێتە حوکمى بزبوونەوە ئاخر من نەمزانى کە باس لە دنیا دەکەم دەبێ باس لەهەموو ئەو مرۆڤدۆست و مرۆڤایەتى خوازانە بکەم کە دژى هەموو خەونێکى من بوون من دەبوایە وەکو چۆن هەزار ساڵە خاوەن ماڵى گەورەو دەرکە وێرانم هەر ئاوا بوومایەو باس لە خۆم نەکەم ..

وەڵڵاهى داواى لێبوردن لە سەڵاحەدینى ئەیوبیش دەکەم کە پەندەکانى مرۆڤایەتى خوازیى ئەوم لە بیر کردو بە براى عەرەبى چاو ڕەشم دەڵێم کوانێ بەشم و گەر ئەمریکاش نەبوایە ئێستا من لە شوێنێک بووم مەگەر تەنها خوا بیزانیایە ئەوێ کوێیە...بە ڕاستى مرۆڤایەتى خوازى هەر لە من دەوەشێتەوە چونکە لە مێژووەکەمدا دەسەڵات دارترین نەتەوەبووم کەچى مرۆڤایەتى خوازانم بەو پەندە برد..مرۆڤایەتى خوازى پیاوى خۆى دەوێ ..منى جەستەى کون کون و پڕ لە برین وشەکەت و ماندووى مێژوو بایى قەترەیەک مرۆڤایەتیان بۆم نەهێشتەوەوهەموویان لە جەستەمدا کوشت..

 

 

Bawagorgor@yahoo.com