١٥\٣\٢٠١٥
داوای مانەوەی
گەریلا لە باشووری کوردستان دەکرێ.

ئا: فوئاد زیندانی
ھەینی ٢٠١٥/٣/١٣ لە بناری قەندیل جەمیل بایک
ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێ کوردستان(کەجەکە) و فاتیمە
عادل ئەندامی کۆنسەی کۆما جڤاکێ کوردستان (کەجەکە) کاتژمێر ١٠:٣٠ی
پێشنیوەڕۆ ، پێشوازیان لە شاندێکی ھاوبەشی شارەکانی باشوری کوردستان
کرد.
شاندەکە پەنجا کەسایەتی بوون کە لە نوێنەرانی لایەنە سیاسی و
ڕێکخراوەکانی شارستانی و زیندانیانی سیاسی و ژنان و ڕۆژنامەنووس و
کەسایەتی سەربەخۆی پێکھاتبوو ، لە دیدارەکەدا بەشداربووانی شاندەکە
داوای مانەوەی ھێزەکانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە)یان لە بەرەکانی شەڕی دژ بەداعش لە باشوری کوردستان کرد.
سەرەتا یاداشتی (کەمپینی یەکڕیزی گەریلا و پیشمەرگە ) لەسەر ناوی ھەموو
بەشداربووانی شاندەکە خوێندرایەوە و ڕادەستی جەمیل بایک کرا ،
یاداشتەکە لە ناوەڕۆکدا داوای مانەوەی گەریلاکانی پەکەکەی لە بەرەکانی
شەڕی دژ بەداعش لە باشوری کوردستان و یەکڕیزی نەتەوەیی دەکرد.
جەمیل بایک بەخێرھاتنی مێوانەکانی کرد و ڕایگەیاند:
بەخێر بێن ، سوپاستان دەکەم کە ھاتوونە ئێرە ، ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە ،
ئەو کەمپینەی کە ڕێکخراوە و داوای مانەوەی گەریلا لەباشوری کوردستان
دەکا ، کارەکانی ئەو کەمپینە بەرز دەنرخێنین ، دیارە پێشتریش شاندی
تریش کە مامۆستایانی ئایینی و گرووپی تری جیاواز ھاتبوون
داخوازیەکانیان وەک یەک بوو ، ئەو بۆچوون و داوایە بۆ ئێمە گرنگە ،
چونکە داخوازی گەلی کورد بۆ ئێمە ڕێنماییە و ئێمە جێبەجێی دەکەین ،
ئێمە ناتوانین لەدەرەوەی ئەو ڕێنماییانە کاربکەین ، گەلی کورد لەھەر
کوێ بکەوێتە مەترسی ئێمە لەوێ ئاماددە دەبین و بەرگری دەکەین ، لە
سەرۆک (ئاپۆ)وە تا دەگاتە ھەموو شەرڤانەکانمان ھیچ شتی شەخسیمان نیە ،
بەتەواوی بۆ گەلی خۆمان تێدەکۆشین ، ھەڤاڵان بەھەموو ھێزی خۆیان بەرگری
دەکەن ، ھەتا یەک کەس بمێنێ بەردەوام دەبین.
کاتێک داعش ھێرشی کردە سەر باشوری کوردستان ئێمە گەریلامان نارد ھەر لە
جەلەولا تا دەگاتە شەنگال ، مەترسی گەورە ھەبوو لەسەر میللەت و حکومەتی
باشور ، باشور بۆ ئێمە گرنگ بوو ، گەریلامان نارد زەڕبەشمان خوارد ،
بەڵام ئێمە گوتمان چ دەبێ باببێ ھەر بەشداربووین.
