٢١\٢\٢٠١٠
دایه له‌کوێوه هاتووم؟
بێریڤان جه‌مال
حه‌مه‌سه‌عید
له‌کێڵگه‌یه‌کی ماڵات‌و په‌له‌وه‌ری گه‌ڕه‌کێکی ئه‌مستردام بووم، سه‌رنجم
له‌چه‌ند منداڵێکی ره‌شپێستی سورینامی‌و ئه‌نتیڵی‌و هۆڵه‌ندی ده‌دا، که
خۆیان به‌په‌رژینی کێڵگه‌که‌دا هه‌ڵواسیبوو، منداڵه‌کان له‌ته‌مه‌نی 3و
4 ساڵاندا بوون، سه‌یری ئاژه‌ڵ‌و قازو مراوی‌و باڵنده‌کانیان ده‌کرد،
له‌و ده‌مه‌دا لامایه‌ک میزی ده‌کرد (ئاژه‌ڵێکه له‌حوشتر بچوکتره)
منداڵه‌کان کردیان به‌هه‌راو له‌ناو خۆیاندا پرسیاریان ده‌کرد: چۆن‌و
له‌کوێوه میز دێت، یه‌کێک له‌منداڵه‌کان هاواری کرد‌و وتی: سه‌یری "پوونتا"
ی بکه‌ن، ئه‌وه‌ی دایکی من له‌وه گه‌وره‌تره!
(پوونتا به‌سورینامی، ئه‌ندامی زایه‌ندی مێینه‌یه)، منداڵێکی تر
هاواری کرد‌و وتی: "نا پوونتای دایکی من زۆر له‌وه گه‌وره‌تره‌و هه‌مووی
مووی درێژه!. ، چه‌ند دایک‌و باوکێک که له‌و ده‌وروبه‌ره بوون‌و
گوێیان له‌م گفتوگۆیه بوو، پێکه‌وه ده‌ستمان به‌پێکه‌نین کرد، له‌دووره‌وه
ژنێکی ره‌شپێستی سورینامی وه‌ستابوو، با‌نگم کرد‌و لێم پرسی: ئه‌وه
منداڵی تۆیه؟ منداڵه‌که‌ت باسی پوونتای تۆ ده‌کات که چۆنه! دایکه‌که
وتی: "ئێستا ده‌چم بۆی هه‌ر ده‌یخنکێنم".
بێگومان ئه‌وه‌ی لێره مه‌به‌ستمه، ئه‌وه‌یه منداڵ هه‌ر له‌ته‌مه‌نیکی
زۆر بچووکه‌وه جیهانی خۆیان‌و جیهانی ده‌وروپشتیان ده‌بینن‌و که‌شفی
ده‌که‌ن، به‌هۆی بینینی ده‌ورو پشت‌و دیمه‌ن‌و هه‌سته‌وه، پرسیاریان
لا دروست ده‌بێت‌و ئاراسته‌ی دایک‌و باوکیان ده‌که‌ن. هه‌ندێجار
منداڵی کوڕ له‌ته‌مه‌نی شه‌ش مانگی‌دا ده‌ست بۆ زه‌که‌ری ده‌بات‌و رایده‌کێشێت‌و
یاریی پێده‌کات، یاخود منداڵی کچ له‌ته‌مه‌نی ساڵ یان دوو ساڵیدا به‌هه‌مانشێوه
به‌په‌نجه ده‌ستکاریی ئه‌ندامی زایه‌ندی خۆی ده‌کات، که ئه‌مه‌ش
پرۆسه‌ی ناسینی خوده‌و سروشتییه. له‌و کاته‌شه‌وه منداڵ زمان فێر ده‌بێت،
پرسیار‌و به‌دواداچوون ده‌کات. وه‌کو دایه له‌کوێوه هاتووم؟ چۆن دروست
بووم؟ خۆ ئه‌گه‌ر منداڵی تر له‌و خێزانه‌دا له‌دایک ببێت، ئه‌وه ئه‌م
منداڵبوونه، منداڵی تر، خوشک‌و برا فزولترو زیاتر‌و زیاتر په‌لکێشی
پرسیارکردن ده‌کات. له‌کۆڕێکمدا ژنێکی کورد وتی: کچه (5) ساڵه‌که‌م
پرسیارم لێده‌کات‌و ده‌ڵێت من چۆن دروست بووم؟ له‌کوێوه هاتووم؟ ئایا
لێره‌دا ده‌کرێت هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌ندێکجار، جا چ له‌ئه‌نجامی نه‌زانین
یاخود شه‌رمه‌وه بێت به‌منداڵه‌ی به‌سته‌زمان ده‌وترێت: تۆ له‌کونه
دیواره‌وه هاتووی، یاخود تۆمان دۆزیوه‌ته‌وه، یان تۆمان هه‌ڵگرتۆته‌وه!!
به‌کورتییه‌که‌ی دایکه سه‌رسامی پرسیاری منداڵه‌که بوو! لای هه‌ندێک
دایک‌و باوک‌و به‌خێوکه‌ر وایه گه‌ر زانیاریی بشارنه‌وه، یاخود
خۆیان له‌پرسیاری منداڵ ده‌رباز بکه‌ن، ئیتر منداڵه‌که له‌شتی خراپ
دوور ده‌که‌وێته‌وه! به‌ڵام ئایا گه‌ر دایک‌و باوک له‌پرسیاری منداڵ
بترسن، یان به‌هۆی که‌میی زانیاریی خۆیانه‌وه نه‌توانن وه‌ڵامی منداڵه‌کانیان
به‌شێوه‌یه‌کی دروست بده‌نه‌وه، یاخود به‌زانیاریی نادروست وه‌ڵامی
منداڵ بده‌نه‌وه، ئاخۆ منداڵ چ بڕوایه‌ک به‌دایک‌و باوکی بکات؟ ئایا
که منداڵ بکه‌وێته کێشه‌وه، جارێکی تر هانا بۆ دایک‌و باوکی ده‌بات؟!
گه‌لێک کوڕ‌و کچی گه‌نجی کورد ده‌ڵێن هه‌رگیز پرسیاره‌کانمان ئاراسته‌ی
دایک‌و باوکمان ناکه‌ین، چونکه نه‌زانن‌و زانیاریی هه‌ڵه‌مان ده‌ده‌نێ!.
کچێکی 18 ساڵ له‌هۆڵه‌ندا باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که چۆن بۆ یه‌که‌مجار
له‌ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه، سوڕی خوێنی ده‌ستپێده‌کات، دایکی به‌زانیاریی
چه‌وت‌و نادروست، کچه تووشی گومان‌و ترس‌و فۆبیا ده‌کات، که تا رۆژی
ئێستاش مۆرکی نێگه‌تیڤی ئه‌و زانیارییه هه‌ڵانه له‌سه‌ر رۆحی به‌دی
ده‌کرێت. پرسیاره گرنگه‌که ئه‌مه‌یه: ئایا تا چ راده‌یه‌ک ئێمه‌ی
دایکی کورد هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه زانیاریی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی
خۆیان‌و له‌سه‌ر سوڕی خوێن‌و گۆڕانکاریی جه‌سته‌و سێکسوالیتات به‌شێوه‌یه‌کی
زانستی به‌کچه‌کانمان ده‌به‌خشین؟
|