گەریلا و پێشمەرگە لە دژی داعش شەڕ دەکەن ، پرسگرێک لە نێوان گەریلا و
گەل دا نیە ، لەنێوان پارتەکان و قیادات دروستبووە . یەکیەتی لەنێوان
گەل دروستبووە ، کێ دژی بوەستێ ، گەلی کورد دژی دەوەستێ ، ھاتنی گەریلا
ھەستی نەتەوەیی پێشخست ، لە کۆبانی تا جەلەولا گەریلا خزمەتێکی باشی
پێشخست ، ھەندێک پارت و ڕاگەیاندن ڕاستیەکان دەشارنەوە ، ناڵێن گەریلا
و پیشمەرگە پێکەوە شەڕ دەکەن ، گەریلا شەھید دەبێ باسی ناکەن ، حکومەتی
ھەرێم پێوویستە ڕێزی گەریلا بگرێ . وای نیشاندەدەن کە تەنیا پێشمەرگە
شەڕ دەکا ، پڕوپاگەندەیان بڵاوکردەوە ، دەڵێن گەریلا تیرۆریستە ، دژی
حکومەتی باشورە و دەیانەوێ باشور پارچە پارچە بکەن . بۆیە ھەڤاڵ موراد
قەرەیڵان لەمەراسیمی شەھیدێکدا گووتی ئەگەر ئێمە زەرەر دەدەینە باشور و
دەستکەوتەکانی ئەوا ئێمە دەکشێینەوە ، ئێمە نەھاتووین زەرەر لە باشور
بدەین بەڵکو ھاتووین خزمەت بەباشور بکەین.
ئێمەش گفتوگۆمان لەسەر ئەو مژارەکرد ، پێوویستە ڕۆشنبیر و سازیەکانی
باشور ھەڵوێستیان دیار بێت ئەگەر وایە با ئێمە بکشێینەوە ، ئەگەر
دەیانەوێ گەریلا بمێنی با ڕایبگەیەنن . دواتر گەل ھاتن بۆچوونی خۆیان
باسکرد و گووتیان ئێوە شەھید دەدەن و قوربانی دەدەن بۆیە نابێ
ھێزەکانتان بکشێننەوە.
ئێمە داخوازی گەل جێبەجێدەکەین ، بۆ خۆمان نیە ، ئەگەر بڵێن بمێنن
دەمێنینەوە ، داواکاری ئێوە و ھاتنی ئێوە ئێمە لەسەر ئەوە لێدوان
دەدەین و گەریلا دەمێنێ و ئەو داوایەی ئیوە جێبەجێدەکەین ، ئێوە
بەڕاستی کارەکەتان پێشخست ، ئێمە ناھێڵین داعش ھەولێر بگرێ و باشور
بگرێ . بڕیاری سەرۆک ئاپۆیە داعش لەکوێ بێت دەبێ ئێمە لەوێ شەڕ بکەین .
بۆیە ھەرکەسێ بڵێ من مرۆڤم یان کوردم پێوویستە لەدژی داعش شەڕ بکا ،
چونکە داعش دژی ژن و منداڵ و مرۆڤایەتی و پیرۆزیەکان شەڕ دەکا ، مرۆڤ
ناتوانێ بەبێ کولتور بژی ، داعش کولتورەکان تێکدەدات.
یەکێک ژن بفرۆشێ مرۆڤایەتی دەفرۆشێ . ھەرکەسێک ھەڵویستی ئینسانی و
نەتەوەیی ھەبێ دەبێ لەدژی داعش شەڕ بکا ، ئێمە لەدژی داعش دەوەستین و
شەڕ دەکەین.
ئەمڕۆ داعش لە تەلتەمر و سەرێکانی شەڕ دەکا و دوو سێ ڕۆژە ھێرش دەکا ،
وەک تۆڵە سەندنەوە ھێرشەکانی بەردەوامە . بەرگریکردن لە سەرێکانی و
تەلتەمر پێوویستە ، داعش توانای ھێرشی نەماوە ، ئەگەر لەسەرێکانی و
تەلتەمر لێیبدرێ ناتوانێ خۆی ڕابگرێ.
یەپەگە و یەپەژە لە کۆبانی تا ئاوی فوڕاتیان ڕزگارکردووە ، گوندەکانی
کوردانیان بەتەواوی ڕزگارکردووە و ھێشتا زیاتر لەپێشڕەویدان بۆ ئەوەی
کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانی پێکەوە ببەستنەوە ، بەو ھۆیەوە داعش ھێرش
دەکا و تورکیاش یارمەتی دەدات ، تا بتوانێ پاڵەپەستۆ بخاتە سەر کانتۆنی
جزیرە.
تەلحەمیس و تەلبەڕاک دوو شوێنی ستراتیجین بۆ ھاتووچۆ دوای ئەوەی ئەو
دوو شوێنە کەوتنە دەست یەپەگە ئێستا چیایەک ماوە پاک بکرێتەوە ئەگەر
ئەو چیایە لە داعش پاک بکرێتەوە ئەوا تا دەگاتە حەسەکە مەترسی نامێنێ .
یەپەگە و یەپەژە ئەرکێکی مێژووییان ئەنجامدا بۆیە ئەمڕۆ داعش ھێرش
دەکاتە سەر تەلتەمر و سەرێکانی تا قەرەبووی دۆڕاندنەکانی خۆی بکاتەوە.
لەسەر باشوری کوردستان پێوویست ناکا قسەبکەم.
سەبارەت بە ئێران ، ئێران مەترسیە بۆ سەر کوردان ، ئێران لە سوریا
بەتەواوی خۆی بەڕێکخستن کردووە ، چۆن لە لوبنان بەناوی حزبوڵا خۆی
بەڕێکخستن کردووە لە سوریاش بەھەمانشێوەیە ، لە سوریا بەشار ئەسەد شەڕ
ناکا بەڵکو ئێرانە شەڕ دەکات . ئێران دەیوویست لە ڕۆژئاوای کوردستان
بەناوی حزبوڵا خۆی بەڕێکخستن بکات ، بەڵام یەپەگە ئەوەی قبوڵنەکرد .
ئێران ھەوڵیدا شەڕی کورد و عەرەب لە حەسەکە دروستبکات بۆیە یەپەگە
ھێزەکەی حەسەکەی تێکشکاند و پلانەکەی ئێران تێکچوو . ئێران دەیەوی لە
عیڕاق خۆی بەڕێکخستن بکا ، بەڵام تورکیا نایەوێ ئێران بچێتە ناو موسڵ و
ھاوسەنگیەکە بگۆڕدرێ و موسڵ کە ناوچەیەکی سوننەکانە بکەوێتە دەست ئێران
، تورکیا لە ناوچە سوننیەکان لەگەڵ داعشە . چۆن ئێران لە بەغدایە ،
تورکیاش دەیەوەێ ڕۆڵی ھەبێ لە موسڵ.
ئێران چۆن لە عیڕاق و سوریا ڕێکخستن دەکا ، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش
کوردان لە سێدارەدەدا و دەیەوێ ڕێگا لە پێشکەوتنی بزووتنەوەی کورد بگرێ
و چاوی کورد بترسێنێ تا کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان ھیچ جووڵەیەک نەکات
. کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بجووڵێ مەترسی لەسەر ئێران دروستدەکات
بۆیە ئێران کورد لەسێدارەدەدا . نزیک بوونەوەش لە نێوان ئێران و تورکیا
ھەیە بۆ ئەوەی پێش لە بزووتنەوەی کورد بگرێ.
لەتورکیا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەیە ، ھەموو پێکھاتەکان نەتەوەی کورد و
عەلەوی و توێژەکانی گەنجان و ژنان پێوویستە ئەنجام بەدەست بێنن.
ئەمڕۆ لە تورکیا ئێمە ھەنگاوەکانی ئاشتیمان پێشخست ، ئێمە ھەر لە ساڵی
(١٩٩٣) وە دەمانەوێ کێشەی کورد چارەسەرببێ بۆیە تاکلایەنە تەقەمان
ڕاگرت چەکەکانمان بێدەنگ کرد ، کێ دەتوانێ تاکلایەنە تەقە ڕابگرێ ؟ ئەو
لایەنەی کە بەھێزە . ھەیە دەڵێ حکومەتی تورکی ھەنگاوی نەناوە ئێوە بۆ
ھەنگاو دەنێن ؟ ئێمە بەھەنگاوەکانمان بزووتنەوەکە گەورەتر دەکەین چونکە
ئێمە بۆ گەلی کورد ئەو ھەنگاوانە پێش دەخەین . سەرۆک ئاپۆ وویستی
ھەنگاوەکانی ئاشتی پێش بخا لە (٢٠١٤) داچەند خاڵێکی پێشکەشکرد ، لە
٢٠١٥/٢/٢٠ دا دیسان دەستپێشخەریکرد و ئێمەش گووتمان قەبوڵمانە ئەگەر
تورکیا قەبوڵی بێت . ئێستا جلەو لەدەستی ئێمەدایە.
ڕاگەیاندنەکانی تورکیا ئێستا دەڵێن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئەو
پێڤاژۆیەی پێشخستووە ، بەو پڕوپاگەندانە دەیانەوێ فێڵ لە گەڵ بکەن و
ڕایدەگەیەنن کە ئاپۆ داوایکردووە پەکەکە لە کۆنگرەدا بڕیاری چەک دانان
بدا ! ئەوە ڕاست نیە ، درۆیە ، ئاپۆ پرۆسەکەی پێشخستووە نەک ئاکەپە ،
پەکەکەش چەک دانانێ ، پەکەکە بزووتنەوەیەکی کوردستانیە ھەتا کێشەی کورد
لەھەموو بەشەکانی کوردستان چارەسەر نەبێ (پەکەکە) چەک دانانێ . ئاپۆ
نەیگووتوە چەک دابنێن بەڵکو لە بەرواری ٢٠١٥/٢/٢٠ گووتی " بۆ ئەوەی
ئاشتی دروستببێ دەبێ حکومەتی تورکیا ھەنگاو بنێ " ، ھەتا چارەسەری
دروستنەبێ چەک دانانێین ، شەڕ ئامانجی ھەیە ، ئەگەر حکومەتی تورکیا
ناسنامە و مافەکانی کورد قەبوڵ بکا و لە دەستور گۆڕانکاری بکا باشە ،
ئەگەر قەبوڵ نەکا ئەوا ئێمە شەڕ دەکەین تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ چەک
دانانێین.
چارەسەری کێشەکە تەنیا بۆ کورد نیە بەڵکو دیموکراتیزەکردنی تورکیایە ،
پێوویستە کێشەکانی کورد و عەلەوی چارەسەر بکەین چونکە ئێمە خۆمان بە
بەرپرسیار نابینین تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ ھەموو نەتەوەکان خۆمان
بەرپرسیار دەبینین ، لەسەر ئەو بنچینەیە ئێمە خەبات دەکەین و دەڵێین
ئەگەر تورکیا ئەو (١٠) خاڵە قەبوڵ بکا و لەپەرلەمان کێشەکە چارەسەرببێ
و ئەگەر تورکیا ئەو ھەنگاوانەی جێبەجێکرد ، ئەوکات دەڵێین واز لە شەڕی
چەکداری دێنین ، گفتوگۆش دەستپێبکات تۆ ناتوانی واز لە چەک بھێنی تا
گفتوگۆکان ئەنجامی نەبێ.
لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست شەڕ لە دژی گەلی کوردە ، داعش شەڕ لەدژی گەلی
کورد دەکا ، ئەگەر گەریلا نەبێ کۆمەڵکوژی ڕوودەدات . ھەندێک
ڕاگەیاندنەکانی باشوری کوردستان وەکو (پارتی) و تورکیا دەڵێن ( ئاپۆ)
تەسلیمی تورکیا بووە ، یان دەڵێن دوو ھێڵی جیاواز لەناو پەکەکەدا ھەیە
، یەکێکیان دەیەوەێ بەشەڕ ئەوی تریان دەیەوێ بە سیاسەت کێشەکە چارەسەر
بکا ، ئەو پڕوپاگەندانە بەشێکە لە شەڕێکی سایکۆلۆجی .تورکیا زۆر
تەنگاوە ، ئێمە دەمانەوێ لەو تەنگاویەدا پرۆسەکە پێشبخەین چونکە کورد
لە کۆبانی و شوێنەکانی تر سەرکەوتوو بووە.
ئەردۆغان ھاوکاری داعش دەکا بۆ ئەوەی عوسمانی نوێ زیندوو بکاتەوە .
ئەمەریکا و ئەوروپا یارمەتی ئەردۆغانیان دەدا بۆ ئەوەی لەناو دەوڵەتە
عەرەبیەکان کەسایەتی (شەخسیەتی) ھەبێ ، ئێستا ئەمەریکا و ئەوروپا
وازیان لە ئەردۆغان ھێناوە و عەرەبیش ڕێزی ناگرن ، بۆیە پارتی داد و
گەشەپێدان (ئاکەپە) تەنگاو بووە ، ئێستا لەلایەن (جەھەپە) ش ئەو باوەڕە
دروستبووە کە (کورد – ھەدەپە) دەتوانن تورکیا بپارێزن . لە تورکیا
دەڵێن لەسایەی ئاکەپە کوشتنی ژنان زیادی کردووە ، ژنان لەدژی ئاکەپە
دێنە سەرشەقام ، لەناو خودی ئاکەپەش کێشە دروست بووە . مرۆڤ لەھەر
لایەکەوە سەیر بکا (ھەدەپە) پێش دەکەوێ . نەتەوە پەرست و کەمالیستە
بەناوبانگەکانی تورکیا ئێستا لە نووسینەکانیاندا دەنووسن " دەنگ بدەنە
ھەدەپە ، دەنگ بدەن بە کورد ، چونکە کورد دەتوانێ تورکیا بپارێزێ".
بۆیە ئاپۆ وویستی لەسەر دەستی ھەدەپە و ھێزە دیموکراتیەکان ئەنجام
بەدەستبێنن و لەدەستی ئاکەپەی بێننە دەرەوە ، لەبەر ئەوە ئەردۆغان
دەیەوێ سیستەم و یاساکانی پەرلەمان بگۆڕێ.
گەلی ئێمە لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو بۆ کۆبانی ڕاپەڕی لەو پێناوەشدا
(٥٠) شەھیدی داوە ، بۆیە داوود ئۆغڵو بەناوی ئاسایشی نەتەوەیی پاکێجی
ھێنایە پەرلەمان ، بۆ ئەوەی کورد و ھەموو ھێزە دیموکراتیەکان سەرکوت
بکەن پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردنیش ئۆپۆزسیۆن سەرکوت بکەن . لەبەر
ئەوە سەرۆک (ئاپۆ) دەستپێشخەریکرد . لە تورکیا گفوگۆ ھەیە دەڵێن
پێشنیاری ئاپۆ زۆر باشە ، کورد دەتوانێ تورکیا بپارێزێ " زھنیەت
گۆڕاوە".
تورکیا دەڵێ لە نەورۆزدا چەکەکان بێدەنگ بکەن ، ئێمەش دەڵێن ئەگەر ئێوە
چەکەکانتان بێدەنگ بکەن ، ئێمەش بێدەنگی دەکەین ، بەڵام چەک دانانێین .
تورکیا زۆر تەنگاو بووە و (کێشەی ئابووری) ھەیە.
سیاسەتی ئێمەی کورد بەو (١٠) خاڵەی پێشکەشمان کردووە بۆ کورد و بۆ
تەواوی تورکیاش باشە بۆیە سیاسەتی ئێمە سەردەکەوێ.
سەرۆک ئاپۆ ( لەیلا زانا و سری سورەیائۆندەر) ی دەستنیشان کردووە بۆ
ئەوەی سەردانی( کاک مەسعود) و یەکیەتی بکەن ، لەیلا زانا ھێشتا
نەھاتووە ئەگەر بێن دەیانبینین . ئاپۆ دەڵێ کۆنگرەی نەتەوەیی بۆ کوردان
پێوویستە ، چونکە ئیڕادە و ناسنامەی کورد پێشدەکەوێ . دەستکەوت ھەیە
بەڵام مەترسیش ھەیە، بۆیە دەبێ کۆنگرەی نەتەوەیی سازبکەین.
جەمیل بایک لەبەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پرسیاری ئاماددەبووانی
دایەوە و ڕاوبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا و لەکۆتاییدا ڕایگەیاند : جارێکی تر
سوپاسی ھاتنێ ئێوە دەکەین ، ھاتن و داواکاریەکانتان کارێکی نەتەوەییە
داخوازیەکانی ئێوەش پێشدەخەین و دووبارە سوپاس.
دوای جەمیل بایک (فاتیمە عادل) ئەندامی کۆنسەی کۆما جڤاکێ کوردستان
(کەجەکە) ووتەیەکی کورتی پێشکەش کرد ڕایگەیاند:
لەسەر ناوی ژنانی کەجەکە بەخێرھاتنتان دەکەم ، ھیوادارم ژنانی باشور
زیاتر بەشداربن.
ھەڤاڵانی ژن لە مەخمور و شوێنەکانی تر لەشەڕەکان شەھیدبوون . شەنگال بۆ
ئێمە ژانێکی گەورەی دروستکرد ، ئێمە لەسەرەتا لەوێ نەبووین ، ژنانی
کورد کەوتنە دەست داعش و لە باژارێ عەرەبان فرۆشران ، ئێمە وەک
یەژاستار ئەوەی لەسەر شانمان بێت بۆ پاراستنی ژنانی کورد ئاماددەین ،
لەکۆتاییدا زۆر سوپاستان دەکەین.
شایانی ئاماژە پێکردنە دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر کۆبوونەوەکە
کۆتاییھات.
fuadzindani@yahoo.de
|